"نازم ده‌باغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگه‌ڵ "رێنێ ئاکوارۆن" بەرپرسی ئۆفیسی یونامی لە ئێران دیداری کرد.

سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە (٥/٨/٢٠١٥) "رێنێ ئاکوارۆن" بەرپرسی ئۆفیسی یونامی لە تاران و شاندی هاوڕێی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "لوقمان لەتیف محمد" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا دوو لایه‌ن باسیان لە بارودۆخی ئێستای کوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعش کرد و سه‌باره‌ت به‌ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە هاتنه ئاخاوتن.

شاندی ئۆفیسی یونامی لە تاران هاوڕابوون لە لێکدانەوەکان لە پێناو هاوپەیمانییەکی ئیستراتیجی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەروەها باشترین رێگا بۆ چارەسەریی کێشەکان و بە تایبەت تورکیا که‌ پێویستە رێگای ئاشتی و وتووێژ بگرێتە بەر.

 

"رێنێ ئاکوارۆن" و شاندی هاوڕێی دڵنیاییاندا کە ئەوان بۆ هەموو عێراقییەکان وەکوو یەک کاردەکەن و هەروەها لەگەڵ چارەسەرکردنی  کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادان.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە مێزگردیی ڕۆژنامەی "ئێران" لەگەڵ کارناسانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتی ئێران بەشداریی کرد.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە مێزگردیی ڕۆژنامەی "ئێران" سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی تورکیا لەگەڵ کارناسانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە لەوانە: دکتۆر "بەھرام ئەمیر ئەحمەدیان" مامۆستای زانکۆ و کارناسی کاروباریی نێودەوڵەتیی و بە تایبەت وڵاتی تورکیا و ھەروەھا دکتۆر "مێھدی موتەھەری نیا" لێکۆڵەری سیاسیی و مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆ قوم بەشداریی کرد.

لەم دانیشتنەدا پەیامنێرانی بەشی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەی "ئێران" پرسیارەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی ناوچەکە، دانووستانەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ و بە تایبەت ڕووداوەکانی تورکیا، لەوانە: ھەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانەی تورکیا و سەرکەوتنی کوردەکانی ئەم وڵاتە، سیناریۆکانی تورکیا سەبارەت بە ھێرش کردنە سەر داعێش، پێکدادان لە نێوان تورکیا و کوردەکانی ئەم وڵاتە و چەندین بابەتی دیکە ئاراستەی بەرشداربووان کرد کە ئەوانیش بە وردی وڵامی ئەم پرسیارانەیان دایەوە.

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەم مێزگردەی ڕۆژنامەی "ئێران"دا باسی لە ڕۆڵ و پێگەی کوردەکانی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی و ئارامیی لە ناوچەکەدا کرد.

 

 

 

 

 

 

مەیسەم سولەیمانی/ تەنھا یەک پرێسک بەس بوو بۆ ئەوەی ئاشتییەک کە ساڵیانێک بوو ھەوڵی بۆ دەدرا، لەناوبچێت. رۆژی رابردوو پ.کا.کا رایگەیاند ئاشتی نێوان ئەم گروپە و حکومەتی تورکیا کۆتایی ھاتووە و سەر لەنوێ لەگەڵ ئەنقەرە دەچێتە شەڕەوە. تورکیا ناوچەیەکی زۆری ژێردەسەڵاتی پ.کا.کای لەناوخاکی عێراق بوردومان کردووە و بە فەرمی و بە کردەوە چووەتە ناو بەرەی دژە داعشەوە بە رابەری ئەمریکا. بەڵام تورکیا ھێشتا سنوورێکی دیاری بۆ شەڕی دژە تیرۆر رانەگایندووە. بە پێی وتەکان داوود ئۆغلو سەرۆک وەزیری تورکیا، وادیارە ئەنقەرە لە ئێستادا تیرۆریستەکانی داعش و کوردەکانی وڵاتەکەی بە یەک دەزانێت. لەم رووەوە لەگەڵ جەنابی "نازم عومەر دەباغ"، نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران وتووێژێکمان کرد و ئاکامەکانی کۆتاییھاتنی ئەم ئاشتییەمان خستە بەرباس.

 

پ.کا.کا رایگەیاندووە کە کۆتایی بە ئاگربڕی لەگەڵ تورکیا دەھێنێت، ئەمە چە کاریگەرییەک لەسەر ھەردوولا دادەنێت؟

بە گشتیی پابەندنەبوون بە ئاگربڕ بابەتێکی نەرێنییە و لەچاونەگرتنی لە لایەن ھەرکام لە لایەنەکانەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێتە ھۆی شەڕ لە نێوانیاندا. تورکیا ئێستا ھێرشی ئاسمانی بۆسەر مۆڵگەکانی پ.کا.کا دەست پێکردووە و ئەمەش دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ پابەندنەبوون بە رێککەوتنی ئاشتیی. بەڵام دەبێت بڵێین شەڕ ئاکامێکی باش لێناکەوێتەوەو دەبێت ھەردوولا بۆ چارەسەکردنی کێشەکانیان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لە شەڕ خۆیان بپارێزن، چونکە بێ‌سوودە.

 

تورکیا رایگەیاندووە دەبێتە بەشێک لە ئێتلافی دژەداعش، ئەمە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟

بە ڕای من تورکیا ناچار بوو لەگەڵ داعش شەڕ بکات، چونکە نیشانەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەکەی ناوچە کوردییەکەی تورکیا لە لایەن داعشەوە کراوە، بە دڵنیاییەوە داعش دوای کۆتاییھاتنی کارەکانی لە سوریا و عێراق بەرەوە تورکیا دەڕوات، مەترسی داعش تەنھا بۆ سوریا و عێراق نییە، بەڵکوو بۆ ھەموو ناوچەکەو جیھانە، بەڵام لەوانەیە تورکیا داعش وەکو کەرەسەیەک بەکاربێنێت بۆ سەرکووتکردنی کوردەکانی سوریا و تورکیا.

 

واتا تورکیا جیاوازی ناکات لە نێوان داعش و پ.کا.کا؟

بۆ تورکیا تۆفیر ناکات. بەو ھۆکارەی کە ھەروەھا کە داعش بە تیرۆریستی دەناسێت پ.کا.کاش بە تیرۆریست دەناسێت و بە بیانووی دژایەتیکردنی تیرۆر پ.کا.کا دەکاتە ئامانج. بەڵام دەبێت وردتر تیرۆریسم پێناسە بکرێت تاوەکو سنووری نێوان کوردەکان و داعش روونتر بێتەوە.

 

ئەگەر شەڕ لە نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا ھەڵگیرسێت ئاکامەکەی بە کوێ دەگات؟

ئەمە پێشتریش روویداوە و ئاکامەکانیشمان بینیوە. بەڵام ئێستاکە ھەر شتێک بێت دەبێت پێکەوە یەکگرتوو بین تاوەکو تیرۆریستەکان لەناوبەرین.

 

کۆتایی ئاشتی نێوان ئەم دوولایەنە ئایا کۆتایی ھێمنییە لە ناوچەکەدا؟

بەڕای من ئەم رووداوە کێشەی زۆر و گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت و ئەو ھێمنی و سەقامگیرییەی یەک ساڵی رابردوو لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لەناو دەچێت.

 

ئایا کۆتایی‌ھاتنی ئاشتی دەرفەت بۆ داعش ناخولقێنێت تاوەکو بتوانێت لە ناو خاکی سوریا زیاتر بەرەو پێش بڕوات؟

ئەم رووداوە بە دڵنیاییەوە دەرفەتە بۆ داعش. شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پ.کا.کا بەرەوپێشچوونی داعش بۆ ناوچە کوردییەکانی ناو خاکی سوریا ئاسانتر دەکات و کوردەکان لەم ناوچانەدا لاواز دەکات.

 

ئەگەر شەڕی نێوان پ.کا.کا و حکومەتی تورکیا بێتە ئاراوە، ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەمیشە بەدوای ئاشتی، سەقامگیری، ھێمنی و ئاسایش و وتووێژ و دانوستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی بووە و ئەم ھەرێمی ھیچکات ناچێتە ناو شەڕێکی وەھاوە. بەڵام ئەگەر ئەم شەڕ‌ە رووبدات، یەکێک لەو ناوچانەی بە دڵنیاییەوە زیان دەبینێت ھەرێمی کوردستانی عێراقە.

 

ڕۆژنامەی ئیعتماد، یەکشەمە ٤ گوڵانی ١٣٩٤ ھەتاوی، ساڵی سێزدەیەم، ژمارە ٣٣٠٠، بەشی "وتووێژی ڕۆژ"، لاپەڕەی ٦.

"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی ئێران نووسیوییەتی: کوردەکان بە تایبەت ژنان و پیاوانی پێشمەرگە تەنھا ھێزێک بوون کە دوای ھێرشی داعش بۆ عێراق و سوریا لە بەرامبەر ئەم گروپە تیرۆریستییەدا بە ھەموو ھێز و توانایانەوە وەستان و کاریگەرترین رۆڵیان بینی.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران ڕۆژنامەی ئێرانی ڕۆژی پێنجشەمە سەبارەت ەب ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کاروانی لاوانی کورد لە ناوچەی سوروچ وتارێکی نووسیوە کە دەقە تەواوەکەی لە خوارەوە دەخوێننەوە:

ناوچەی سوروچ لە سنووری نێوان تورکیا و سوریادا، رۆژی دووشەممە تەقینەوەیەکی بەھێزی بەخۆیەوە بینی. ئەحمەد داوود ئٶغلو، سەرۆک وەزیری تورکیا گروپی تیرۆریستی داعشی بە بەرپرسی ئەم خۆکووژییە ناساند و وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە، بەڵێنی‌دا تا ھەموو دەست و پێوەندیەکانی ئەم کردەوە بە سزای خۆیان بگەن، وە بەدواداچوونی بۆ دەکات. سەرەڕای ئەمە کوردەکانی تورکیا، سوریا و عێراق کە بە سەرھەڵدانی داعش چەندین زامی گەورە لەوانە رووداوەکانی کۆبانێ‌یان، بەسەردا ھاتووە، چاوەڕوانی بەڵێنەکانی داوود ئۆغلو نابن و پێشمەرگەکانی کورد لە پێناو سەندنەوەی مافی خوێن‌ی رژاوی گەنجەکانیان کە ھیچ ئامانجێکیان نەبوو جگە لە ھاوکاریکردن و یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ئاوارەی خۆیان، ھەڵدەستنەوە. بە سەیرکردنی رووداوەکانی عێراق و سوریا، بۆمان دەردەکەوێت کوردەکان بە تایبەت ژنان و پیاوانی پێشمەرگە تەنھا ھێزێک بوون کە دوای ھێرشی داعش بۆ عێراق و سوریا لە بەرامبەر ئەم گروپە تیرۆریستییەدا بە ھەموو ھێز و توانایانەوە وەستان و کاریگەرترین رۆڵیان بینی. جگە لەمە، سەرکەوتنی حزبی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیادا ھێزێکی دیکەی بەخشییە کوردەکان و ئێستاکە دوژمنانی کورد بھتایبەت لە عێراق، تورکیا و سوریا ھەوڵی شکاندنی ئەم ھێزە دەدەن بەڵام ھەرچی کات تێدەپەڕێت و کردەوەی تیرۆریستی دژی کوردەکان پەرە دەستێنێت دژکردەوەی پێشمرگەش زیاد دەکات و باشتر دەبێت.

خاڵێکی دیکە کە دەبێت سەرنجی بدەین ئەوەیە کە داعش لە دەرەوەی زەوییەوە بەھێز ناکرێت، بە دڵنیاییەوە سنوورێک ھەیە کە لە رێگایەوە یارمەتی و کەرستەی جۆراوجۆر لەوانە چەک و تەقەمەنی و یارمەتی مرۆیی و ... دەگاتە دەستی و تەنھا سنوورێک کە بۆ ئەمە بوونی ھەیە سنوورەکانی تورکیایە. ھێرشی تیرۆریستی رۆژی دووشەممە بۆ کاروانی لاوانی کورد لە سنووری تورکیا جارێکی دیکە ئەمەی بە جیھان و بەرپرسانی ئەنقەرە نیشاندا کە داعش مەترسی نییە بۆ سەر یەک یان دوو گروپ، بەڵکوو مەترسییەکی نێودەوڵەتییە. بۆیە دەبێت تورکیا ئەگەر ئێستاش ئامادە نییە لە سیاسەتی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوین پاشەکشە بکات لە داھاتوودا دەبێت ئەم ئاڵوگۆڕە بکات. جگە لە تورکیا دەبێت ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ھوشیار بن کە یەکگرتوویی نێودەوڵەتیی دژی داعش تەنھا ئەگەری رووبەرووبوونەوەیە دژی ئەم گروپە. وڵاتانی ئەوروپایی ئەزموونی پێگەیاندنی گروپە توندڕەوەکانییان ھەیە و بە باشی ئاکامەکەی دەناسن. کاتێک کە ئەم گروپانە لە ئەوروپا گەشەیان کرد و وڵاتانی ئەوروپایی بە بیانووی دیموکراسییەوە پێشیان پێ‌نەگرتن، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەوروپایی بە تەواویی ھەست بە مەترسی ئەم گروپانە دەکەن و بۆ دوورخستنەوەیان لە ئەوروپا یەکیان گرتووەو لەم پێناوەشدا ئەم گروپە مەترسیدارانە بەرەوە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەت عێراق، سوریا، ئەفغانستان و ... رەوانە دەکەن. بۆیە ئەگەر لە بارودۆخ و ھۆکارەکانی دروست‌بوونی داعش ورد نەبینەوە و ریشەکانی نەناسین و ئەم بارودۆخ و ھۆکارەکانە لەناو نەچن، ھیوایەک بۆ

لەناوچوونی ئەم گرووپە نامێنێت و کردەوەکانیان درێژەی دەبێت.

 

 

ڕۆژنامەی ئێران، گۆشەی "جیھان نەما"، پێنجشەمە ١ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی ھەتاوی، ساڵی بیست و یەکەم، ژمارە ٥٩٨٣، لاپەڕەی ٢٠.

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی پارلمانی تورکیا پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی گه‌لانی تورکیا و هه‌موو حزبه‌ به‌شداربووه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌م. سه‌رکه‌وتنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دیموکراسی له‌تورکیا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێکی به‌رزی پێگه‌یشتوویی.

زۆریش خۆشحاڵ بووم که‌ کورد بۆ یه‌که‌مجار توانی له‌که‌شوهه‌وایه‌کی دیموکراتیدا له‌ چوارچێوه‌ی پارتێکی سیاسی بگاته‌پارله‌مانی تورکیا. ئه‌وه‌ بۆ پێشخستنی ئاشتی و دیموکراسی ده‌ستکه‌وتێکی گرنگه‌. هه‌ر به‌م بۆنه‌یشه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی دیموکراتی گه‌لان ده‌که‌م.

وه‌ک چۆن له‌ ڕابردوو پاڵپشتی پێشڤه‌چوونی پڕۆسه‌ی ئاشتی و دیموکراسی بووین له‌ تورکیا له‌مه‌ودوایش له‌م پشتیوانیه‌ دا به‌رده‌وام ده‌بین. هیوادارم ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ ببێته‌ مایه‌ی فراوانتربوون و قوڵتربوونی ئاشتی و برایه‌تی له‌ تورکیا و ئاسه‌واره‌کانی سته‌مکاری و ئینکار وجیاکاری نه‌مێنێت .

مسعود بارزانی 
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
٨ی ٦ی ٢٠١٥

بە نوێنەرایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە داوەتێکی فەرمیی  وڵاتی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 24-2-2015 بەڕێز  نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری، لەگەڵ سەرۆك و شاندە فەرمییەکانی شەست وڵاتی دیكەی جیهان و بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان  سەرۆک كۆمار و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی توركیا و  چەندین کەسایەتیی ناودار، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی  سەد ساڵەی شەڕی چەنەقەڵادا لە شاری ئیستامبوڵ کرد.

جەنگی چەنەقەڵا لە 23ی نیسانی ساڵی 1915 و لە میانەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە نێوان سوپای دەوڵەتی عوسمانی و هێزەكانی هاوپەیمانەكان لە گەرووی چەنەقەڵا ڕوویداوە و پەیامی ئەم  یادکردنەوەیەش  خواست و هەوڵدانی گەلانی ناوچەکە و جیهان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و  ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی جەنگە کارەساتهێنەکان بووە.

 

 

 

 

 

 

 

ئێوارەى ئەمڕۆ بەڕێز عیسمەت یەڵماز وەزیری بەرگریی تورکیا گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەلایەن بەڕێزان مستەفاى سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

بڕیارە سبەی وەزیری بەرگریی کۆمارى تورکیا لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و دواتر سەردانی یەکەی مەشقی سەربازی سۆران بکات.

کۆچی دواییی نووسەری گەورە و ناوداری کورد مامۆستا یاشار کەمال، زۆر خەمبار و دڵتەنگی کردین. یاشار کەمال قەڵەمێکی مەزن و داهێنەرێکی ناودار و پێشکەوتنخواز بوو، نەک بە تەنها بۆ کورد و گەلانی تورکیا، بەڵکوو دەنگی ژیاندۆستی و  ویژدانی زیندووی سەردەمەکەی بوو، بانگی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایی و ئازادی بوو. هەموو بەرهەمە ناوازەکانی و هەموو ئەو خەڵاتە سەنگینانەی پێی بەخشرا بوون، گەواهیی جوانیی ئەو پەیامە مرۆڤدۆستانەی ئەم نووسەرە مەزنەن، کە  ماوەی زیاتر له‌ نیو سەد هه‌وڵی ده‌دا بە گوێی مرۆڤایەتیدا، بدات.

کۆچی دواییی ئەم داهێنەرە  پێشکەوتنخوازەی کورد، زیانێكی گەورەیە بۆ سەرجەم دنیای پێشکەوتنخواز و ئازاد، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە بیر و پەیامی توندڕەوی و مەرگ و تاریكی، بە دڕندانەترین شێوە  هەوڵی ناشیرینکردنی ژیان و سڕینەوەی بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی دەدەن، ئەم سەردەمەی کە لە هەموو کاتێك زیاتر پێویستی بە دەنگ و ڕەنگی وەک یاشار کەمال هەیە.

بە ناوی  خۆمان و حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، پرسه‌ و سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی کوردستان و هەموو دۆستانی پەیامی ئاشتی و جوانی و ئازادییەکەی یەشار کەمال دەکەین. سەرەخۆشیی تایبەتیشمان بۆ خانەوادەی بەڕێزی  بەهەشتی یەشار کەمال، کە هەمیشە دەنگی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنخوازی بووە بۆ هەمو پێکهاتە جیاجیاکانی وڵاتەکەی و گەلانی ناوچەکە و ته‌واوی جیهان.

نێچیرڤان بارزانی
2015/3/1

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی