ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 9ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سیناتۆر كارل لێڤین سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند گەلی ئەمەریكا هەست بە نزیكییەكی زۆر دەكات لەگەڵ گەلی كوردستان و ستاییشی كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردی كرد كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێوێنەیە، كولتوورێك كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان پەیڕەوانی ئایینەكان نابینێت و هەروەها دەستخۆشیشی لە حیكمەت و دووربینیی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان كرد كە بەردەوام كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە هەمانكاتیشدا بەدیهێنانی خەونەكانی گەلەكەیان دەكەن. سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە درێژەی قسەكانیدا نیگەرانیی خۆی بۆ گەشەكردنی تواناكانی تیرۆریستان و ئەو هەڕەشەیە نیشاندا كە تیرۆریستان لەدژی كوردستان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی نەینەوا دروستیان كردووە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سیناتۆر كارل لێڤین و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا یارمەتیی كوردستانیان دا و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئێمە نامانەوێ ئەمەریكا و جیهانی ئازاد ڕۆڵەكانیان بۆ شەڕ بنێرێنە كوردستان بەڵكو تەنیا دەمانەوێ پاڵپشتیی مرۆیی و سەربازی بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە دابین بكەن بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان بكەین و هاووڵاتیان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بپارێزین. سەرۆك بارزانی هێمای بەو ئابلۆقە دە ساڵەیە دا كە لە لایەن حكوومەتی عێراق بەسەر پێشمەرگە سەپێندرا بوو كە پێچەوانەی ڕێكەوتنەكانیش بوو و بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چەكی نوێ و مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام بێبەش بێت و ڕایگەیاند لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانە كە ڕێگە نادەین بە هیچ شێوەیەك تیرۆر پێگەی هەبێت لە كوردستان و بە توندترین شێوە بەرەنگاری دەبینەوە.

بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە دا كە ڕوویان لە كوردستان كردووە و ئەوەی خستەڕوو كە حەواندنەوەی ئەو ژمارە گەورەیەی ئاوارە و پەنابەر لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و ڕایشیگەیاند كە چارەسەری گرفتی ئاوارەكان ئەوەیە كە بتوانن بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئاستی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سیناتۆری هەرێمی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوو.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی