ئەمڕۆ شەممە 21ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەك ڕید سێناتۆری ویلایەتی ڕۆدئایڵەند لە پارتی دیموكراتی ئەمەریكا و ئەندامی كۆمیتەی بەرگریی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازی ئەمەریكایی.

لە دیدارەكەدا سێناتۆر جەك ڕید سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و هەروەها لە گوتەیەكدا پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتییكردنی شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها ئازایەتیی پێشمەرگە و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سوپاسی دەستكراوەیی و بەخشندەیی خەڵكی كوردستانیشی كرد كە لە بارودۆخێكی زۆر سەختدا سەدانهەزار ئاوارەیان لەباوەش كردووە و دەیانپارێزن. لە درێژەی قسەكانیدا سێناتۆر ڕید ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەڕووی دابینكردنی چەك و پێداویستی زیاتر هاوكاری بكرێت و وڵاتەكەی كار بۆ ئەم بابەتە دەكات. هەروەها جەختیشی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستان كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی پشتیوانیی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و وێڕای ئاماژەدان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ هێمای بەوەدا كە كوردستان ئەوەی لەدەستی هاتووە لەشەڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی لێقەوماوان كردوویەتی و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش تەنیا یەك ڕێگە هەیە ئەویش شەڕكردن و شكاندنیەتی و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم شەڕە بەتەنیا شەڕی كوردستان و هاوپەیمانان نییە بەڵكو پێویستە شەڕی هەموو لایەك بێت لەگەڵ تیرۆریستان و ئەوەی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤی دەوێ پێویستە لەم شەڕەدا بەشدار بێت. هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تەنیا ڕێگەچارەی سەربازی كافی نییە بەڵكو لەڕووی فكری و ئابوورییەوە دەبێ شەڕی تیرۆریستان بكرێت و و ڕێگە لە هاتوچۆیان بگرن و پێویستە وڵاتان كار بۆ نەهێشتنی ئەو ناوەندانە بكەن كە تێیدا هزی تیرۆر و توندڕۆیی بڵاو دەكرێت.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو ناوچانەدا كە لەژێر دەستی داعش ڕزگاركراون و ئەوەی باسكرد كە پێشمەرگە یارمەتیی ئەو خەڵكانەی داوە كە دەستیان لەگەڵ داعش نەبووە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە چارەنووسی ئەو كەسانەی یارمەتیی داعشیان داوە و لەگەڵ داعش ڕۆییشتوون بە چارەنووسی داعش بەستراوەتەوە و هەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت.

هەر لەم دیدارەدا ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان قسەی لەبارەیەوە كرا و ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵیش خرایە بەر باس.

پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و قۆناغی دوای داعش تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بۆب كۆركێر سێناتۆری ویلایەتی تێنیسیی لە پارتی كۆماری و بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی ئەمەریكایی پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا سێناتۆر بۆب كۆركێر سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆریستانی داعش گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و ڕایشیگەیاند كە گەلی ئەمەریكا پێزانینێكی زۆری بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هەروەها پەنادانی ئاوارەكان و ئەو پێكەوەژیان و میانڕۆییە هەیە كە لە كوردستاندا بەرقەرارە. سێناتۆر بۆب كۆركێر وێڕای ئاماژەدان بە سەرسامیی خۆی و ئەمەریكاییەكان بە ڕۆڵی سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسی ڕایگەیاند كە لە كەشی پڕ لە كێشە و قەیرانی ئێستادا سەرۆك بارزانی یەكێك لەو كەسایەتییە گرنگانەیە كە جیهان زۆر پێویستیەتی.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سێناتۆر بۆب كۆركێر و شاندی یاوەری كرد و هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستانن و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باش وەسف كرد. هەروەها دەستخۆشیشی لە پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە لەو شەڕە ئاڵۆزەدا كە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەكرێت تەنیا بۆ یەكجاریش خەڵكی مەدەنی نەكراونەتە ئامانج و ئۆپڕاسیۆنەكان بە سەركەوتوویی بەڕێوەدەچن. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەركی شەڕی تیرۆر نابێ تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بێت بەڵكو پێویستە وڵاتانی دیكەیش بەشدار بن و لەڕووی فكری و ئابوورییەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و و ڕێگە لە هاتوچۆیان بگرن و پێویستە وڵاتان كار بۆ نەهێشتنی ئەو ناوەندانە بكەن كە تێیدا هزی تیرۆر و توندڕۆیی بڵاو دەكرێت و خەڵك فێری توندڕۆیی دەكەن.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و چۆنییەتی باشتركردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكە كرا.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و ئاییندەی سووریا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سەربازی و سیاسی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ژۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا فەرماندەیئۆپڕاسیۆنەتایبەتەكانیسوپایئەمەریكاسوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و پێزانینی هەبوو بۆ ئازایەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئاماژەیشی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە كرد كە ئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە و بە بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییە لە ئاییندەیشدا بەیەكەوە هەنگاوی باش دەنێن. فەرماندەیئۆپڕاسیۆنەتایبەتەكانیسوپایئەمەریكالە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەو بارە قورسەی لە شەڕی تیرۆردا لەسەر شانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانە ئەوەی دووپات كردەوە كە سوپای ئەمەریكا ئەوەی لە توانای دابێت بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە دەیكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گیانفیدایی و قوربانیدانی پێشمەرگە كە توانی لەسەر ئەرز ئوستوورەی داعش تێكبشكێنێت، سوپاسی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانانی كرد بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و، پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانی بە كاریگەر وەسف كرد. سەرۆك بارزانی هێمای بە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش دا و ئەوەی خستە ڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەم شەڕە لەخۆی دوور بكاتەوە و لە مەترسییەكانی بەدوور بێت. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە تەك چارەسەری سەربازی شەڕی فكری داعش بكرێت و سەرچاوەی داهاتیان وشك بكرێت و ڕێگەی هاتوچوویان بگیرێت و ئازادیی هاتوچووی تیرۆریستان لە نێوان وڵاتان نابێ لەسەر حیسابی ئاساییشی جیهانی بێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەرێم و بەغدا لە شەڕی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەماهەنگیی هێزە عێراقییەكان لە شەڕی داعش باسی لەسەر كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئازادكردنی كۆبانێ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و شاندی میوان ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی هێز كوردییەكانی كۆبانێی بەرز نرخاند و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ دووپاتكردەوە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی