ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی ٧ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە کریستۆس ستایلیاندس کۆمیساری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و خاتوو جانا هایپەسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆکی شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی کوردستان و دیداری سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ئەو دیدارەی بە مێژوویی لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند کە بۆ من جێگەی شانازییە بە دیداری ئێوە شاد بووم، هاتووم بە ناوی خۆمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سوپاسی بەڕێزتان و هەرێمی کوردستان بکەم کە سەرباری ئەو ڕەوشەی ناخۆشەی بەهۆی شەڕی تیرۆریستانەوە هەیە کەچی دەرگاتان بۆ ئەو هەموو ئاوارە و لێقەوماوە کردۆتەوە و ژیانی ئەوانتان پاراستووە. بۆیە سەرکرداتیی ئێوە بۆ پرۆسەی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان زۆر بەرز دەنرخێنین.

سەرۆکی شاندەکە هەروەها ڕایگەیاند ئێمە وەک یەکێتیی ئەورووپا داعش تەنیا بە هەڕەشەیەکی ناوچەیی نابینین، بەڵکوو هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتییە و ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستی بە هاوکارییەکی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە ڕۆڵی بەڕێزتان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕووبەرووبوونەوەیەدا هاوکارییەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشە نێودەوڵەتییە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی شاندی میوان ڕایگەیاند کە لەبەر ئەوەی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە و زیانمەندانی ئەو هەڕەشەیەش بەردەوام لە زیادبووندان، پێویستە هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتییش بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەردەوام بێت و لە ئاستی پێشهاتەکاندا بێت، بۆیە یەکێتیی ئەورووپا بەردەام دەبێت لە هاوکارییە مرۆییەکان و هەماهەنگیی زیاتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داڕشتنی پلانێکی هاوبەشی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و ڕووبەڕووبوونەوەی فیکری تیرۆر و توندوتیژی لەناو کۆمەڵگەدا.

سەرۆکی شاندی میوان هەروەها گوتی: کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە کە ڕژێمی سەدام ئەو هەموو تاوانەی دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجام دا کەچی ئێستا دەبینین ئێوە باوەشتان بۆ ئەو هەموو ئاوارە و دەربەدەرەی ناوچەکانی عێراق کردۆتەوە، سەرسام دەبم بەو لێبوردەییە مەزنە و دڵکراوەیی ئێوە و پێزانینی زۆرم بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆییە هەیە.

سەرۆکی شاندی میوان ئاماژەشی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە و عێراق کرد و ڕایگەیاند کە ئەو پێشهاتانە نیشانەی ئەوەن کە ناکۆکیی قووڵی نەتەوەیی و مەزهەبی هەیە و سەرهەڵدانەوەی ئەو کێشانە بەردەوام کێشە درووست دەکات.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شاندی میوان لە بارەی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و PKK ڕایگەیاند: ئێمە بە تەوای پشتیوانیی لە هەڵوێستی بەڕیزتان دەکەین کە داوتان کردووە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و پرۆسەی ئاشتی و بە تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکەی دەزانین.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی شاندەکە دوای لە سەرۆک بارزانی کرد تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5 +1 بۆ شاندەکە بخاتەڕوو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەبارەی هەرێمی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان، پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆریستان تێکبشکێنێت و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكاتەوە و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت.

سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی کێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانیش، سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند: بێ گومان مێژوو هەڵەی گەورەی تێدایە و بەردەوام ئەو کێشە مێژووییانە سەر هەڵدەدەنەوە، ئێستا دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ ئەوەی هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە، چوونکە دەرکەوت کە نە دابەشکردنی بەزۆر و نە پێکەوەژیانی بەزۆر تاسەر بەردەوام نابێت.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕەچاوکردنی ئەوەی هەرێم لە شەڕێکی قورسدایە و ئەو ڕەوشە ئابوورییەی کە هەیە، حەواندنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و لێقەوماوی شەڕ بارگرانییەکی زۆری بۆ هەرێم درووست کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکات کە بۆتە پەناگەی لێقەوماوان و ئەوە بەشێکە لە فەرهەنگ و بەهای بەرزەکانی گەلەکەمان، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان هێندە زیاد بووە کە لەسەرووی تواناکانی هەرێمی کوردستانە وحکوومەتی عێراقیش وەک پێویست پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەنگاوی کردەیی بنێن. هێمای بۆ ئەوەش کرد کە لەهەندێ ناوچەدا پێشمەرگەی کوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەوناوچەیە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە سەر بە چ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی یان ئایینین.

سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژییەکانی ئێستای نێوان تورکیا و PKK ڕایگەیاند: بێ گومان شەڕ شتێکی خراپە و ئەوانەی شەڕیان بینیوە دەزانن شەڕ واتە کوشتار و وێرانکاری، بەڕای ئێمە پێویستە پێش هەموو شتێک شەڕ بوەستێت و بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ئێمە زۆر پێوەی ماندوو بووین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو شەڕ و ناخۆشییە لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات و کاریگەریی خراپی لەسەر هەرێم دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو شەڕە بوەستێت و هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و هەرچییەکیش لە دەستمان بێت بۆ ئەو دەیکەین. ئێستاش مەترسییەکی هاوبەش هەیە کە شەڕی داعشە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەرخان بکرێت.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی 5 +1 یش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین کە لایەنەکانی ئەو رێککەوتنە چەندە پێوەی پابەند دەبن، بێ گوومان ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی