هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بابێ شێخی ئێزیدیان و شاندێكی یاوەری كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 8ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بابێ شێخی ئێزیدیان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئێزیدی و دەڤەری شەنگال.


لە دانیشتنێكدا بارودۆخی ناوچەكانی شنگال و زوومار و دۆخی نالەباری ئاوارەكانی شاری شنگال خرایە بەر باس و بابێ شێخی ئێزیدیان داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەموو هەوڵێكی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكان و خەڵكی ناوچەی شنگال هاتووە بدۆزرێتەوە و هەروەها دەرگە بۆ خەڵكی دەڤەرەكە بكرێتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان بكەن و دەڤەرەكەیان لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی نیگەرانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی نیشاندا بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان هاتووە و ئاماژەی بەوەدا كە قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستان دەگرێتەوە. سەرباری هەموو ئەو كارەساتانە گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نەداوە. سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند بە ڕۆح و بە گیان ئامادەین بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزیدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕەسەنایەتیی كوردانی ئێزیدی دا و ڕایگەیاند كە هیچ دوژمنێك ناتوانێ كوردانی ئێزیدی لەناو ببات و سوورین لەسەر پاراستنی ئێزیدییەكان و گەڕاندنەوە ئازادكردنی هەموو بستێكی دەڤەری شنگال. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە گەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندیی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی بە زووترین كات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزرێتەوە كە پەنایان بۆ چیای شنگال بردووە و لە بارودۆخی خەراپ دان. سەرۆك بارزانی لەبارەی شەڕی تیرۆریستانیش ڕایگەیاند ماوەی دوو مانگە هێزی پێشمەرگە بە تەنیا و بە ئیمكاناتی متوازع بەرگری لە كوردستان دەكات و حكوومەتی عێراقی و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش یارمەتیی گەلی كوردستانیان نەداوە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكات و تەنانەت ڕێگریش بوونە لەوەی گەلی كورد چەك بۆ خۆی دابین بكات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا قسە لەبارەی هۆكارەكانی ئەو بارودۆخە كرا كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەڤەری شنگال هاتووەتە ئاراوە و سەرۆك بارزانی دووپاتی ئەوەی كردەوە كە نابێ هیچ بواری هیچ كەمترخەمی و كەموكوڕییەك بمێنێت و ئەوانەی كەمترخەم بوونە لە بەرگریكردن و پاراستنی خەڵك ئیجرائاتیان لەگەڵدا دەكرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: هێزی پێشمه‌رگه‌ پارێزه‌ری كوردستانه‌

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/8/2014 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كردو له‌لایه‌ن وه‌زیر و بریكاری وه‌زیر و ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌ت و چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.


له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌و هێرشه‌كانی سه‌ر داعش كردو رایگه‌یاند وه‌ك هه‌میشه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پارێزه‌ری خاكی كوردستانه‌.

لای خۆیه‌وه‌ مسته‌فای سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كۆسره‌ت ره‌سولی كردو باسی له‌ ورده‌كارییه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌و چه‌كداره‌كانی داعش كردو رایگه‌یاند هێزی پێشمه‌رگه‌ وره‌یه‌كی به‌رز و پۆڵاینیان هه‌یه‌و ئاماده‌ن بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێكی شه‌ڕو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی تری وته‌كانیدا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی تیشكی خسته‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و رایگه‌یاند پێویسته‌ وردتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ین و هه‌وڵه‌كانمان زیاتر بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، هه‌روه‌ك به‌ پێویستی زانی باشترین و پێشكه‌وتووترین جۆره‌كانی چه‌ك راده‌ستی ده‌ست پێشمه‌رگه‌ بكرێ بۆ له‌ناوبردنی چه‌كدارانی تیرۆریست.

له‌ كۆتایی وته‌كانیدا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی راسپارد كه‌ زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان و دانیشتوانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بكرێت و به‌بێ جیاوازی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی بیانپارێزن.

 

 

 

 

سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ژنی ره‌مه‌زان له‌ موسولمانان پیرۆز ده‌كات

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەبۆنەی هاتنه‌وه‌ی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم. هیوادارم هاتنه‌وه‌ی جەژنی ڕەمەزان، ببێتە مایەی بەرقەرار بونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ کوردستان و ناوچەکە و، کۆتایی هاتن بە ناخۆشی و ئەو کێشە و قەیرانانەی ماوەیەکە باڵی بەسەر هەرێمەکەماندا کێشاوە و کاری کردۆتە سەر ژیان و بژێویی هاوڵاتیانی کوردستان.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..لەکاتێکدا هەموان پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین، پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی پارێزگاری کردنن لە خاکی کوردستان، بۆیە لێرەوە بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستانەوە، جوانترین سڵاو و پیرۆزبایی بۆ ئەوان و خێزانە سەربەرزەکانیان دەنێرم. سڵاو بۆ خێزان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەی کە لەماوەی ڕابردوودا شەهیدبوون، سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگە گیانفیدایانەی لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان دا بریندار بوون.
بە داخەوە جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ بڕێنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراق، کە ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، زەرەرمەندی یەکەمیش لێی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی سادەن. بۆیە لێرەوە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پیاوانی ئایینیی عێراق دەکەین کە فشار بکەن بۆ کۆتایی هێنان بەم کارە نامرۆییەی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، رەخساندنی دەرفەتێکی نوێ بۆ پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.
دوبارە جەژنی هەمو لایەک پیرۆز بێت، هەمیشە لە جەژن و شادیدابن.


یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٧-٧-٢٠١٤

 

 

 

 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات

بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییەکی گەرم لە د.فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەکات و هیوای سەرکەوتنی لە پۆستەکەیدا بۆ دەخوازێت.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پشتگیری پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک کۆمار عێراق، بەخزمەت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بشکێتەوەو سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.
لەبەرامبەردا د.فواد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بێت و بە زووترین کات کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری گەرمیان، جەلەولا و سەعدیە بەسەر كردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی 7ـی 2014 لەدرێژەی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە سەردانی میحوەری گەرمیان، جەلەولا و سەعدیەی كرد.


هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە یەكێك لە بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا وتەیەكی بۆ ژمارەیەك پێشمەرگە پێشكەش كرد. لە وتەكەیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگری و ماندووبوونی پێشمەرگەی كرد و پیرۆزبایی جەژنی لێ كردن و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە دابینكردنی ئاساییش و ئارامی لە كوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند لەسایەی ماندووبوونی پێشمەرگە گەلی كوردستان لە ئارامیدا دەژیێت و ملیۆنێك و دووسەدهەزار ئاوارەیش لە كوردستاندا لەو ئارامییەدا نیشتەجێن.سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرەڕای ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر پێشمەرگەیە بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕێگەی لەوە گرت تیرۆریستان لە خاكی كوردستاندا پێشڕەوی بكەن. هەر لەبارەی ئەرك و ڕۆڵی پێشمەرگە لە ژیانی گەلی كورد سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئەركی پێشمەرگە قورس و مێژووییە و پێشمەرگە پێش مەرگ دەكەوێت بۆ ئەوەی ژیان بۆ گەلەكەی دابین بكات و بوونی پێشمەرگە مانای بوون و مانەوەی كوردستان دەدات.

سەبارەت بەو گلەییانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە لەبارەی هاتنی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە دەكرێت سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا دەبێ پرسیار لەوانە بكرێت كە ئەگەر پێشمەرگە نەبا چیی ڕووی دەدا و ئەو ناوچانە لەدەستی كێدا دەبوون؟

لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕینی گەلی كوردستانی كرد و هێمای بەوەدا كە هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دروشمی گەلی كوردستان دیموكراسی بۆ عێراق بووە و لە ڕاپەڕینەدا دوو فەیلەقی سوپای عێراقی كە كوردستانی وێران كردبوو كەوتە دەستی خەڵكی كوردستان بەڵام یەك سەربازی عێراقی ئازاری پێ نەگەییشت و ئەوە بەرزترین ڕەوشت بوو كە گەلی كورد بۆ دیموكراسیخوازی و پێكەوەژیان نیشانی دا و لەدوای ڕووخانی ڕژێمیش هەوڵماندا عێراقی دیموكراتی دروست ببێت بەڵام لایەنەكانی دی نەیانویست دیموكراسی لە عێراقدا سەر بگرێت و عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و بە ڕاشكاوی دەڵێین كە لەوە زیاتر هیچمان پێ ناكرێت و ئەوەی لەدەستمان هاتووە بۆ عێراق كردوومانە و ناكرێ چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار بكەین. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو ڕێڕەو كار دەكات یەكیان ئەوەیە كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات و ئەوەی تریان كاركردنە بۆ پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان.

سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی ڕەوشی پێشمەرگەی كرد و ئەوەی خستەڕوو كە ڕەوشی پێشمەرگە باشتر دەبێ و چەكی باشیان دەخرێتە بەردەست و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەموو دۆخ و ئەگەرێكدا وریا و ئامادە بین. سەرۆك بارزانی سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كرد و سڵاویشی بۆ گیانی پاكی شەهیدان نارد بە تایبەت ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست. 

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاوارەكانی شاری موسڵی لە كەمپی خازر بەسەر كردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 7ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و سیاسیی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیك ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی ئاوارەكانی شاری موسڵ سەردانی كەمپی خازری لە قەزای خەبات كرد.


لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئاوارەكان كرد و لە وتەكەیدا بەخێرهاتنی ئاوارەكانی كرد و پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانی لێ كردن و بە ئاوارەكانی ڕاگەیاند كە ئێوە لە وڵاتی خۆتان و لەنێو خوشك و براكانی خۆتانن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە ئاگاداری كێشە و گرفتەكان و باری گوزەرانی ناخۆشی ئاوارەكانە لەگەڵ ئەوەیشدا داوای لە ئاوارەكان كرد كە خۆڕاگر بن چونكە ئەم دۆخە كاتییە و ئاوارەكان بە سەربەرزی بۆ شاری موسڵ و بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەگەڕێنەوە.

هەر لە قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی داخە وەك پێویست نەتوانراوە خزمەتتان بكەین بەڵام لەگەڵ گشت لایەك و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندی و كاركردنداین بۆ ئەوەی هاوكاری و یارمەتیی زیاتر بگەینرێتە خوشك و برا ئاوارەكانی موسڵ. سەرۆك بارزانی ئاوارەكانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەتا لە كوردستانن ژیان و ئاساییشیان پارێزراو دەبێت و هیوایشی خواست بەزووترین كات بگەڕێنەوە شاری موسڵ و شاری موسڵ شكۆ و شادیی جارانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. 

 

 

 

 

پەڕەى 287 لەکۆى 342 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی