ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 7ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و كۆنسوڵی ئیتالیا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئیتالیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و لە دەستپێكی وتەكانیدا بە پێزانینێكی زۆرەوە باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد كە لە هێڵی یەكەمی شەڕكردنە لەدژی تیرۆریستانی داعش و ڕەزامەندیی خۆیشی نیشاندا لەو ئاستە بەرزەی كە هێزی پێشمەرگە لە شەڕكردن و مەشق و ڕاهێناندا هەیانە و، ئەوەی خستەڕوو كە بۆ ڕێگەگرتن لە داعش پێویست بوو وڵاتەكەی لە زووترین كاتدا یارمەتیی كوردستان بدات چونكە یارمەتیدانی كوردستان یارمەتیدانی ئیتالیایە و ئەو شەڕەیش شەڕێكە لەپێناو پاراستنی شارستانییەت و هەموو جیهان. وەزیری بەرگریی ئیتالیا جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی ئیتالیا و گەلی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و بەناوی خۆی و گەلی كوردستان سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد كە یارمەتیی كوردستانیان داوە لە شەڕی تیرۆریستان و هاتنی سەرۆك وەزیران و كارەبەدەستە باڵاكانی ئیتالیای بۆ كوردستان بە ئاماژەیەكی ڕوون بۆ پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا لە قەڵەم دا. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر مەترسییەكانی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهان و جەختی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەنیا شەڕی سەربازی و شەڕی لایەنێك نییە، شەڕی هەموو جیهانی ئازاد و دیموكراتخوازە لەدژی تاریكی و شەڕانگێزی. ئەم شەڕە پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە و هاوكات لەگەڵ شەڕی سەربازی پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و جوهدی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی بۆ ئەو مەبەستە بە پێویست زانی. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە هەندێ وڵات تووشی هەڵە بوون كە بیریان لەوە كردەوە تیرۆر وەك كارت بۆ ململانێكان بەكار بهێنن چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكی گەورەیە و دواجار زیانی بۆ خۆیان و بۆ هەموو لایەك دەبێت. سەرۆك بارزانی باسی دەركەوتنی تیرۆریستانی لە عێراق و پەلاماردانیان بۆ سەر كوردستان كرد و هێمای بەوەدا كە پێشمەرگە توانی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەكانی كوردستان تێكبشكێنێت، ئێستا ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و گەلی كوردستانیش بە هیچ شێوەیەك تەحەمولی هزری داعش و خەڵكی وەك داعش ناكات و لە كوردستاندا جێگەیان نییە.

تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی داعش لە ناوچەكە و سووریا و لیبیا و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەیان و هەروەها ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و، سەبارەت بە بوونی تیرۆریستان لە سووریا سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە پێویستە داعش لە سووریایش تێكبشكێندرێت و شەڕی تیرۆر لە سووریا و عێراق بابەتێكە بە یەكەوە بەستراوەتەوە. پەیوەست بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك سەرۆك بارزانی هیوای ئەوەی خواست كە ئەم ڕێككەوتنە ببێتە مایەی پتەوتركردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكە و ڕێگەیش بۆ لەناوبردنی تیرۆر خۆش بكات.

ئێوارەیەكی درەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەڕێزان كونسڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و سوپاسالار و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیبلۆماسی و سەربازیی ئیتاڵیا پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا كە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، خاتوو پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران پیشان دا و پێزانینی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە بەركانی جەنگدا و بەرگریكردن و پاراستنی پێكهاتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ناسنامەیەكی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێناوە و پێشمەرگەش بەرگریی لە شارستانییەت دەكات.

هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكارییكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەربڕی و ڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە حەواندنە و هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری، ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا یەكەم سەرۆك وەزیران بوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پشتگیری و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان.

هەروەها باسی لە ڕۆڵی ئیتاڵیای لە پشتگیریكردنی سەربازیی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ حكوومەتی هەرێم و ئاوارە و پەنابەران كرد و لەمباریەشەوە سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە.

لە كاتی گەیشتنی بۆ هەرێمی كوردستان لە فڕۆخەكانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێزان مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نویێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا پێشوازییان لێكرا بوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی