بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئەمڕۆ بەڕێز مورتەزا عیبادی بەیاوەری شاندێكی كونسوڵگەری سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن  فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

لەدیدارێكدا كە بەڕێزان خاتوو سوهام جەبەلی یاردەدەری بەرپرسی فەرمانگە و عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەرێوەبەری گشتی پەیوەندیەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەبوون، فەلاح مستەفا پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز مورتەزا عیبادی كردو هیوای سەركەوتنی لەو ئەركەی بۆ خواست، هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێم.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ستایشی رۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد كە لە قۆناغە جیاجیاكان یارمەتی گەلی كوردستانی داوەو لەم قۆناغەشدا یارمەتی و كۆمەكی پێشكەش هەرێمی كوردستان كردووە.

هەردوولا كۆك بوون لەسەر بایەخی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا، فەلاح مستەفا گووتی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران مێژووییەو دەخوازین ئەو پەیوەندیانە بەردەوامیان هەبێت و بەرەوپێش بچێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی دوولایەنە.

لەبەرامبەردا كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە ئەركی لە هەولێر پێسپێردراوەو پوختەیەكی لەسەر مێژووی پەیوەندیەكان و هاوكاریان خستەڕوو و هیوای خواست بتوانێ‌ زیاتر پەرە بە پەیوەندیەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان بدات.



 

 

 

 

 

 

 

بەبۆنەی كۆتایی هاتنی كارەكانی وەك باڵیۆزی كۆریا لە عیراق، ئەمڕۆ بەڕێز كیم هیۆنگ میۆنگ سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.

 

لە دیدارەكەدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و كیم یۆنگ یۆن كونسوڵی گشتی كۆریا لە هەرێم ئامادەبوو، فەلاح مستەفا ستایشی رۆڵی باڵیۆزی كۆریا كرد كە لە ماوەی كاركردنی لە عیراق رۆلی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریا بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێم و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتووی بۆ خواست. هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێكی تازە بۆ فراوانكردنی بواری پەیوەندیە دوقۆڵیەكان.

 

هەروا گوتی : حكومەتی هەرێم بایەخی تایبەت بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتی كۆریا دەدات و دەخوازین سوود لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی كۆریا وەرگرین بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەكەمان.

 

فەلاح مستەفا سوپاسی باڵیۆزی كۆریا و گەل وحكومەتی كۆریای كرد كە هەر لەدوای ساڵی 2003 ەوە بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان.

 

لەبەرامبەردا باڵیۆز كیم هیۆنگ میۆنگ خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی دووپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی بڕوای وایە هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتن و گەشەسەندن بەردەوامە بۆیە هیوای پەیوەندی درێژخایەن لەگەڵ هەرێم دەخوازین. بەڕێزیان گووتی لەوماوەیەی كە وەك باڵیۆزی كۆریا لە عیراق كارم كردووە سەردانی هەرێمی كوردستانم كردووەو ئاشنایەتی زۆرم سەبارەت بە مێژووی هەرێم و قوربانیەكان پەیداكردووەو زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوو گەلی كورد و كۆریا هەیە. هەروا گووتی دوێنێ‌ بەشداریم لە دیداری سلێمانی كردو ئەمڕۆش بەشداریمان لە مەڕاسیمی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان بوو.

 


باڵیۆزی كۆریا سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد كە هەمیشە هاوكارو هەمانگكاربوونە لەگەڵ باڵیۆزخانەی كۆریا لە عیراق و نووسینگەی باڵیۆزخانەی كۆریا لە هەرێم بۆ سەرخستنی بەرنامەو چالاكیەكانی كۆریا لە هەرێمی كوردستان.

 

 پێنج شەممە, 06 ئازار 2014

 

 

ئەمڕۆ  كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە ئامادەبوونی خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە پێشوازی كرد لە كازویا ناشیدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندی یاوەری.

لە دیدارەكەدا باڵیۆز ناشیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەیەكەم سەردانی بۆ  هەرێمی كوردستان پاش دەست بەكاربوونی وەك باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كە بە یاوەری شاندێكی باڵای خاوەنكارانی ئەم وڵاتە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

جێگری بەرپرسی فەرمانگە پیرۆزبایی لە باڵیۆز ناشیدا كرد بە بۆنەی تازە دەستبەكاربونیەوە و هیوای سەركەوتنی بۆخواست لە كارەكانیدا و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەربڕی بۆ پێشكەش كردنی گشت ئاسانكاریەكی پێویست بۆیان بەمەبەستی سەرخستنی كارەكانیان لە هەرێم و بەبایەخەوە باسی لە هاتنی یەكەمین شاندی گەورەی كۆمپانیا ژاپۆنیەكان كردو رایگەیاند ئەم كۆڕبەندی ئابوریە دەسپێكێكی گرینگی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولایە .

هەروەها  ئاماژەی بە یاساكانی وەبەرهێنان كرد لە هەرێم و ئەو ژمارە بەرچاوەی وەبەرهێنەری بیانی كە لە چەندین بواری جۆراو جۆر لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكەن جگە لەمەش تاكو ئێستا نزیكەی 31 ووڵات نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان هەیە ، كە رۆڵی گرنگیان دیوە لە هاوكاری و هەماهەنگی ئابوری لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

باڵیۆزی ژاپۆن ئاماژەی بەوە كرد كۆمپانیا ژاپۆنیەكان بەپەرۆشن بۆ هاتن و كاركردن لە هەرێمی كوردستان و ئەو سەقامگیریەی ئاسایش هاندەرێكی باش دەبێت بۆیان.
جێگری بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی ووڵاتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكاریانەی كە تاكو ئێستا پێشكەشیان كردووەو داوای كرد كە بەردەوامبن لە پێشكەش كردنی هاوكاری یە مرۆییەكانیان بۆ ئاوارەكانی سوریا.

 

  • پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە خاتوو شێخە حیسە ئال سانی نێردراوی ئەمینداری گشتی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كرد.


لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و خاتوو ئیناس مەكاوی بەڕێوەبەری كارگێڕی بەشی ئافرەت و منداڵ لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی ئامادەی بوون ، بارودۆخی هەنووكەیی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم و پەرەسەندنە سیاسییەكانی ئەمڕۆی ناوچەكە باسیان لێوە كرا.


بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دووپاتیكردەوە حكومەتی هەرێم هەمیشە رۆڵی كۆمكاری عەرەبی لە پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆیی بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم بەرز دەنرخێنێت و بە هەنگاوێكی ئیجابی كۆمكاری عەرەبی بۆ باشتر كردنی بارودۆخی ئەم پەنابەرانە لە قەڵەمدەدات ، هاوكات ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی زۆر چالاكانە خزمەتگوزاری پێشكەشكردوون .


هەروەها دووپاتیكردەوە ئەم پەنابەرانە گرفت و پێداویستیان زۆرە و پێویستیان بە یارمەتی زیاترە بەتایبەتی خێزانە بێ سەرپەرشتەكان و خاوەنی پێداویستی تایبەت ومنداڵان لە چەندین بواری جیاجیای وەكو پەروەردە و فێركردن و تەندروستی و ژینگە .


شێخە حیسە دووپاتیكردەوە ئەم سەردانەیان بۆ كوردستان جێگەی شانازیە و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی یارمەتیدانی پەنابەرانی سوریا بەرز نرخاند و ئاشكراشیكرد ئەو بەیاوەری ئەو شاندەی لەگەڵیدایە دەیەوێ چەندین سەردانی مەیندانی بۆ كامپی ئەم ئاوارانە بكات بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ژیانیان و پێشكەشكردنی هەموو پێداویستیەك بۆیان .


لەلایەكی دیكەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستەسەر مێژووی گەلی كورد و ئاماژەی بەوە دا گەلی كورد قوربانی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دووپاتیشیكردەوە كورد هەمیشە دەرگای بۆ نزیكبوونەوەی هەردوو نەتەوەی كورد و عەرەب كراوەیە و ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان چوار كونسوڵگەری عەرەبی هەن و حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی كرانەوەی كونسوڵگەری زیاتری عەرەبیە بۆ قووڵكردنەوەی زیاتری پەیوەندی نێوان هەردوو گەل كە لەبەرژەوەندی هەردوولا دایە .

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی