مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ و ٢ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای ھاوچەرخی جیھان" Contemporary World Cinema لە چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" Seattle لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان و بەو فیلمانەی بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی کە لە لایەن بینەرانەوە ھەڵدەبژێردرێن خەڵاتی زێڕینی  Golden Space Needleپێشکەش دەکرێت.

فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" کە بە یەکێک لە باشترین فیستیڤاڵەکانی ئەمەریکای باشوور دەناسرێت، خولی چل و یەکەمینی بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ تا ٧ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە شاری سیاتێل لە ویلایەتی واشینگتۆن لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.

گۆڤاری ناوداری "ورایتی"، فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" بە یەکێک لە ٥٠ فیستیڤاڵی گرینگ و بەرچاوی سینەمای جیھان دەستنیشان کردووە. بنەمای ئەم فیستیڤاڵە رەخساندنیی دەرفەتە بۆ فیلمەکان بۆ ئەوەی کە وەکوو گرینگترین فیلم لە ئەمەریکا بناسرێن.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی "بەتین قوبادی" دوای نمایشی سەرکەوتووانە لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆی لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە ئیماڕات، لە بەشی "دەنگی نوێی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە سوید، لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گلاسکۆ" لە بەریتانیا، لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ویلنیوس" Vilnius بە ناونیشانی "کینۆ پاواساریس" Kino Pavasaris لە وڵاتی لیتوانی و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای ئەم وڵاتەوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لەڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا. قوبادی دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

 

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە رۆژانی ٢٣ نیسان / ئەپرێل تا ٢ ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "موڤ" Mooov لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی