سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ چاره‌سه‌رى خێراى كرده‌يى بۆ دۆخى ئێزدييان هه‌بێت
به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2023/8/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى نۆيه‌مين ساڵيادى جينۆسايدى ئێزدييان و كاره‌ساتى شه‌نگال كرد كه له هه‌ولێر له‌لايه‌ن ڕێكخراوى يه‌زداوه ڕێكخرابوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌رێزان مسته‌فا سه‌يد قادر جيگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له وه‌زيران و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و ديپلۆماتكاران و كه‌سايه‌تى و ڕزگاربووانى ئێزدى و ميوانانى بيانى و ئه‌كاديمى و پياوانى ئايينيى ئێزدى و موسڵمان و مه‌سيحى و نوێنه‌رانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ژماره‌يه‌ك له ڕزگاربووانى ئێزدى ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
کەسوکاری قوربانیيانی جینۆسایدی ئێزديیان،
ئامادەبووانی بەڕێز..
ڕۆژتان باش، بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ساڵيادى کارەساتی خه‌مگينى شه‌نگال و جینۆسایدی ئێزديیان.
یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدیيان، یادکردنەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەتە، چونکە ئەو جینۆساید و کارەساتە بەلای ئێمه‌وه هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی ڕفێندراوی ئێزدی، بێسەروشوێنن. تاکو یەک ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەکە کۆتایی نەهاتووە و لێكه‌وته‌كانى ئه‌و كاره‌ساته تا ئه‌مڕۆش خه‌م و ژان و ئازار بۆ ئێزدييان و بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، له‌گه‌ڵ خۆي‌دا ده‌هێنێت.
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە هەموومان پێکەوە ڕێز لە قارەمانی و قوربانیدانی پێشمەرگە بگرین، کە دوای خۆڕێکخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیيی سەرۆک مەسعوود بارزانى ـدا، ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێکشکێندرا. سڵاو لە گیانی پاکی ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ڕزگارکردنی شه‌نگال و پاراستنی هەموو کوردستاندا. سوپاس و پێزانين بۆ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له پێشمه‌رگه و هێزه عێراقييه‌كان.
سوپاس بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کە دەرگاکانی خۆیان کردەوە بۆ ئاوارەکان، بۆ ئاواره‌ى ئێزدى، بەتایبەتيش سوپاس بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک کە بە هەموو شێوەیەک هاوکار بوون لەگەڵ خوشک و برايانى ئێزدی. ئه‌وه هه‌رگيز له‌بير ناچێته‌وه كه له ديمه‌نێكى زۆر مرۆڤانه‌دا له بادينان خه‌ڵك ده‌رگاى ماڵ و قوتابخانه و هه‌تا مزگه‌وته‌كانيشى بۆ پێشوازى و حه‌واندنه‌وه‌ى خوشك و برايانى ئێزدى كرده‌وه.
دەستخۆشی لە ڕێکخراوی یەزدا دەکەم کە ئەم ڕێوڕەسمەيان ڕێکخستووە، هەروەها دەستخۆشی لە کارەکانیان دەکەم، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى لەپێناو ئێزدیياندا کردوویانه. هیوادارم به‌م گوڕ و تين و به‌م هێزەوە لە کارەکانیان بەردەوام بن. سوپاسێكى تايبه‌ت بۆ خاتوو نادیە موراد بۆ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ى لەپێناو ئێزدیياندا دەیکات.
سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمان و حكوومه‌ت و ڕێکخراوانە دەکەم لە جیهان کە کارەساتی شه‌نگالیان وەک جینۆساید پەسەند کرد و به هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت يارمه‌تيى ئێزدييان ده‌ده‌ن. دواهه‌مينيان حكوومه‌تى به‌ريتانيا بوو كه ڕۆژى يه‌كى ئه‌م مانگه كاره‌ساتى ئێزدييانى به جينۆسايد ناساند، سوپاس و ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌ين، داوا دەکەین وڵاتانی دیکەش ئەو تاوانە گەورەیە وەک جینۆساید بناسێنن.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان، به ڕێز و پێزانينه‌وه له هه‌ڵوێست و هاوسۆزى و هاوكارى و پشتيوانيى ئه‌و وڵاتانه ده‌ڕوانين كه يارمه‌تيى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدييان داوه.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
ڕۆژی ٣ی ئاب فەرمانێکی دیکەی ڕەش بەسەر ئێزدیياندا هات و کارەساتێکی دیکە چووە مێژووی گەلی کوردستانەوە كه هيچ كه‌س باوه‌ڕى نه‌ده‌كرد له سه‌ده‌ى بيست و يه‌كه‌مدا تاوانكارييه‌كى ئاوا دڕه‌نده دژ به مرۆڤ ئه‌نجام بدرێت. کارەساتی ئەم جارە زۆر ناخهەژێن بوو، دڵی هەموو کەسێکی له هه‌موو پێكهاته‌كانى لە کوردستان ئازار دا، چونکە داعش بەوپەڕی دڕندەیی، ژن و منداڵی ئێزدييان ڕفاند و کڕین و فرۆشتنی پێ کرد، ده‌ستى له سه‌ربڕين و كوشتنى مرۆڤ و سووتاندن و ڕووخاندنى ماڵ و په‌رستگاكانى ئێزدييان نه‌پاراست. ئەو تاوانە، تاوانێكى بێهاوتاى سه‌رده‌م بوو.
لە ئەنجامی ئەو وەحشگەرییەی داعشدا، زیاتر لە (٥,٠٠٠) ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهید کران، له‌وانه (٤٠٠) کەس پێکەوە لە گوندی کۆجۆ کۆمەڵکوژ کران. تا ئێستا (٨٣) گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هێشتا (١٣٥) هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانن، لەژێر خێوەت و له دۆخێكى سه‌ختدا دەژین، (١٨٩) هەزاریش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە دوای دەربەدەربوونیان لە دەڤەری شه‌نگال. (٢,٧٤٥) منداڵ بەهۆی هێرشی داعشەوە بێ دایک‌وباوک بوونە. ئه‌مه جگه له هه‌زاران ئێزديى ديكه كه ئاواره‌ى ئه‌ورووپا و وڵاتان بوون و له خاك و وڵات و كه‌سوكاريان دابڕاون.
بەداخەوە تا ئێستا (١,٢٤٤) کچ و ژن و (١,٤٠٢) پیاو و گەنجی ڕفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن.
تا ئێستا (١,٢٠0) ژن، (٣٣٩) پیاو، (2,٠23) منداڵ ڕزگار کراون. لێرەدا ده‌مه‌وێ دەستخۆشییەکی تایبەت لە بەرپرسى نووسينگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى و یەک بە یەکی ئەندامانی تيمه‌كه‌يان بکەم. دووبارەی دەکەمەوە: تاکو یەک ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، ئەو بەشە له نووسینگه‌ى ئێمه بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان.
ئامادەبووانی بەڕێز..
بارودۆخی ئێزدیيان لە دەڤەری شه‌نگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش زۆر لەو خێزانانەی گەڕانەوە بۆ شه‌نگال جارێکی دیکە بە ناچاری شه‌نگالیان بەجێهێشتووە بەهۆی کەميی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی ئاسايش و ئارامى و نەبوونی دەرفەتەکانی کار.
زۆر پێویستە حکوومەتی عێراقى فيدراڵ بایەخێکی تایبەت بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی شه‌نگال بدات كه زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە زیانمەنده لە هێرشی داعش، چونکە لە شه‌نگال جگە لە خانووبەرە و جادە و بان، خێزان و کۆمەڵگه‌ش تێکدرا، ئەنفالێکی گەورەی خەڵکی شه‌نگال کرا. زامێكى قووڵ له گيان و ده‌روونى ئێزدييان و خه‌ڵكى شه‌نگالدا كرايه‌وه كه هه‌رگيز به ئاسانى ساڕ‌ێژ نابێت و يارمه‌تى و هاوكاريى هه‌موومانى پێويسته.
تاوانێک دژی خەڵکی ئێزدی كرا کە کاریگەریی کۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر گەورەی دروست کردووە. بەهۆی ژیانی بێ خزمەتگوزاری و نۆ ساڵ ژیان لەژێر خێوەتدا، کاریگەریی ئەو جینۆسایدە زیاتر بووە. ئێمه له نزيكه‌وه ئاگادارى دۆخى ژيانى سه‌خت و قورسى ئه‌وانين له كه‌مپه‌كان. گۆڕينى ئه‌م دۆخه به‌رپرسياريه‌تيى هه‌موومانه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵدا ڕێگە دەکاتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شه‌نگال و ناوچه‌كه. بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە ئاسوودەیی لە شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى بژیت، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵکی شه‌نگال نین ناوچەکە بەجێبێلن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شه‌نگال بدرێتە دەست خەڵکی دەڤەری شه‌نگال و دەسەڵاتێکی یاسایی. دەبێ هێزەکانی سەر بە پەکەکە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەکە بەجێبێلن. ئه‌و هێزانه ته‌نيا به‌ڵا و نائارامى و ناسه‌قامگيرى بۆ شه‌نگال و ئێزدييان دروست كردووه و برينه‌كانيان قووڵتر كردووه‌ته‌وه.
بەڕێزان ..
ئێزدی خاوەن باوەڕێکی مرۆڤدۆستانه‌ى ئاشتیخوازانەن، هێرش ناکانە سەر هیچ کەس و میللەتێک، دەست ناخەنە ناو ئایینی هیچ کەسێکەوە، کەسیش قبووڵ ناکەن ئايينى خۆى بگۆڕيت و بچێته سه‌ر ئايينه‌كه‌يان، بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام بپارێزن. لەگەڵ هەموو دەوروبەرەکەیان زۆر ئارامن. قەولێکی جوانی ئێزدیيان هەیە لەوبارەوە دەڵێت:
ل بۆڕێ حور، سوار بن
ب نەفساڕا گوهدار بن
لگەل هەموو مەخلووقا یار بن
ئێزدی و ئێزدیياتی باوەڕ و ئەدەبیات و زمانی لە کوردستان پاراستووە، بەهۆی ئەوەی زمانی خواپەرستيی ئێزدیيان کوردییە. لەوانەیە کوردێکی نائێزدی ببینی لە شارێک، یان پارچەیەکی کوردستان، یان لە دەرەوە کە زمانی کوردی نەزانێت، بەڵام هیچ ئێزدییەکی ئاييندار لە هیچ شوێنێک نابینی کوردی نەزانێت.
لە هەموو شۆڕشەکانی کوردستاندا ئێزدی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، هەر لەبەرئەوەش باوک و باپیرانمان ئێمەیان لەسەر خۆشه‌ويستى و ڕێزگرتن له ئێزدییان ڕاهێناوە. هیچ کاتێکیش دوژمنانی کوردستان دەستیان لە ئێزدیيان نەپاراستووە. لەکاتی پرۆسەی ئەنفالیشدا چەندين گوندی ئێزدی ئەنفال کران.
ئێزدی هەمیشە بەشێکی دیار و خۆشەویستی گەلی کوردستان بوونه و هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە. ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له هه‌ر ئايين و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بن، له دێرزه‌مانه‌وه هه‌ميشه ئاشتيانه پێكه‌وه ژياون. ئه‌مڕۆ لێره‌وه خوشك و برايانى ئێزدى و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه وڵاته‌كه‌مان كوردستان بۆ هه‌ميشه به لانه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى ده‌مێنێته‌وه و هه‌رگيز ڕێگه به وتارى ڕق و توندڕه‌وى ناده‌ين و له وڵاته‌كه‌مان جێگه‌ى نابێته‌وه.
ئامادەبووانی بەڕێز …
پەرێشانيی دۆخى ئێزديیان هه‌ميشه بەشێکی گرنگى گفتوگۆمانه لەگەڵ لایەن و بەرپرسانی وڵاتانی جیهاندا. بە خۆشحاڵییەوە هاودەنگيی جیهان لەسەر جینۆسایدی ئێزدیيان دروست بووە و لە فراوانبووندایە، بەڵام بەداخەوە هاودەنگییەکی ناوخۆیی لە عێراق لەسەر چارەسەرکردنی بارودۆخی دەڤەری شه‌نگال دروست نەبووە، ئەمەش کارێکی زۆر خراپە بەرامبەر خەڵکی دەڤەری شه‌نگال دەکرێت.
ئێستا کاتێکی گرنگە کە لێرەوە داوا لە پەرلەمان و حکوومەت و لایەنە سیاسییه‌كانى کوردستان و عێراق بەگشتی بکەم کۆبوونەوەی تایبەت بکەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ڕابردوو و چارەسەركردنى خێراى کردەیی بۆ بارودۆخی دەڤەری شه‌نگال.
لەبەرئەوە زۆر پێویستە پەرلەمان و هەموو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی فيدراڵيى عێراقى لەسەر هەنگاونانی کردەیی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شه‌نگال ڕابوەستن و کاری لەسەر بکەن.
جارێکی دیکە سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاکی قوربانیيانی جینۆسایدی ئێزديیان دادەنەوێنین، سوپاس بۆ ڕێكخراوى يه‌زدا و سوپاس بۆ ئامادەبوون و بەشداربوونى هه‌مووتان.
بە خێر بێن..
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-there-must-be-a-quick-and-practical-solution-to-the-situation-of-the-yezidis/
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له پاراستنى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان ده‌كاته‌وه
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دوو‌شه‌ممه 2023/8/7 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا تيشك خرايه سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌يان كه يه‌كه‌م جاره دێنه عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها دۆخى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، زه‌مينه‌ى كار و چالاكيى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئازاديى ڕاگه‌ياندن و ڕاده‌بڕين و كارى ڕۆژنامه‌وانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌رفه‌ت و كێشه‌كانى، تاوتوێ كران.
له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێز كۆميسارى باڵاى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، وێڕاى باسكردن له به‌رنامه و ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى، چه‌ند سه‌رنج و تێبينييه‌كى ده‌رباره‌ى هه‌ندێ له بواره‌كانى دۆخى مافى مرۆڤ و پرسى ئازادييه‌كان و كارى ڕێكخراوه مه‌ده‌نييه‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان خسته ڕوو.
لاى خۆيه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێراى ئه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا، پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستانى به پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنى ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين و يه‌كسانى و دادپه‌وه‌رى دووپات كرده‌وه.
له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێزيان داواى كرد دامه‌زراوه‌كانى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كانى تايبه‌ت به‌و بوارانه، وه‌ك هاوبه‌شێك هاوكارى و يارمه‌تى پێشكه‌ش به لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، به‌تايبه‌تى كه عێراق و هه‌رێمى كوردستان له قۆناغى ڕاگوزه‌ردان و پێويستييان به يارمه‌تى و پشتگيرى هه‌يه بۆ بره‌ودان به‌و بوارانه.
https://presidency.gov.krd/president-of-the-kurdistan-region-it-emphasizes-the-protection-of-human-rights-and-freedoms/
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له باڵيۆزى نوێى به‌ريتانيا كرد
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2023/8/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ستيڤن چارڵس هيچن، باڵيۆزى نوێى به‌ريتانيا له عێراق كرد.
له ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوون، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ به‌ڕێز باڵيۆزى نوێى به‌ريتانيا خواست و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان نيشان دا.
هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌رفه‌ت و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م عێراق له بوارى ئاسايش و ئابوورى و دامه‌زراوه‌كاندا تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له گرنگيى قۆستنه‌وه‌ى ده‌رفه‌ته‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌نديى وڵات كرده‌وه.
دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو كه تيايدا خاتوو ڕۆزى كه‌يڤ كونسولى گشتيى به‌ريتانيا له هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.
https://presidency.gov.krd/president-of-the-kurdistan-region-he-received-the-new-british-ambassador/
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/8/9 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ده‌يڤد بێرگه‌ر هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له عێراق كرد.
له ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و پێكهاته ئايينييه‌كان، تاوتوێ كران.
به‌ڕێز هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له عێراق خۆشحاڵيى خۆى به دياريكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشى له‌و هه‌نگاوه كرد. به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستان به ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌وه، سوپاسى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى له هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنامه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و پێويستيى پاراستنى پێكهاته ئايينييه‌كان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا و دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو.
https://presidency.gov.krd/president-of-the-kurdistan-region-and-the-us-embassy-in-iraq-and-the-kurdistan-region/
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا كۆبوونه‌وه
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٣/٨/٢ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی له به‌ڕێز هانۆ پێڤکور وه‌زیری به‌رگریی ئیستۆنیا کرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا تيشك خرايه سه‌ر به‌رنامه‌ى سه‌ردانى وه‌زيرى به‌رگريى ئيستۆنيا بۆ هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش تاوتوێ كرا.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دڵنيابوون له نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش كه هێشتا مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددييه له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه‌دا.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌شدارى و ڕۆڵى ئيستۆنيا و هێزه سه‌ربازييه‌كانى له هه‌رێمى كوردستان و له ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا ده‌ربڕى و جه‌ختى له گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى هاوبه‌ش له‌مباره‌يه‌وه كرده‌وه.
دۆخى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
https://presidency.gov.krd/president-of-the-kurdistan-region-and-estonian-defense-ministers-meet/
په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له يادى ئه‌نفالكردنى بارزانيياندا
ئه‌مڕۆ به ڕێز و شكۆوه، يادى چل ساڵه‌ى ئه‌نفالكردن و بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ و گه‌نج و پياو و پيرى بارزانى ده‌كه‌ينه‌وه كه كۆتاييى ته‌ممووز تا ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له كۆمه‌ڵگه زۆرملێكاندا، بوونه قوربانيى تاوانێكى دڕندانه و هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و ئيتر هه‌رگيز نه‌گه‌ڕانه‌وه.
به هه‌زاران خێزانى بارزانيى بێ ده‌سه‌ڵات له كۆمه‌ڵگه‌كانى قوشته‌په و به‌حركه و هه‌رير و سۆران و چه‌ند شوێنێكى ديكه، بێ باوك و برا و به هه‌زاران خانمى ڕووسوورى بارزانى، بێ مێرد مانه‌وه و ناچار بوون به ته‌نيا ڕووبه‌ڕووى چاره‌نووسێكى ناديارى سه‌خت ببنه‌وه و به‌رگه‌ى ده‌يان ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى بگرن و بمێننه‌وه.
ئه‌وان بۆ منداڵه‌كانيان بوون به باوك، بۆ په‌يداكردنى بژێوى ژيان و په‌روه‌رده‌كردنيان، ئازار و سه‌ختى و ناخۆشيى زۆريان كێشا. به‌رگه‌ى نه‌بوونى و هه‌ژارى و بێكه‌سييان گرت و به گيانێكى ئاڵنگارييانه‌ى به‌رزه‌وه، ڕووبه‌ڕووى ژيان بوونه‌وه و لێهاتووانه نه‌وه‌يه‌كى نيشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێزيان په‌روه‌رده كرد. ده‌ستى يه‌ك به يه‌كى ئه‌و دايكه ميهره‌بان و دڵسۆزانه ماچ ده‌كه‌م.
ئه‌نفالكردنى بارزانييان وه‌ك هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به گه‌لى كوردستان كران، نه‌ك هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه، به‌ڵكو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى، لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گوڕتر كرده‌وه و به بڕوايه‌كى پته‌وتره‌وه به‌رده‌وامى به تێكۆشان دا.
له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود بۆ قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. سڵاو و سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و جوامێرانه‌ى له هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى، له هه‌رير و باتاس و سۆران و له هه‌ر كوێ بوون، يارمه‌تيى خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانى بارزانييان دا و په‌نايان دان.
هه‌ر له‌م ياده و له كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه كه تاكه ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/7/31
https://presidency.gov.krd/message-of-president-nechirvan-barzani-on-the-occasion-of-the-anfal-of-barzanis/
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شداريى پرسه‌ى خوالێخۆشبوو شێخ سه‌عيد بن زايد ده‌كات
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2023/7/29 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌بو زه‌بيى پايته‌ختى ئيمارات، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى پرسه‌ى خوالێخۆشبوو شێخ سه‌عيد بن زايد ئال نه‌هيان، براى سه‌رۆكى ئيمارات به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هياندا كرد.
به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به ناوى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و خۆيان و گه‌لى كوردستانه‌وه، پرسه و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى ئاراسته‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئيمارات و خانه‌واده به‌ڕێزه‌كه‌يان و گه‌لى ئيمارات كرد و هيواى خواست خواى مه‌زن گيانى خوالێخۆشبوو به به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به هه‌مووان ببه‌خشێت.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان سه‌رۆكى ئيمارات، سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى و هاوسۆزى و هاوبه‌شييان له خه‌م و پرسه‌كه‌ياندا.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-attends-the-funeral-of-the-late-sheikh-saeed-bin-zayed/
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له كاردينال ساكۆ كرد
پێشنيوه‌ڕۆ رۆژی سێشه‌ممه 2023/7/25 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
له ديدارێكدا ده‌رباره‌ى كشاندنه‌وه‌ى فه‌رمانى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى عێراقى تايبه‌ت به كه‌نيسه‌ى كلدانى، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه گرنگه عێراق به هه‌رێمى كوردستانه‌وه به خێمه‌يه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان بمێنێته‌وه و هيواى خواست به‌ڕێز سه‌ركۆمارى عێراقى فيدرال به زووترين كات ئه‌و كێشه‌يه چاره‌سه‌ر بكات.
به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن، بڕوا و پره‌نسيپه و جوانيى عێراق له‌وه‌دايه نيشتمانى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و تيايدا مافى هه‌مووان پارێزراو بێت.
لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز كاردينال ساكۆ سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانيى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان سه‌رزه‌مينى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردنه و شانازى پێوه ده‌كه‌ن. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه ئه‌و كێشه‌يه هه‌رگيز ڕێگه له كار و ئه‌ركه‌كانى ناگرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له پارێزگاريكردن له عێراق و پێكه‌وه‌ژيان.
دۆخى ده‌شتى نه‌ينه‌وا و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به دۆخى كه‌نيسه و مه‌سيحييه‌كان به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه بوو كه به‌ڕێز وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.
https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-cardinal-sako/
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا ده‌كات
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چارشه‌ممه 19/7/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی به‌ڕێز جه‌نه‌رال ماتیۆ ماركفارلن فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پرۆسه‌ی چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و یه‌كخستنه‌وه و ڕێكخستنی پێشمه‌رگه و كێشه و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می تاوتوێ كرا و بیروڕایان ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنیان ئاڵوگۆڕ كرد.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه پرۆسه‌ی یه‌كخستن و یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و چاكسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه بۆی دانراوه، وه‌ک پێویست به‌ڕێوه‌نه‌چووه و له‌مباره‌یه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی خرانه به‌ر باس.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه وێڕای هه‌موو كێشه و به‌ربه‌سته‌كان، هه‌موو هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی و یه‌كخستنی پێشمه‌رگه و سوپاسی ڕۆڵ و هاندانی ئه‌مه‌ریكای بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه كرد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێز كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر به‌غدا و دۆخی ناوچه‌كه به گشتی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی خاوبه‌ش تاوتوێ كران.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له وه‌زیری هێزه چه‌كداره‌كانی فه‌ره‌نسا ده‌كات
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 19/7/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌رێز سێباستیان لوکۆرنوی، وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و بارودۆخی ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه، تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه له‌سه‌ر ئارمی و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه بۆیه عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستییان به به‌رده‌وامیی پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و فه‌ره‌نسا هه‌یه.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و یارمه‌تیی فه‌ره‌نسا له گه‌لی كوردستان له قۆناغه جیاكاندا دووپات كرده‌وه به‌تایبه‌تی ئاماژه‌ی به ڕۆڵی یارمه‌تیده‌ر و پشتگریی به‌رێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد و دووپاتی كرده‌وه كه گه‌لی كوردستان یارمه‌تییه‌كان و پشتگیریی فه‌ره‌نسا هه‌رگیز له‌بیر ناكات.
لای خۆیه‌وه به‌رێز وه‌زیری هێزه چه‌كداره‌كانی فه‌ره‌نسا خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی له پشتگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له عێراق و سووریا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له عێراق و كونسولی گشتیی فه‌ره‌نسا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆر، دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و شه‌ڕی ئۆكراینا و لێكه‌وته‌كانی و چه‌ند بابه‌تێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.
دواتر له لێدوانێكى هاوبه‌شى ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌ردوولا باسیان له ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه كرد و له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
زۆر خۆشحاڵ بووم كه ئه‌م ئێواره‌يه لێره له هه‌ولێر پێشوازيمان كرد له جه‌نابى وه‌زير. به گه‌رمى به‌خێرهاتنى ده‌كه‌ين بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان. سه‌ردانيان په‌يامێكى گرنگى به‌رده‌واميى پشتگيرى و دۆستايه‌تيى فه‌ره‌نسايه له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان. زۆر به خێر بێن.
كۆبوونه‌وه‌يه‌كى باشمان هه‌بوو. باسمان له شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و توندڕه‌وى كرد. هه‌ردوولامان هاوڕا بووين كه داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه و هه‌ڕه‌شه‌یه له ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه، بۆيه پێويسته هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت.
سوپاسى فه‌ره‌نسامان كرد بۆ پشتگيرى و دۆستايه‌تيى به‌رده‌واميان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان. گه‌لى كوردستان هه‌رگيز يارمه‌تى و پشتيوانيى فه‌ره‌نسا له قۆناغه جياكاندا له‌بير ناكات. سوپاس و پێزانينمان بۆ ڕۆڵى سه‌رۆك ماكرۆن دووپات ده‌كه‌ينه‌وه بۆ په‌يوه‌ندى و پشتگيريى به‌رده‌وامى له عێراق و له هه‌رێمى كوردستان.
پشتگيرى له ڕێككه‌وتن و لێكگه‌يشتنه‌كانى نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ين. چاومان له‌وه‌يه هه‌رێمى كوردستانيش به‌شى خۆى لێى سوودمه‌ند بێت، به‌تايبه‌تيش له بوارى يارمه‌تيدان و مه‌شق و ڕاهێنانى پێشمه‌رگه‌دا.
جه‌ختمان له گرنگيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيدا كرده‌وه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و ته‌حه‌دييه ئه‌منيانه‌ى له عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌ن.
دۆخى شه‌نگال و ئێزدييان و مه‌سيحى و پێكهاته‌كان و گرنگيى زه‌مينه‌خۆشكردنمان باس كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره ئێزدييه‌كان بۆ شوێنه‌كانيان. له‌مباره‌يه‌وه هه‌ردوولامان هاوڕا بووين كه گرنگه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراقى بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال جێبه‌جێ بكرێت.
سوپاسى كار و هه‌وڵه‌كانى باڵيۆزخانه‌ى فه‌ره‌نسا له به‌غدا جه‌نابی باڵيۆز و كونسولخانه‌ى گشتييان له هه‌ولێر كونسولی گشتيی فه‌ره‌نسا بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين.
جه‌نابی وه‌زیر دووباره به خێر بێن بۆ هه‌ولێر.
دواتر به‌ڕێز وه‌زيرى هێزه چه‌كداره‌كانى فه‌ره‌نسا گوتى:
سوپاس جه‌نابى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس بۆ ئه‌م پێشوازييه گه‌رمه، سوپاس بۆ ئه‌م وشه دۆستايه‌تيانه و بۆ ئه‌و شێوازه له پێشوازيى ئه‌و شانده‌ى كه سه‌رۆكايه‌تى ده‌كه‌م. سوپاسى باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له عێراق و سوپاسى كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر ده‌كه‌م.
له ساتێكى زۆر تايبه‌تدا بۆ هه‌موو جيهان كه تيايدا زۆر ئاڵۆزيى ئه‌منى هه‌يه و ده‌بێ پێكه‌وه ڕووبه‌ڕوويان ببينه‌وه وه‌ك له ميانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا ئاماژه‌مان پێدا، فه‌ره‌نسا خۆى به‌هێزتر ده‌كاته‌وه. له په‌رله‌مانى فه‌ره‌نسا ده‌نگمان به ياسايه‌ك دا بۆ په‌سه‌ندكردنى بودجه‌يه‌كى بێوێنه.
كه ده‌ڵێم بێوێنه، ڕێكاره‌كانى جه‌نه‌رال شارل ديگۆلمان به بير دێنێته‌وه كه سه‌رده‌مى ساڵانى شه‌سته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى چه‌ندين دۆخى جياوازى قه‌يراناوى وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى ئه‌تۆمى و گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕكابه‌ريى زلهێزه‌كانى جيهان، هاتنه ئاراوه، ئه‌وانيش بريتين له پرسه‌كانى تايبه‌ت به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و ئاڵنگاريى ئه‌منى له وشكانى و ده‌رياكاندا، له‌گه‌ڵ بابه‌تێكى زۆر زه‌قى سه‌ر مێزى گفتوگۆ كه تيرۆره.
هه‌ر وه‌ك به جه‌نابتانم ڕاگه‌ياند، فه‌ره‌نسا به قووڵى په‌يوه‌ندييه‌كى تايبه‌تى به‌م بابه‌ته‌وه هه‌يه كه په‌يوه‌ندييه‌كى سۆزادارانه‌يه، هه‌روه‌ها جێگه‌ى داخه كه په‌يوه‌ندييه‌كى له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تييه‌كانيشدا هه‌يه. ئێمه ته‌قينه‌وه‌كانى پاريس و نيسمان بينى، ده‌شزانين ئه‌و خوێنه‌ى له فه‌ره‌نسا ڕژاوه، چ په‌يوه‌ندييه‌كى له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تييه‌كاندا دروست كردووه، بۆيه له پرسى له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تيرۆردا، فه‌ره‌نسا وه‌ك ئه‌وانى ديكه وڵاتێكى ڕۆژئاواييى ئاسايى نييه.
ئه‌مه ناچارمان ده‌كات بۆ دڵنيابوونه‌وه له‌و ئه‌نجانامه‌ى لێره هێزه‌كانمان به ده‌ستيان هێناوه له ڕێگه‌ى ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنه‌ى به “شه‌مال” ناسراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنانه‌ى له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا ئه‌نجام دران، ئه‌و ئۆپه‌راسيۆنانه‌ى له چوارچێوه‌ى په‌يوه‌نديى دوولايه‌نه‌ش ئه‌نجام دران. ئه‌نجامى ئه‌م ئۆپه‌راسيۆنانه لێره له‌به‌ر چاون و هيوربوونه‌وه‌يه‌كيش نيشان ده‌ده‌ن.
لانى كه‌م، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر وه‌ك ئاڵنگارييه‌ك ده‌مێنێته‌وه. وه‌ك ئاڵنگارييه‌كى به‌رده‌وام، وه‌ك ئاڵنگارييه‌كى زۆر ناسك بۆ هه‌موو ساتێك، به ته‌واويش له‌گه‌ڵ ئيسلامى ڕاديكال كه ده‌وڵه‌تى ئيسلامييه (داعش)، ئه‌ركمان كۆتايى نه‌هاتووه. بۆيه ده‌بێ به‌رده‌وامى به هاريكاريى هاوبه‌ش بده‌ين له بوارى هه‌واڵگرى و له بوارى مه‌شق و ڕاهێناندا. وه‌ك جه‌نابشتان ئاماژه‌تان پێدا جه‌نابى سه‌رۆك، منيش ناگه‌ڕێمه‌وه سه‌ريان، به‌ڵام ئه‌مانه كليلن بۆ داهاتوو به مه‌به‌ستى خێراتركردنى ئه‌و پرسانه‌ى كه تايبه‌تن به ئاسايش.
دواتر ده‌رفه‌تى ئه‌وامان ده‌بێت كه بێينه سه‌ر پرسێكى ديكه‌ى جيهانى كه ئه‌ويش ئۆكراينايه. ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه ديپلۆماسيه‌تى فه‌ره‌نسى له ماوه‌ى ڕابردوودا زۆر پێوه‌ى سه‌قاڵ بووه. ده‌رفه‌تيشه به‌و ميديايه‌ى لێره‌يه، هه‌روه‌ها به چاودێرانى جياوازيش ڕابگه‌يه‌نم كه فه‌ره‌نسا كورتبين نييه كاتێك ده‌ڵێت قه‌يرانى ئۆكراينا وزه‌يه‌كى زۆرى ڕۆژاواى به خۆيه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. ده‌زانين تا چه‌ند به‌رامبه‌ر دۆستان و هه‌موو هاوبه‌شه‌كانمان قه‌زرارين بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى كليلن بۆ سه‌قامگيريى ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها بۆ ئاسايشى كوردستانى عێراق و هاووڵاتييه فه‌ره‌نسييه‌كان.
ئه‌مه په‌يامى ئه‌م سه‌ردانه‌مه كه په‌يامى دۆستايه‌تى و وه‌فادارييه، په‌يامى سوپاسگوزارييه بۆ ئه‌و كارانه‌ى تا ئێستا ئه‌نجام دراون، هه‌روه‌ها بۆ پرۆژه‌كانيش. پرۆژه‌كان بۆ داهاتوو ده‌رباره‌ى ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى له ئه‌ستۆمانن، ئه‌و ئاڵنگاريانه‌ش كه به‌رده‌وام ڕووبه‌روومان ده‌بنه‌وه و ده‌بێ پێكه‌وه به‌ره‌نگاريان ببينه‌وه.
جارێكى ديكه زۆر سوپاس بۆ ئه‌م پێشوازييه گه‌رمه. مايه‌ى خۆشحاڵيمه بۆ يه‌كه‌مين سه‌ردانم بۆ هه‌ولێر كه هه‌رگيز له بير‌ى ناكه‌م.
More...
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات