دوای ئەوەی هەر یەك لە وڵاتانی چین و كوێت و كەنەدا بڕیاریاندا نوێنەرایەتی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕالیش رەزامەندیان لەسەردا. ئەمڕۆ لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەری فەرمی حكومەتی هەرێم فەلاح مستەفا رایگەیاند كە وڵاتی هەنگاریاش رەزامەندی وەرگرت بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی دوای سەردانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاریاو ویستی هەردوولا بۆ بونیاتنانی پەیوەندی دوولایەنەو هاوكاری و هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو باڵیۆزخانەی هەنگاریا لە عیراق، بەخۆشحاڵیەوە رایدەگەیەنین كە بەكاركردن لە نزیكەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا لەسەر كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتی هەنگاریا لەسەر ئاستی كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان.

فەلاح مستەفا رایگەیاند دوای رەزامەندی بۆ كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی وڵاتی هەنگاریا، ئێستا 31 وڵات نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان بە ئاستی جیاجیا هەیە و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ فراوانكردنی ئاستی پەیوەندیەكان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

 

 

 

 

 

 

 

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ تیبۆر زاتماری  باڵیۆزی هەنگاریا لە عیراق و خاتوو ماریتا پاپی جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا باس لە پتەوكردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان و بارودۆحی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و چۆنیەتی پێشكەشكردنی یارمەتیەكان كرا. 
 
لە كۆبوونەوەیەكدا كە سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، باڵیۆزی هەنگاریا رایگەیاند : وڵاتەكەی بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لە ئایندەیەكی نزیكدا بە ئاستێكی بەرز نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستاندا دەكەنەوە.
 
باڵیۆزی هەنگاریا گووتی ئامانجی سەردانەكەی ئەمجارەمان بۆ هەرێم یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریایە لە هەرێم و نیشانیدا وڵاتەكەی ناتوانێ لەئاست ئەو تراژیدیا مرۆییانە بێدەنگ بێت كە دووچاری هاوڵاتیانی مەدەنی بووە لەم وڵاتە، بۆیە بڕیارماندا ئەمڕۆ جلوبەرگ بۆ 1500 قوتابی لە ئاوارەكانی سوریا لە كامپی دارە شەكران دابین بكەن.
 
فەلاح مستەفا دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێكردن و سوپاس و پێزانینی حكومەتی هەرێمی گەیاندە گەل و حكومەتی هەنگاریا.
 
 
هاوكات تیشكی خستە سەر گرینگی كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەرێم وەك هەنگاوێك بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكان لە بوارە جیاجیاكان. هەر لە دانیشتنەكەدا ئاماژەی بە بایەخی یاداشتی لێكتێگەیشتن كرد لە بواری هەماهەنگی زانكۆیی و ژوورە بازرگانیەكان و پلانی هاوبەش بۆ ئەو بوارانەی دەبێتە مایەی سوود و بەژەوەندی هەردوولا.
 
جێگەی باسە پێشكەشكردنی یارمەتیەكانی حكومەتی هەنگاریا بۆ ئاوارەكانی سوریا دوای ئەو داوایەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە دێت كە لە رێگەی باڵیۆزی هەنگاریا ئاراستەی حكومەتی ئەو وڵاتەی كردبوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی