ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ـی ١٠ـی ٢٠١٤ لە شاری دهۆک بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤدەم) کۆبۆوە. شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا لە سکرتێری پارتەکانی ناو ئەنجوومەنەکە پێکهاتبوو، هەروەها شاندی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک بریتی بوو لە سەرکردایەتیی تەڤدەم.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستا گەلەکەمان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک لە جاران زیاتر کار بۆ یەکڕیزی بکەین چونکە ئەو هەڕەشەیەی هەیە لەسەر هەموو کوردە نەک لەسەر لایەنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو.

سەرۆک بارزانی بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیی لە کورد بە هەنگاوێکی گرینگ و دەرفەتێکی زێڕین لەقەڵەم دا و ڕای گەیاند ئێستا کورد تاکە هێزە کە لە بەرانبەر داعش شەڕ دەکات و تیرۆریستان توانیویانە سوپای دوو دەوڵەت بشکێنن بەڵام تەنیا لەبەرەی شەڕ لەگەڵ کورد شکاون، بۆیە زۆر گرینگە ئێمەی کوردیش یەکڕیزیمان پێشانی دنیا بدەین و پێویستە هەموو ناكۆكییەكان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەتی گەلەکەمان و خاكمان بكەین، ئەوەش ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.

لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی داوای لە هەموو لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا كرد كە زۆر بەجیدی گرفتەكانیان چارەسەر بكەن و ڕوانگەیەكی ستراتیژییان بۆ دواڕۆژی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا هەبێت و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەر هاوکارییەکین و درێخی ناکەین.

سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە شەڕ دژی داعش بۆ گەلەکەمان چارەنووسسازە و ئەو بەرگرییەی لە کۆبانێ هەیە جێی تەقدیرە و سەرکەوتنی کورد لە هەر شوێنێک سەرکەوتنی هەموومانە. سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: ئەو بەدەنگەوە هاتنەی هاوپەیمانانیش بۆ بەرگرییکردن لە کۆبانێ مایەی پێزانینە و لای من کۆبانێ و هەولێر جیاوازییان نییە، بۆیە ئەوەی لەدەستم هاتبێ درێخیم نەکردووە ئەوەی بۆ پاراستنی هەولێر کردمان بۆ کۆبانێش کردوومانە و ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەی بۆ پاراستنی کۆبانێ کرا وەک ئەوە دەزانین کە بۆ پاراستنی هەولێر کرا.

سەرۆک بارزانی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بوو سەرنجی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کۆبانێ ڕابکێشین، پاراستنی کۆبانێ پێویستی بە هەنگاوی کردەییە و بۆ بەردەوامی و زیادبوونی ئەم بەدەنگەوەهاتنەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی پێویستە هەوڵەکانمان یەک بخەین.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە بەڕێزان سعود مەلا و تاهیر سەفوک و شێخ ئالی بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلم بە نوێنەرایەتیی تەڤدەم وتەیان پێشکەش کرد و وێڕای پێزانینیان بۆ هەوڵی سەرۆک بارزانی کە وێڕای سەرقاڵیی بەڕێزیان بە بەرەکانی شەڕ، کاتی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژئاوا تەرخان کردووە و ئەوەیان بە نیشانەی پەرۆشیی سەرۆک بارزانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی بۆ برایانی لە ڕۆژئاوا لەقەڵەم دا. لەو بارەیەوە بەڕێز ساڵح موسلم هاوسەرۆکی پەیەدە زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و هەروەها بۆ هەڵوێست و لێدوانەکانی جەنابیان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هەردوو شاندەکە تەئکیدیان کردەوە کە لەگەڵ بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی هاوڕان و ئامادەیی خۆیان بۆ یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژثاوا نیشان دا.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی