سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی MEPS: پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق مایەی نیگەرانین

* پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو چارەسەریش بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکان بدۆزینەوە.

* ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە.


رۆژی دووشەممە 11/20، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS سەر بە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد.
لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەم ساتەوەختە دا و گوتی ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیيان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیيەکان.

ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی

سەرکردە بەرێزەکان، شارەزایان، میوانانی هێژا
ئامادەبووانی خۆشەویست
بەیانیتان باش

بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەم بۆ چوارەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیي ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان ڕێکخراوە.

جارێکی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای ناوازە، بازرگان و بڕیاربەدەست کۆبووینەتەوە، کە هەموویان شارەزایی و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ناوچەکەمان و پابەندییە هاوبەشەکانمان و ئەو کێشانەی هەن، هەیە. ئەو تاقیکردنەوانەی ڕووبەروویان دەبینەوە وەک خەڵک و نەتەوە، تاقیکردنەوەی گەورەن. هەریەک لە ئێوە کە ئەمرۆ لێرەن، ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەرووی ئەو کێشانە بوونەتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو باسیان لێوەدەکەین. من دڵنیام، بە هەمان شێوەی من، ئێوەش لەوکاتانەدا خۆزگەتان خواستووە، وەڵامەکان ئاسانتر بوونایە لەوەی کە هەن.

ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیيەکان. لەبەرئەو هۆکارانە، کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەکرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوکاربن بۆئەوەی ئەنجامێکی باشیان هەبێت.

خۆشحاڵم کە بەشداران لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە هاتوون. ئەو هاوڕێیانەی لە وڵاتانی دراوسێ و دوورەوە هاتوون، بەخێرهاتنتان دەکەم و پەرۆشم بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان. بەشداریتان پابەندبووتان دەسەلمێنێت بە دیالۆگ، وەک پاڵنەرێک بۆ تێگەیشتن. جا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان جیهانی بێت، هیچ جێگرەوەیەک بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز نیە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان. پێویستە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان بەردەوام بین.

هاوڕێیان:
دەبێ ئامادەبین بۆ تێگەیشتن و داننان بەوەی، هەندێک لەو کێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت مەترسین بۆ سەر هەموومان. بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت لەسەر ناوچەکەمان و جیهانیش، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و کەمئاوی و کۆچی بەکۆمەڵ خێراتر دەکات. ئەمەش کێشەیەک نیە دوای بخەین. چونکە ئێستا وا ڕوودەدات. شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەکان زیاتر بوون، ئێستا ناچاربووین بیری قووڵتر لێ بدەین بۆئەوەی بگەینە ئاو. بەگوێرەی تازەترین ئاماژەکان، پێشبینیەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر نزیکن لەوەی بەڕاستی ڕووبدەن. پێویستە کاری باشتر بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی کاربۆن. هەموو هۆکارێکیشمان هەیە بۆئەوەی ئەو کارە بکەین و هیچ هۆکارێک نیە بۆئەوەی نەیکەین.

ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە کێشەکان بەدوور بگرین. پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیى گشتی کار بکەین، پێش هەموو شتێک وەک هاووڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی. لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی، لەکوێ دەژین، لێكه‌وته‌ى خراپی دەبێت لەسەرمان. کوردستان ناتوانێت بۆ نموونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبوونی کوەیت هەڵبێت. بەحرەین و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکوو، بە چارەنووسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە.

بەهای هاوبەشی مرۆییمان داوامان لێدەکات، ڕووبەرووی گەرمبوونی هەسارەی زەوی ببینەوە، بەهەمان شێوەی دیمەنەکانی شەڕ و بێکاری دەیان ساڵی رابردوو، ئێستاش بەردەوام دەیانبینین. بۆیە ناکرێت ڕێگە بدەین دیمەنێکی لەوشێوەیە ببێتە شتێکی ئاسایی.

هەموومان دیمەنی دڵتەزێنی خەڵکی سیڤل و بێتاوانمان بینیوە، منداڵ و بە تەمەن بوونەتە قوربانیى شەڕێکی دیکەی وێرانکەر. پێویستە ئەم دیمەنانە بەئاگامان بێننه‌وه‌. ئەو توندوتیژییانەی ئێمە دەیانبینین، هیچکات چارەسەر نین و ئاشتی بەدیناهێنن، بەڵکو دەبنە هۆی بەردەوامیى وێرانکاری و کارەساتەکان.
پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو دەبێ چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکانیش، پێش ئەوەی بگاتە ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی، بدۆزینەوە. نابێت بۆ چارەسەری کێشەکان چاوەڕێ بکەین، لەکاتێکدا دەتوانین پێش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن چارەسەریان بکەین. پێویستە جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەین و فێربین بەرێزەوە لەگەڵ یەکتر بژین، نەوەکو بەدوای پاساودا بگەڕێین بۆ ڕەتکردنەوەی بەرانبەر.

هەموومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بووین. چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە. بۆ نموونە 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیيەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە. چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرانبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەرنەکراوەکان پێویستیيان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین.

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراقیش جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە.
ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژارییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە.
شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەرێوەبردنی عێراق و جێبەجێکردنی کارە تەواونەکراوەکانی ناوچەکە، پێوێستیيەکی بەپەلەیە.

هاوڕێیان
ئێستا کە ئێوە لێرەن، داواتان لێدەکەم، پێشوازی لەو شتانە بکەن کە ئێمە وەک کوردستانی پێشکەشی دەکەین. لە ڕێگەی ئێوەشەوە، داوا لە هەموو جیهان دەکەم ئەو هەنگاوانە ببینن کە ئێمە لە ڕووی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی پێکهاتەکانەوە ناومانن. زۆر زیاترمان هەیە بۆئەوەی بە جیهانی نیشان بدەین، بانگهێشتان دەکەم بۆ ئەوەی لەم هەنگاوانەدا لەگەڵمان بەشدار بن.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کۆڕبەندە، داواتان لێدەکەم لەم هۆڵەدا پێکەوە گفتوگۆیەکی ژیرانە بکەن. بەو هیوایەی گفتوگۆکانمان ببنە هاندەر بۆ بیرۆکەی نوێ و چارەسەری کرداری.
جارێکی دیکە، لەدڵەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی یەک بە یەکتان دەکەم بۆ کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
سوپاستان دەکەم

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2023/november/سەرۆکی-حکومەت-لە-کۆڕبەندی-meps-پەرەسەندنەکانی-ئەم-دواییەی-عێراق-مایەی-نیگەرانین/

 

Read کد خبر: 3132

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی