قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد و لە لایەن محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئەو وەزارەتە پێشوازی لێکرا.

لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئەرکی وەزارەتەکەی بە گرنگ وەسف کرد بە تایبەتی لە رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ بێکاران.

دووپاتیشیكردەوە، پێویستە کار لەسەر راگرتنی هاوسەنگییەکی پێویست لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بکرێت .

ئاماژەی بەوەشدا دامەزراندنی بەردەوامی فەرمانبەر لە لایەن حکومەتەوە، ئەرکی حكومەت لە رووی داراییەوە قورستر دەکات، بۆیە پێویستە بە هەماهەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کارێکی وا بکرێت لە کەرتی تایبەتدا ماف و ئیمتیازاتی زیاتر بۆ  ئەو کەسانەی لەو کەرتەدا کار دەکەن فەراهەم بکرێت.

جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دووپاتکردەوە

 

 

 

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق - بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی وەزیرانی حكومەت وفەرمانبەر وكارمەندانی ئەنجومەنی وەزیران، ئاڵای كوردستان لەگۆڕەپانی باڵەخانەی ئەنجومەن بەرزكرا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ بەناوی ئەنجومەنی وەزیران وتەیەكی پێشكەشكرد، تیایدا پیرۆزبایی لەخەڵكی كوردستان كرد بەبۆنەی رۆژی ئاڵا ورۆژی دایك وئاماژەی بەوەدا لە17ـی دیسەمبەری 1945 بەئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆكی یەكەمین كۆماری كوردستان لەمهابادی پایتەخت ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەی شارەوانی مهاباد هەڵكرا كە لەخۆیدا وەرچەرخانێكی گەورە بوو لەمێژووی گەلی كورد دا.

 

بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەلایەن وەزیری ناوخۆوە

 

هاوكات ئەوەی خستەڕوو لەساڵی 1946 ولەهەمان مێژوودا ئەم كۆمارە روخێندرا وئاڵای كوردستان وەكو ئەمانەت درایە بارزانی نەمر، نیشانیشیدا ئەمڕۆش هەرێمی كوردستان ئازادە وخاوەنی حكومەتی خۆیەتی ووەسیەتی قازی نەمر هاتەدی وئاڵای كوردستانیش لەهەموو شار وشارۆچكەكانی كوردستاندا دەشەكێتەوە.

هەر لەمیانەی وتەكەیدا سنجاری ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ رۆژی دایكە وبەیەكەم نیشتیمان وقوتابخانە ومامۆستای مرۆڤی وەسفكرد، وئەوپەڕی ڕێزی بۆ دایكانی كورد نیشاندا لەبری خۆڕاگری ولەخۆبوردویی وئەو بەخششەی لەپێناو وڵات ونیشتیمان داویانە.

شیاوی باسە ئەمڕۆ هەر بەم بۆنەیەوە چەندین چالاكی لەدامودەزگاكانی حكومەت لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجامدران.

 

 

 

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکات کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ئه‌نجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی 4 کەس و برینداربوونی 29 کەسی دیکە. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسە وسەرەخۆشى ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، بە هاووڵاتیانی بەڕێزی هەرێمی کوردستانیش ڕادەگەیەنین كه‌ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

هه‌روه‌ها داوا لە هاووڵاتیانی بەڕێزی شاری هەولێر و تێکڕای هەرێمی کوردستان دەکەین، وەک هەمیشە لە ئاستی بەرپرسیاریه‌تی و چاوکراوە بن و هه‌مووان دڵنیا دەکه‌ینەوە کە ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هەموو هەوڵێک دەگرنە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش وسەقامگیریی هەرێم، كاروانى ئاوەدانى و به‌ره‌وپێشچوونیش ناوەستێت و ئەم کردەوانە حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان ناترسێنن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
19ی نۆڤەمبەری 2014

 

 

 

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2014 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران ئاساییی خۆی ساز دا.


لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز مەلا یاسین نوێنەری یەكێتیی نێشتمانیی كوردستان لە میسر كە ساڵێك لەمەوبەر لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆك وەزیران، سەرۆكایەتیی لیژنەیەكی كرد بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەی فرۆشتنی كچانی كورد لە ئەنفال بۆ میسر، وەك دەرەنجامی كاری لیژنەكەیان ڕوونكردنەوەیەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دوای ساڵێك بەدواداچوونی ئەم كەیسە لە میسر و كوردستان، دەركەوت ئەم پرسە هیچ بنەمایەكی نیە و ئەوەی لەبارەی ئەو كەیسەوە گوتراوە كە گوایە هەژدە كچی كورد لە كاتی ئەنفالدا فرۆشراونەتە میسر، هیچ بنەمایەكی نیە و لە هەموو ڕاستییەكەوە دوورە‌.

لیژنەكە كە نوێنەری خانەوادەی هەژدە كچە ئەنفالكراوەكە و كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستانی تێدایە، داوای كردووە بەدواداچوونی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەس و دەزگا و لایەنانە بكرێت كە قسەیان لەسەر ئەم پرسە كردووە و زانیاریی ناڕاست و درۆیان لە كەیسەكە‌دا داوە، تا بدرێنە دادگا و ڕیكاری یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتە بەر، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەم داوایەی پەسەند كرد. پاشان بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی هەوڵ و بەدواداچوونی لیژنەكەی كرد و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا "ڕەددی ئیعتیبار" بۆ خانەوادەی ئەم كچە ئەنفالكراوانە بكرێتەوە.

دوای ئەوە بەڕێز وەزیری پەروەردە پو‌ختەیەكی لەبارەی وەزارەتی پەروەردەوە خستە ڕوو كە تێیدا چەندین ئاماری لەسەر ژمارەی قوتابخانەكان و پێداویستیی هەرێمی كوردستان بۆ قوتابخانه و باخچەی ساوایانی تازە و كێشە و گرفتەكانی بەرنامەی خوێندن و ئەنجامدانی پرۆژەی پەروەردەیی و سازدانی كۆنفرانسی پەروەردەیی پێشكەش كرد و تیشكی خستە ڕێگەچارەی چارەسەركردنی كێشەكان. ئینجا چەندین سەرەنج و تێبینی لە لایەن وەزیرانەوە لەسەر  بابەتەكە پێشكەش كران.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەك لە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،  پلاندان و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پێك بێت بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی جێبەجێكردنی سیستەمی ئەژماركردنی نمرەكانی هەردوو پۆلی 10 و 11 لەسەر نمرەكانی 12ی ئامادەیی  بدۆزنەوە و بڕیار لە یەكێك لەو ڕێگەچارانە بدات كە لایەنە پەیوەندارەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە ئامادەیان كردووە.

دوای ئەوە كێشەی وەرگرتن و كڕینەوەی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەڕێز وەزیری بازرگانییەوە خرایە ڕوو، كە بە پلەی یەكەم كێشەی سایلۆ و شوێنی وەرگرتن و هەڵگرتنی گەنم هەیە، هەروەها كۆمەڵێك پێشنیاری بۆ چارەسەركردنی كێشەكە خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا هەموو ڕیكارێكی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی بە زووترین كات گەنمی جوتیاران وەربگیرێت و جگە لە سایلۆكان چەند هەنگاوێكی كردەییش بۆ دروستكردنی شوێنی دیكەی ئەلتەرناتیف بۆ هەڵگرتن بنرێن.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری دا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی بەڕێز وەزیری دارایی دابمەزرێت بەمەبەستی كاراكردن و جێبەجێكردنی یاسای هەمواركردنی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە بە پێی ئەم یاسایە هەموو كارمەندانی كەرتی تایبەت وەك كارمەندانی كەرتی حكوومی كارەكەیان بە خزمەت بۆ حیساب دەكرێت و مووچەی خانەنشینییان دەبێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی