لە كۆنفرانسێكدا لە لەندەن دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە بەریتانیا لەبەردەم كۆمپانیا كوردستانیەكان خرانەڕوو

 شاندێكی بازرگانی كوردستان بە سەرۆكایەتی فەلاح مستەفا بەشداری كرد لە كۆنفڕانسێك كە لە لایەن دەزگای بازرگانی و وەبەرهێنان و وەزارەتی بازرگانی بەریتانیا سازكرابوو دەربارەی هەلەكانی كار و بازرگانی لەو ووڵاتە. هەر لە میانەی ئەو كۆنفرانسەدا ڕۆشنایی خرا سەر چۆنیەتی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و ئەو هەلانەی كە لەو هەرێمە لە بەردەمی كۆمپانیا جیهانیەكاندا هەیە.

لەم بۆنە یەك ڕۆژیەدا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا شان بە شانی سەرۆكەكانی هەرسێ ژووری بازرگانی و پیشەسازی و دەزگاكانی بەڵێندەران و وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیا سەرەكیەكانی هەرێمی كوردستان بەشداریان كرد.

لە ووتەیەكیدا فەلاح مستەفا تیشكی خستە سەر گەشەسەندنی ئابوری هەرێم و ووتی سیاسەتی كراوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرنجی وەبەرهێنەرانی جیهانی ڕادەكێشێت. ڕێژەی گەشەسەندن لە كوردستان لە ساڵی 2012 %8 بوو و چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ بگاتە %10. بەرپرسی  پەیوەندیەكانی دەرەوە ووتی: " ئەوە یەكەمین جارە شاندێكی وەبەرهێنەرانی هەرێم سەردانی بەریتانیا بكەن. ئەوە هەنگاوێكە كە ئێمە پاڵپشتی لێدەكەین." بەڕێزیان هەروەها ووتی:" لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان بەدوای وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتیەكان دەگەڕێت، لە هەمانكاتیشدا هەلی باشی وەبەرهێنان لە بەریتانیا بۆ كۆمپانیا كوردیەكان هەیە كە دەتوانن سوودی لێ ببینن."

هەر لە كۆنفڕانسكەدا ووتاری هیو ئیڤانس كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و نیك بێرد بەڕێوەبەری گشتی دەزگای بازرگانی و وەبەرهێنانی بەریتانیا و پەرلەمانتار نازم زەهاوی و لۆرد ماڕلاند نێردەی بازرگانی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا سەرۆكایەتی شاندێكی بازرگانی بەریتانیای كرد بۆ هەرێم پێشكەش كران.

لۆرد ماڕلاند لە ووتەكەیدا ووتی:" لێرەوە دەمەوێت بە كۆمپانیا بەریتانیاكان بڵێم ئەگەر هاتوو تا ئێستا سەردانی هەرێمی كوردستانتان نەكردبێت ئەوا هەلی بەهادارتان لەدەست چووە. بەوكۆمپانیا كوردیانەش دەڵێم كە ئەمڕۆ لێرەن و خواستی وەبەرهێنانیان هەیە لە بەریتانیا، نرخی خانوو ئەمساڵ لە %30 بەرزبۆتەوە." هەروەها دەربارەی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا ووتی: " هەردوولا پێویستیان بەیەكترە. هەردوولا دۆستن و مێژوویان هەیە لەگەڵ یەك. هەردوولا دواڕۆژێكی گەش و پۆزەتیڤیان دەبێت."

پەرلەمانتار نازم زەهاویش ئاماژەی بە ئەزموونی خانەوادەكەی خۆیدا لە بەڕێوەبردنی بیزنیس لە هەرێمی كوردستان شان بە شانی گەشەپێدانی پڕۆسەی دیموكراسی لە هەرێمەكە. ووتیشی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی هەرێم كێبڕكێی زۆری تێدابوو و كەش و هەوایەكی لێكتێگەیشتن لە یەكتر دروست كرد و دەرئەنجامەكەشی لە لایەن هەموو لایەنەكانەوە قەبوڵ كرا. ئەو هەڵبژاردنە پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە دیموكراسیەت دووپات كردەوە. لە هەمانكاتدا زەهاوی تیشكی خستە سەر ئەو هەلانەی كە لەبەردەم وەبەرهێنەرە كوردەكاندا هەیە لە بەریتانیا و ووتی: " بەریتانیا پێشەنگی ووڵاتانی ئەوڕوپایە لە گەشەسەندندا."

پۆڵ بەیت لە دەزگای (ماتەهۆڕن) بۆ وەبەرهێنان باسی لە كاریگەری بازاڕەكانی پارە لەسەر ئابوری كوردستان كرد و  تایلەندیشی وەك نموونە هێنایەوە لە دروستكردنی بازاڕە تازە پێگەیشتووەكان كە چۆن لە دواییدا سامانەكانی خستە گەڕ لەگەڵ بەرقەرابوونی یاسا و كرانەوە بە ڕووی بیانیان و چەندین كاری باشی تر.

هەر لە درێژەی كۆنفڕانسەكەدا چەندین بابەتی جیا جیا لە لایەن كاربەدەستانی دەزگای بازرگانی و وەبەرهێنانی بەریتانیا پێشكەش كران كە تیشكیان خستە سەر هەلەكانی بیزنیس لە پڕۆژەكانی ژێرخانی بەریتانیا و ئەو بوار و لایەنانەی كە بۆ نوێكردنەوە هاتوونەتە دەستنیشان كردن.

لە پانێڵێكی تریشدا باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی كار و بازرگانی كرا لە هەرێمی كوردستان. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان پرسی بەخشینی ڤیزەی بۆ پیاوانی كاری هەرێمی كوردستان و ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی بەریتانیا بكەن خستە ڕوو. لە لایەكی تریشەوە ئاماژەی بەو هاریكاریەدا كە ژوورەكانی بازرگانی كوردستان پێشكەشی كۆمپانیا جیهانیەكان دەكەن. هەر لەو پانێڵەدا نوێنەرانی سێ دەزگا بازرگانیە سەرەكیەكانی بەریتانیا بەشداریان كرد كە پێكهاتوون لە دەزگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شارەزایانی بەریتانیا وئەنجومەنی كاری عیراقی و بەریتانیا. 

لە دانیشتنی كۆتایی كۆنفڕانسەكەشدا ڕۆشنایی خرا سەر پێگەی بەریتانیا وەك لایەنێكی سەرەكی جیهانی لە بواری ئەندازیاری بیناسازی. لەو دانیشتنەدا چەندین بابەت لە لایەن ژمارەیەك ئەندامی پەیمانگای شاهەنشاهی بۆ بیناسازی بەریتانیا پێشكەش كران. كۆنفڕانسەكە هەلێكی باش بوو بۆ كۆمپانیا بەریتانی و كوردستانیەكان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە دیدار و گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ یەك ساز بكەن.

خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا دەربارەی ئەو كۆنفڕانسە ووتی: " ئەو كۆنفڕانسە پەیوەندیە بازرگانیەكانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرەو ڕێچكەیەكی نوێ دەبات. تا ئێستا ئێمە كارمان لەسەر ناساندنی كوردستان دەكرد بۆ وەبەرهێنەرە بەریتانیاكان. لەگەڵ بەستنی ئەو كۆنفڕانسە، دەزگای بازرگانی و وەبەرهێنانی بەریتانیا پێشنیاری ئەوەی كرد كە پێویستە وەبەرهێنان لە هەردوو لاوە بكرێت بە تایبەت كە ئێستا كۆمپانیای گەورە و دەوڵەمەند لە كوردستاندا هەن. ئەوە هەنگاوێكی پۆزەتیڤە و هێمایەكی ترە بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندیە دوو قۆڵیەكانی نێوان هەردوولا."

 

Read کد خبر: 242

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی