له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌رباره‌ى سه‌ردانى شاندى باڵاى حكوومه‌ت بۆ به‌غدا كه بڕیاره سبه‌ى یه‌كشه‌ممه 30ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند:
دواى ئه‌و ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌ى به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌زیرى نه‌وتى عیراق پێى گه‌یشتن، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆیه‌كى جددى و هه‌ڵنانى هه‌نگاوى كرده‌یى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌تاییه و ڕاسپارده‌كانى په‌رله‌مان و لیژنه‌ى دانوستانى پێكهاتوو له لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سبه‌ى شاندێكى باڵاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كان و ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكاران، سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.
به‌ڕێز دزه‌یى هه‌روه‌ها گوتى: حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه خوازیارى ئه‌وه بووه هه‌موو كێشه و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكات و بگه‌نه ڕێگه‌چاره‌یه‌ك كه مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌مووان و له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو لایه‌نه‌كاندا بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى بڕوابوون به‌م پره‌نسیپه و دواى ئه‌و كه‌شه ئه‌رێنییه‌ى له ئه‌نجامى ڕێككه‌وتنه سهرهتاییهكهى به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى نه‌وتى عیراق هاته كایه‌وه، له هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا سبه‌ى شاندى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و ده‌رگاى گفتوگۆ و دانوستان ده‌كاته‌وه، به‌و هیوایه‌ى گفتوگۆ و دانوستانه‌كان به لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن كۆتایى بێن وكێشه و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
به‌ڕێز وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت هه‌روه‌ها گوتى: بێگومان سه‌ردانى به‌غدا و ئه‌نجامدانى دیدار و كۆبوونه‌وه و ده‌سپێكردنى گفتوگۆ و دانوستان، به‌و مانایه نایه‌ت كه هه‌موو كێشه و گرفته‌كان به جارێك چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و كه‌سمان چاوه‌ڕێى ئه‌وه ناكه‌ین هه‌موو دۆسیاكان به سه‌ردانێك یه‌كلا ببنه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هیوادارین كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى دیالۆگ و ده‌سپێكردنى دانوستانه‌كان، بماگهیهنێته ڕێككه‌وتن و ئه‌نجامێك كه له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عیراقدا بێت و مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌موومان بێت.
بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 1 ى دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له به‌غدا، پێشوازی له به‌ڕێز د. حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و شاندی یاوه‌ری كرد.
ئه‌م دانیشتنه به‌رده‌وامیی دوو دانیشتنی سه‌رله‌به‌یانی و پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆی كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ردوولا بوو، كه له كه‌شێكی ئه‌رێنی و گه‌شبیندا به‌ڕێوه چوون و تیایدا به‌كراوه‌یی و به‌ڕوونی كێشه‌كان و دیدی هه‌ردوولا بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنیان خرانه ڕوو. به هه‌مان گیانی ئه‌رێنی و به گه‌شبینییه‌وه كۆتایی به سێیه‌م دانیشتنی كۆبوونه‌وه‌كه هات و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سبه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێكی كۆتایی و هه‌ردوولا گه‌شبینیی خۆیان بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دووپات كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، د. ڕۆژ نووری شاوه‌یس جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه سروشتییه‌كان و پلاندان، له شاندی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێزان وه‌زیری نه‌وت و پلاندانان و خوێندنی باڵا، له شاندی حكوومه‌تی فیدرال ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز "گرێگۆرى گیسى" سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە په‌رلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد كه دواى سه‌ردانێكى بۆ به‌غدا، گه‌یشته هه‌رێمى كوردستان.
له دیدارێكدا به‌ڕێز "گیسى" ده‌ستخۆشى له خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه له ناوچه‌یه‌كى ناسه‌قامگیر و نائارامدا، توانیویانه ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنى زۆر به ده‌ست بێنن و ببنه مایه‌ى پێزانینى هه‌مووان. هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد له داڵده‌دانى ئاواره و په‌نابه‌ران كه له ئه‌ورووپا و ته‌واوى جیهان واى كردووه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پارێزه‌رى ته‌واوى پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بناسرێت و ببێته مایه‌ى ڕێز و پێزانینى هه‌مووان.
په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیا به‌شێكى دیكه‌ى دیاره‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێز "گیسى" دووپاتى كرده‌وه ئه‌لمانیا خوازیارى پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌ییى ئه‌ڵمانیاى بۆ هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك و به‌تایبه‌تى هاوكاریى هه‌نووكه‌یى مرۆیى ده‌ربڕى له كاتێكدا وه‌رزى زستان خه‌ریكه ده‌گات و ئاواره و په‌نابه‌ران پێویستیان به هاوكاریى زیاتر هه‌یه، بۆیه داواى كرد لیستێكى پێداویستییه‌كان ئاماده بكرێت تا پێشكه‌ش به حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى بكات.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق و به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى عیراقدا كرا و ڕۆڵى هه‌ولێر له داڕشتنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له عیراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان خوازیاره هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، له هه‌مان كاتدا خه‌ڵكى كوردستان مافى خۆیه‌تى گه‌ره‌نتى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساته‌كانى ڕابردووى به‌سه‌ر نه‌یه‌ته‌وه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا كرده‌وه و سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد كه هه‌میشه له كاتى ته‌نگانه‌دا هاوكاریى كوردستانى كردووه و زۆر جار له كاتى پێویستیدا له ڕێگه‌ى ئێن جى ئۆكانییهوه كۆمه‌كى گه‌یاندووه‌ته هه‌رێمى كوردستان. دووپاتیشى كرده‌وه كه ئاواره و په‌نابه‌ران پێویستییان به كۆمه‌ك و هاوكاریى زیاتره، هه‌روه‌ها له ڕووى سه‌ربازیشه‌وه هه‌رێمى كوردستان چاوى له یارمه‌تیى باشتره تا بتوانێت شكست به تیرۆرستانى داعش بێنێت، كه بوونه‌ته مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاشتى و دیموكراسى له ناوچه‌كه و له جیهانیشدا.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز خۆسێ مارییا فێررێ باڵیۆزى ئیسپانیا له عیراق كرد كه جارى یه‌كه سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
له دیدارێكدا ڕه‌وشى ئێستاى عیراق و بارودۆخى ئه‌منى له به‌غدا و ناوچه‌كانى دیكه‌ى وڵات و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆرستانى داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه به گشتى تاوتوێ كرا و، به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانى نیگه‌رانیى خۆى له پێشهات و نائارامییه‌كان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه وێڕاى خراپیى ڕه‌وشى ئه‌منى و نائارامى له زۆر شوێنى عیراق، كه‌چى ئه‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ى دوایى كه له هه‌ولێر بووه، بارودۆخێكى ته‌واو جیاواز و ئارامى و ئاسایش و سه‌قامگیرى بینیوه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستخۆشى له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا دروستبوونى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له دژى تیرۆر و ڕۆڵى ئیسپانیا له‌و هاوپه‌یمانییه‌دا باس كرا و، تیشك خرایه سه‌ر گرنگیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانى ڕوونى كرده‌وه كه په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى دانیشتنێكى تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ساز ده‌كات و پشتگریى ئیسپانیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق له جه‌نگى دژى تیرۆردا دووپات كرده‌وه.
له دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكییان له خواستى دوولایه‌نه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه سیاسى و ئابوورییه‌كان كرده‌وه و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه دا كه هه‌رێمى كوردستان به گرنگییه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ل ئیسپانیا ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها هیواى خواست ئیسپانیا ڕۆڵى خۆى له جه‌نگى دژى تیرۆردا بگێڕێت و له پرسى ئاواره و په‌نابه‌رانیشدا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات. به‌ڕێز باڵیۆزى ئیسپانیش جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه په‌ره به په‌یوه‌ندییه بازرگانى و سیاسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن و كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانى ئیسپانیا هان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان و كارى تیادا بكه‌ن.
پرسى به‌شداریكردنى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقدا و گرنگیى ئه‌و به‌شداریكردنه بۆ پرۆسه‌ى سیاسى و ئێستا و داهاتووى عیراق، به‌شێكى دیكه‌ى گفتوگۆى هه‌ردوولا بوو.
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2ى ئۆكتۆبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز د. سه‌لیم جبوورى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانته‌رانى عیراق پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان پێشكه‌ش كرد، ئینجا سوپاس و پێزانینى پێشكه‌ش به حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ داڵده‌دانى ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران و دووپاتى كرده‌وه كه ئاگادارى قورسى و سه‌ختیى بارودۆخه‌كه و ڕه‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌یى و ته‌ندروستییه‌كانى ئه‌و ژماره زۆرهیهى ئاواره‌كانن.
له دیداره‌كه‌دا باس له قه‌یرانى داراییى هه‌رێمى كوردستان و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم كرا كه له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه حكوومه‌تى عیراق بڕیویه‌تى و به‌رێز سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق دووپاتى كرده‌وه بودجه و مووچه‌ى خه‌ڵك و كارمه‌ندانى حكوومه‌ت، شتێك نیه بكرێته پرسێكى سیاسى.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنانیان، سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى كردن و ڕایگه‌یاند كه سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر مانا هه‌ڵده‌گرێت و وه‌ك پشتگیرییه‌ك بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌یبینن. جه‌خیشى له‌وه كرده‌وه كه ئه‌وه‌ى له عیراق ڕوو ده‌دات، ڕووبه‌ڕووى هه‌موو عیراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى ده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌بێ هه‌مووان پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش و هه‌موو كێشه‌كانیش چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه نه به‌غدا و نه هه‌ولێریش به ته‌نیا ناتوانن ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببنه‌وه.
ڕوونیشى كرده‌وه ده‌ركه‌وتنى داعش كه هیچ ئایین و مه‌زهه‌بێكى نیه و دوژمنى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عیراقه، پرسێكى سه‌ربازى نیه، به‌ڵكوو پرسیكى سیاسییه و ده‌ركه‌وته و ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵانه‌یه كه له عیراقدا په‌یره‌و كراون، ئه‌گینا هیچ كام له پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بییه‌كانى عیراق به هه‌بوونى داعش له وڵاته‌كه‌یان خۆشحاڵ نین و هه‌مووان لێى زه‌ره‌مه‌ندن.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌ردانه‌كانى به‌ڕێز ساڵح موتڵه‌گ جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى كرد كه دوو جار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كردووه و له نزیكه‌وه به‌دواداچوونى بۆ ڕه‌وشى ئاواره‌كان كردووه، دووپاتیشى كرده‌وه له پرسى ئاواره‌كاندا حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ به شێوه‌یه‌كى باشتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بكات، جددیتر بێته ناو پرسه‌كه‌وه، لێى تێبگات و به‌رپرسیاریه‌تیى خۆى جێبه‌جێ بكات، نه‌ك وه‌كوو وڵاتێكى كۆمه‌كبه‌خش مامه‌ڵه بكات، به‌ڵكوو چیمان پێ بكرێت، ده‌بێ پێكه‌وه بیكه‌ین.
ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى سیاسیش، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له حكوومه‌تى به‌ڕێز د. عه‌بادیدا ده‌كات و دواى جه‌ژن وه‌زیره كورده‌كان ده‌چنه به‌غدا و ده‌ست به‌كار ده‌بن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پشتگیرییه‌ك بۆ حكوومه‌تى تازه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆك و لێكگه‌یشتنه‌وه چاره‌سه‌ر بكات.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران بهبیریشى هێنایه‌وه كه ئه‌زموونه‌كانى ڕابردووى عیراق سه‌لماندوویانه "مامه‌ڵه‌كردن به لۆژیكى به‌هێز و به‌هێز" شتێكى ڕاست نیه و هه‌میشه شكستى خواردووه، بۆیه ئیتر حكوومه‌تى عیراق نابێ له‌سه‌ر ئه‌و لۆژیكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى عیراق بكات. ڕاشیگه‌یاند بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان خۆى ئاماده‌یه سه‌ردانى به‌غدا بكات، یان له هه‌ولێر پێشوازى له به‌ڕێز د. عه‌بادى بكه‌ن، له‌پێناو چاره‌سه‌رێكى وا كه جارێكى دیكه له عیراقدا هیچ كه‌سێك نه‌توانێت به بڕیارێكى تاكه‌كه‌سى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ى كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ببڕێت.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى كرد به‌شدارانى ئه‌و كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تیه‌ى سبه‌ى دووشه‌ممه ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاسایشى عیراق و ڕووداوه‌كانى شه‌نگال و ئاواربوونى سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى؛ له پاریس ده‌به‌سترێت، نه‌ك هه‌ر به ته‌نها له ڕووى سیاسى و سه‌ربازییه‌وه له بارودۆخه‌كه بدوێن، به‌ڵكو ئاوڕێكى جددیش له ڕه‌وشى مرۆییى ئاواره‌كان بده‌نه‌وه و بتوانن هاوكارى ته‌واو بن بۆ یارمه‌تیدانى سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ى ناوخۆی عیراق.
داواشى كرد وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌ركى مرۆییى خۆیان به‌رامبه‌ر به‌و ئاوارانه پێك بێنن كه به‌شێكى زۆریان كوردى ئێزدین، به‌ڵام به‌شێكى به‌رچاویشیان مه‌سیحى و عه‌ره‌بى سوننه‌ى ناوچه‌كانى نه‌ینه‌وان.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها داوا له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات به ده‌نگ داوكارییهكانییهوه بچێت تا بتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و هاوكارى و یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌و ژماره زۆره‌ى خه‌ڵكى ئاواره بكات، كه له ئه‌نجامى هێرشه تیرۆستییه‌كانى داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا، ڕوویان له ناوچه ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به گشتى و سنوورى پارێزگاى دهۆك به تایبه‌تى كردووه و پێداویستییه‌كانیان دابین بكات، به تایبه‌تى كه خه‌ریكه وه‌رزى سه‌رماوسۆڵه ده‌ست پێده‌كات.
ئه‌م داوایانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیر و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تدا هات، كه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ڕه‌وشى مرۆییى ئاواره‌كانى شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا و به‌دواداچوونى پێداویستییه‌كانیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14ى ئه‌یلوولى 2014، به سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ساز كرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ڕ‌اپۆرتێكى مه‌یدانى ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كان پێشكه‌ش كرا و به تایبه‌تى تیشك خرایه سه‌ر بوارى په‌روه‌رده‌یى و ئه‌و قوتابخانانه‌ى له دهۆك ئاواره‌كانى تیادا نیشته‌جێ كراوه. له‌مباره‌یه‌وه بڕیار درا به زووترین كات ده‌ست به دروستكردنى كامپ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانانه چۆڵ بكرێن و پرۆسه‌ى خوێندن دوا نه‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها بڕیار درا هاوكارییه‌كى ته‌واوى پارێزگار و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى پارێزگاى دهۆك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن وه‌ك پێویست ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببنه‌وه. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى هاوشێوه له دهۆك ساز ده‌كرێت، تاكو له نزیكه‌وه دید و بۆچوونى لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى دهۆك له‌باره‌ى ڕه‌وشه‌كه‌وه بزانرێ.
هه‌روه‌ها بڕیار درا لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى ته‌واویان هه‌بێت و شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراق ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كان گفتوگۆ بكات، چونكه ئه‌م قه‌یرانه مرۆیییه له ڕووى پێداویستییه‌كان و قه‌باره‌وه، زۆر له تواناكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌وره‌تره و حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ له‌مباره‌یه‌وه ئه‌ركه یاسایى و ده‌ستوورییه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات.
له كۆتاییدا سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش به خه‌ڵكى كوردستان به گشتى و پارێزگاى دهۆك به تایبه‌تى كرا، بۆ ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ى كه هه‌ر له ڕۆژى یه‌كه‌مه‌وه پێشكه‌ش به ئاواره‌كانیان كردووه و ده‌یكه‌ن.
به‌بۆنه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى عیراقه‌وه، پیرۆزبایى له گه‌لانى عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز د. عه‌بادى ده‌كه‌ین و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازین. هیوادارین حكوومه‌تى نوێى عیراق، حكوومه‌ت و كۆكهرهوهى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت و ببێته هۆكارى باشتربوونى ڕه‌وشى وڵات له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه و بتوانێت كێشه‌كان، به تایبه‌تى دابینكردنى ئاسایش و ئارامى و نه‌هێشتنى تیرۆر چاره‌سه‌ر بكات و، هه‌موو توانا و هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌دیهێنانى خۆشگوزرانى و مسۆگه‌ركردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ گه‌لانى عیراق بخاته گه‌ڕ.
هه‌روه‌ها هیوادارین حكوومه‌تى تازه‌ى عیراق، سوود له هه‌ڵه‌ى حكوومه‌ته‌كانى پێشوو وه‌ربگرێت و هه‌نگاوى جددى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا بنێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه چیتر نه‌بنه هۆى لاوازبوونى عیراق و شكستى حكوومه‌ته‌كانى. دووباره هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ حكوومه‌تى تازه ده‌خوازین.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
9ى ئه‌یلوولى 2014
دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى ئابى 2014ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌واناندا ڕایگه‌یاند: ئێمه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بووین، له‌گه‌ڵ كاك قوباد جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه باسمان كرد، ئه‌وه بوو ڕاپۆڕتێكمان پێشكه‌شى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كرد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ئه‌وانه‌ى له شنگال و ئه‌و مه‌سیحیانه‌ى ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه، ئه‌مه ته‌وه‌رێكى سه‌ره‌كى بوو له نێوانى ئێمه و سه‌رۆكى په‌رله‌ماندا، هه‌روه‌ها ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستى پێكردووه، ئه‌مه‌شمان بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مان به شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان ڕوون كرده‌وه، هه‌روه‌ها بارودۆخى به‌ره‌كانى شه‌ڕیش به شێوه‌یه‌كى گشتى، ئێمه ڕاپۆرتى خۆمان پێشكه‌شى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كرد، بڕیارمان له‌سه‌ر ئه‌وه داوه ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بن.
هه‌روه‌ها گوتى: هه‌ندێ بابه‌تى دیكه هه‌بوو په‌یوه‌ندى به پێشمه‌رگه و شه‌هیدانه‌وه هه‌بوو، ئه‌مانه‌مان باس كردووه و بڕیارى ئه‌وه دراوه ئه‌م كۆبوونه‌وانه له نێوان سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌تدا به‌رده‌وام بن.
سه‌باره‌ت به پێكهێنانى كابینه‌ى حكوومه‌ت له به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان باس كرد، ئه‌و لێژنه‌ى دانوستاندنه كه دروست كراوه و پێكهاتوون له هاوپه‌یمانیى كوردستانى و چوونه‌ته به‌غدا و ئێمه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى درێژمان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ئێمه وه‌كو بڕیاڕى خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بین بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق به زووترین كات پێك بهێنرێت، بێگومان داواكاریى خۆشمان هه‌یه وه‌كو هه‌رێمى كوردستان، كه داواكاریى كورد دیاره چیه، وه‌ك مادده‌ى 140 و مه‌سه‌له‌ى پێشمه‌رگه و بودجه و نه‌وت، ئێمه بڕیارمان داوه له‌گه‌ڵ به‌غدا باسى بكه‌ین، له‌وه تێده‌گه‌ین كه به دوو هه‌فته ئه‌م شتانه هه‌مووى جێبه‌جێ ناكرێت، به‌ڵام باس له‌وه كراوه سه‌قفێكى زه‌مه‌نى هه‌بێ كه هه‌موو هێزه كوردییه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێ سه‌قفێكى زه‌مه‌نى بۆ ئه‌و داواكارییانه‌ى كورد هه‌بێ.
سه‌باره‌ت به هاریكارییه سه‌ربازى و مرۆییه‌كانى وڵاتان بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى: زۆر سوپاسى ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ین كه یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیان داوه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و تیرۆریستانه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ى پێویسته بیڵێم ئه‌وه‌یه، ئه‌م پرسه ته‌نها په‌یوه‌ندى به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه نیه، ئه‌مه شه‌ڕێكه پێویستى به هه‌ماهه‌نگیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان. ئێمه هه‌تا ئێستا پێمان وایه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌نگاوى باشیان ناوه.
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه: ئه‌وه‌ى هه‌تا ئێستا كراوه بڕیاڕى پاڵپشتبى سه‌ربازى به ئاشكرا له‌ل ایه‌ن وڵاتانى وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ووروپا دراوه، پاڵپشتییه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كى گشتى تازه ده‌ستیان پێكردووه، ئێمه وه‌ك هه‌رێمى كوردستان سوپاسى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ین كه له‌و چوارچێوه‌یه هه‌نگاویان ناوه بۆ پاڵپشتیى هه‌رێمى كوردستان و جه‌خت له‌وه ده‌كه‌مه‌وه، مه‌سه‌له‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان پرسێك نیه ته‌نها په‌یوه‌ندی به هه‌رێمى كوردستانه‌وه بێت، پێویستى به كۆده‌نگییه‌كى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، چونكه ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان له به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه له دژى تیرۆریستان.
له وه‌ڵامى پرسیارێكی تایبه‌ت به پرسى ئاواره‌كان و گه‌یشتنى هاوكارییه‌كان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ى جێى نیگه‌رانییه بۆ ئێمه وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێم، گوشارێكی زۆرمان له‌سه‌ره، به داخه‌وه هه‌تا ئێستاش بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه له به‌غداوه ماوه‌ى 8 مانگه بڕاوه، خه‌رج نه‌كراوه، ئه‌مه واى كردووه له ڕووى مرۆییه‌وه بارى هه‌رێمى كوردستان زۆر گران بێت.
سه‌باره‌ت به پرسى مادده‌ى 140 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند: ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا مادده‌یه‌كى ده‌ستوریمان هه‌یه، به‌لاى ئێمه‌شه‌وه گرنگه له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پێى ده‌ڵێن مادده‌ى 140ى ده‌ستورى عێراقى، ڕێگه‌ى چاره‌سه‌رى له ده‌ستوورى عێراقدا بۆ دانراوه، بۆ ئێمه له هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر هه‌موو شوێنه‌كانیش له‌ده‌ست ئێمه بێت، داوا ده‌كه‌ین له ڕووى یاساییه‌وه و به‌پێى ده‌ستورى عێراق ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلا ببێته‌وه.
له باره‌ى گه‌ره‌نتیى نێوان هه‌ولێر و به‌غداش ڕایگه‌یاند: هیچ گرنتییه‌ك نیه، ئێمه ئه‌زموونێكى یه‌كجار زۆر تاڵمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى مالیكىدا هه‌یه، ته‌نها ئه‌وه‌یه ئێمه ئه‌م جاره هیوادارین ئه‌و هه‌ڵانه‌ى پێشتر كراون و عێراقیان گه‌یاندۆته ئه‌م قۆناغه، له حكوومه‌تى داهاتوودا دووباره نه‌بنه‌وه. سه‌باره‌ت به پرسى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له لایه‌ن به‌غداوه، ڕایگه‌یاند: هیچیان نه‌ناردووه .
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات