كردنەوەی ژووری بازرگانی دوبەی لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا

لە ئێوارە ئاهەنگێكدا لە هۆتێلی رۆتانا هەولێر كردنەوەی ژووری بازرگانی میرنشینی دوبەی لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا.

لە رێوڕەسمەكەدا كە كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیەكانی هەرێمی كوردستان و راشید مەنسوری كونسولی گشتی میرنشینی یەكگرتووی عەرەبی لە هەرێم و ژمارەیەك لە خاوەنكارانی ئیمارات و هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون ، عەبدولرەحمان غورێر سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دوبەی تیشكی خستەسەر پەیوەندیە بازرگانی نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان و دووپاتیكردەوە كردنەوەی لقی ئەم ژوورە لە هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەردوولا .

هەروەها ئاشكراشیكرد وێڕای كردنەوەی فەرمی ژووری بازرگانی دوبەی كە چاوەڕواندەكرێت سبەی ڕێوڕەسمەكەی بەڕێوەبچێت چەندین دانیشتن لە نێوان كەرتی تایبەتی هەردوولا بەڕێوە دەچێت.

 پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە وتەیەكدا بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی كردنەوەی لقی ژووری بازرگانی دوبەی لە هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتیكردەوە حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات وهەمیشە ستایشی پێشكەوتنی ئەم وڵاتە دەكات كە بەڵگەیەكی زیندووە بۆ هەوڵی بێ وچانی سەركردایەتیەكەی بۆ دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی .

ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی كوردستان وەكو هاوبەشێكی سیاسی و بازرگانی و ئابووری سەیری ئیمارات دەكات ، هاوكات خۆشحاڵی خۆی بە هەبوونی كونسوڵخانەی ئیمارات لە هەرێمی كوردستان و چوار هێڵی ئاسمانی لەو هەرێمە نیشاندا و دووپاتیكردەوە وجوودی بەهێزی ئەم دەوڵەتە لە هەرێم بەڵگەیەكە بۆ ئەوەی سەركردایەتی وڵات هەمیشە جەخت لەسەر بەهێزبوونی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێم دەكاتەوە.

فەلاح مستەفا دووپاتیكردەوە سیاسەتی حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر پێشخستنی ئەم هەرێمە و بوونی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان دەكاتەوە و جەخت لەسەر كشتوكاڵ وپیشەسازی و گەشتوگوزار دەكاتەوە وەكو گرنگترین سێ كەرتی پێشەنگ بۆ پێشخستنی هەرێم ئەمە جگە لە ئاوەدانكردنەوە خزمەتگوزاری وتەندروستی و فێركردن.

 بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە نیشانیدا كردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە هەرێم وەكو سێیەمین نووسینگەی ژووری بازرگانی دوبەی لە جیهان گرنگی هەرێمی كوردستان لەلای سەركردایەتی سیاسی ئەم وڵاتە دووپاتدەكاتەوە وەكو دەروازەی ئابووری و بنگەی بازرگانی هەموو عیراق و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە پەیوەندی نێوان هەردوولا پەیوەندی بەهێز و ستراتیژی بن وبەردەوام بن و پشت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا ببەستن.

هەر لەم رێوڕەسمەدا راشد مەنسووری كونسوڵی گشتی میرنشینی یەكگرتووی عەرەبی لە وتەیەكدا نیشانیدا وڵاتەكەی هەمیشە جەخت لەسەر پێشخستنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەكاتەوە بە تایبەتی میرنشینی دوبەی كە ئەمڕۆ نووسینگەی بازرگانی خۆی تیادا دەكاتەوە و نیشانیدا ئەم هەنگاوەش دوای چەندین لێكۆڵینەوە لەبارەی ژینگەی وەبەرهێنان و ئابووری تیایدا هات .

ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی كوردستان شوێنێكی گونجاو و سەقامگیرە بۆ كۆمپانیاكانی ئیمارات بە تایبەتی لەبواری پیشەسازی و بازرگانی و ژێرخان و نەوت و غاز و گەشتوگوزار.

 پاشان دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەكانی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا دوبەی هەمیشە شارێك بووە جوانی و كاركردنی بەردەوامی تیادا بووە و هیوای خواست هەولێر لە كاتێكی نزیكدا بگاتە ئەم ئاستە و هاوشانی میرنشینی دوبەی بێت و هەموو ئامادەییەكی بۆ پێشخستنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا نیشاندا.

دوایین وتار لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشكەشكرا كە تیایدا خۆشحاڵی خۆی بە كردنەوەی ئەم نووسینگەیە نیشاندا و دووپاتیكردەوە ئەزموونی ئابووری ئیمارات مایەی سوودە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەوەشی خستەڕوو هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا سەركەوتنی زۆری لەمبارەیەوە بەدەستهێناوە .

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 308

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی