ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ـی ١٠ـی ٢٠١٤ لە شاری دهۆک بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) و تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤدەم) کۆبۆوە. شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا لە سکرتێری پارتەکانی ناو ئەنجوومەنەکە پێکهاتبوو، هەروەها شاندی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک بریتی بوو لە سەرکردایەتیی تەڤدەم.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستا گەلەکەمان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک لە جاران زیاتر کار بۆ یەکڕیزی بکەین چونکە ئەو هەڕەشەیەی هەیە لەسەر هەموو کوردە نەک لەسەر لایەنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو.

سەرۆک بارزانی بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیی لە کورد بە هەنگاوێکی گرینگ و دەرفەتێکی زێڕین لەقەڵەم دا و ڕای گەیاند ئێستا کورد تاکە هێزە کە لە بەرانبەر داعش شەڕ دەکات و تیرۆریستان توانیویانە سوپای دوو دەوڵەت بشکێنن بەڵام تەنیا لەبەرەی شەڕ لەگەڵ کورد شکاون، بۆیە زۆر گرینگە ئێمەی کوردیش یەکڕیزیمان پێشانی دنیا بدەین و پێویستە هەموو ناكۆكییەكان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەتی گەلەکەمان و خاكمان بكەین، ئەوەش ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.

لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی داوای لە هەموو لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا كرد كە زۆر بەجیدی گرفتەكانیان چارەسەر بكەن و ڕوانگەیەكی ستراتیژییان بۆ دواڕۆژی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا هەبێت و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی هەر هاوکارییەکین و درێخی ناکەین.

سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە شەڕ دژی داعش بۆ گەلەکەمان چارەنووسسازە و ئەو بەرگرییەی لە کۆبانێ هەیە جێی تەقدیرە و سەرکەوتنی کورد لە هەر شوێنێک سەرکەوتنی هەموومانە. سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: ئەو بەدەنگەوە هاتنەی هاوپەیمانانیش بۆ بەرگرییکردن لە کۆبانێ مایەی پێزانینە و لای من کۆبانێ و هەولێر جیاوازییان نییە، بۆیە ئەوەی لەدەستم هاتبێ درێخیم نەکردووە ئەوەی بۆ پاراستنی هەولێر کردمان بۆ کۆبانێش کردوومانە و ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییەی بۆ پاراستنی کۆبانێ کرا وەک ئەوە دەزانین کە بۆ پاراستنی هەولێر کرا.

سەرۆک بارزانی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بوو سەرنجی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کۆبانێ ڕابکێشین، پاراستنی کۆبانێ پێویستی بە هەنگاوی کردەییە و بۆ بەردەوامی و زیادبوونی ئەم بەدەنگەوەهاتنەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی پێویستە هەوڵەکانمان یەک بخەین.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە بەڕێزان سعود مەلا و تاهیر سەفوک و شێخ ئالی بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد و هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلم بە نوێنەرایەتیی تەڤدەم وتەیان پێشکەش کرد و وێڕای پێزانینیان بۆ هەوڵی سەرۆک بارزانی کە وێڕای سەرقاڵیی بەڕێزیان بە بەرەکانی شەڕ، کاتی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی ڕۆژئاوا تەرخان کردووە و ئەوەیان بە نیشانەی پەرۆشیی سەرۆک بارزانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی بۆ برایانی لە ڕۆژئاوا لەقەڵەم دا. لەو بارەیەوە بەڕێز ساڵح موسلم هاوسەرۆکی پەیەدە زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و هەروەها بۆ هەڵوێست و لێدوانەکانی جەنابیان بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا هەردوو شاندەکە تەئکیدیان کردەوە کە لەگەڵ بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی هاوڕان و ئامادەیی خۆیان بۆ یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژثاوا نیشان دا.

 

 

 

 

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی ئیتاڵی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان ماریۆن باڵدی ، سەرۆكی فەرمانگەی فریاگوزاری بۆ هاوكاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا و  ماركۆ فاڵكۆنە هەماهەنگكاری دارایی فریاگوزاری ئیتالی و كارمێلۆ فیكارا بەرپرسی نووسنگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەرێم.

لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەو ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەبوون، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم پێشوازیە و مەبەستی سەردانەكەیان خستەڕوو كە بریتی بوو لە ئاگاداربوون لە ڕەوشی پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی هاوكاری كردنیان.

ماریۆن باڵدی باسی لەوەش كرد، كەوا حكومەتی ئیتالیا تاوەكو ئێستا بڕی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ سەرجەم پەنابەرانی سوریا تەرخان كردووە و ئەم جارەش دوو ملیۆن یۆرۆی لە ڕێگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان و ئاژەنسە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم تەرخانكردووە.

لە لای خۆیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لە حكومەتی ئیتاڵیا كردو جەختی لەوەش كردەوە كە حكومەتی هەرێم دریغی نەكردووە بۆ كۆمەككردنی ئاوارەكان، بەڵام بەهۆی هەبوونی نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی سوریا حكومەتی هەرێم ناتوانێ‌ بە تەنها لە ئاست پێداویستیەكانیان بێت. بۆیە دەخوازین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە جددی بڕوانێتە بارودۆخی ئاوارەكان ، چونكە لە بوارەكانی خۆراك و تەندروستی و پەروەرەیی و پێداویستی رۆژانە پێویستیان بە كۆمەك و یارمەتی هەنووكەیی هەیە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی قەیرانی سوریا لەسەر هەرێم كرد و گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە قەیرانەكانی سوریا بەزووترین كات كۆتایی پێ بێت و حكومەتێك لەسەر بنەمای دیموكراسی و فرەیی دابمەزرێ كە تێیدا پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی هەموو نەتەوەكان لەبەرچاو بگیرێت.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری نێوان ئیتالیا و هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەیان بەوەدا كە هەرێمی كوردستان دوورگەیەكی ئارامە لە ناوچەكی پڕ لە كێشەو ململانێ‌، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا، كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتەكەی هان دەدات بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

فەلاح مستەفا ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیای بەرز نرخاندو گووتی ئەم هەنگاوە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا دەكات. هەروا گووتی ئیتاڵیا وەكو وڵاتێكی خاوەن ئەزموون و پێشكەوتوو لە ڕووی پێشەسازی و بوارە جیاجیاكان دەتوانێ‌ ڕۆڵی بەرچاو بگێڕی لە بونیادنان و بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان.

 

دوو شەممە, 03 ئازار 2014

 

 

 

 

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی سەربەخۆی پەیوەست بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە سوریا كرد بە سەرۆكایەتی بەڕێز پاولۆ سێرجیۆ پینهێرۆ .

لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەو ژمارەیەك لە راوێژكاران ئامادەبوون، بەڕێز پێنهێرۆ كورتەیەكی لەبارەی گرینگی دامەزراندنی ئەم كۆمیسیۆنە خستەڕوو، كە لە سێبتەمبەری 2011 دەست بەكار بووەو لە ساڵی 2012 بەمەبەستی هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و پێشێلكارییەكان دژ بە مافی مرۆڤ سەردانی سوریای كردووە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبۆتەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بووە.

سەرۆكی شاندەكە مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێم روونكردەوە كە بۆ زیاتر ئاگاداربوونە لە كەیسەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە سوریا وچۆنێتی هاوكاری كردنی قوربانیانی توندوتیژی.

هەروا گووتی كۆمیسیۆن لەكاتی ڕوودانی كێشە و ململانییەكان كاری خۆی دەكات و ڕاپۆرتی خۆی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز دەكاتەوە و هەوڵ دەدات دەنگی قوربانیانی توندوتیژی و جەنگ بەرز بكاتەوە و هاوكارییان بكات و لەهەمان كاتدا كار دەكات بۆ ناساندنی كەیسی تاوانكاران بە دادگای نێودەوڵەتی تاوان بەمەبەستی دادگایی كردنیان. 

فەلاح مستەفا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی شاندی میوان كرد و ڕوونی كردەوە كەوا حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە پرسەكانی مافی مرۆڤ و بە توندی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ ئیدانە دەكات و هەموو هەوڵ وكۆششی خۆی دەخاتە گەڕ لەپێناو پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ.

هەروا گووتی تا ئێستا هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی سوریا كردووە و تاوەكو ئێستا بەبڕی زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلار كۆمەكی دارایی ئاوارەكانی كردووە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ باشتر كردنی بارودۆخیان لە ڕووی تەندروستی و پەروەدەیی گوزەرانی رۆژانە. 

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت جەختی لەوەش كردەوە كەوا هەرچەندە ئەركی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە كۆمەك و یارمەتی پێویست پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان بكەن و قەبارەی یارمەتییەكان بگەیننە ئاستی پێوویست ، بەڵام دەخوازین كۆمیسیۆنیش لە ڕێگەی ڕاپۆرتەكانیەوە دەنگی هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ زیاتر گرینگی دان بە بارودۆخی ئاوارەكان.

 

فەلاح مستەفا ئاماژەی بە سیاسەتی حكومەتی هەرێم دا كە باوەڕی تەواوی بە بەهاكانی دیموكراسی و فرەیی و لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، بۆیە ئەمڕۆ بێجگە لە ئاوارەكانی سوریا، نزیكەی 26 هەزار خانەوادەی مەسیحی عیراق و 30 هەزار ئاوارەی پارێزگای ئەنبار ڕوویان لە هەرێم كردووە و لەسایەی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاسایشی هەرێم دەژین.

 

لە كۆتاییدا فەلاح مستەفا دووبارە هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و گەیاندنی پەیامی مرۆیی بۆ شاندی میوان خواست.
جێگەی باسە كۆمیسیۆنی ناوبراو وەكو لایەنێكی سەربەخۆ لە 5 ی ئاداری ئەمساڵ ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان لە سوریا بڵاودەكاتەوە و لە كاتی ئامادەكردنی ڕاپۆرت پشت بە زانیاری و ڕاپۆرتەكانی ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەبەستێت.

 

 دوو شەممە, 03 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

 

وتاری نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران لە ناوەندی نێودەوڵەتیی خوێندنەوەکانی ئاشتی

عێراق لە مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکانی جۆراوجۆر بۆتەوە. وتاری خوارەوە لە لایەن نازم دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران سەبارەت بە ڕوانگەکانی ئێستا و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە ڕووداوە ناوخۆیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی عێراق نووسراوە:

وشە کلیلییەکان: ڕوانینی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ڕووداوە ناوخۆییەکان عێراق، ڕوانگەی هەرێمی کوردستانی عێراق بە ڕووداوە ناوخۆییەکان عێراق، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، پەیوەندیی نێودەوڵەتییەکانی عێراق، ڕوانینی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی عێراق.

 

 ئەمڕۆ لەدیدارێكی نێوان د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و بەرێز جۆزێف پێنگتۆن كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی ئاژانسی (USAID) ئەمریكی باس لەرەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان و ئەو هاوكاریانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆیان پێشكەش كردووە كرا.

شاندی ئاژانسی (USAID) بەسەرۆكایەتی بەرێز ئەندرۆ پلێت بوو سەرۆكی ئەم ئاژانسە لەعیراق و وڵاتانی عەرەبی ، هەروەها  USAID)) گەورەترین ئاژانسی حكومەتی ئەمریكایە و لەبواری پێشكەش كردنی هاوكاری و یارمەتی مرۆیی بۆ وڵاتانی هەژار و پەنابەر و ئاوارەكان لەجیهان كار دەكات.

سەرەتای دیدارەكە بەرێز جۆزێف پێنگتۆن كونسوڵگی گشتی ئەمریكا لەهەرێم رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هاوكاریكردنی پەنابەرانی رۆژئاوا بەرزنرخاند .

 هەروەها شاندی ئاژانسی (USAID) مەبەستی سەردانەكەیانە بۆ هەرێمی كوردستان خستیەروو و رایگەاند" كە هاتوون بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ناوچە كوردییەكانی سوریا بەرێگای خاكی هەرێمی كوردستانەوە.

 لەلایەن خۆیەوە د.دیندار زێباری سوپاسی ئاژانسی USAID)) ئەمریكی كردو رایگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە بەپێی توانا دەستی هاوكاری و یارمەتی بۆ هەموو گەلانی سوریا و بەتایبەتی گەلی كورد درێژی كردووە و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی بۆ هەر هاوكاریەك لەبواری گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ كوردانی رۆژئاوا هەروەكو چون پێشتریش بەرێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە كۆمەكی نێودەوڵەتی گەیێندرایە ئەم ناوچانە.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ لە میانەی دەستپێكردنی كۆنگرەی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بە سوریا بۆ پاڵپشتیكردنی بارودۆخی مرۆیی ئەم وڵاتە كە بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای گرێدانی كرد ، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوە كە بە یاوەری شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق كە بریكارانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و باڵیۆزی كوێت لە عیراق و سەرۆكی فەرمانگەی عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوە بەشداری تیادا دەكات ، لە وتەكەیدا ستایشی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو پەنابەرانەی لەكامپەكانیدا نیشتەجێن و رێژەی 97%ی پەنابەرانی سوریا لە عیراق پێكدێنن


ئاماژەی بەوەشدا تاوەكو ئێستا كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران 210 هەزار پەنابەری سوری لە عیراق تۆمار كردووە ئەمە جگە لە زیاتر لە 40 هەزاری دیكە كە لە پارێزگاكانی عیراق و هەرێم تۆمار نەكراون و لە دەرەوەی كامپەكانن .


لەو كۆنگرەیەدا كە 68 دەوڵەت و رێكخراوی نێودەوڵەتی بەشداریان تیادا كرد ، زێباری ئەوەی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 70 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئەم پەنابەرانە بەخشیوە ئەمە جگە لە دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و ئاوی پاك و خۆراك ودروستكردنی خیوەتگە بۆیان ئەمە جگە لە دروستكردنی یەكەمین دەروازەیەكی ئاسمانی مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی بەهاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لەرێگەی 10 فڕۆكەوە لە هەولێرەوە بۆ قامیشلۆ.


دواتر هەر لە پەراوێزی ئەم كۆنگرەیەدا شاندی عیراقی و شاندی هەرێمی كوردستان چەندین دیداریان لەگەڵ شاندە بەشداربوەكان ئەنجامدا.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی