ڕۆژی سێشەممە 10ـی 2ـی 2015 بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند لە كۆشكی ئەلیزە لە شاری پاریس پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لە سەرەتای دانیشتنێكی گەرم و دۆستانەدا سەرۆكی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كوردستان و هەروەها سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان لە كۆبانێ و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی فەڕەنسا لە یارمەتیدانی سەربازی و پاڵپشتیی ئاسمانیی پێشمەرگە جەختی لەوە كردەوە كە فەڕەنسا لە بواری مرۆیی و سیاسی و سەربازیدا لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەروەها لە مەسەلەی یارمەتیدانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییش لە هەماهەنگییدا دەبن. سەرۆك هۆڵاند ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپاییدا هەموو تواناكانیان دەخەنە گەڕ بۆ پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی و دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی فەڕەنسا جەختی لەو گرنگیی ئازادكردنی موسڵ و نەهێشتنی تیرۆریستان لە شوێنەكانی دیكە كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی فەڕەنسا و سەرۆكی فەڕەنسای كرد بۆ پاڵپشتیكردنیان و هەروەها سەردانەكەی سەرۆكی فەڕەنسای بۆ هەولێر بەرز نرخاند كە لە كاتێكی زۆر قەیراناوی بوو و كوردستان كەوتبوو بەر هێرشی تیرۆریستان و ئەو سەردانە كاریگەرە خەڵكی كوردستانی دڵنیا كردەوە كە كوردستان دۆستی زۆر گەورەی هەیە. سەرۆك بارزانی سەرەخۆیشیشی لە سەرۆكی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆی كرد.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و بایەخی ئازادكردنی كۆبانێ و هەماهەنگیی نێوان هێزە كوردییەكان خرایە بەر باس و سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسای كرد كە پێشوازی لە نوێنەری ئافرەتان و شەڕڤانانی كۆبانێ كردووە و پێزانینی بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆك هۆڵاند هەبوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئامادەكارییەكانی سوپای عێراق و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش و كورتەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ خستەڕوو.

لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەرباس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بە دیداری سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێرا لە شاری میونیخ جەخت لە هەماهەنگی و هاوكاریی هەرێم و بەغدا كرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر قەیرانەكان و تیرۆریستان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكە و كێشە و دۆخی نێوخۆیی تیرۆریستانی داعش قسەی لەسەر كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.

بەڕێز فڕانسوا هۆڵاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا

بە بیستنی هەواڵی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆ لەناو شاری پاریس و گیانلەدەستدانی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتیی بێتاوان زۆر خەمبار بووم. بە ناوی خۆم و گەلی كوردستان سەرەخۆشی لە بەڕێزتان و گەلی فەڕەنسا و كەسوكاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە دەكەین و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە نامرۆڤانە و قێزەوەنە دەكەین.

لەو ڕۆژە ناخۆشەدا گەلی كوردستان لە كاتێكدا كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دڕندەترین جۆری تیرۆر لەشەڕدایە، پشتیوان و هاوخەمی گەلی فەڕەنسایە.

جارێكی دی سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەم و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازم. لەوەیش دڵنیام كە لە ئەنجامدا تیرۆریستان تێكدەشكێن و مرۆڤایەتی سەردەكەوێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
7ـی 1ـی 2015

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی