سەرۆکی حکومەت: هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چیتر دوا نەخرێت

* ئێمە دژی شەڕین و نابێت چەک بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت
* هاووڵاتی سەنتەری بایەخپێدانی حکومەتە

ڕۆژی سێشەممە 11/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەمین ڕۆژی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بە زمانی ئینگلیزی، باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و جیهانی کرد و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
گفتوگۆیەکە لەلایەن مەریەم موشیری، بێژەر و پێشکەشکاری BBC ئەنجام درا.
ئەمەش بەشێکە لە وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەت له‌بارەی تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆیەکە:

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی حەماس - ئیسرائیل
بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکوو گەلێک زۆر شەڕمان بینیوە و دەزانین شەڕ چەنده‌ خراپ و وێرانکەرە. با لەوە دەستپێبکەم کە ئێمە دژی شەڕین و نابێت چەک بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت.


ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بکەین. ئەو خەڵکەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆکتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەکەی زۆر ڕوونە. خەڵکی سیڤل و بێ تاوان باجێکی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەرکۆنەی شەڕەکە و هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل دەکەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەک کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.زۆر ناخۆش و جێگەی خەمبارییە کە دەبینین ململانێیەکی دەیان ساڵە پشتگوێخراوە و دوای ئەوەی بووە شەڕی ڕووبەڕوو ئینجا باسی کێشەکە دەکرێت، بۆیە ئێمە وەکوو ئەوەی دوێنێش لە گوتارەکەمدا باسم کرد، دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگەنە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. کە شەڕ دەستیپێکرد نازانیت کەی کۆتایی دێت، بەڵام یەک شت بەدڵنیاییەوە دەزانین ئەوەیش ئەوەیە کە قوربانییەکان خەڵکی سڤیل و بێ تاوانن. دەبێت خەڵکی سیڤل بپارێزرێت و هەموومان نیگەرانین لە فراوانبوونی شەڕەکە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکەدا. هیوادارین کۆتایی شەڕەکە ببینین و چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم ململانێیە بێتە دی.

هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕی غەززە چییە
پێموایە باشترین شت عێراق کە دەتوانێت بیکات، ئەوەیە خۆی دووربخاتەوە لەم ململانێیە. عێراق بەشی خۆی کێشەی هەیە، ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێکی باشە. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمان داوە لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ئەو خەڵکەی پێویستییان پێیەتی، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا هیچ دەرفەتێک نەبووە ئەم هاوکارییانە بگەن.


ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە لەوێ، نەیانتوانیوە ئەو دەروازەیە بکەنەوە و دەرفەتیان نەداوە هاوکارییە مرۆییەکانمان بگەیەنینە ئەوێ، بۆیە عێراق دەتوانێت نێوەندگیری بکات و بە شێوەی ئاشتی دەتوانێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێت، کە ئەمە شتێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام پێموانییە دروشم هاوکاری ئەو خەڵکە بێت، بەڵکو ئەوان پێویستیيان بە دەرمان و خۆراک و ئاسایشە. دروشم هیچ سوودی نییە، بۆیە باشترین شت کە عێراق دەتوانێت بیکات، گەیاندنی هاوکارییە بۆ ئەو خەڵکەی پێویستی پێیەتی.

دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی
پێموابێت کاتەکە هەڵەبوو. من نامەوێ باسی بڕیارەکە بکەم، بەڵام کاتەکە باش نەبوو بۆ عێراق، چونکە زۆر کێشەی جیاوازمان هەن. ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە و کێشەی دیکەمان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین. ئەمە قەیران و کێشەیەکی نەخوازراو بوو و نەدەبوو ڕووبدات.


ئەگەر ڕێگەیەک هەبووایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەبووایە بە شێوازی جیاواز ئەم کێشەیە چارەسەر کرابایە. دەبووایە پەرلەمان ئاگادارکرابایەوە و دەبووایە پەرلەمان خۆی بڕیارەکە بدات، بەڵام دادگه‌یەکت هەبێت لە سەرووی هەموویانەوە بڕیاری تاک لایەنانە بدات، بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی کە دەبێت چۆن بێت. دۆخەکە بە گشتی لە عێراق هاوکار نییە.ئەمە کێشەیەکە جارێکی دیکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرەنسیپە سەرەکییەکانی هاوبەشی لە عێراقدا. عێراق چەند پێکهاتەیەکی تێدایە، سووننە یەکێکن لەو پێکهاتانە و دەبێت ڕێز لەوان و لە نوێنەرەکانیشیان بگیرێت. ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت قبووڵکراو بێت لەلایەن حکومەت و ئەو پێکهاتەیەش.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەو ململانێیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت هەیە، بەهۆی ئەوەیە وەکوو پێویست دەستوور جێبەجێ نەکراوە و ڕێزی لێ نەگیراوە. کوردستان چەند مافێکی هەیە لەنێو دەستووردا کە بەداخەوە پشتگوێ خراون. ئەم مافانە، مافی دەرهێنان، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتە. بەداخەوە ئەم چەند ساڵە کێشە و ململانێ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە.


پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە زۆر ڕوونە، ئایا ئێمە وڵاتێکی فیدراڵین یان عێراق وڵاتێکی مەرکەزییە؟ ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە. ئێمە پێمانوایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دابەش بکرێن و دەسەڵاتەکان بدرێنە ناوچە و هەرێمەکان وەکوو ئەوەی لە دەستووردا باس کراوە، بەداخەوە عەقلییەتێک لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی بەغدا هەیە کە قۆڕخکارە و دەیەوێت هەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە، ئەگەر تۆ وردی بکەی و سەیری کێشەی نەوتیش بکەی، دەبینین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە، بەڵام هیچ کاتێک مافی خۆمان وەکوو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، وەرنەگرتووە. کوردستان پابەندە بە دەستوور و ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کارمان کردووە لەسەر بابەتی نەوت و پرەنسیپەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو پشتیوانییەی لە حکومەتی فیدراڵییەوە پێویستیمان پێیەتی، لێمان نەکراوە.


ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا نێودوڵەتییەکانی بواری نەوت هەیە. ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەرکارن؛ بەدڵنياییەوە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لەم گرێبەستانە دەگرین، بەڵام تێچوو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت. کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستاندا کردووە، بەڵام لە بەغدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شێوازی گرێبەستەکان جیاوازن.


لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەغدا باسی نرخێک دەکات کە واقیعی نییە؛ شەش دۆلاری وەکوو تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان داناوە. بۆ نموونە لە کێڵگەی نەوتی گەیارە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت 34 دۆلارە، دەکرێت لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوت 6 دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە. ئێمە کە ئەم شتەیان پێ دەڵێین، دەڵێن ئەمە ڕێژەکەیە، چونکە لە بەشێکی دیکەی وڵات یەک دوو دۆلاری تێدەچێت. بەغدا ڕاست دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک بەغدا پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بەرمیلە نەوتانە دەدات بۆ هەر بیرە نەوتێک، بۆ هەر کۆمپانیایەک شەش دۆلاریان دەداتێ یان 34 دۆلار؟


بەداخەوە تاوەکوو ئێستا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دیاری نەکردووە و نازانن چەندە، ئەمە گفتوگۆیەکە لەگەڵ بەغدا کردوومانە لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەم ڕێککەوتنانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کردوویەتی. ئەمە مافێکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی و ئێمە بەهیچ شێوەیەک واز لەم مافە ناهێنین، بۆیە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا قسەمان کردووە، دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کاربکەین بزانین کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە، کاتێک ئەمە تەواو بوو، ئەوکاتە هەناردەکردنەوەی نەوت ئاسان دەبێت، چونکە بەبێ بەرهەم تۆ هەناردەت نابێت. بۆیە من چاوم لە بەرهەمهێنانە، کاتێ بەرهەمهێنانمان هەبوو، دەچینە قۆناغی داهاتوو ئەویش هەناردەی نەوتە لە ڕێگەی تورکیاوە.


ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامادەین (بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان)، بەڵام ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە. ئایە ئەوان تێچووی بەرهەمهێانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەدەن؟ ئەگەر توانییان، ئەوان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن. ئێمەش وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین، هەروەها بە دڵنیاییەوە بەرگری لەو کۆمپانیایانە دەکەین کە متمانەیان پێ کردووین. کاتێک ئەم ڕێککەوتنانە ڕێزیان لێ گیرا و حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکانی دا، بەدڵنیاییەوە نەوت هەیە بۆ هەناردەکردن.


شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کردووە و هەفتەی ڕابردووش شاند لە بەغداوە هاتوونه‌ته‌ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەبووە. چەند جار قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ كردووه‌، ئەویش تێگەیشتنی باشی هەیە، وەزارەتیش تێگەیشتنی باشی هەیە، بۆیە هیوادارم بگەینە ڕێککەوتنێک و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەینەوە.


چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم
بەداخەوە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، پشتی بە پارەی کاش بەستووە. ئابوورییەک پشتى بە پارەی کاش بەستبێت، سنووردارە و تۆ ناتوانی زۆر پەرەی پێ بدەی و ئەو سیستەمانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان بوون بەداخەوە زۆر سەرکەوتوو نەبوون و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبوون. ئەوەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمان داوە ئەنجامی بدەین، ئەوە بووە کە ژێرخانێک دابنێین پێویست بێت بۆ هاووڵاتی، چونکە لە کابینەی نۆیەمدا هاووڵاتی سەنتەری بایەخپێدانی حکومەتە و هەموو خزمەتگوزارییەک دابین دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی کە هاووڵاتییانمان زۆرترین سوودی لێ دەبینن، بۆیە دەبێت ئەم خزمەتگوزارییە بانکییانە بۆ هاووڵاتییان بەردەست بن.


پێویستە حکومەت پاڵپشتی لە بانکەکان بکات و مافەکانیان بپارێزێت. پێویستە سیستەمی بانکی بەردەوام گەشە بکات. ئێستا ئێمە پڕۆژەیەکمان دەستپێکردووە بە ناوی (هەژماری من). مەبەستمانە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 زیاتر له‌ یەک ملیۆن فەرمانبەری حکومەت بێنە نێو ئەم سیستەمەوە و تۆماربکرێن. ئەم مانگە پرۆسەکە لە دهۆک و سلێمانیش دەست پێ دەکات. هەموو فەرمانبەرێکی حکومەت دەخەینەوە نێو ئەم پرۆگرامەوە و کەرتی تایبەتیش بە کارکردن لەگەڵ بانکەکان دێتە نێو ئەم پرۆگرامەوە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە هەر بانکێک لەنێو ئەم پرۆگرامە بەشدارییان کردووە، زۆر بە خێرایی دەبنە گەورەترین بانک لەم وڵاتە و قازانجی زۆر دەکەن. بانک و هاووڵاتییان سوودمەند دەبن و بە دڵنیاییەوە ئێمەش ژێرخانێکمان دەبێت.
ئێستا خەریکین هەزار ATM لە هەرێمی کوردستان دابنێین، هەروەها 40 هەزار وێستگە و شوێنی پارەدانی ئەلیکترۆنی. خەڵکیش کە لە دەرەوە دێن دەتوانن سوودی لێ ببینن و کرێدت کارتەکانیان بەکاربهێنن نەک کاش هەڵبگرن. دەمانەوێت ئابووری خۆمان ببەینە قۆناغێکی باشترەوە و من زۆر گەشبینم.


ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
بەرنامەی من ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە و چەندین جار باسی ئەم بابەتەم کردووە. بەڵام پێویستە تۆ سیستەمێکت هەبێت کە خەڵکی گەندەڵ نەتوانێت سوودی لێ ببینێت. کاتێک هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە دیجیتاڵ دەکرێن، هەموو شتێک شەفاف دەبێت، ئەوکاتە زۆر زەحمەت دەبێت خەڵک بتوانن گەندەڵی ئەنجام بدەن. دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگەش هەست بە بەرپرسیارييه‌تی بکەن لەبارەی ئەم بابەتەوه‌.


گەندەڵی تەنها ئەوە نییە خەڵک فێڵت لێ بکات و پارە ببات، بەڵکوو بەفیڕۆدانی کاتیش گەندەڵییە. کاتێک فەرمانبەرێکی حکومی پارەی پێ درا بۆ ئەوەی خزمەت بکات، بەڵام دانیشتووە و هیچ ناکات، ئەمەش گەندەڵییە. بۆیە هەر لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە، دەستمان کردووە بە نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکە کاتی دەوێت تا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، بەڵام پێموابێت لەسەر ڕێگە ڕاستەکەین.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمئاوی
گۆڕانکاری کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی مایەی نیگەرانییە، ئەمە تەنها بەهۆی کەمئاوییەوە نییە، بەدڵنیاییەوە ئاو فاکتەری سەرەکییە، پێم وابێت ئەو پانێڵەی بەیانیش باسی ئەوەیان کرد، کە چەند ڕووبارەکان کەمیان کردووە، ئاوی ژێرزەوی کەمی کردووە، سوپاس بۆ خوا بارانێکمان هەبوو لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، دەبێت نزا بکەین بارانی زیاتر ببارێت، پلانمان هەیە بەنداوی گەورە دروست بکەین.


بۆ ئەوەی کە ئاو گل بدەینەوە و بتوانین بە شێوەیەکی باشتر سوودی لێ وەربگرین، واتە ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە پلانەکانی ئێمە، کە کاری لەسەردەکەین، ئەم بەیانییە گوێم لەوە بوو، باسی گاز کرا، ئەو گازەی لە بیرە نەوتەکان دێتە دەرەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو کارەمان کردووە، ئێمە گازمان کردووەتە کارەبا، بڕیارێکمان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە هەیە، کە دەبێت هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەو گازەی کە دێتە دەرەوە و بەفیڕۆ دەچێت جارێکی دیکە بۆ وزە بەکاربهێنرێتەوە، ئەمە تەنها کاری ئێمە نیيە بەڕاستی، ئەمە بەرپرسیاريه‌تییەکی گشتگیرە لەلایەن کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیيەوە، ئێمە بینیومانە کە خەڵکی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ئاوارە دەبن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، ئەم کۆچی بەکۆمەڵە دەکرێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ئەوروپا بکرێت، بۆیە ئەگەر ئەم کۆچی بەکۆمەڵە مایەی قبوڵکردن نییە، دەبێت شتێک بکەین، بژاردەی دیکەمان لەبەر دەستە، بەرپرسیارييه‌تی دارایی هەیە کە دەبێت هەر کەسێک ئەم بەرپرسیارەتییە قبوڵ بکات. بزانین كه‌ چۆن سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان بدۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرا و دواتر كۆچی به‌كۆمه‌ڵ ده‌ستی پێكرد و چوونه‌ وڵاتانی دیكه‌وه‌، ئەوە له‌گه‌ڵ خۆیاندا كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌كانیان ده‌به‌نه‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بێیت سه‌یری كێشه‌كه‌ بكه‌یت، كه‌ به‌ ته‌نها به‌ هاوكارییه‌كی دارایی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، دواتر ده‌بێت بێیت پاره‌ی زیاتریان پێ بده‌یت و كێشه‌ی ئه‌منی و ئابوورییان له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆتدا بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌یت. با من شتێك بڵێم؛ ئه‌مه‌ پێشبینی نییه‌ و ئێمه‌ له‌ناو دۆخه‌كه‌داین و ڕووداوه‌كه‌ ڕووده‌دات و ده‌یبینین، به‌ڕاستی بابه‌تێكی زۆر جیددییه‌، ده‌بێت دونیا به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن. پێم وایه‌ خه‌ڵكی عێراق به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه زیاتر کەوتوونەتە ژێر‌ كاریگه‌رییە نەرێنییەکانی کەشوهەواوه‌ ، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی خۆمان هه‌یه‌.


تواناكانی گه‌نج له‌ هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی: گه‌نج داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ن، من له‌وانه‌م كه‌ بڕوام وایه‌ ده‌بێت هاوكاری ته‌واوی گه‌نجان بكه‌ین، له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی من ستافێك هه‌یه‌، كه‌ پێم وایه‌ خه‌ڵكی زۆر گه‌نجن و له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانن و له‌ ئۆفێسه‌كه‌ی من كار ده‌كه‌ن و ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتریش ده‌بن. ئه‌مه‌ پاڵنه‌رن و له‌ پشته‌وه‌ی داینه‌مۆی چاكسازیدان و من وه‌به‌رهێنان له‌ تواناكانیان ده‌كه‌م و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م و هاوكاری ئه‌م گه‌نجانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ لێهاتوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند پرۆگرامێكمان هه‌ن ده‌ستیان پێكردووه‌، بۆ نموونه‌ ئێستا شتێكمان هه‌یه‌ به‌ ناوی ئەنستیتوتی داهێنان و نوێگەری له‌ كوردستان و هاوكاری ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌كات كه‌ بیرۆكه‌ و توانای نوێ و داهێنەرانەیان هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا پرۆژه‌ی (گه‌شانه‌وه‌)مان ڕاگه‌یاندووه‌ و قه‌رز ده‌ده‌ینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بزنسیان هه‌یه‌ و خاوه‌نكار و كارسازن و ده‌توان قه‌رز له‌ بانكه‌كان بكه‌ن و كاری خۆیان بكه‌ن. بۆیه‌ من باوه‌ڕی ته‌واوم به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌رفه‌ت به‌ گه‌نجان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كار و بزنسی خۆیانیان هه‌بێت و بتوانن ستافی خۆیان دابمه‌زرێنن، ئه‌مه‌ زۆری ده‌وێ و بۆ حكومه‌ت تێچووی زۆری ده‌بێت، هه‌روه‌ها حكومه‌تیش له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زۆر تێچووی له‌سه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بچنه‌ ناو ئه‌و پڕۆژانه‌ و نابێت ته‌نیا چاویان له‌سه‌ر حكومه‌ت بێت وه‌كوو تاكه‌ شوێن بۆ دامه‌زراندن، به‌ڵكوو ده‌بێت چاویان له‌ كه‌رتی تایبه‌تیش بێت، ئه‌وه‌ی من هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌نجامی بده‌م و پێی بگه‌م، ئەوەیە ژینگه‌یه‌ك دروست بكه‌م و هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت بم، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ بكات و خه‌ڵكی بتوانن ده‌رفه‌تی کارکردنی زیاتریان هه‌بێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت هه‌مواركردنه‌وه‌ له‌ یاسا و ڕێككاره‌كان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌نشینی و مافی خانه‌نشینی ئه‌و كه‌سانه‌ پارێزراو بێت له‌ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كی زۆر گه‌وره له‌ ڕووی فراوانبوونی كه‌رتی تایبه‌ت‌ دروست ده‌كات، كه‌ زۆر زۆر گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری ناوچه‌كه‌مان.


ڕاستە خه‌ڵك خواستی هه‌یه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێت و بۆ ده‌رفه‌تی كار بچێته‌ وڵاتێكی دیكه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ كوردستان ڕوونادات، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو وڵاتان ئه‌مه‌ ڕووده‌دات، به‌و مانایه‌ی له‌ وڵاتێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ وڵاتێكی دیكه‌ و به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌ی كاردا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام من پێت ده‌ڵێم ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 100 هه‌زار كارمه‌ندی بیانیمان هه‌یه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌رفه‌تی كارمان نه‌بێت، چۆن ئه‌م 100 هه‌زار كه‌سه‌ بیانییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن؟ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت كارمان كردووه‌ و پێمان گوتوون كه‌ ده‌بێت 75%ـی كارمه‌نده‌كانیان هێزی كاریان ده‌بێت خه‌ڵكی خۆجێیی بن. بۆیه‌ ئه‌م ده‌رفه‌تانه‌ی كار بۆ خه‌ڵكی هێز له‌ ئاستی خواستی ئێمه‌دا نییه‌، به‌ڵام هه‌موو كارێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی خۆمان هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێنین. شتێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی هاوبه‌شه‌، واتا خه‌ڵك نابێت وه‌ها سه‌یری حكومه‌ت بكات وه‌ك تاكه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو حكومه‌ت به‌شیكه‌ له‌و خه‌ڵكه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانیش هاوكارمان بن، واته‌ ده‌بێت خه‌ڵكیش به‌رپرسیاریيه‌تی هه‌ڵبگرێت، به‌رپرسیاریه‌تييه‌كی هاوبه‌شه هه‌یه‌، واته‌ هه‌موومان ئه‌رك و مافمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌ركه‌كانمان به‌جێبهێنین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.


ڕۆڵی ئافره‌ت له‌ كایه‌ی گشتی
مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا وه‌زیری ئافره‌تمان هه‌یه‌، كه‌ پێم وایه‌ له‌ مێژووی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت نا، به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كاندا، ئێمه‌ ئافره‌تمان هه‌یه‌ كار ده‌كات. من با شتێكت پێ بڵێم، من باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌ت به‌ ئافره‌تان بدرێت ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی جیاوازن، بەڵکوو دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ئافره‌تان زیره‌كن و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ زیره‌ك و لێوه‌شاوه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ ئیمه‌ پێویستمان پێیه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان پێ بده‌ین، واته‌ بۆ ئافره‌تان و پیاوان وەک یەک هەبێت، منیش به‌دیاریكراوی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م و كابینه‌كه‌ی منیش ئه‌مه‌ ده‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ دامه‌زراوه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كاروباری ئافره‌تان، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، ئێمه‌ هاوكاری ئه‌و ئەنجومەنە و هاوكاری هه‌موو ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌بێت به‌شداری ئافره‌تانمان زیاتر بێت، ئه‌مه‌ شتێكی كولتوورییه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵكی خۆشمان كه‌ ده‌بێت زۆر پاڵپشتی ئافره‌تان و به‌شدارییان له‌ كۆمه‌ڵگادا بكه‌ن.


وه‌ك چۆن كار ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووری كوردستان و داهاتمان، ئێمه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆر ده‌سه‌ڵاتمان به‌ ئیداره‌ خۆجێییه‌كان و ئیداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری زۆریان پێ بگه‌یه‌نین، كاتێكیش ده‌مانه‌وێت خزمه‌تگوزاری زۆریان پێ بگه‌یه‌نين، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستیيان به‌ كارمه‌ندی زیاتر هه‌یه‌، بۆیه‌ دیسان