نوێنەرایەتی

   نوێنەرایەتی

چوار شەممە, 08 ئایار 2024

«نازم ده‌باغ» له‌گه‌ڵ خاتوو «مایرا کوپێرز» جێگری نوێنەری «یونامی» لە تاران دیداریی کرد

"نازم ده‌باغ" نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تاران، له‌گه‌ڵ خاتوو "مایرا کوپرز" جێگری نوێنەری "یونامی" ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (UN) لە وڵاتی ئێران کۆبۆوه.

خاتوو "مایرا کوپێرز" جێگری نوێنەری "یونامی" ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (UN) لە تاران، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٠٨/٠٥/٢٠٢٤ سه‌ردانی نووسینگەی نوێنەرایه‌تی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ شاری تارانی کرد و له لایه‌ن "نازم عومه‌رده‌باغ" نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له وڵاتی ئێران، پێشوازیی لێکرا.

له‌م دیداره‌دا، نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران، باسی گرینگی سه‌ردانی "نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ ولاتی ئێران کرد و ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی به‌رزی نرخاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای هاوڕیی بۆ وڵاتی ئێران، گرینگی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.

له درێژه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، دوای ڕوونکردکەوەی "نازم ده‌باغ" بۆ سه‌ردانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ شاری تاران، خاتوو "مایرا کوپێرز" بە گشتیی باسی باروودۆخی ناوچەکە و هه‌روه‌ها به‌ تایبه‌تی باسی هەرێمی کوردستانی کرد.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م دیداره‌دا، نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تاران، باسی ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد.

هەینی, 09 شوبات 2024

«نازم دەباغ» لەگەڵ «مەحموود نەجەفی عەرەب» سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی تاران دیداری کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران و "مەحموود نەجەفی عەرەب" سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی تاران؛ لە دیدار لەگەڵ یەکتردا جەختیان لەسەر پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "مەحموود نەجەفی عەرەب" بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران و "نازم عومه‌ر دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان، لە دیدار و کۆبوونەوەیەک له‌گه‌ڵ یه‌کتردا جەختیان لە سەر پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە و به‌ له‌به‌ر چاو گرتن و تاوتوێکردنی ئه‌وه‌ی که‌ عێراق دووهەمین هاوبەشی بازرگانیی ئێران دێته‌ ئه‌ژماردن، باسیان له‌ پێویست بوونی هاوکاریی نزیکتر و فراوانتر کرد.
لەم دیدارەدا سه‌رۆکی ژووری تاران ئامادەیی ئه‌م ژووری بۆ وەرگرتنی شانده‌کانی بازرگانی و ناردنی شاندێکی بازرگانی لە چالاکانی ئابووری بۆ ئەم هه‌رێمه‌ ڕاگەیاند.

لە دیداری نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران، هەر دوولا جەختیان لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرفت و ئاسته‌نگه‌کان له‌ پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و زیادبوونی سه‌رمایه‌گوزارییه‌کانی هاوبه‌ش و وەبەرهێنان وەک هۆکاری سەقامگیری لە داهاتووی پەیوەندییەکان زانرا.  

لەم دیدارەدا کە ڕۆژی سێشەممە ٧ی فێبریه‌/ ڕێبه‌ندانی ٢٠٢٤ لە نووسینگەی سه‌رۆکایه‌تی ژووری تاران بەڕێوەچوو، پێشنیاری ناردنی شاندێکی بازرگانی بە هاوڕێیه‌تی و هاوبەشی لەگەڵ ژووری بازرگانیی تاران و ژوورەکانی بازرگانیی پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان و هەروەها ئامادەیی بۆ قبووڵکردنی شاندێکی ئابووری لەم هه‌رێمه‌، بۆ ڕاگەیاندنی نیازپاکی لە باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەر دوولا لە لایەن بەرپرسانی ژووری تارانەوە ئاراسته‌ کرا.

بە پێی ڕاگەیاندنی ژووری تاران، لەم دیدارەدا، "مەحموود نەجەفی عەرەب" سەرۆکی ژووری تاران، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق دووهه‌مین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە و ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئابوورییه‌کانی ئێران لەگەڵ ئەم وڵاتە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی هه‌رێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، ئه‌وه‌شی روونکرده‌وه‌ که‌ له‌ خولی نوێی پەیوەندییه‌کان و هاوکارییه‌کان، دروستکردنی وەبەرهێنان و سه‌رمایه‌گوزارییه‌ هاوبەشه‌کان دەبێت لە ریزی کاره‌کاندا بێت.

ئه‌و به‌ ڕاگەیاندنی ئه‌وه‌ی کە پێشنیاری ناردنی وەفدێکی بازرگانی لە ژووری تارانەوە بۆ هەولێر یان سلێمانی، وەک شاندێکی دۆستایەتی و نیازپاکی لە لایەن ئەم ژوورەوە پێشکەش بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران کراوە، ئه‌وه‌شی وەبیر هێنایەوە کە ژووری بازرگانیی تاران ئامادەیە بۆ وەرگرتنی شاندەکانی بازرگانیی هەرێمی کوردستان.

ئاڵوگۆڕی کاڵا لە سنوورە بازرگانییەکان بەردەوامە
"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران، هەروەها لەم دیدارەدا ڕایگەیاند کە به‌رپرسان و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پاراستن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەم هەرێمە لەگەڵ ئێران دەکەنەوە لە بواره‌کانی سیاسی و ئابووریدا، و ڕوونیشی کردەوە کە بە چارەسەرکردنی کێشه‌ و گرفته‌کان و لێک تێنەگەیشتنەکان کە سەریان هەڵداوە، هه‌ل و بوارێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەر دوولا پێکهاتووه‌ و بەردەستە، هەروەها هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوپەیمانێکی ستراتیژیکی ئێران بێت لە هەموو بوارەکاندا.

ئه‌و دواتر باسی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە و هەروەها ئاماژه‌ی به‌ ڕاگەیه‌ندراوی ژووری بازرگانیی هەولێر سەبارەت بە گەمارۆی کاڵاکانی ئێرانی لە بازاڕی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: سەرەڕای دەرکردنی ئەم ڕاگەیاندنه‌ لە لایەن ژووری هەولێرەوە، ئاڵوگۆڕی کاڵاکان لە سنوورە بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئێمە پێمان وایە کە هەر دوولا پێویستە به‌ تێڕوانینێکی کراوه‌ بۆ تێپەڕین لەو کەشوهەوای گرژییە که‌ روویداوه‌، جگە لە پاراستنی هاوکارییە ئابوورییەکان، بەرەو پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە هەنگاوێک هەڵبگرن.

تورکیە لە بازاڕی عێراقدا پێش ئێران کەوت
دەباغ ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕی باشووری عێراق و ناوچەی عەرەب‌نشینی ئەم وڵاتە، لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و بەرهەمه‌کان و کاڵاکان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان کەمیی بەرهەمه‌کان و کاڵای بەکارهێنراو هەبێت، بازرگانه‌کان و پیشه‌گه‌رانی ئابووریی تورکیا، چالاکییەکانی خۆیان لەم بازاڕەدا چڕتر دەکەنەوە و ئەم رووداوه‌ لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکان و بازرگانانی ئێرانی نییە.

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران، پاشان وه‌بیری هێنایەوە کە تا ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی، نزیکەی ٤٥٠ کۆمپانیای ئێرانی لە سلێمانی تۆمار کرابوون و تورکیا کەمتر لە ١٠٠ کۆمپانیای لەم هەرێمەدا تۆمار کردبوو، ئه‌وه‌شێ روونکرده‌وه‌ که‌ لە ئێستادا، زیاتر لە ٢ هەزار کۆمپانیای تورکیا لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و خه‌ریکی کار و چالاکین،  لە کاتێکدا که‌ له‌ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان، کەمتر لە ١٥٠ کۆمپانیا لەم هەرێمەدا ماونه‌ته‌وه‌.

دەباغ پاشان جەختی لەوە کردەوە کە تێڕوانینی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان ئابوورییە، ئه‌وه‌شی وەبیر هێنایەوە کە بازرگانی پیله‌وه‌ریی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێت ببێتە بازرگانییەکی فەرمی و ئەو ڕێککەوتنانەی که‌ لە ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا لە نێوان پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و ژوورە بازرگانییەکانی نیشته‌جێ لەم ناوچەیەدا لەگەڵ هه‌رێمی کوردستان به‌ستراوه‌، له‌ کۆتاییدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی کارا بێت.

پێکهێنانی کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی هەناردەکردن بۆ هەرێمی کوردستان
لەم دیدارەدا، "بەهمەن عیشقی" سکرتێری گشتی ژووری تاران، هه‌روه‌ها به‌ جەخت کردنه‌وه‌ی دووباره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ژووری تاران بە مەبەستی ڕاگەیاندنی نیازپاکی و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ئامادەیە شاندێکی بازرگانی لە نێوان هەر دوولا بنێرێت یان قبووڵ بکات و پێشنیاری پێکهێنانی کۆمپانیایەکی تایبەتی بەڕێوەبردنی هەناردەکردنی بازاڕی هەرێمی کوردستان ئاراسته‌ کرد، کە ئەندامان و خاوەن پشکەکانی ئه‌و کۆمپانیایه‌ش، کۆمپانیاکانی بەناوبانگ و پڕبایخ بن لە هەر دوو لایه‌نه‌وه‌، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەگەر ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان و ژوورەکانی دیکەی ئەم هەرێمە ڕێکبکەون و هاوکار بن، ئەوا ئەم کۆمپانیای بەڕێوەبردنی هەناردەکردنە دەتوانرێت بۆ ئامانجی پەرەپێدانی بازرگانی دوو لایەنە له‌ ماوه‌ی ساڵی داهاتوودا بەکار بهێنرێت و دابمه‌زرێت.

پەیامنێر: سومه‌یە ڕەسووڵی

لینکی ڕاپۆرت:

https://www.mehrnews.com/news/6017791/مبادله-کالا-در-مرزهای-تجاری-ایران-و-اقلیم-کردستان-ادامه-دارد

 

دوو شەممە, 05 شوبات 2024

نازم دەباغ: بە دووری دەبینم ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران

پۆڵەتیك پرێس: "نازم دەباغ" نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت، بە دووری دەبینم ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران و نە ئەمریكا و نە ئێران لەگەڵ شەڕ نین.

"نازم عومه‌ر دەباغ" نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران بە پۆڵەتیك پرێسی Politic Press راگەیاند: پێم وایە نە ئەمریكا و نە ئێران لەگەڵ پەیامی شەر سازان نین و بە هەر دولاش دەیانەوێت ئەوانە ئاقڵ بكەن ئەگەر هەوڵی پەلكێشی ئەو دوو وڵاتە بدەن بۆ شەڕ.

وتیشی: بۆیە زۆر بە دوری دەبینم ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران.

لە بەرامبەر كوژرانی سێ سەربازی ئەمریكیدا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە دوایین ساتەكانی شەوی هەینی، لە نێو عێراق و سووریا هێرشیان كردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەكدارەكانی لایەنگری ئەو وڵاتە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند: 85 ئامانجیان لە نێو عێراق و سووریا بۆردوومان كردووە كە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لێی، بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەكارهێنراون.

لینکی هه‌واڵ:

https://politicpress.com/139629/

 

 

یەک شەممە, 14 ک دووەم 2024

«سەلام رشدی» بە‌شداری له ساڵوه‌گه‌ڕیی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا «محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم» کرد

«سەلام رشدی» بە‌شداری له ساڵوه‌گه‌ڕیی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا «محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم» کرد

"سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، به‌شداری له بیست و یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا سه‌ید "محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم" کرد.

"سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران، به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ستافی نوێنه‌رایه‌تی له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی نووسینگه‌ی مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی عێراق له ئێران، به‌شداری له بیست و یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا سه‌ید "محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم" کرد که کاتژمێر ٧:٣٠ی دوێشه‌و هه‌ینی ١٢ی کانوونی دووهه‌می ٢٠٢٤ له حوسه‌ینییه‌ی ئه‌میر ئه‌لموئمنین (ع) له ناوچه‌ی ده‌وڵه‌ت ئابادی شاری تارانی پێته‌ختی وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌چوو.

"ماجد غه‌ماز" نوێنه‌ری مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی عێراق له ئێران، پێشوازیی له شاندی نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕێکخه‌رانی ئه‌م ساڵیاده‌، به‌خێرهاتنی جێگری نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هه‌روه‌ها شاندی هاوڕێیان کرد بۆ به‌شداریان له بیست و یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی ڕێزلێنانی ئایه‌توڵڵا سه‌ید "محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم" له تاران.

له بیست و یه‌که‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا سه‌ید "محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم"، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک له لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی و عێراقی و باڵیۆزخانه‌ی وڵاتی عێراق له تاران به‌شداریان تیایدا کرد.

ڕێوڕه‌سمی ساڵوه‌گه‌ڕیی شه‌هیدبوونی ئایه‌توڵڵا سه‌ید "محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم" ناسراو به "شه‌هیدی میحڕاب" بۆ به‌رز ڕاگرتنی فیداکارییه‌کانی ئه‌م که‌سایه‌تییه پایه‌به‌رزه به عێراق و هه‌روه‌ها به خه‌ڵکانی ئه‌م وڵاته؛ هه‌موو ساڵێک به به‌شداری کۆڵێک که‌سایه‌تی ناوداریی کورد، عێراقی، ئێرانی و بیانی له شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، به‌شدارییه‌کی به‌رچاوی له‌م بۆنه‌یه‌دا هه‌یه.

hakim

سێ شەممە, 28 ت دووەم 2023

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سه‌‌ردانی نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد

"عه‌بدوڵا حاجه مه‌حموود" وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانبە یاوەریی شاندێکی باڵای وه‌زاره‌ت، سه‌‌ردانی نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و "سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێم و ئەندامانی نوێنەرایەتی پێشوازییان لێکرا.  

 

"عەبدوڵا حاجی مه‌حموود" وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەریی له چوارچێوه‌ی سه‌ردانی فه‌رمیان و وڵاتی ئێران، کاتژمێر ۱۱ی پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەمە رێکەوتی ۲۸ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳، سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و لە لایەن "نازم عومه‌ر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەرایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان له شاری تاران و ئەندامانی نوێنەرایەتی و سەرجەم ستافی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی گەرمیان لێکرا. 

 

لە سه‌ره‌تای ئه‌م دیدار و چاوپێکه‌وتنه‌دا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد و ئەمانجی سەردانەکەی شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بۆ وڵاتی ئێران ڕوونکردەوە.

 

لە به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هەروەها تیشک خرایە سەر گرینگی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی "عەبدوڵا حاجی مه‌حموود"، بە یاوەری ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت، ڕۆژی یەکشەمە رێکەوتی ۲٦ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳، به بانگهێشتی فه‌رمی به‌رپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سه‌‌ردانی شاری تارانی پێته‌ختیان کرد و ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ۲۷ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳، لەگەڵ دکتۆر "ئه‌میر قازی زادەی هاشمی" جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکی دامەزراوەی بونیادی شەهیدی ئێران، "مه‌حموود پاکدڵ" و "محه‌مه‌د سادق هاشمی" جێگرانی سەرۆکی ڕێکخراوه‌ی شەهید و کاروباری قوربانیان کۆبوونەوە و لەسەر هاوکاری زیاتر و ئاڵوگۆڕیی ئەزموونی هەر دوولا لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانیان هاتنه‌ ئاخاوتن و جەخت لەسەر هەماهەنگی دوو لایەنە کرایەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

چوار شەممە, 13 ئەیلول 2023

«سەلام رشدی» بە‌شداری له دووەمین ئاهەنگى پێشوازی ساڵانەی پەیوەندییەکانى دەرەوە بۆ دیپلۆماتکاران کرد

"سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، به‌شداری له دووەمین ئاهەنگى پێشوازی ساڵانەی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیپلۆماتکاران، کونسوڵ، نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

هەولێر، هەرێمی کوردستان. ئێوارەى رۆژى دووشەممە ١١/٩/٢٠٢٣ بە ئامادەبوونى "سەفین دزەیی" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، جێگرى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسان و دیپلۆماتکار و کونسوڵ و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و پیاوانى کار، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، دووەمین ئاهەنگى پێشوازی ساڵانەی هاوینەى بۆ دیپلۆماتکاران ساز کرد.

لە وتەیەکدا "سەفین دزەیی" بەخێرهاتنى میوانانى کرد و بەناوی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وێڕای بەخێرهاتن کردن، سوپاسی و پێزانینی دەربڕی بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و ڕابردوودا.

بەڕێز دزەیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی گەل و حکومەتی مەغریب کرد بە هۆی ئەو بوومەلەرزە دڵتەزێنەی وڵاتەکەی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی بوونە قوربانی و برینداربوون. هاوکات سەرەخۆشی ئاڕاستەی کۆماری تورکیا و بولگاریا و یۆنان و ئەو وڵاتانە کرد کە بەهۆی ڕووداوی لافاوەوە زیانێکی زۆریان پێگەیشت و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانیان بوونە قوربانی.

بەڕێزیان تیشکی خستەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەڕێز "مەسرور بارزانی" لە کۆبوونەوەکانیدا، کونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەکانى لە بارەی دوایین پێشهاتەکان و پەرەسەندنەکان ئاگادار کردۆتەوە و بەردەوامە لەوەی کە هەرێمی کوردستان خواستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە سەر بنەمای دەستوور و دانوستان و ڕێککەوتنی لایەنەکان، هەروەها جەخت لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و گرنگیی پاراستن و ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچەکە دەکەینەوە. لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە ئێستا هاتۆتە پێش.
 
بەڕێز دزەیی ئاماژەی بە گرنگیی پاڵپشتیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی بەشداربن لە چارەسەرکردنەکان و ڕۆڵی پۆزەتیڤانەیان هەبێت لە بەرەوپێشچوون و ئاشتی و ئارامی زیاتر.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، بەڕێز "سەفین دزەیی" دووبارە سوپاسی ئامادەبوونی سەرجەم میوانە بەڕێزەکانی کرد و جەختی لە خواستی گەل و حکومەتی هەرێمی کردەوە بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگییە دوولایەنەکان لە سەرجەم بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، و هەرێمی کوردستان دەرگای واڵایە بۆ هەر دەستپێشخەرییەک و هاوئاهەنگییەک لەو پێناوەدا.

 

پەڕەى 2 لەکۆى 44 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی