فەلاح مستەفا سەردانی وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیای كرد

  • سێ شەممە, 29 ت یەکەم 2013

لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە چاوی كەوت بە هیو ڕۆبەڕستن وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.

 

لەو دانیشتنەدا كە خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا و ژمارەیەك لە كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئامادەبوون، هیو ڕۆبەڕستن پیرۆزبایی لە سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان كرد و سەرسامی خۆی بەو هەموو پێشكەوتنە دەربڕی. لە هەمان كاتدا دڵگرانی خۆی نیشاندا بۆ هێرشە تیرۆریستەكەی شاری هەولێر.

دواتر بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پوختەیەكی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عیراق و دوایین پێشهاتەكان پێشكەش بە وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

بەرێزیان باسی لە پەیوەندیەكانی نیوان هەولێر و بەغدا كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە وەك هەموو كاتێك حكومەتی هەرێم ئامادەیە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا لە ڕێگای ووتوێژەوە چارەسەر بكات. ئاماژەشی بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا كە لە پەرلەمانی عیراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و ووتی هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە كە ناكرێت ئەوە قەبوڵ بكەین مافی گەلی كورد لە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمانی عیراق بفەوتێندرێت و دەنگەكانی بە فیڕۆ بچێت.

فەلاح مستەفا جەختی لەسەر سیاسەتی كرانەوەی حكومەتی هەرێم كردەوە لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەهێزتر كردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

بەڕێزیان بە فەرمی داوەتی وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد بۆ سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان و ئەویش داوەتنامەكەی قەبوڵ كرد و ووتی لە نزیكترین دەرفەتدا ئەو سەردانە ئەنجام دەدا.

لە لایەكی ترەوە فەلاح مستەفا داوای لە حكومەتی بەریتانیا كرد كە ئاسانكاری زیاتر پێشكەش بكات بۆ پرۆسەی بەخشینی ڤیزە و كردنەوەی هێڵی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان.

پەیوەندیەكان لەگەڵ توركیا و تەنگژەی سوریا و پەنابەرانی لە هەرێم بابەتێكی تری گفتوگۆكانی نێوان هەردوولابوو. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە داوای هاریكاری لە حكومەتی بەریتانیا و ڕێكخراوە خێرخوازی و نا حكومیەكانی بەریتانیا كرد بۆ ئەوەی هاریكاری پێشكەش بە پەنابەرانی سوریا بكەن كە ژمارەیان گەیشتۆتە 235 هەزار پەنابەر.

وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حكومەتی بەریتانیا ئامادەیی ووڵاتەكەی دووپات كردەوە بۆ گوێگرتن لە داواكاریەكی حكومەتی هەرێم و پێشكەشكردنی هاریكاری بۆ پەنابەران.

 

لە لایەكی ترەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ماڕك بڕاون بەڕێوەبەری گشتی یارمەتیە مرۆییەكان و ئاسایش و ئابوری نیودەوڵەتی لە وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا ئەنجامدا.

لەو دانیشتنەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو وەزارەتە ئامادە بوون فەلاح مستەفا كورتەیەكی لەسەر بارودۆخی پەنابەرانی سوریا كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن پێشكەش بە لایەنی بەریتانیا كرد. هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك هاریكاری پێشكەش بەو پەنابەرانە دەكات و لە بودجەی خۆیەوە دەیەها ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی ئەو پەنابەرانە خەرج كردووە.

بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئەو پەنابەرانە ڕوووو لە زیاد بوون دەكات و پێداویستیەكانیان زیاتر دەبێت، بە تایبەت كە بەرەو زستان دەچین. داواشی كرد كە حكومەتی بەریتانیا هاریكاری مرۆیی پێشكەش بكات بەو پەنابەرانە. هەروەها داوای كرد كە هانی ڕێكخراوە مرۆیی و ناحكومیەكانی بەریتانیا بدەن بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی كوردستان و هاریكاری ئەو پەنابەرانە بكەن. هەروەها داوای كرد كە كار بكرێت بۆ پێشكەشكردنی هاریكاری تەكنیكی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ئەو كەمپانە بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكان.

وەزارەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا لە لای خۆیەوە بەڵێنی ئەوەی دا كە كاری جیددی بكەن بۆ ئەوەی لە ڕێگای حكومەتەكەیان و ڕێكخراوە مرۆییەكانیان هاریكاری پێشكەش بە پەنابەرانی سوریا بكەن. لەسەر داوای بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمیش بڕیاریان دا تیمێك بنێرن بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەسەركردنەوەی كەمپەكانی پەنابەران و لە نزیكەوە كێشەكانیان ببینن هاریكاری مرۆییان بكەن. لە لایەكی تریشەوە ئامادەباشی خۆیان دەربری بۆ گوێگرتن لە پێشنیار و داواكاریەكانی حكومەتی هەرێم بۆ چۆنیەتی یارمەتیدانی پەنابەراكان و دابینكردنی هاوكارییە مرۆییەكان. 

 

هەر لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا فەلاح مستەفا بەشداریكرد لە كۆبوونەوەیەكی گرووپی جینۆساید لە بەریتانیا. لەو كۆبوونەوەیەدا بەڕێزیان سەرەتا سوپاسی ئەو گرووپەی كرد بۆ هەموو هەوڵ و كۆششەكانیان بۆ بەنێوودەوڵەتیكردنی پرسی جینۆسایدی كورد.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی دوایین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی كرد. ئاماژەشی بەوەدا كە لە ئەمریكا لە هەوڵداین بۆ دروستكردنی گروپێكی پشتگیری لە گەلی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمریكا.

هەڵویستی حكومەتی هەرێمی بۆ ئامادەبووان دووپات كردەوە لە پەرەپێدان بە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و كاری بەردەوام بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی گرووپەكە كە پێكهاتوون لە شارەزایانی بوارەكانی جینۆساید و یاسای نیودەوڵەتی و پەرلەمانتار و سیاسەتوان ئەوەیان دووپات كردەوە كە بەردەوام دەبن لە پشتگیریكردنیان لە گەلی كوردستان بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی گەلی كورد.

Read کد خبر: 201

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی