مەنسوور جیهانی ـ "شوان عەتووف" بە فیلمی "ماڵ و کلیل" خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "تراک سینەماتۆگرافیک"ی ئیتاڵی بەدەستھێناو ئەم سینەماکارە کوردەیازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش بە پێشمەرگە و شەڕڤانانو بەرخۆدانی کۆبانی کرد.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک"لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "کۆمەڵایەتی" فیستیڤاڵ بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.

رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی دادوەران، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و بینەرانێکی زۆر، رۆژی ٢٨ حوزەیران / یۆنیۆ ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە رۆما بەڕێوەچوو.

"شوان عەتووف" لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا گوتی: مێژووی ئەو تراژدیایانەی کە لە فیلمی "ماڵ و کلیل"دا باسی دەکەم ئەمڕۆش دووبارە دەبێتەوە. وڵاتەکەم ماڵێکە کە بە دوای کلیلدا دەگەڕێت.

ئەم سینەماکارە کوردە لە کۆتایی وتەکانیدا یازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش بە پێشمەرگە و شەڕڤانانو بەرخۆدانی کۆبانی کرد کە لە بەرانبەر ھێرشی دڕندانەی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم شارەدا خۆڕاگریی و خەباتیی بێوێنەیان کرد.

لە درێژەی رێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، ئامادەبووانی قەڵای "نۆتۆنۆ" بە چەپڵەکانی خۆیان پێشوازیی گەرمیان لە قسەکانی "شوان عەتووف" کرد و خەبات و بەرخۆدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان بەرز نرخاند و زۆر حەماسەت و پشتگیریان بۆ قسەکانی ئەم سینەماکارە کوردە نیشاندا.

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک  سینەماتۆگرافیک" بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە سێ بەشی پێشبڕکێی "کۆمەڵایەتیی"، "ئەنیمەیش" و "سەربەست" لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە ناوچەی نۆتۆنۆ لە شاری رۆم لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

"ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١١ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شۆرت فیلم کۆڕنێر" Short Film Corner  لە میانەی شەست و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کان" لە فەڕەنسا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک روانین"، بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی رەخنەگران"، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن" و بەشی "کورتە فیلم"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "فیلمە کلاسیکییەکان"، بەشی "سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ئێنگرید برێگمان"، بەشی "سینەمای جیھان لە کان" و چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ١٤ تا ٢٤ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە شاری بەندەری کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچو

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی