ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 8ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بابێ شێخی ئێزیدیان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئێزیدی و دەڤەری شەنگال.
لە دانیشتنێكدا بارودۆخی ناوچەكانی شنگال و زوومار و دۆخی نالەباری ئاوارەكانی شاری شنگال خرایە بەر باس و بابێ شێخی ئێزیدیان داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەموو هەوڵێكی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكان و خەڵكی ناوچەی شنگال هاتووە بدۆزرێتەوە و هەروەها دەرگە بۆ خەڵكی دەڤەرەكە بكرێتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان بكەن و دەڤەرەكەیان لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی نیگەرانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی نیشاندا بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكان هاتووە و ئاماژەی بەوەدا كە قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستان دەگرێتەوە. سەرباری هەموو ئەو كارەساتانە گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نەداوە. سەرۆك بارزانی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند بە ڕۆح و بە گیان ئامادەین بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزیدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕەسەنایەتیی كوردانی ئێزیدی دا و ڕایگەیاند كە هیچ دوژمنێك ناتوانێ كوردانی ئێزیدی لەناو ببات و سوورین لەسەر پاراستنی ئێزیدییەكان و گەڕاندنەوە ئازادكردنی هەموو بستێكی دەڤەری شنگال. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە گەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندیی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی بە زووترین كات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزرێتەوە كە پەنایان بۆ چیای شنگال بردووە و لە بارودۆخی خەراپ دان. سەرۆك بارزانی لەبارەی شەڕی تیرۆریستانیش ڕایگەیاند ماوەی دوو مانگە هێزی پێشمەرگە بە تەنیا و بە ئیمكاناتی متوازع بەرگری لە كوردستان دەكات و حكوومەتی عێراقی و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش یارمەتیی گەلی كوردستانیان نەداوە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكات و تەنانەت ڕێگریش بوونە لەوەی گەلی كورد چەك بۆ خۆی دابین بكات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا قسە لەبارەی هۆكارەكانی ئەو بارودۆخە كرا كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەڤەری شنگال هاتووەتە ئاراوە و سەرۆك بارزانی دووپاتی ئەوەی كردەوە كە نابێ هیچ بواری هیچ كەمترخەمی و كەموكوڕییەك بمێنێت و ئەوانەی كەمترخەم بوونە لە بەرگریكردن و پاراستنی خەڵك ئیجرائاتیان لەگەڵدا دەكرێت.
دوایین هەواڵەکان
- «نازم دهباغ» لهگهڵ خاتوو «مایرا کوپێرز» جێگری نوێنەری «یونامی» لە تاران دیداریی کرد
- سهركۆمارى توركيا بهردهواميى پشتگيريى وڵاتهكهى بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دووپات كردهوه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
- نێچيرڤان بارزانى: دهبێ نيشتمان كۆكهرهوهى ههموومان بێت
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى يهكێتيى ئهورووپا كۆبووهوه
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فهرهنسا كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى بهريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز