ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان كرد و لەگەڵیاندا كۆبۆیەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی چۆنییەتی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كرا و، نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن و پشتگوێخستنی بەش و داواكارییەكانیان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. هەروەها ئەوەیان خستەڕوو كە هەماهەنگینەكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەگەڵ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە مەسەلەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن سابیقەیەكی خراپ دروست دەكات و ترسی ئەوەیان هەیە بابەتی لەمشێوەیە لە داهاتوویشدا دووبارە ببێتەوە.
نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان داوایان لە سەرۆك بارزانی وەك پارێزەری ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان و عێراق كرد كە، ڕێگە لەوە بگیرێت مافەكانیان لە كۆمیسیۆن پشتگوێ بخرێت و پێكهاتەكان نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیان لە كۆمیسیۆندا هەبێت. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیشیان كرد كە هەردەم بەدەنگ داواكاری و مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان هاتووە و بایەخیان پێ دەدات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داواكاریی شاندی میوان ڕاگەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن نادروست بووە و ئەوەی خستەڕوو كە ئەم بابەتە زیان بە پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیێنێت. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و ناكرێ بە بیرێكی تەسكی حزبی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و پێویستە هەموو لایەك بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت و هیچ لایەنێكیش بۆی نییە لەجیاتی پێكهاتەكان نوێنەر دیاری بكات. سەرۆك بارزانی نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستانی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەروەكچۆن لە پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراقیدا پێداگیری لەسەر چەسپاندنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق كردووە ئەوهایش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی مافەكانیان. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هەموو تواناكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی گونجاو.
دوایین هەواڵەکان
- «نازم دهباغ» لهگهڵ خاتوو «مایرا کوپێرز» جێگری نوێنەری «یونامی» لە تاران دیداریی کرد
- سهركۆمارى توركيا بهردهواميى پشتگيريى وڵاتهكهى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دووپات كردهوه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
- نێچيرڤان بارزانى: دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى يهكێتيى ئهورووپا كۆبووهوه
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فهرهنسا كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى بهريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز