هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شدارى له‌ پرسه‌ى قوربانييانى ڕووداوه‌كه‌ى سلێمانيدا ده‌كات

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022.11.19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سلێمانى به‌شدارى له‌ پرسه‌ى قوربانييانى ئه‌و ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌دا كرد كه‌ شه‌وى پێرێ پێنجشه‌ممه‌ 2022.11.17 به‌هۆى ته‌قينه‌وه‌ى تانكييه‌كى گازى شل، پازده‌ كه‌س گيانيان له‌ ده‌ست دا و ژماره‌يه‌كى ديكه‌ش بريندار بوون.

له‌ پرسه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى قوربانييان كرد و هاوسۆزى و هاوخه‌ميى قووڵى خۆى له‌گه‌ڵياندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها هيواى خواست خواى مه‌زن گيانى قوربانييان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ خێزان و كه‌سوكاريان و هه‌موو لايه‌ك ببه‌خشێت.

پاشان به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شار‌ برينداران و به‌ركه‌وتووانى ڕووداوه‌كه‌ى به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌ نزيكه‌وه‌ به‌دواداچوونى بۆ ڕه‌وشيان كرد، هه‌روه‌ها هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ى بۆ خواستن و ئاماده‌يى بۆ پێشكه‌شكردنى هه‌موو هاوكارى و پێويستييه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنيان ده‌ربڕى.

دواتر له‌ وه‌ڵامى ڕۆژنامه‌نووساندا باسی سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ سلێمانی كرد و گوتی: “هاتنی ئێمه‌ بۆ شاری سلێمانی، به‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌خۆشی بوو له‌ كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیيانه‌ی به‌هۆی كاره‌ساتێكه‌وه‌ له‌و شاره‌ ڕوویدا. به ‌ڕاستی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، هه‌موو كوردستان هه‌ر له‌ زاخۆ تا ده‌گاته‌ خانه‌قین و هه‌موو شوێنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌، هه‌موومان خه‌مبار بووین و هه‌ر یه‌ك له‌ ماڵی خۆیه‌وه‌ خاوه‌نی ئه‌م پرسه‌یه‌.”

هه‌روه‌ها گوتى: “ئه‌مڕۆ ئێمه‌ بۆ ده‌ربڕینی سه‌ره‌خۆشی هاتووین بۆ شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ جه‌نابی پارێزگار به‌شداریمان كرد له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا و په‌یامی سه‌ره‌خۆشیی خۆمان پێگه‌یاندن. ڕووداوێكی ناخۆش بوو، هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسی جه‌نابی پارێزگار بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گوێبیستی بووم كه‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌پرسیاريه‌تی كه‌ هه‌موویان شاهێدی ئه‌وه‌ن هه‌م جه‌نابی پارێزگار و هه‌م نه‌خۆشخانه‌ی شار و دكتۆر و هه‌موو ستافی نه‌خۆشخانه‌، به‌رگریی شارستانی، پۆلیس، شاره‌وانی، ئاسایش و خه‌ڵكى خۆبه‌خشی ئه‌م شاره‌ هه‌ر هه‌موویان، ئه‌ركى خۆيان به‌جێهێناوه‌.”

هه‌روه‌ها گوتى: “ئه‌م ڕووداوه‌ سۆزێكی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان دروست كرد كه‌ ئه‌مه‌ جێی شانازییه‌ بۆ هه‌موومان كاتێك ڕووداوێكی وا ڕووده‌دات هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین یارمه‌تیده‌ر بین. سوپاسی یه‌ك به‌یه‌كه‌یان ده‌كه‌م كه‌ به‌شدار بوون و خزمه‌ت و كاریان كردووه‌ و ده‌ستیان ده‌گوشم و سوپاسیان ده‌كه‌م. ئێمه‌ هاوبه‌شی خه‌می ئه‌و خێزانه‌ین، هیوادارین حكوومه‌تیش به‌دواداچوونی پێویست بكات تا به‌ وردی بزانین سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌ له‌كوێ بووه‌ و بۆچى ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌؟ بێگومان ئه‌وه‌ ده‌بێت ببێته‌ وانه‌یه‌ك تا هه‌وڵ بده‌ین له‌مه‌ودوا ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ هێمنایی و ئه‌منییه‌ت و سه‌لامه‌تی، وردتر له‌سه‌ری بوه‌ستین”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ و هاریكارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بۆیان، به‌ڕێزیان ڕیگه‌یاند: “هه‌موومان ده‌بێت به‌شداری له‌وه‌دا بكه‌ین، ئه‌وه‌ی‌ پێویست بێت بۆ ئه‌م خێزانه‌ ئه‌نجامی بده‌ین و بێگومان حكوومه‌تیش ئه‌ركى خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت كاری خێرخوازی بكات، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ر حزبێك و هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك بێت، ئێمه‌ سوپاسیان ده‌كه‌ین، پێخۆشحاڵ ده‌بین”.

ده‌رباره‌ی هه‌ستی به‌ڕێزیان له‌ به‌شداریكردنی پرسه‌كه‌ و ڕێوشوێنه‌كان بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوی هاوشێوه‌، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: “به ‌ڕاستی ڕووداوێكی تا بڵێی ناخۆش بوو، ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان دوور له‌وه‌ی كه‌ به‌پرسیاريه‌تيی من یان به‌رپرسیاريه‌تيی ئه‌وی دیكه‌ چییه‌، هه‌موومان خه‌مبارین و ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو ماڵێك تازیه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ ڕوویدا، به‌ ئه‌ركى خۆمان زانیوه‌ سه‌ردانیان بكه‌ین تا له‌ نزیكه‌وه‌ بیانبینین، بێگومان هه‌رچییه‌كیش پێویست بێت بۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ین”.

له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌ ده‌رباره‌ى كێشه‌ى سووته‌مه‌نی، هه‌روه‌ها دوا بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن و واده‌ی ئه‌نجامدانی، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: “مه‌سه‌له‌كه‌ سه‌لامه‌تییه‌، بێگومان حكوومه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و ڕووداوه‌ ده‌كات و ده‌بێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ زیاتر پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاوڵاتییان بنرێن، چونكه‌ كاری حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، بۆیه‌ بێگومان وه‌ك هه‌ر شتێكی دیكه‌ حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌وه‌ستێت و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌رچی پێویست بێت له‌ ڕێنمایی و گۆڕینی یاسا و هه‌رچییه‌ك پێویست بێت جێبه‌جێی ده‌كات.”

“سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن، پێشتریش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌ركی خۆم نامه‌م بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ناردووه‌ و هیوادارم حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ڕێككه‌ون. ئێستا ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵێك و بێگومان ده‌بێت له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى كێشه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: “ئه‌وه‌ی وه‌ك بنه‌ما ڕوون و ئاشكرایه‌، ئێمه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كده‌نگ بین، بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بین و بێ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێك بین، ناتوانین هیچ ده‌ستكه‌وتێك بۆ ئه‌م هه‌رێمه‌ و بۆ ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنین. تاكه‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنمان یه‌كده‌نگییه‌. بێگومان ئێمه‌ حزبی جیاوازین و ‌حزبه‌ جیاوازه‌كانیش بیروبۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌ و ناكرێت ئێمه‌ بڵێین ده‌بێت هه‌موومان وه‌ك یه‌كتر بیر بكه‌ینه‌وه‌.”

هه‌روه‌ها گوتى: “ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێت یه‌ك شت له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رووی هه‌موو حزبایه‌تی و هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئێمه‌ ده‌توانین كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و گه‌ر له‌ به‌یاننامه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای كۆنگره‌ ورد ببنه‌وه‌، ده‌ڵێن لاپه‌ڕیه‌كی نوێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ست به‌ دانوستان و سه‌ردانی حزبه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌وڵی جددی ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان به‌ شێوه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن. بێگومان سه‌ردانی یه‌كێتی و حزبه‌كانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین”.

 

 

https://presidency.gov.krd/nechirvan-barzani-participates-in-the-funeral-ceremony-for-the-victims-of-the-sulaymaniyah-accident/

سەرۆکی حکومەت بەدواداچوون بۆ ڕووداوە دڵتەزێنەکەی ئەمشەوی سلێمانی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بۆ بەدواداچوونی ڕووداوی تەقینەوەی غاز لە شاری سلێمانی ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، کەمێک لەمەوبەر پەیوەندی بە پارێزگاری سلێمانی ھەڤاڵ ئەبوبەکرەوە کرد و ڕایسپارد کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت ، بەدواداچوونی ورد و خێرا بۆ ھۆکاری ڕووداوە دڵتەزێنەکە بکەن و بەھانای زیانلێکەوتووانەوە بچن و ھەرچی پێویست بێت ئەنجامی بدەن.
سەرۆکی حکومەت ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەربڕی و ھیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازێت .

 

https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/november/سەرۆکی-حکومەت-بەدواداچوون-بۆ-ڕووداوە-دڵتەزێنەکەی-ئەمشەوی-سلێمانی-دەکات/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری دهۆک، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرا.
هەردوولا هاورابوون لە سەر ئەوەی کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتەئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە شاندێکی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات بۆ تاووتوێکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی دەستووردا.

 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/november/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-باڵیۆزی-ئەمەریکا-لە-عێراق-دەکات/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری دهۆک، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە دیدارەکەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و بارودۆخی گشتیی عێراق و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور وکارنامەی حکومەتی نوێ تاووتوێ کران.

 
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/november/سەرۆکی-حکومەتی-هەرێمی-کوردستان-پێشوازی-لە-باڵیۆزی-بەریتانیا-لە-عێراق-دەکات/

سەرۆکی حکومەت: ئامانجمان ئەوەیە كوردستان ببێتە نیشتمانێك بۆ زانست و زانیاری

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندن و دەستبەکاربوونی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا ئەو دامەزراوەیەی ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین، وەرچەرخانێكی گرنگە بە ئاراستەی گەشەپێدان و گەشەپێدانی كۆمەڵگەكەمان، ئەویش دەست بەكاربوونی ناوەندێكە بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەی گەنجان و پێشخستنی ئابووریمان.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

برای بەڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

میوانان و ئامادەبووانی هێژا

بەیانیتان باش و زۆر زۆر بەخێر بێن

 

ئێمە ماوەیەكی زۆرە خۆمان ئامادە كردبوو بۆ ئەم بۆنەیە كە لە كەشێكی ئارامدا بتوانین ئەم ئەنیستیتیوتە ڕابگەیەنین، هەر بەم بۆنەیەشەوە سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، ئەوانەی لە ناوخۆی كوردستانەوە هاتوون، چ ئەوانەی لە دەرەوەی كوردستانیشەوە تەشریفیان هێناوە، زۆر زۆر بەخێر بێن.

بەداخەوە ئەم بەیانییە، دیسان جارێكی تر بیستمان كە شاری كۆیە و زڕگوێز بەر شاڵاو و پەلاماری مووشەكەكان كەوتوون و هەندێك شەهید و برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكان، لە لایەك ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە و پێشێلكردنی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین،  لە هەمانكاتدا تەمەننای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین و ئارەزووش دەكەین كە شەهیدەكان جێگەیان بەهەشت بێت.

بەر لە دەستپێكی وتارەكەم، دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە ئەمڕۆ یادی 238 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیی خۆشەویستە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵكی سلێمانی و هەموو كوردستانیان دەكەم، پێگەی شاری سلێمانی لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا، بەرچاو و بەرجەستەیە، شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی رۆشنبیریمان، شایستەی باشترین خزمەتە، هیوادارین بە هاوكاریی دڵسۆزانی گەلەكەمان، نیگەرانییەكانی خەڵكی ئەم شارە بڕەوێنینەوە و دوور لە دەستوەردانی حزبی و تاكڕەوی، یاسا سەروەر بێت و هەموو بەربەستەكان بەلاوە بنێین تاوەكوو بتوانین لە ڕووی ئیداری و ئاوەدانی گرنگییەكی زیاتر بە سلێمانی بدەین كە لە ئاست پێگەی رەسەنی ئەم شارە بێت. جارێكی تر پیرۆزە لە هەموومان.

بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا:

 زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم لە بۆنەیەكی گرنگدا كە ئەویش راگەیاندنی ئەنیستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی كوردستانە كە بە KII ناسراوە، وێڕای ئەوەی بەرهەم و دەستكەوتەكانی ئەم ئەنیستیتیوتە، یەكێكە لە ئامانجەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ خودی خۆشم شتێكی زۆر تایبەتە و هەمیشە هەبوونی ناوەندێكی وا ئاواتم بووە، هەمیشە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانم دۆزینەوەی رێگە و دەرفەت بووە لەبەردەم بەهرە و تواناكانی هاونیشتمانییان بەتایبەتی گەنجەكانمان. لە هەموو دیدار و گفتوگۆكانماندا چ لەگەڵ گەنجانی كوردستان بێت یان هاووڵاتیانمان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانیی خۆمان بۆ گەشەپێدانی بەهرە و تواناكانیان دووپات كردۆتەوە.

ئەو دامەزراوەیەی ئەمڕۆ رایدەگەیەنین، وەرچەرخانێكی گرنگە بە ئاراستەی گەشەپێدان و گەشەپێدانی كۆمەڵگەكەمان، ئەویش دەست بەكاربوونی ناوەندێكە بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەی گەنجان و پێشخستنی ئابووریمان. ئەو ئەنیستیتیوتەی كە ئەمڕۆ دەست بەكار دەبێت، شوێنێك دەبێت كە ژیان بە بیرۆكەكان دەبەخشێت، داهێنان تێیدا پەرە دەسێنێت و زانست و زانین تێیدا دەگەشێتەوە و داهێنانیش پاداشت دەكرێت. KII دەبێتە ناوەندێكی وا كە لە مێژە بەئاواتم لە كوردستان بێتە كایەوە و كوردستان ببێتە نیشتمانێك بۆ زانست و زانیاری، شوێنێك كە باشترین دەرفەت بۆ مرۆڤە زیرەك و هەڵكەوتووەكانمان بڕەخسێنێت، ئەم دامەزراوەیە بە تایبەتی دەرفەتێكی زێڕین لەبەردەم گەنجەكانمان دەكاتەوە لە رووی زەمینەڕەخساندن و دابینكردنی كەرەستە و پاڵپشتیی داراییەوە، هاوكاریی بیرۆكەكانیان دەكات و پێشوازی لە هەر كەسێك دەكات كە ئامانجی ئەوە بێت داهێنان بكات یان كاتەكانی بۆ توێژینەوە و تەكنەلۆژیا تەرخان بكات.

ئاگادارین كە خەڵكی بەهرەمەندی كورد زۆر جار سوود لە بەهرە و تواناكانیان وەرنەگیراوە و دواجار زیان بە كۆمەڵگەكەمان گەیشتووە، هەروەها دەزانین كە لە ڕابردوودا ژینگەیەكی پێویستمان بۆ زۆرێك لە گەنجەكانمان دروست نەكردووە كە هەموو خەونەكانیان بەدی بێنن، یان توانای تەواوی خۆیان لە چوارچێوەی وڵاتەكەماندا پەرەپێبدەن. بۆیە دامەزراوە ئەكادیمی و شوێنی كار لە دەرەوەی وڵات، دەرفەتی باشتریان پێشكەش كردوون كە لە زۆر حاڵەتدا باشترین بەهرەدارەكانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نیشتمان كە لە هەندێك كاتیشدا نەیانتوانیوە بیرۆكە و پرۆژەكانیان بخەنە كار بۆ خزمەتكردن و بەرەوپێشبردنی كوردستان. لە بری ئەوە، بەهرە و داهێنانەكانیان لە ئەورووپا و شوێنەكانی دیكە گەشەی كردووە و خەڵكی دیكە سوودی لێ بینیوە.

ئێمە شانازی بە هەر بەهرەمەندێكمان لە ناو رەوەندی كوردستانی دەكەین كە یەكێكن لە كاراترین و بەتواناترین رەوەند لە جیهاندا، من هیچ گلەییم لەو كوردانە نییە كە زۆرجار لە ناچارییەوە و لەبەر زوڵم و زۆری و شەڕ و گۆشەگیری و جینۆساید و ناخۆشی، لە قۆناغێكی ژیاندا ئاوارە و دەربەدەر بوون، بەڵام لێرەدا داوا دەكەم كە كۆچكردن و ئاوارەبوونی بەهرە و تواناكان بۆ دەرەوەی كوردستان كۆتایی پێ بێت، پێویستە دەست لەناو دەست لە ڕێگەی ئەم دامەزراوەیەوە هەنگاوی گرنگ لە پێناو خزمەتكردنی كوردستان بهاوێژین.

من دەمەوێ لەگەڵ ئێوە ئەمڕۆ باسی بابەتێكی گرنگ بكەم، كە بێگومان رۆڵی هەبووە لەوەی بەشێك لە خەڵكی ئێمە لە تاراوگە دوودڵ بووە لە گەڕانەوە بۆ نیشتمان، زۆرجار لە كۆمەڵگەی ئێمە و شوێنی كار و ناوەندەكانمان پێشوازییەكی گەرم لە بیروبۆچوونی رەخنەگرانە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا ناكرێت و هان نادرێت، كە دەبێت ئەمە بگۆڕدرێ، داهێنان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە دەكرێت نەك بە فەرمان و بڕیار، داهێنەرترین شوێنەكانی جیهان ئەو شوێنانە نین كە لە لایەن خۆسەپێنەكانەوە حوكمڕانی دەكرێن، بەڵكوو لەسەر بنەمای كاری تیمی و بەیەكەوە هەڵكردن و كاركردن لە لایەن بەهرەدارە كارامەكانەوە دەكرێت، چونكە لەگەڵ زیادبوونی هەر ئەندامێكی تیمەكە، بەهای كار و بەرهەمەكە زیاد دەكات بەهۆی بایەخدان بە سەرمایەی مرۆیی كە دواجار كارامەیی و بیرۆكەكان دەگەنە ئەنجام، بێگومان ئێمەش دەتوانین ئەمە بكەین.

گەلەكەمان دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە كە بە شێوەیەكی بەرفراوان بیر بكاتەوە، ئێمە پشتگیريی لەو بیرۆكانە دەكەین كە تەكنەلۆجیای نوێمان پێ دەناسێنن بۆ ئەوەی بتوانین بەخێرایی وەڵامی پێداویستییەكانی خەڵك بدەینەوە و خزمەتیان بكەین.

من دەزانم لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا بۆشاییەك هەیە كە لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە، پێویستە پڕ بكرێتەوە، بۆیە كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە پڕبكرێتەوە، لە هەمان كاتدا ئێمە كاری داهێنەرانە بەرز دەنرخێنین و پاداشتی دەكەین. ئەمڕۆ هەر هاونیشتمانییەكی كوردستان بیرۆكەیەكی هەبێت و بیەوێت بیخاتە بازاڕەكانەوە، ئەوا بەهۆی ئەم ئەنیستیتیوتەوە و بە پاڵپشتیی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەت، لە هەموو كاتێك زیاتر دەرفەتی زیاتر رەخساوە و بەربەست و ئاستەنگەكان كەم بوونەتەوە.

ئێمە پرۆژەیاسای پارێزگاریكردن لە خاوەندارێتیی بیرۆكە و فیكریش پێشكەش دەكەین كە زۆر پێویستە بۆ پارێزگاریكردن لە مافی خاوەن بیرۆكە و داهێنەران، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی كردەیی نراوە.

بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و ژێرخانی ئابووری و زەمینەسازیكردن لەبەردەم سیستەمی بانكیی تایبەت دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی خەڵك بە دامەزراوەكانمان و ئاسانكاریش دەكات بۆ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی پشتیوانی لەم ئەنیستیتیوتە بكەن. خەڵكی كوردستان نامۆ نییە بە داهێنان، لەبیرمە لەسەرەتای نەوەدەكاندا لە هەندێك لە لادێكان بە دانانی جەنەراتۆری بچووك، وزەی كارەبایان لە جووڵەی ئاوی رووبار و جۆگەكان بەرهەم دەهێنا، 30 ساڵ بەسەر دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمدا تێپەڕیوە بەڵام هێشتا پێداویستییەكانمان لە رووی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری نەهاتۆتە دی، چونكە بەهۆی پێشكەوتنی بوارە جیاجیاكانی ژیان، خواست لەسەر وزە رۆژ بە رۆژ زیادی كردووە.

ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهاندا خواست لەسەر وزەی پاك لە زیادبووندایە و ئومێدمان وایە بە هاوكاریی داهێنەران و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و هاوكاری و پاڵپشتیی سەرمایەدارانی دەرەكیش، بتوانین لە داهاتووێكی نزیكدا بەهۆی تەكنەلۆجیای ژینگەدۆست رێژەیەكی بەرچاوی پێداویستیمان بۆ وزە دابین بكەین و بەو ڕێگەیەش بەشدارییەكی كاراتر لە پاراستنی ژینگە و كەشوهەوای گۆی زەوی بكەین.

هاوبەشەكانمان لەم تەحەدییە تێدەگەن، لە سەردانەكانی ئەمساڵم بۆ ئیمارات سەرسامبووم بەو وڵاتە بەهێزەی كە لە ماوەی كەمتر لە 50 ساڵ بونیاد نراوە، متمانەبەخۆبوون و وزەی كۆمەڵگە و مۆدێلەكەی مایەی سەرنج بوون. دەوڵەتە مۆدێرنەكان لە سەرانسەری ناوچەكە و ئاسیادا بەهۆی دیدێكی هاوبەشەوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێك كە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی خۆی، لە پێشەنگی داهێنانەكانیدا بێت، دەستیان بە پەرەپێدانی وزەی پاك و پێشخستنی دیزاین و زانست و تەكنەلۆژیا و كولتوور كردووە، ئەوانەی زوو دەستیان پێكردووە، ئێستا لە پێشەنگی داهێنانی جیهانیدان، من مۆدێلی هاوشێوەم لە سەرانسەری كەنداودا بینیوە، ئەم دەستكەوتانەیان جێگەی دەستخۆشییە.

لە كوردستانیشدا هاونیشتمانیانمان گەورەترین سەرمایەی وڵاتن، ئەمەش دەبێتە پرەنسیپی كاركردن و بەردی بناغەی ئەنیستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی كوردستان.

ئامادەبوانی بەڕێز

KII پاركێكی زانستی دروست دەكات، داهێنەران لەناو ئەو پاركەدا تاقیگە و كارگەی جۆراوجۆریان لەبەردەست دەبێت، تاكوو بتوانن بیرۆكەكانیان بخەنە بواری كردەیی و لە بواری جیاجیای زانستی و تەكنەلۆژیا و پزیشكی و باشتركردنی كوالێتیی ژیاندا بەدواداچوون بۆ توێژینەوەكانیان بكەن. هەر ئەم پاركە دەبێتە شوێنی یەكگرتنەوەی ناوەندە ئەكادیمی و زانستە جیاجیاكان، كار و ئامانجە هاوبەشەكانمان لەگەڵ زانكۆكان و ناوەندەكانی توێژینەوە لە لایەكی دیكەوە، پەیوەندییەكی باش بۆ داهێنان و پێشخستنی ژێرخانی زانستی. لە دوا هەنگاودا خاوەن بیرۆكەكان پشتیوانیی ئەم دامەزراوەیان دەبێت بۆ تۆماركردنی داهێنان و بیرۆكەكانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و ئاسانكارییان بۆ دەكرێت تا خاوەن سەرمایەكان وەبەرهێنان لەسەر بیرۆكەكانیان بكەن و داهێنانەكانیان ببێتە سەرچاوەی كار و ژیان بۆ خۆیان و زیادكردنی دەرفەتی كار و پێشخستنی ئابووریی وڵات.

بێگومان دامەزراوەكانی حكوومەت و تەنانەت كەرتی تایبەتیش دەتوانن لە پرۆسەی چاكسازی و پێشخستنی خزمەتگوزارییەكانیان سوود لە هەموو ئەو داهێنانانەدا وەربگرن كە لە پرۆژەی پاڵپشتیی ئەم ئەنیستیتیوتەدا دەگەنە ئەنجام.

لە كۆتاییدا دەمەوێ بە ڕێز و پێزانینەوە ئاماژە بە رۆڵی داهێنەرانەی ئەو كوردە بەهرەمەندانە بكەم كە  چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە ناسیومن و هاوبەشن لە دیدگەكەمان و باوەڕیان بە تواناكانی گەلەكەمان هەیە. بەپێی توانا هەوڵداوە بیانبینم و گوێیان لێ بگرم.

خاوەنكاران، قوتابیان و بزنسمان و بازرگانان كە ئامادەن گۆڕانكاری لە ناوچەكەماندا بكەن، خواست و ئیرادەی ئێمەیان بەهێزتر كردووە و تەنانەت كاریگەرییان لەسەر سیاسەتەكانی حكوومەتیشدا هەبووە، هەندێكیان پێشتر سەرمایە و وەبەرهێنانیان لە بەریتانیا و ئەمریكا و ئەوروپا راكێشاوە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە پەرەپێدانی بیرۆكەكانیان، رۆلەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات خەڵاتی بەناوبانگیان لە بواری جیاجیای زانستیی وەك فیزیا و بیركاری و ئەندازیاریدا بەدەست هێناوە، هەندێكیان كۆمپانیایان لە بواری تەندروستی و خۆراك و كەرتەكانی دیكەدا دروست كردووە كە ئێستا  بەهاكەی ملیارەها دۆلارە.

لەو باوەڕەدام كە ئەم شوێنە دەبێتە شوێنی كۆبوونەوەی عەقڵی گەورە كە توانا و كۆشش و ئامانجەكانیان تێیدا یەك دەگرنەوە، لەسەر ئەم خاكە هەموومان دەتوانین بوێر بین و خەونی گەورە ببینین.

با هەموومان بەیەكەوە بوەستیت بۆ دەستخۆشیكردن لە دەست بەكاربوونی ئەنیستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی كوردستان كە بەردی بناغەی هەنگاونان بەرەو گەلێكی پڕ زانیاری و وڵاتێكی بەهێزتر دەبێت.

زۆر سوپاس

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/november/سەرۆکی-حکومەت-ئامانجمان-ئەوەیە-كوردستان-ببێتە-نیشتمانێك-بۆ-زانست-و-زانیاری/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: كوردستان گه‌نجى به‌ توانا و داهێنه‌رى هه‌يه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022.11.14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ڕاگه‌ياندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستاندا كرد كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ميوانانى ناوخۆيى و بيانى به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

هەموولایەك بە خێر بێن..

سەرەتا، جەنابی سەرۆك وەزیران لە قسەكانی خۆیدا پیرۆزبایيی ساڵوەگەڕی بنیاتنانی شاری سلێمانی كرد. بە حوكمی ئەوەی پەنجا لەسەدی خۆم سلێمانیم، سوپاسی جەنابیان دەكەم و خۆشم پیرۆزبایی لە خەڵكی شاری سلێمانی و هەموو كوردستان دەكەم، هیوادارم سەركەوتوو و موەفەق بن. بێگومان ئەو كێشانەی كە هەشە، چارەسەر دەكرێت، بە دایەلۆگ و لێكتێگەیشتن هەموو شتێك چارەسەر دەكرێت. دەبێت ئەمە لەم وڵاتەدا بكەینە پیشەی خۆمان و بەردەوامیش بین. سەركەوتوو بن.

دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی جەنابی سەرۆك وەزیران، ئەوەی كە باس كرا زۆر بەداخەوە ئەم بەیانییە بە درۆن و مووشەك لە كۆیە و هەندێك شوێنی سنووری دراوە، هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەوە دووپات بكاتەوە كە دەیەوێت فاكتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەكە و دەیەوێت پەیوەندیی باشی هەبێت لەگەڵ هەموو دراوسێكانی و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئێرانیش دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی هەبێت.

بە ڕاستی ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە كردوومانە و بەردەوامیش دەبین و نابێت هەرێمی كوردستان ببێته‌ سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتم بدەن ئەوەش بڵێم كە هیچ پاساوێك بۆ ئەو مووشەكبارانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ كوردستان نابینین و داوا دەكەین سنوورێك بۆ ئەم جۆرە هێرشانە دابنرێت.

داوا لە بەغدا دەكەین وەك سەروەریی خاكی عێراق كە ئەمە بەشێكە لە پێشێلكردنی سەروەریی گەوەری عێراق، لەم بابەتەدا بێتە دەنگ و سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییە دابنرێت كە لەسەر سەروەریی عێراق دەكرێت.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بەشدارم، به‌شدارى له‌ ڕاگه‌ياندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان، كه‌ دامه‌زراوه‌يه‌كى تا بڵێی گرنگ و زۆریش پێويسته‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان.

هاوكارى و پشتگيريى هاوبه‌شى حكوومه‌ت و كه‌رتى تايبه‌ت و زانكۆكان له‌ دامه‌زراوه‌يه‌دا، پێويست و گرنگه‌ بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ بايه‌خدان به‌ داهێنان و نوێگه‌رى. گه‌نجانى كوردستان به‌تايبه‌تى و هه‌ر كه‌سێكى خاوه‌ن بيرۆكه‌ى تازه‌ و داهێنه‌رانه له‌ هه‌ر بوارێكدا‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتگيرى و سه‌رخستنى بيرۆكه‌ و داهێنانيان، ئيتر ده‌توانن ڕوو لەم دامه‌زراوه‌يه‌ بكەن و پشت به‌م دامه‌زراوه‌يه‌ ببه‌ستن.

دڵنيام له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌ كوردستان به‌ ده‌يان گه‌نج و كه‌سانى به‌توانا هه‌ن كه‌ بيرۆكه‌ى نوێ و جددى و خه‌ون و خولياى داهێنانيان هه‌يه‌. ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و پشتگيرى هه‌بێت، ڕه‌نگه‌ ساڵانه‌ گه‌نجانى كوردستان بتوانن له‌ چه‌ندين بوارى زانستى و ته‌كنه‌لۆژى و پزيشكى و بواره‌كانى ديكه‌دا، بيرۆكه‌ى زۆر سوودبه‌خش و ته‌نانه‌ت داهێنانیش بدۆزنه‌وه‌ و پێشكه‌شی بكه‌ن.

ڕه‌نگه‌ زۆرێك له‌ ئێمه‌ چه‌ندين جار له‌ ڕاگه‌ياندن‌ بيستوومانە، بينيومانە، يان خوێندوومانەتەوە‌ كه‌ گه‌نجێك، قوتابييه‌ك، پيشه‌كارێك، كه‌سێك لێره‌ و له‌وێ، بيرۆكه‌ و داهێنانێكى هه‌يه‌ و به‌ هه‌وڵ و تێچووى شه‌خسيى خۆى كارى له‌سه‌ر كردووه‌‌، به‌ڵام زۆر ده‌گمه‌ن، ئه‌و بيرۆكه‌يه‌، يان ئه‌و داهێنانه‌ گه‌يشتووه‌ته‌ قۆناغى كۆتايى، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ خاوه‌ن و پشتيوانى نه‌بووه‌! ده‌رگايه‌كى نه‌بووه‌ بچێت لێى بدات و خۆى بسه‌لمێنێت.

ڕه‌نگه‌ نه‌بوونى ده‌زگا و دامه‌زراوه‌يه‌كى ئاوا، دڵى ده‌يان گه‌نج و داهێنه‌رى ئه‌م وڵاته‌ى ساركردبێته‌وه‌ لە كاركردن. ڕه‌نگه‌ چه‌ندين جار له‌ چه‌ندين بوارى جيادا، ئه‌وه‌نده‌ هيلاك و ماندوو بووبێ و بێهووده‌ به‌ هيچ ئه‌نجامێكى ئه‌رێنى نه‌گه‌يشبێ، له‌ كۆتاييدا كۆڵيان داوە و وازيان لە بیرۆكەی خۆیان هێناوە. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕاستييه‌كه‌ مايه‌ى داخه‌!

به‌ڵام ئێستا گه‌نجان و كه‌سانى خاوه‌ن بيرۆكه‌ى داهێنه‌رانه، ده‌توانن دامه‌زرانى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان (كه‌ى ئاى ئاى) وه‌ك مژده‌يه‌ك ببينن كه‌ له‌مه‌ودوا ده‌توانن ڕووى تێبكه‌ن. ده‌توانن بێن و له‌م دامه‌زراوه‌يه‌ خۆيان و بيرۆكه‌ و داهێنانيان بسه‌لمێنن. پشتگيرى و پشتيوانيى دارايى بۆ بيرۆكه‌ و داهێنانه‌كانيان بدۆزنه‌وه‌. له‌ ته‌نيا بيرۆكه‌يه‌كه‌وه‌، بيكه‌نه‌ كردار و گه‌شه‌ى پێ بده‌ن. بيكه‌نه‌ به‌رهه‌م و سه‌رچاوه‌ى داهات و ده‌ر‌فه‌تى كار بۆ خۆيان و بۆ گه‌نجان و بۆ خه‌ڵكى ديكه‌ش.

بوونى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى له‌ سه‌رۆكايه‌تيى بۆردى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌دا، بوونى ناوى ديارى كه‌رتى تايبه‌تى وه‌ك كار گرووپ و گرووپى قه‌يوان و زانكۆ و ناوه‌نده‌ ئه‌كاديمييه‌كانى كوردستان له‌ پاڵ ئه‌م دامه‌زراوه‌ و به‌ڕێوه‌بردنيدا، نيشانه‌ و به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كارێكى جددييه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئيتر هه‌موو خاوه‌ن بيرۆكه‌ و به‌هره‌دارێك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت، بتوانێت بێ دووڵى و به‌ متمانه‌ و دڵنياييه‌وه‌، له‌وێ خۆى و بيرۆكه‌ و داهێنانى خۆى بسه‌لمێنێت، گه‌شه‌ى پێبدات، وه‌به‌رهێنانى له‌سه‌ر بكات و بيكاته‌ به‌رهه‌م.

من دەزانم جەنابی سەرۆك وەزیران چەند بە گرنگییەوە باسی ئەو بیرۆكەیەی كردووە و كاری جددی لەسەر كردووە و ئەمە یەكێك بووە لەو خەونانەی كە بەردەوام لەگەڵ من و زۆر كەسی دیكە باسی كردووە. پێش ئەوەی كە ئەم ڕێوڕەسمە بكرێت، چەندین جار تەئكیدی لە من كردۆتەوە كە مەراسیمێك بۆ ئەو یەكجار زۆر گرنگە و پێويستە بەشدار بم، زۆر خۆشحاڵیشم كە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە هاتە پێشەوە و بە ڕاستی مەراسیمێكی زۆر گرنگە و جێی دەستخۆشییه‌ بۆ ئەم بیرۆكەیە لە جەنابیان و لەو بۆردەی كە ئەمڕۆ ئەم ئەنستیتيوتە بەڕێوە دەبەن. پیرۆزبایی و دەستخۆشییان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..

گه‌نجان و داهێنه‌رانى كوردستان، هيچيان له‌ هى وڵاتان كه‌متر نييه‌. خاوه‌ن توانا و به‌هره‌ و ئيراده‌ و خه‌ونى گه‌وره‌ن. دڵنيام ئه‌گه‌ر پشتگيرى و ده‌ستگيرۆيى و هاريكاريى پێويست هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌پيره‌وه‌چوون و هاندان و پێزانين بۆ بيرۆكه‌ هه‌بێت، بێگومان داهێنانیان دەبێت، گه‌نجانى ئێمه‌ ده‌توانن وه‌ك خه‌ڵكى ديكه‌ خۆيان بسه‌لمێنن.

ده‌توانن له‌ زۆر بواردا شوێنپه‌نجه‌ى خۆيان جێ بهێڵن و داهێنان‌ بكه‌ن. بۆيه‌ ئه‌ركى حكوومه‌ت و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه، هه‌موو پشتگيرى و يارمه‌تييه‌ك پێشكه‌ش به‌ خاوه‌ن بير و داهێنه‌ران بكه‌ن و خۆيان لێیان بكەن بە خاوەن.

هيوادارم دامه‌زراندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان هه‌نگاوى يه‌كه‌م بێت له‌ پرۆسه‌يه‌كى به‌رده‌وامى پشتگيرى و هاريكارى و كردنه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى زياتر و فراونتر بۆ هه‌ر به‌هره‌يه‌ك له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت. ببێته‌ مايه‌ى ئه‌وه‌ى دۆزينه‌وه‌ى زانستى به‌ ناوى گه‌نجان و داهێنه‌رانى كوردستان له‌ وڵات و هه‌نده‌رانيش له‌سه‌ر ئاستى جيهان تۆمار بكرێت.

ده‌بێ ئه‌م ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌ ببێته‌ هانده‌رێك كه‌ گه‌نجانى كوردستان، زياتر خۆيان ماندوو بكه‌ن، لێكۆڵينه‌وه‌، به‌دواداچوون و شه‌ونخونى بكه‌ن و بير بكه‌نه‌وه‌، كە ئەمە تاكە ڕێگەی سەركەوتنی كوردستان و پەڕينەوەی كوردستانه‌ لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی دیكەی زۆر گەورەتر. كوردستان چاوەی لە ئێوەیە و ئێوە دەبێت ئەو كەسە بن كە ئەم وڵاتە بەرەوپێش ببەن. ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ و بيرۆكه‌ و نه‌خشه‌ و پلانى داهێنه‌رانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن‌، ده‌ستى پێوه‌ بگرن و كۆڵنه‌ده‌ن تا ده‌يكه‌نه‌ ڕاستى و شانازييه‌ك بۆ خۆتان و خانه‌واده‌تان و وڵاته‌كه‌تان.

دامه‌زراوه‌يه‌كى وا ده‌توانێت چه‌ند ئاسانكارى و پشتگيرى بكات بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ به‌ ته‌واوى و بێ كێشه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ بگاته‌ ئه‌نجام و هه‌موو قۆناغه‌ ياسايى و زانستييه‌كانى تۆمار و مۆڵه‌ت و (مافى پارێزراو) و (مافى ياسايى) تێپه‌ڕێنيت.

بۆيه‌ دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ بيرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان (كه‌ى ئاى ئاى) و مه‌به‌ست و ئامانجى پشت دامه‌زراوەكە‌، مايه‌ى ده‌ستخۆشى و ڕێز و پێزانينه‌. به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ركيان كێشاوه‌ و كاريان كردووه‌ تاكو توانييان هاتنه‌كايه‌ى ئه‌م دامه‌زراوه‌يه‌ بكه‌نه‌ ڕاستى. هيوادارم له‌ داهاتوويه‌كى ئارام و سه‌قامگيردا ببێته‌ ناوه‌ندێكى به‌هره‌دارانى كوردستان له‌ وڵات و له‌ هه‌نده‌رانيش.

پيرۆزبايى له‌ گه‌نجان و خاوه‌ن بيرۆكه‌ و داهێنه‌رانى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ ئيتر ناوه‌ندێكى پشتئه‌ستوور به‌ پشتگيرى و هاريكاريى سێكوچكه‌ى (حكوومه‌ت ـ كه‌رتى تايبه‌ت ـ زانكۆ) هه‌يه‌ و ده‌بێته‌ تاقيگه‌ى ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ى بچن تيايدا خۆيان و بيرۆكه‌ و داهێنانيان بسه‌لمێنن.

هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌نستيتيوتى داهێنان و نوێگه‌ريى كوردستان و بەردەوامبوونیان دەخوازم،. ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌م.

سوپاس بۆ هه‌موو لايه‌كتان، ڕۆژێكى خۆش و بە خێر بێن.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-kurdistan-has-talented-and-creative-youth/

پەڕەى 4 لەکۆى 285 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی