سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەكات

  • پێنج شەممە, 11 حوزەیران 2015

ڕۆژی پێنجشەممە 11ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز د. فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی كرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و یارمەتیدانی ئاوارەكان.

هەر لەم دیدارەكەدا جەخت لە پێویستی نزیكبوونەوەی پێكهاتەكانی عێراق و خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی كرایەوە. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و تێیدا لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان هەردوولا بەردەوامی گفتوگۆ و دیالۆگیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانی.

ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆك بوو و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە هەوڵەكان بۆ پێشكەشكردنی زیاتری هاریكاریی نێودەوڵەتی و دابینكردنی كۆمەك و یارمەتی بۆ ئاوارەكان چڕ بكرێتەوە، بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە تواناكانی هەرێمی كوردستاندا نییە و پێویستە دەزگە پەیوەندیدارەكانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بەدەنگ ئەو كێشەیە بێن.

Read کد خبر: 1380

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی