سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

  • سێ شەممە, 25 شوبات 2014

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فاروق كەیماكچی باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و وێڕای ئاماژەكردن بە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە توركیا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و وڵاتەكەی لەبواری وزەدا خوازیارە پەیوەندییەكان گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ بەراوردی نێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراقی كرد و ڕایگەیاند كە سەقامگیری و ئاساییشی هەرێمی كوردستان هانی كۆمپانیاكانی توركیای داوە كە زیاتر لە هەرێمی كوردستاندا سەرمایەگوزاری بكەن. سەبارەت بە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ هیوای خواست حكوومەتی تازە حكوومەتێكی بەهێز بێت و سەرچاوەی خێر و خۆشی بێت بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە. باڵیۆزی توركیا لە عێراقی فیدڕاڵ هێمای بە سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری ئامەدیش كرد و گوتی" ئەم سەردانە زۆر دیواری شكاندن و ڕۆڵی ئێوە لە پڕۆسەی دیالۆگ و ئاشتی زۆر گرنگە".

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بە گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵات و هیوایشی خواست ئەو پەیوەندییانە بەردەوام و بەهێزتر ببن. پەیوەست بە مەسەلەی نەوت و وزە و ئەو كێشەیەی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی دروست بووە، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان یەك هەنگاویشی دژی دەستوور نەهاوێشتووە و ئەوە مافێكی دەستووریی خۆمانە لەبواری نەوتدا كار بكەین. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هۆكاری نالەباریی بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراقی بۆ سیاسەتی هەڵەی حوكمڕانانی عێراق گەڕاندەوە و هەروەها سەپاندنی ئابڵوقە و نەدانی مووچەی كارمەندانی هەرێم و نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە بە كارێكی نایاسایی لە قەڵەمدا و گوتی: "هیچ كەسێك ئەو ماف و دەستەڵاتەی نییە مووچەی خەڵكی ببڕێت و ئەو كارە دژی یاسایە و ئێمە ئەم بابەتە بە ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی خەڵكی كوردستان دەزانین".

پەیوەست بە پەیوەندیی و هاوپەیمانێتیی نێوان كورد و شیعە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر پەیوەندیی مێژوویی و مەعنەویی نێوان كورد و شیعە كردەوە و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان هیچ گرفتێكی لەگەڵ شیعەدا نییە، تەنیا گرفت هەڵسوكەوتی حوكمڕانانی بەغدایە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون.

 

 سێ شەممە, 25 شوبات 2014

 

 

Read کد خبر: 398

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی