هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی و شاندێكی یاوەری دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی لیستی موتەحیدون و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا سەرەتا ئوسامە نوجەیفی بە ناوی خۆی و شاندەكە سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كە بوونەتە پەناگەیەك بۆ لێقەوماوان و ئاوارە و خەڵكی پارێزگاكانی موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بەدەنگەوەهاتنە هێمایەكە لەوەی كە گەلی كوردستان خاوەنی مۆراڵ و پڕەنسیپی باڵان.

 

لەم دیدارەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا و هەروەها قسە لەبارەی ئیدارەدانی هەڵەی وڵات و هەوڵدانی دەستەڵاتدارانی بەغدا بۆ تۆمەتباركردنی خەڵك و شاردنەوەی شكستە سەربازی و سیاسییەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا.

چۆنییەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و كاركردن بۆ ئەكتیڤكردنی پڕۆسەی سیاسی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هاوبەش لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی نێو پارلەمانی عێراق تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیان تاوتوێ كرد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیان تاوتوێ كرد.

 ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12ـی 7ـی 2014 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

 لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق تاوتوێ كرا و دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراقی خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە حكوومەتی تازەی عێراقی هەموو ئەو كێشە و قەیرانانە چارەسەر بكات كە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت. لەم پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لە هەر چارەسەرێك كە بۆ قەیرانەكانی ئێستای عێراق دەدۆزرێتەوە پێویستە ڕەچاوی ئەو گۆڕانكاری و واقیعە تازەیە بكات كە لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە.

 

لە بەشێكی ئەم پەیوەندییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سڵاو و دروودی خۆی بۆ ڕۆحی پاكی ئەو پێشمەرگانە نارد كە لە بەرگریكردنی لەدژی تیرۆریستان گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و دووپاتی ئەوەیشی كردەوە كە بۆ چارەسەركردن و بەدواداچوون بۆ گرفتەكان هەر دوولا لە پەیوەندیی بەردەوامدابن.

 

 

 

 

 

 

 

"محەممەد سدیق" (جگەرخوێن) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو: هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی هەڵقوڵاوی ئیرادە و خواستی خەڵكن

رووداو ـ هەولێر: "محەممەد سدیق" جێگری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە وەڵامی بابەتێكی رۆژنامەی رەساڵەت كە لە ژمارەی پێشووتری ئەو رۆژنامەیەدا لە ژێر نێونیشانی "یاری بارزانی لە یاریگای سەهیۆنیستەكان" بڵاوكراوەتەوە  رایدەگەیەنێ:

"نازم دەباغ" لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی میدیایی "رووداو": كوردستان گلەیی لە ئێران نییە

رووداو ـ سلێمانی / لە لایەن نەوزاد مەحموودـ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، پێیوایە هێشتا پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و باشووری كوردستان ئاساییە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی "پێیانباشە كورد هاوسەنگی سیاسی دروست بكات لە عێراقدا. هەروەها بەشدار بێت لە حكومەتی داهاتوودا".

هەنگاریا زەمالەت بۆ خوێندکار وقوتابیانى كورد دابین دەکات

بەمەبەستی هەماهەنگی و توندوتۆلکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی هەنگاریا و هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  پێشوازی لە د.تیبۆر ستماری باڵیۆزی هەنگاریا لە عیراق کرد .

 لە دانیشتنێکدا ئالوگۆری بیروراکان لەبارەی زیاتر بەرەوپێشوەچوونی رەوشی ئابوری و پەروەردەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان کرا و باس لەچۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندیدەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هەنگاریا کرا.

 باڵیۆزی هەنگاریا، هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەولێر بکرێتەوە.

هەرواها د.تیبۆر ستماری، ئامادەیی  هەنگاریای بۆ پێدانی زەمالەی خوێندن بۆ خۆێندکارانی بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا و هەروەها خولی راهێنانی تایبەت لە وڵاتی هەنگاریا بۆ دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەربڕی.   

پاشان جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی و  حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئامادەییەکانی باڵیۆزی هەنگاریا گەیاند و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی هەنگاریای بەهەند زانی و سوود وەرگرتن لە بەهرەو توانا زانستی و پەروەردەیی و مرۆییەکانی بەگرنگ وەسف کرد.

هەروەها سەبارەت بەزەمالەتەکان و خولی راهێنانی تایبەت لە وڵاتی هەنگاریا بۆ دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  قوباد تاڵەبانی نیشانیدا هەرێمی کوردستان پێویستی بەکەسانی شارەزاو پسپۆری زیاتر لە هەموو بوارەکان هەیە بەتایبەتی لەبواری ئابوری، بۆیە پێویستە زەمالەتەکان بە گوێرەی پێویستیی سوودیان لێ وەربگیرێت.    

 

 

 

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی پەنابەران بكات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ولیەم لەیسی سوینگ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ IOM و شاندێكی یاوەری كرد.

 
لە دیدارێكدا بارودۆخی عیراق و ناوچەكە بە گشتی و ئاڵۆزبوونی باری ئەمنی لە پارێزگای مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی عیراق‌، كە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی و گیرسانەوەیان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان و باشتركردنی باری ژیان و گوزەرانیان.
 
بەڕێوەبەری IOM سوپاس و پێزانینی ڕێكخراوەكەیانی پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كرد كە بە هانای ئاوارەكان چوون و شوێنی حەوانەوەو ئاسایش و ئارامی و یارمەتیی پێویستیان بۆ دابین كردوون، كە ئەمە مایەی خۆشحاڵیە.
 
هەروەها باسی لەوە كرد كە پێشتریش هەرێمی كوردستان دەرگاكانی بۆ پەنابەرانی سووریا و ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عیراق كردبووەوە و مامەڵەی شایستەی لەگەڵدا كردوون و گوتی:ئێمە سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكی تیروتەسەلین سەبارەت بە ژیان و گوزەران و پێداویستی ئاوارەكان و لە داهاتوویەكی نزیك ئەم راپۆرتە لە جنێف پێشكەش بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكرێت. هەروا گووتی ئێمە رۆلی حكوومەتی هەرێم بەهەند هەڵدەگرین كە لەم بارودۆخە دژوارەدا توانی لەڕووی مرۆییەوە بەهانای لێقەوماوان بچێت. 
 
لای خۆیەوەسەرۆك وەزیران سوپاسی هەوڵەكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچی كردو ڕوونی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا پەیوەندارەكان و تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی لە توانایاندا بووە، یارمەتی و هاوكارییان پێشكەش بە پەنابەران و ئاوارەكان كردووە، بەڵام ئەمە بارێكی قورسە و هەرێمی كوردستان بە تەنیا ناتوانێت هەموو پێداویستییەكانیان دابین بكات، بە تایبەتی كە ڕۆژانە و بەردەوام ژمارەیان روو لە زیادبوون دەكات. 
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ حكوومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی خۆیان بەرامبەر بە ئاوارەو پەنابەران بگرنە ئەستۆ و یارمەتی و هاوكارییان پێشكەش بكەن. هەروا گووتی هەرچەندە ئابووری هەرێم بەهۆی نەناردنی بودجەو بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی بەغداوە توشی گرفت بووە، بەڵام ئێمە بە پێی توانا ئەم ئەركە مرۆییە جێبەجێ‌ دەكەین و كۆمەكی ئاوارەكان دەكەین. 
 
داواشیكرد رێكخراوی IOM ، حكوومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هان بدات و داوایان لێ بكات ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئاوڕی جددیتر لە پەنابەران و ئاوارەكان بدەنەوەو میكانیزمێكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ هەر ئەگەرو گۆڕانكایەك لەڕووی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی پەنابەران.

 

 

 

 

پەڕەى 294 لەکۆى 342 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی