هەرێمی کوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسەتمەداری عێراقی دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی 7ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسەتمەدار و پارلەمانتاری عێراقی كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەبات دژی دیكتاتۆرییەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و پڕۆسەی دیموكراسی و دەستووریی عێراق هیوایان خواست كە ئەو سەردانەیان ببێتە هۆی ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی كە بەهۆی شێواندنی ڕاستیەكان و شەڕی ڕاگەیاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە كایەوە. شاندی میوان نیگەرانیی قووڵی خۆیشی نیشاندا بەرانبەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەروەها دروستبوونی هەڕەشەی جددی كە ژیانی برایانەی پێكهاتەكانی عێراقی كردۆتە ئامانج.
لەم دانیشتنەدا زۆر ڕاشكاوانە قسە لەبارەی هۆكاری قەیرانی چەندساڵەی عێراق و ڕووداوەكانی موسڵ و كەمتەرخەمیی دەستەڵاتدارانی بەغدا و ئیدارەدانی هەڵەی كاروباری سیاسی و هەروەها پێویستیی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا كرا و سەركۆنەی ئەم هەوڵانەیش كرا كە كار لەسەر گومڕاكردن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی عێراق دەكەن كە بووەتە هۆی دروستبوونی درز لەنێو پێكهاتە ڕەسەنەكانی عێراق و بە پێویست زانرا كە هەموو لایەك كار لەسەر دەرخستنی ڕاستییەكان و وەستانەوە لەدژی دەمارگیریی نەتەوەیی و تاییفەیی بكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوونەوە
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 ئەحمەد داودئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنكارای پایتەختی توركیا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا كە جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا خرانە بار باس و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بن و بەشێوەیەك فراوانتر بكرێن كە لە بەرژەوەندیی هەردوولا و گەلانی ناوچەكە بێت.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و كاریگەریی قەیرانەكانی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر بە تایبەت لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ، لەسەر ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك لە هەوڵدابن بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربكەوێت و لە هەمانكاتیشدا پێویستە بارودۆخی هەرێمی كوردیستانیش پاڵپشتی بكرێت و بپارێزرێت و بەرەو پێشەوەیش بچێت.
لەپەراوێزی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی توركیا بە مەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەمنیی عێراق و هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر عێراق و ناوچەكە كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزیری ناوخۆی توركیا و شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی توركیا كۆبوونەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 لە درێژەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا لە نووسینگەی فەرمیی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا لە شاری ئەنكارا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیایش ئامادەبوون، تیشك خرایە سەر بارودۆخی تازەی عێراق و ئەو ئاڵۆزی و قەیرانە گەورەیەی كە بەرۆكی عێراقی گرتووە و قسە لەسەر ئەوە كرا كە چۆن بتوانرێت كۆتایی بەم قەیرانە بێت و گۆڕانكارییەكی وا لە عێراق بهێتەكایەوە كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بە هەڕەشەی تیرۆر و ڕەهەندەكانی ئەم هەڕەشەیە لەسەر عێراق و ناوچەكەیش كرا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو تەوەر كار دەكات یەكیان بەردەوامبوونە لە پڕۆسەی سیاسیی بەغدا بۆ ئەوەی حكوومەتێك پێكبهێندرێت و ئەوەی تریشیان كاركردنە لەسەر بنیاتنانی كوردستان و پاراستنی لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە دوو كاتژمێری خایاند باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و چۆنییەتی فراوانتربوونی كرا و بەشێكی ئەم دیدارە تەرخان كرا بۆ كۆبوونەوەی دوو قۆڵیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی توركیا .
شایانی باسە لە درێژەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەروەی توركیاش كۆ دەبێتەوە.
سەرۆك كۆماری توركیا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 دوای گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنكارای پایتەختی توركیا ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتیی توركیا بەڕێز عەبدولا گویل سەرۆك كۆماری توركیا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیا ئامادەبوون، سەرۆك كۆماری توركیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ توركیا نیشاندا و بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن. سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و بە تایبەت موسڵ و ناوچەكانی دیكە سەرۆك كۆماری توركیا نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە عێراق پێویستی بە حكوومەتێكی دیموكراتی و سیستەمێكی فیدڕاڵی هەیە كە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بپارێزێ و هیوایشی خواست كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پارلەمانی عێراق سەركەوتوو بێت و حكوومەتی تازە پێكبهێندرێت. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك كۆماری توركیا پشتیوانیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆماری توركیای كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە بەڕێزیان و شاندی یاوەری كراوە و جەختی لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوی بارودۆخی تازەی عێراق لە دوای ڕووداوەكانی موسڵ شێكردەوە و ڕایگەیاند كە لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا هەرێمی كوردستان دراوسێیەكی نوێی بۆ پەیدا بوو و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بارودۆخی تازە واقعێكی زۆر جیاوازی هێناوەتە كایەوە باسی پێویستیی گۆڕانكاری كرد لە عێراقدا و ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕینی كەسەكان كاریگەر نابێت ئەگەر بێتوو ئەو فەرهەنگە سیاسییەی لە بەغدا باڵادەستە نەگۆڕدرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستە بەرچاو كە هەرێمی كوردستان دە ساڵ هەوڵی دا بۆ ئەوەی دیموكراسی لە عێراقدا بچەسپێت بەڵام ئەوەی لە عێراقدا ڕوویدا هەر هەمووی دژی ئەو دەستوورە بوو كە خەڵكی عێراق دەنگی پێدابوو و نموونەی زۆر ڕوونی پێشێلكردنی دەستوور لە لە لایەن بەغداوە بینراو و لە دەستووری عێراقیشدا بە ڕوونی هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی ڕوونكردەوە كە لەگەڵ هەموو ئەو پێشێلكارییانە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و ئەو سەركەوتنەیش بە دانانی پۆست و دەموچاوی تازە نییە بەڵكو دەبێ فەرهەنگی دژە دیموكراسی لە عێراقدا نەمێنێت و لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراقدا گۆڕانی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت. لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەین بارودۆخی خۆمان باشتر بكەین و خۆمان بنیات بنێین و خاكی خۆمان لە هەڕەشەكان بپارێزین و لە هەمانكاتیشدا حیساب بۆ مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراقیش دەكەین.
شایانی باسە لە كۆتایی ئەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان ئەنجامدا.
نێچیرڤان بارزانى و كونسولى ئیتالیا له ڕه‌وشى عیراق و په‌نابه‌ران ده‌كۆڵنه‌وه
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 12ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز "كارمیلۆ فیكارا" كونسولى ئیتالیا له هه‌رێمى كودستان كرد.
له دیدارێكدا كونسولى ئیتالیا خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى كه وه‌ك كونسولى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وم ده‌بێت، به تایبه‌تى كه كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌ت كابینه‌یه‌كى بنكهفراوانه. دووپاتیشى كرده‌وه كه ئیتالیا به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته پهیوهندنییهكانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانیان. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ئه‌وان وه‌ك كونسولخانه‌ى وڵاته‌كه‌یان، ڕۆڵێكى گرنگ ده‌بینین له پته‌وكردنى كه‌ناڵى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست بده‌ن، به تایبه‌تى بۆ ئه‌و ئیتالیانهى ده‌یانه‌وێ بۆ بازرگانى و چالاكیى ئابوورى بێنه هه‌رێمى كوردستان.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا بارودۆخى تازه‌ى عیراق و پرسى ئاسایش و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه خرایه به‌ر باس و كونسولى ئیتالیا ڕوونى كرده‌وه كه ئه‌وان به‌رده‌وام حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌یان له پێشهاته‌كان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه و ڕوونى كرده‌وه ئیتالیا ئاگاداره له‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان سه‌قامگیرى به‌رقه‌راره و ئاسایش هه‌یه و ژینهگهى بارزگانى و وه‌به‌رهێنان جیاوازه و كۆمپانیا ئیتالییه‌كانیش بایه‌خ بهمهده ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى چالاكیى هه‌نارده‌كردن و بازرگانییان هه‌یه. بۆیه به‌شدارییان له چالاكییه ئابوورى و بارزگانییه‌كان له‌م ساڵانه‌ى دواییدا زیادى كردووه و پێشبینى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌مساڵ زیاتر له سه‌د كۆمپانیاى ئیتالى به‌شدارى له پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێردا بكه‌ن.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له پرسى په‌نابه‌رانى سووریا و ناوخۆى عیراق له هه‌رێمى كوردستان كرا و تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه له هه‌موو ئاسته‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتنى باشتریان له‌سه‌ر ڕه‌وشه‌كه هه‌بێت و ئیتالیا وه‌ك چۆن پێشتیرش هاوكارى كردووه، ئێستاش به بایه‌خه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له په‌یوه‌ندیدایه بۆ به‌رده‌وامیى هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و ئێستا حه‌وت ڕێكخراوى ئێن جى ئۆى ئیتالى له‌م بواره‌دا له هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه كرده‌وه هه‌رێمى كوردستانیش به بایه‌خه‌وه گرنگى به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیتالیا ده‌دات و خوازیارى پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانه له هه‌موو بواره‌كاندا. ده‌رباره‌ى په‌نابه‌رانیش ڕایگه‌یاند كێشه‌یه‌كى زۆر جددى له پرسى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كاندا هه‌یه و له‌م پرسه‌دا به داخه‌وه حكوومه‌تى عیراق به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تى ناكات، بۆیه حكوومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر بێته پێشه‌وه بۆ هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران، چونكه ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه له تواناى حكوومه‌ت به‌ده‌ره و پێویستى به‌وه هه‌یه هه‌موو لایه‌ك زیاتر هاوكاریى په‌نابه‌ران بكه‌ن.
هه‌روه‌ها باسى له‌و گۆڕانگاریانه كرد كه دواى كۆنترۆلكردنى مووسڵ له لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه و دووپاتى كرده‌وه كه عیراقى به‌ر له‌م ڕووداوانه و عیراقى دواى كه‌وتنى مووسڵ و شوێنه‌كانى دیكه ته‌واو جیاوازه و له ڕووداوه‌كاندا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو په‌نابه‌رانى وه‌ك یه‌ك پاراستووه بێ ڕه‌چاوكردنى لایه‌نى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینی‌یان، به تایبه‌تیش له سنوورى ده‌شتى نه‌ینه‌وا كه پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بیى جیاوازى تیادایه.
نێچیرڤان بارزانى: په‌یوه‌ندیى داهاتووى هه‌ولێر و به‌غدا پێویستى به میكانیزمى تازه‌یه
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 12ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز "ئه‌نگه‌س مه‌ككى" كونسوڵى گشتیى تازه‌ى به‌ریتانیا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى له پۆستى كونسوڵى گشتیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان لێ كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست. به‌ڕێز كونسوڵى تازه‌ى به‌ریتانیاش خۆشحاڵیى خۆى به ده‌ستبه‌كاربوونى له هه‌رێمى كوردستان و دیدارى به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران نیشان دا و ئاماژه‌ى به سه‌ردانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌ریتانیا و سه‌ردانى به‌رێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان دا و، خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌وه‌ى به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا له نزیكه‌وه ڕه‌وش و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بینى.
به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا هه‌روه‌ها خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كابینه‌یه‌كى بنكه فروانه و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه ئه‌مه نیشانى ده‌دات هه‌رێمى كوردستان به ئاراسته‌یه‌كى ڕاستدا ده‌ڕوات. هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا و باسى له‌وه كرد كه دواى سه‌ردانه‌كانى نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن، ئێستا هه‌ست ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هێزترن و خوازیارى ئه‌وه‌ن له هه‌موو ئاسته‌كاندا پته‌وتریان بكه‌ن له نێوان حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت و زانكۆ و خه‌ڵك، هه‌ر یه‌كه‌یان له ئاستى خۆیاندا.
به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه سه‌ردانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ له‌نده‌ن سه‌ردانێكى گرنگ و هێمایه‌كى دروست بوو بۆ جۆرى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ردوولا و هیواى خواست هه‌ردوولا پابه‌ند بن به پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان و ئاماژه‌ى به‌وه دا به‌ریتانیا پابه‌ندى ئه‌و به‌رنامه‌یه كه له میانى سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ له‌نده‌ن و به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا بۆ هه‌ولێر ئاماده كراوه. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش خۆشحاڵیى خۆى به گۆڕینه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كانى له‌نده‌ن و هه‌ولێر ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بایه‌خێكى تایبه‌ت دهدهاته پهیوهندهییهكانى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و پابه‌ندى پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانه.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له پرۆسه‌ى سیاسى و ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى عیراق كرا و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌موو شتێك گۆڕاوه و له‌به‌ر ڕۆشناییى ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى تازه‌ى عیراق؛ ده‌بێ به شێوازێكى تازه سه‌یرى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا بكرێت. ڕوونیشى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق بچێته پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ ڕێككه‌وتنێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان بێته ئاراوه و میكانیزمێك بۆ سروشتى په‌یوه‌ندیى داهاتووى هه‌ولێر و به‌غدا بدۆزرێته‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسى له هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆرستان كرد كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددییه بۆ هه‌موو لایه‌ك و دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له عیراقدا هه‌یه سه‌ره‌تاى قۆناغێكى تازه‌یه و بنه‌ما و سروشتى پرسه‌كان گۆڕاوه، بۆیه هه‌ر مامه‌ڵه‌كردنێك له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئه‌مڕۆدا ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه ڕه‌چاو بكات كه ڕه‌وشه‌كه گۆڕاوه.
له كۆتاییى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشى په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان خرایه به‌ر باس و كونسوڵى به‌ریتانیا جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه پێشتریش وڵاته‌كه‌ى به‌شدار بووه له هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و ئێستاش به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له یارمه‌تیدان و هاوكاریكردن له پرسى په‌نابه‌راندا چ له ڕووى لۆجستییه‌وه، چ له ڕووى پێدانى پسپۆڕى و شاره‌زایى له چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ى په‌نابه‌راندا.
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات