هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری پێكهێنانی لێژنه‌ی دانوساندنی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ركرد

به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕیاری ژماره‌ (3) ی ساڵی 2014 ، بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی لێژنه‌ی دانوساندنی هه‌رێمی كوردستان .
ده‌قی بڕیاره‌كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه‌ :
له‌سه‌ر رۆشنایی كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
له‌ رێكه‌وتی (17/5/2014)، بـڕیـارمـانــدا بـــه‌ :
پێكهێنانی (لێژنه‌ی دانوساندنی هه‌رێمی كوردستان) له‌م به‌ڕێزانه‌ی خواره‌وه‌ ،
به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دانوساندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق .
1.د.رۆژ نوری شاوێس/ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان
2.فریاد ره‌واندزی/ نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان
3.جه‌لال جه‌وهه‌ر/ نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
4.عادل نوری محه‌مه‌د/ نوێنه‌ری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
5.یاسین حه‌سه‌ن محه‌مه‌د/ نوێنه‌ری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان
6.كاوه‌ مه‌حمود شاكر/ نوێنه‌ری لیستی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی كوردستانی
ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت له‌ ڕۆژی ده‌رچوونییه‌وه‌ .

مـسـعـود بـارزانــی
سـه‌رۆكـی هـه‌رێـمـی كـوردسـتـان
3/6/2014

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ به‌شیكچى كرد

شه‌وى چوارشه‌ممه‌ 4ى حوزه‌یرانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ گه‌رمى پێشوازى له‌ دۆستى دێرینى كورد، نووسه‌ر و ڕووناكبیرى ناسراوى تورك مامۆستا ئیسماعیل به‌شیكچى كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وپه‌ڕى خۆشحاڵیى خۆى به‌ دیدار و سه‌ردانى مامۆستا به‌شیكچى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێدانى بڕوانامه‌ى فه‌خریى دكتۆرا له‌ لایه‌ن زانكۆى سه‌لاحه‌دین و به‌ناوكردنى هۆڵێكى زانكۆى سلێمانى به‌ ناوى مامۆستا به‌شیكچى ـ یه‌وه‌ نیشان دا و هیواى ته‌ندروستى و ته‌مه‌ندرێژى بۆ خواست.

له‌ دیداره‌كه‌دا مامۆستا به‌شیكچى باسى له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى ئامێدى، بارزان، ئاكرێ، چۆمان و حاجى ئۆمه‌ران كرد و خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردان و بینینى شوێنى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى ئه‌یلوول له‌ ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ستایشى پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ستروشتپارێزیى كوردستانیان و گرنگیدانى ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى به‌ پاراستنى سروشت و ئاژه‌ڵى كێوى له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى كوردستان كرد.

مامۆستا به‌شیكچى تیشكى خسته‌ سه‌ر سه‌ره‌تاى ئاشنابوونى خۆى به‌ گه‌لى كورد و خاكى كوردستان كه‌ بۆ زیاتر له‌ په‌نجا ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و باسى له‌ گرنگیى به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى توركیا كرد و پێكه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئاینزا جیاكانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، به‌ گرنگ و پیرۆز له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ كار و چالاكى و به‌رهه‌مه‌كانى مامۆستا به‌شیكچى و فۆندى به‌شیكچى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كرا و سه‌رۆك وه‌زیران بڕیارى دا كه‌ هه‌موو په‌رتووكه‌كانى وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانى كوردى و چاپ و بڵاو بكرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ولێر لقێكى فۆندى به‌شیكچى بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ ناوه‌ندێكى ڕووناكبیریى دیارى هه‌رێمى كوردستان و ناوى ئه‌و وه‌ك دۆستێكى نزیكى كورد بۆ نه‌وه‌كانى داهاتووى كوردستان هه‌ر به‌ زیندوویى بمێنێته‌وه‌.

 

 پێنج شەممە, 05 حوزەیران 2014

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له‌ نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى UN كرد

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31ی مایسی 2014، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نیكۆڵای میلادینۆف نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا باس له‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی عیراق له‌ دوای هه‌ڵبژاردن و دوایین هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان كرا و نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی UN پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان كرد به‌ بۆنه‌ی گه‌یشتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ دیداره‌كه‌دا پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر پرسی داهاتى نه‌وت و گاز و له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ى عیراق بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانى وڵاتان له‌ داهاتى نه‌وته‌وه‌، ده‌رچوون.

لای خۆیه‌وه‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق جه‌ختى له‌سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وتی عیراق به‌پێى ده‌ستوور به‌سه‌ر هه‌موو عیراقییاندا كرده‌وه‌ كه‌ ببێته‌ مایه‌ی سوود بۆ هه‌موو وڵاته‌كه‌، هیوایشی خواست پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی ئاینده‌ی عیراق به ‌زووترین كات ته‌واو ببێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌تی عیراق.

 

 شەممە, 31 ئایار 2014

 

 

پرسەنامەی مه‌سعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بنەماڵەی عەباس کەمەندی

"مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی عەباس کەمەندی راگەیاند: بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی كورد عەباسی كەمەندی دڵگران بووم.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی عەباس کەمەندی هونەرمەندی ناسراوی کورد پرسەنامەیەکی هاوخەمی بۆ بنەماڵەکەی ئەم هونەرمەندە و هونەرمەندانی کوردستان راگەیاند و ئەمە دەقی پرسەنامەکەیە:

بۆ خانەوادەی هونەرمەندی ناسراوی كورد عەباسی كەمەندی

بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی كورد عەباسی كەمەندی دڵگران بووم. عەباسی كەمەندی لە بواری هونەری گورانی و ئاواز و وێنەكێشان و هونراوە و تێكستی شانۆیی ساڵانێكی زۆر خزمەتی مەزنی هونەر و كلتوری كوردی كردووە و جێدەستی لەو بوارەدا دیار و جێگای بایەخە.

لە دەستدانی ئەم هونەرمەندە، زیانێكی گەورەیە بۆ هونەری كوردی، سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو عەباسی كەمەندی و هونەرمەندانی كوردستان دەكەم و هاوبەشی خەمتانم.

لە خوای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بخانە بەر دلۆڤانیی خۆی و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

 

انا للە و انا الیە راجعون

 

مەسعود بارزانی

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

 

22ی 5ی2014

 

 

 

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فاتیكان كۆبۆوه

هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی30/5/2014 له‌ فاتیكان به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پیترۆ پارۆلین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فاتیكان كۆبۆوه‌.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ر گفتوگۆی له‌باره‌یه‌وه‌ كرا و بیروڕایان له‌باره‌وه‌ گۆڕدرایه‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌بوو به‌ ره‌وشی سیاسی عێراق به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی. یه‌كێك له‌و ته‌وه‌رانه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر بارودۆخی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنی مانگی رابردوو، هه‌روه‌ها ژماره‌یلێقه‌وماوانی‌ مه‌سیحی خرایه‌روو، كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و ته‌وه‌ره‌ باس له‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و گوزه‌رانیان كرا، كه‌ چۆن هه‌رێمی كوردستان توانیویه‌تی یارمه‌تیان بدات و ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنێ قوتابیه‌كان درێژه‌ به‌ خوێندنیان بده‌ن، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باس له‌ ئازادی خواپه‌رستی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو له‌ رێوره‌سمی ئایینی و خواپه‌رستی خۆیاندا ئازادن.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فاتیكان سوپاسگوزاری گه‌لی كوردستانی كرد و ده‌ستخۆشی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی لێكردن، كه‌ گه‌لی كوردستان پێوه‌ی پابه‌ندن ورێگه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌دات به‌ ئازادی بژین و باوه‌ش ده‌كاته‌وه‌ بۆ لێقه‌وماوانی مه‌سیحی، كه‌ له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
 
 
هەینی, 30 ئایار 2014

 

 

 

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا پێشوازی له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

پاشنيوه‌ڕۆي ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29/5/2014 له‌ باڵه‌خانه‌ي ئه‌نجوومه‌ني پيراني ئيتاڵيادا به‌ڕێز پيرۆ گراسۆ سه‌رۆكي ئه‌نجوومه‌ني پيراني ئيتاڵيا پێشوازي له‌ به‌ڕێز مسعود بارزاني سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان و شاندێكي ياوه‌ري كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ دكتۆر فوئاد حوسێن سه‌رۆكي ديواني سه‌رۆكايه‌تي هه‌رێمي كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسي فه‌رمانگه‌ي په‌يوه‌ندييه‌كاني ده‌ره‌وه‌ي حكوومه‌تي هه‌رێمي كوردستان، خاليد جه‌مال ئه‌لبێر به‌ڕێوه‌به‌ري گشتي كاروباري مه‌سيحيه‌كان له‌ وه‌زاره‌تي ئه‌وقاف و كاروباري ئاييني و رێزان قادر نوێنه‌ري حكوومه‌تي هه‌رێمي كوردستان له‌ ئيتاڵيا.


له‌ ديدارێكدا سه‌رۆكي ئه‌نجوومه‌ني پيراني ئيتاڵيا خۆشحاڵي خۆي به‌و ديداره‌ و په‌يوه‌ندييه‌كاني نێوان ئيتاڵيا و هه‌رێمي كوردستان ده‌ربڕي. پاشان له‌باره‌ي بارودۆخي كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك پرسياري كرد، هه‌ر له‌و ديداره‌دا ئاماژه‌ي به‌ هه‌ڵبژاردني 30ي نيساني رابردوو دا، كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمي كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. هه‌روه‌ها باسي له‌ پێكهێناني حكوومه‌تي عێراق كرد.

دواتر سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان باسي له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد و ئاماژه‌ي به‌وه‌دا، كه‌ له‌ هه‌رێمي كوردستان ليژنه‌يه‌كي هاوبه‌ش بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هێزه‌ سياسيه‌كاني عێراق پێكهاتووه‌ به‌ مه‌به‌ستي پێكهێناني حكوومه‌تي نوێي عێراق.

 


له‌ به‌شێكي ديكه‌ي ديداره‌كه‌دا سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان باسي له‌ رۆڵي كۆمپانياكاني ئيتاڵيا له‌ هه‌رێمي كوردستاندا كرد، كه‌ له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ي باري ئابووري كوردستاندا رۆڵيان هه‌بووه‌. هه‌ر له‌و ديداره‌دا سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان باسي له‌ ئاينده‌ي عێراق و ئه‌و سيناريۆيانه‌ كرد، كه‌ له‌وانه‌يه‌ رووبده‌ن و جه‌ختي له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمي كوردستان هه‌وڵي خۆي ده‌دات بۆ گه‌يشتن به‌و ئه‌نجامه‌ي، كه‌ له‌گه‌ل ده‌ستووري عێراقدا بگونجێ و گوتي: ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكاريانه‌ي هه‌ن جێبه‌جي
نه‌كرێن، گه‌لي كوردستان بژارده‌ي ديكه‌ي هه‌يه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ڕێز مسعود بارزاني سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان و شاندي ياوه‌ري له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌نداماني ليژنه‌ي په‌يوه‌ندييه‌كاني ده‌ره‌وه‌ي سێناتي ئيتاڵيا كۆبۆوه‌، كه‌ له‌ ئه‌ندامي حزبه‌ جوداجوداكاني ئيتاڵيا پێكهاتووه‌.

 


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان ده‌رباره‌ي ره‌وش و پێشهاته‌كاني كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ وتارێكي پێشكه‌شكرد. دواتر وه‌ڵامي سه‌رجه‌م ئه‌و پرسيارانه‌شي دايه‌وه‌، كه‌ له‌ لايه‌ن به‌شداربوواني كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاراسته‌ي كران ده‌رباره‌ي ئاينده‌ي عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كاني نێوان هه‌رێمي كوردستان و ئيتاڵيا و ره‌وشي په‌نابه‌راني سوريا له‌ هه‌رێمي كوردستان و ره‌وشي مه‌سيحيه‌كاني هه‌رێمي كوردستان و ئه‌و مه‌سيحيانه‌ش كرا، كه‌ له‌به‌ر خراپي بارودۆخي ئه‌منيه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كاني ديكه‌ي عێراقه‌وه‌ روويان له‌ هه‌رێمي كوردستان كردووه‌ و باس له‌ سياسه‌تي هه‌رێمي كوردستان به‌رامبه‌ر مه‌سيحيه‌كان كرا و سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان دووپاتي كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و سياسه‌ته‌ په‌يوه‌ندي به‌و فه‌ر‌هه‌نگي لێبورده‌يي و پێكه‌وه‌ژيانه‌ هه‌يه‌، كه‌ له‌ كوردستان هه‌يه‌.

 


لاي خۆيانه‌وه‌ سه‌رۆك و ئه‌نداماني ليژنه‌ي په‌يوه‌ندييه‌كاني ده‌ره‌وه‌ي سێناتي ئيتاڵيا ئه‌م سياسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌ي كوردستانيان به‌رزنرخاند و گوتيان: ئه‌مه‌ نيشانه‌ي ئه‌وه‌يه‌، كه‌ سه‌رۆكي هه‌رێمي كوردستان بۆچوونێكي واقيعي ده‌رباره‌ي ره‌وشي كوردستان و عيراق و ناوچه‌كه‌ هه‌يه‌.

 

پێنج شەممە, 29 ئایار 2014

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 302 لەکۆى 342 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی