پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2015/1/4، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، میحوه‌ری ڕۆژئاوای دیجله‌ی له ناوچه‌ی سحێلا و سنووری زوممار به‌سه‌ر كرده‌وه و له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده و به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی میحوه‌ره‌كه، بارودۆخی ناوچه‌كه و دوایین پێشهاته سه‌ربازییه‌كان و پێشڕه‌وییه به‌رده‌وامه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له به‌ره‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆرستانی داعشدا تاوتوێ كرد و له پێویستییه‌كانی پێشمه‌رگه و به‌ره‌كانی جه‌نگی كۆڵییه‌وه.
پاشان به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ناوه‌ندی شارۆچكه‌ی زومماری به‌سه‌ر كرده‌وه و سه‌ردانی هه‌ردوو باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی زومماری پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمیته‌ی زومماری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، كه ته‌نیا دوو باره‌گای حیزبه كوردستانییه‌كانن دوای ڕزگاركردن و ده‌رهێنانه‌وه‌ی زوممار له ده‌ست تیرۆرستانی داعش، گه‌ڕاونه‌ته‌وه شارۆچكه‌كه. له دوو دیداری جیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ردوولادا، باس له ڕه‌وشی شارۆچكه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی و پێداویستی و خزمه‌تگوزارییه‌كان كرا و به‌تایبه‌تیش جه‌خت له كێشه‌ی نه‌بوونی كاره‌با و په‌له‌كردن له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێڵی كاره‌بای نیشتمانی كرا. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ڕایگه‌یاند كه لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان ڕاده‌سپێرێت تا به زووترین كات كار له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه بكرێت و هه‌وڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان بدرێت.
دوای نیوه‌ڕۆش له دوایین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌و سنووره، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، باره‌گای ده‌سته‌ی نه‌وتی نه‌ینه‌وا و كۆمپانیای نه‌وتی باكووری له عه‌ینزاله به‌سه‌ر كرده‌وه. له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و سه‌رپه‌رشتیارانی ده‌سته و كۆمپانیاكه، بارودۆخی ناوچه‌كه و سروشتی كار و گرنگیی پاراستنی ئه‌و دامه‌زراوانه، دوای پاككردنه‌وه‌یان له تیرۆرستانی داعش، خسته به‌ر باس و تاوتوێ كرد.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 31ی دیسه‌مبه‌ری 2014دوایین ڕۆژی ساڵدا به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز كرد.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی له ڕووداوه‌كانی ساڵی 2014 كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌مساڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان ساڵێكی سه‌خت و پڕ له كێشه بوو، چونكه له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا و دوای ئه‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان به درێژاییی زیاتر له هه‌زار و سه‌د كیلۆمه‌تر، كه‌وته به‌ر هێرشه تیرۆرستییه‌كانی داعش، به‌ڵام وێڕای ئه‌مانه ساڵی 2014 چه‌ندین سه‌ركه‌وتنیشی بۆ كوردستان تێدا بوو.
ده‌رباره‌ی بڕینی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له مێژووی وڵاتاندا یه‌كه‌مجاره به بڕیارێكی تاكه‌كه‌سیی سه‌رۆك وه‌زیران، بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌شێك له وڵات ببڕدرێت، به‌مه‌ش سته‌مێكی زۆری له فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی كوردستان كرد. هه‌روه‌ها ئه‌م بودجه و مووچهبڕینهی به زه‌نگێكی وشیاربوونه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان له قه‌ڵه‌م دا، بۆ ئه‌وه‌ی چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به بارودۆخ و سیسته‌می دارایی و كارگێڕیی خۆیدا بكات. باسی له‌وه‌ش كرد كه ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه له دوایین دانوستانه‌كاندا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال، به ڕاشكاوی پێگوتوون: به‌و ڕه‌فتاره، وانه‌یه‌كتان پێداین كه هه‌رگیز جارێكی دیكه نه‌توانین وه‌ك پێشتر مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ڕۆڵی مه‌ردانه و جوامێرانه‌ی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستانی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌رز نرخاند كه بوێرانه و به خوێن و گیانی خۆیان به‌رگری له كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌كه‌ن و گوتی: "به گه‌وره‌یی و به ڕێز و حورمه‌ته‌وه له قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه و له ڕۆڵى خۆبه‌خشان و كه‌مئه‌ندامانیش ده‌ڕوانین و به ناوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین و پرسه و سه‌ره‌خۆشی له خانه‌واده و كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌كه‌ین، هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازین".
ڕوونیشی كرده‌وه كه وێڕای سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه، كه‌موكوڕی و كێشه‌ش هه‌یه و پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێن. نه‌بوونی هێزێكی نادامه‌زراوه‌یی و دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی به‌نیشتمانیكردنی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنی له چوارچێوه‌ی هێزێكی دامه‌زراوه‌ییی نیشتمانیی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا، به دیارترین ئه‌و كه‌موكوڕی و كێشانه له قه‌ڵه‌م دا، كه هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای كرد سه‌ره‌تا شێوازی شه‌ڕكردنی داعش بۆ پێشمه‌رگه نامۆ بێت، تا دوایی پێڕا گه‌یشت و توانی قاره‌مانانه به‌ره‌نگاری تیرۆرستان ببێته‌وه و تێكیان بشكێنێت و ڕۆژانه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره تۆمار بكات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئاماده‌كاری پێویست بۆ شه‌ڕێكی وا چاوه‌ڕواننه‌كراو له هه‌رێمی كوردستان، نه‌بووه.
له‌مباره‌یه‌شه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له 2004ه‌وه و دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، خه‌می یه‌كه‌م و چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه بووه وڵات ئاوه‌دان بكرێته‌وه و له هه‌موو بواره‌كاندا پێشكه‌وتن به‌دی بێت و خۆشگوزه‌رانی بۆ كوردستانیان فه‌راهه‌م بكرێت، نه‌ك له‌گه‌ڵ ڕێكخراوێكی تیرۆرستیی وه‌ك داعش بكه‌وێته شه‌رێكی نه‌گریسه‌وه. هه‌روه‌ها به ناوی حكوومه‌ته‌وه سوپاسی ئه‌مه‌ریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی كرد كه له شه‌ڕی دژی تیرۆردا یارمه‌تیى كوردستانیان داوه و ته‌قه‌مه‌نی و هاوكاریی سه‌ربازی و مرۆییان پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان كردووه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كێتی و یه‌كڕیزیی لایه‌نه كوردستانییه‌كان و به‌شداركردنیان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره ناوزه‌د كرد، به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخه سه‌خته‌ی كه له ڕووی دارایی و جه‌نگی دژی تیرۆره‌وه، هاتووه‌ته ئاراوه. به ناوی خۆی و به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌وه، سوپاسی وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانی كرد كه هه‌وڵیان داوه كاری باش بكه‌ن و چاكسازی له وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه و داموده‌زگا حكوومییه‌كاندا بكه‌ن. ڕوونیشی كرده‌وه كه له‌مباره‌یه‌وه هه‌موو كاره‌كان به جارێك ناكرێن و كێشه‌ش ده‌بێ، به‌ڵام گرنگ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازییه و هیوای خواست هه‌وڵ و كۆششیان بۆ چاكسازی و ڕێكوپێككردنی وه‌زاره‌ته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له ساڵى 2015دا باشتر بكه‌ن.
هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵك و كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی كرد كه له‌م قه‌یرانه داراییه‌دا به‌رگه‌ی بێبودجهیى و بێمووچه‌یی و دواكه‌وتنی مووچه‌یان گرت و به بیری هێنایه‌وه كه پێشتریش له نه‌وه‌ده‌كان مامۆستایان هه‌مان هه‌ڵوێستیان نواندووه و وێڕای نه‌بوونی مووچه، نه‌یاهێشت پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن ڕابوه‌ستێت. دووباره هه‌موو فه‌رمانبه‌رانیشی دڵنیا كرده‌وه كه مووچه‌ی هیچ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رێك نافه‌وتێت. سوپاس و ده‌ستخۆشیشى له خه‌ڵكی كوردستان كرد كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بۆ پێشوازی و داڵده‌دانی ئاواره و په‌نابه‌ران، هاوكارییان كردووه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هیوای ساڵێكی تازه‌ی پڕ له كامه‌رانی و سه‌ركه‌وتنی بۆ كوردستانیان خواست و باسی له‌وه كرد كه ساڵی تازه سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ست پێده‌كرێت و ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
پاشان له بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری له ڕاپۆرتێكدا هێڵه گشتییه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2015 خسته ڕوو و ڕوونی كرده‌وه كه له مانگی یه‌كی ساڵی تازه‌دا وه‌زاره‌ت ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ی خه‌رجییه‌كانی ساڵی 2014 بڵاو ده‌كاته‌وه و تیایدا چۆنیه‌تیی خه‌رجییه‌كانی ساڵی 2014 ده‌خاته ڕوو. ڕاشیگه‌یاند كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا بودجه‌ی حكوومه‌تی فیدرال په‌سه‌ند نه‌كراوه، بۆیه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش هێشتا ئاماده نه‌كراوه، به‌ڵام كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر كێشه و گرفته‌كانی زیاده‌ڕۆیی له خه‌رجییه‌كان و دووپاتی كرده‌وه كه وه‌زاره‌ت له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه له‌به‌ر قه‌رز و ئه‌و كێشه و پێویستیانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ساڵی 2015ش له ڕووی داراییه‌وه ساڵێكی ئاسان نابێت و ده‌بێ زۆر ڕێكاری جددی بگیرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت هه‌رێمی كوردستان له قه‌یرانی دارایی ڕزگار ببێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌ستخۆشی له به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری كرد و دووپاتی كرده‌وه ده‌بێ ئه‌و پره‌نسیپه جێگیر ببێت و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌وه بزانن و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه بكه‌ن كه عیراق و هه‌رێمی كوردستان له قه‌یرانێكی ئابووریدان و ده‌بێ خه‌رجییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌بێ ئیتر واز له چاره‌سه‌ركردنی كاتی بۆ كێشه‌كان بهێنرێت و هه‌نگاوی جددی و كرده‌یی بۆ زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان بنرێت و میلاك له هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان ڕێكبخرێته‌وه. ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانیش چه‌ندین سه‌ره‌نج و تێبینیان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه خسته ڕوو.
له دوایین بڕگه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بنه‌ماكانى پرۆژه یاساى پێكهێنانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه و دامه‌زراندنى پارێزگار و جێگره‌كانى به‌ده‌ر له یاساى پارێزگاكان په‌سه‌ند كرد. به‌پێى ئه‌م پرۆژه یاسایه كه بۆ په‌سه‌ندكرنى، ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه داده‌مه‌زرێت و ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 30ى دیسه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى كۆمارى چینى میللی‌دا له ساڵۆنى هۆتێلى دیڤان له هه‌ولێر كرد، كه به به‌شداریى به‌ڕێزان جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چین و شاندێكى یاوه‌رى و ژماره‌یه‌كى دیارى میوانان له كونسولهكانى وڵاتانى بیانى له هه‌ولێر و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێوه چوو.
له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به به‌شداریكردنى له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، به‌خێرهاتنى به‌ڕێز جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چین و شاندى یاوه‌رى كرد، كه به‌تایبه‌تى بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا هاتوونه‌ته هه‌ولێر.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا چین یه‌كێك له زلهێزه‌كان و ئابوورییه گه‌وره و سه‌ركه‌وتووه‌كانى جیهان و ئه‌ندامێكى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و خاوه‌ن پێگه و شوێنێكى دیار و كاریگه‌ریى به‌رچاوه له ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا و هه‌رێمى كوردستان كه سیاسه‌تى "ده‌رگاى كراوه" په‌یره‌و ده‌كات، هه‌میشه خوازیارى ئه‌وه بووه په‌یوه‌ندیى پته‌وى له‌گه‌ڵدا هه‌بێت و هه‌وڵى داوه له هه‌موو بواره‌كاندا په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ى بنیاتنراو له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، له‌گه‌ڵ چیندا دروست بكات.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى چینى له هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌مین هه‌نگاوى گرنگ و فه‌رمیى بنیاتنانى په‌یوه‌ندییه‌كان و ده‌ستپێكى قۆناغێكى تازه، كه ده‌بێته ده‌رفه‌تێكى باش تاكوو هه‌ردوولا گرنگیى زیاتر به فراوانكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن و هه‌موو بواره‌كانى سیاسى، ئابوورى، ژێرخانى، كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى بگرێته‌وه، له قه‌ڵه‌م دا، به‌تایبه‌تى كه هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێ سوود له ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووه‌كانى چین له هه‌موو بواره‌كاندا وه‌ربگرێت. جگه له‌وه‌ى كه به كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى چین، هه‌ر پێنج ئه‌ندامى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، ئێستا له هه‌ولێر كونسولخانه‌یان هه‌یه و ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵیى هه‌رێمى كوردستانه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك چۆن بۆ پرۆسه‌ى بنیاتنان و پێشكه‌وتن، چاوى له هاوبه‌شه، به هه‌مان شێوه‌ش چاوى له پشتگیرى و هاوكاریى زیاترى دۆستان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت باشتر به‌سه‌ر تیرۆرستاندا سه‌ركه‌وێت، كه به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی و ڕاسته‌قینه‌ی بۆ سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، له قه‌ڵه‌م دا.
تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان به ته‌نیا نییه و ڕاسته پێشمه‌رگه له‌سه‌ر زه‌وى ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بووه‌ته‌وه، قوربانى ده‌دات، ده‌ستپێشخه‌رى خستۆته‌وه ده‌ست خۆى و ڕۆژانه داعش تێكده‌شكێنێت، به‌ڵام جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه پشتگیرى و هاوكاریى دۆستانى هه‌ێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش هێرشه ئاسمانییه‌كان، پشتیوانییه‌كى گه‌وره‌ن بۆ پێشمه‌رگه و مۆراڵێكى گه‌وره‌یان به خه‌ڵكى كوردستان به‌خشیوه، كه مایه‌ی سوپاس و ڕێز و پێزانینه.
بۆیه هیواى خواست چینیش به كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتى له هه‌ولێر، چ له ڕووى سه‌ربازییه‌وه، چ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى مرۆیى، كه له ئه‌نجامى هه‌بوونى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ى ناوخۆ و په‌نابه‌رى سووریا، ڕووى له هه‌رێمى كوردستان كردووه، به شێوه‌یه‌كى كاراتر هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوه و خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى كه ئه‌مڕۆ چین خوازیاره په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بخاته قۆناغێكى تازه‌وه و كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر، به ماناى هه‌بوونى متمانه‌ى چین به ئێستا و دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان و پێگه‌ى دیارى هه‌رێم له ئاستى عیراق و نێوده‌وڵه‌تیدا، ناوزه‌د كرد.
له كۆتاییى وته‌كه‌یدا سوپاسى كونسولى گشتیى كۆمارى چینى له هه‌رێمى كوردستان كرد، كه وه‌ك گوتى: "به‌ر له وه‌رگرتنى ئه‌م پۆسته‌ش، به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه، په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بدات"، بۆیه هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها سوپاسى چینى كرد بۆ ئه‌و هاوكارییه مرۆییانه‌ى كه پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستانى كردووه.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی دیسەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوزای لە بەڕێز "پاولۆ جێنتیلۆنی" وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنان؛ تیشكی خستە سەر دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووپات كردەوە كە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە، بە تایبەت تیشكى خسته سه‌ر كاریگەریی هێرشە ئاسمانییەكان له گۆڕێنی باڵانسی شەڕ و ئاماژەی بە قوربانییەكانی پێشمەرگە و بەرگریی قارەمانانەیان له بەرنگاربوونەوەی تیرۆردا، كرد.
هەروەها باسی لە ڕەوش و پێویستییه‌كانی ئاوارە و پەنابەران كرد و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتنی هاوكاریی بەپەلە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانهوه كردەوە، بە تایبەت كە وەرزی سەرما و سۆڵە و زستان گەیشت و ئاواره‌كان لە بارودۆخ و ڕەوشێكی نالەباردان و ئەوپەڕی پێویستییان بە هاوكاریی بەپەلە هەیە. سوپاسی سەرۆك وەزیران و سەرۆك ئەركانی سوپای ئیتالیایشی كرد كە لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانه بوون دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمى كوردستان؛ سەردانی هه‌ولێریان كرد، هه‌روه‌ها سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا نارد.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستییان بە هاوكاریی ئیتالیا هه‌یه بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەورووپا هان بدەن تا لە پرسی ناساندنی كارەساتی ئێزدییەكان بە جینۆساید لە ئاستی جیهاندا؛ هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراقیش باسی لە دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و هیوای خواست ڕێككەوتنهكە ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمایەكی واقعبینانە و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ به‌ڕێز سەرۆك وەزیران و حكوومەتی نوێی عێراق دووپات كرده‌وه.
لای خۆیەوە بەڕێز پاولۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوی ئیتالیا وێڕای پێشكەشكردنی پیرۆزبایی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری؛ باسی لە ڕۆڵی دیاری كورد له هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا كرد و بە ڕۆڵێكی زۆر گرنگی لە قەڵەم دا، هه‌روه‌ها دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینى بۆ ڕۆڵی پێشەرگە و خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك ئامادەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستانە و پێشتریش هاوكاریی سەربازی و مرۆییان پێشكەش كردووە و چەند تیمێكیان مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە پێشمەرگە ده‌كه‌ن و ئەو تیمانە لە ڕۆژانی داهاتوودا فراوانتر دەكرێن. دووپاتیشی كردەوە كە ئیتالیا هەم لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و هەم بە شێوەیەكى ڕاستەوخۆش، هاوكاریی هەرێم دەكات.
به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتالیا باسی لەوەش كرد كە دوای ڕزگاركردنی شوێنەكان، ئیتالیا دەتوانێت لە بواری ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەدا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات و لەم بوارەشدا خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەندن. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی به پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتالیا دەربڕی و هیوای خواست ئەو نووسینگە دیپلۆماسیەی له هه‌ولێر هه‌یانه، لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا ببێتە كونسوڵخانە و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی ئیتالیا بڕیاری له‌سه‌ر داوە. سەرسامی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئارامی و پێشكەوتوویی شاری هەولێر نیشان دا و بە شارێكی مۆدێرن و ئارام و سەقامگیری لەقەڵەم دا.
دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ هەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕێكخرا و سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتى:
ئێوارەتان باش، بەخێر بێن..
خۆشحاڵین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دەكەین كە ئەمڕۆ سه‌ردانى كردووین، هەروەك دەزانن به‌ڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا خۆی لە كەسانی یەكەم بووە كە دوای ئەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەرەو كوردستان هاتن، هات سەردانی هەولێری كرد و دواتر سوپاسالاری ئیتالیاش سەردانی ئێمەی كرد و ئیتالیا وەك بەشێك لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەی دژی تیرۆریستان دروست بوو، لە ڕووی تەقەمه‌نی و چەك و یارمەتیی مرۆیی و هاوكاریی سەربازییه‌وه، یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە. ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی ئەو تەوەرانە و پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و ئیتالیامان كرد، هەروەها باسی ئەو هاوكاریانەمان كرد كە ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووه و دەینێرێت. هەرێمی كوردستان سوپاسگوزاری ئەو یارمەتییەیە و هیوادارین ئەو پەیوەندیانەی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەگشتی لەگەڵ ئیتالیا لە ئایندەدا زیاتریش ببێت.
دواتر وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە وتەیەكدا، پیرۆزباییی سەركەوتنی پێشمەرگەی لە سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه كه سه‌ركه‌وتنه‌كانى شه‌نگال لە ڕووی مۆراڵه‌وه كاریگەریی زۆری لەسەر ڕای گشتی دروست كرد و گرنگیی خۆی هەبوو و گوتی:
زۆر سوپاس، كۆبوونەوەیەكی زۆر گرنگ و بەسوودمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نێچیرڤان بارزانی هەبوو، من حەز دەكەم لە سەرەتادا پیرۆزبایی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بكەم بۆ ئەو دەستكەوتە سەربازیانەی لە شه‌نگال بە دەست هاتن و ئەمەش زۆر گرنگ بوو لە ڕووی مۆراڵه‌وه، چونكە نیگەرانییەكی زۆر لاى ڕای گشتی لەوبارەوە هەبوو و جەخت لەسەر ئەم بارودۆخە دەكرایهوە، بۆیە توانای پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی شه‌نگال لە ڕووی سیمبۆلى و مۆڕاڵه‌وه، زۆر گرنگ بوو.
هەروەها وەك سەرۆك وەزیران گوتی، ئێمە باسی هاوكاریی هاوبەشی نێوانمان كرد لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە دژی داعش پێكهاتووە، بە تایبەتی هاوكاریی سەربازی و خۆشحاڵم كە لە ڕۆژی یەكەمەوە یەكەم تیمی ئێمە لە مامۆستا و ڕاهێنەر و مەشقكارانی سەربازیی ئیتاڵی، گەیشتۆوونەتە هەرێمی كوردستان و لە ئایندەدا ژمارەیان دەگاتە 280 كەس، بەڵام ئێستا 35یان گەیشتوونەتە هەولێر بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لەسەر ئەو سیستەمەی چەكی ئیتاڵی كە بۆ ئه‌وانمان دابین كردووە.
ئێمە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی هاوكاریی مرۆییمان كرد كە ئەمەش ئەركێكی قورس و سه‌خته لەسەر هەرێمی كوردستان و لە ڕووی هەبوونی په‌نابه‌ر و ئاوارەى ناوخۆوه، حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستۆتە ژێر بارێكی قورسه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتى: ئیتالیا لەمبارەیەوە بەرنامەی خۆی هەیە و دەستپێشخەریی ئەوەی هەبوو كە 12 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریی مرۆیی دابین بكات، بەڵام ئێمە بیرمان لە دەستپێشخەریی دیكە كردۆتەوە بۆ هاوكاریی مرۆیی، بە تایبەتی كە ئێستا لە وەرزی زستانداین، بۆیە دەمانەوێ لەم ڕووەوە هاوكار بین. ئێمە هەروەها جەخت لەسەر باشتركردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولامان دەكەینەوە، جگە لە خەبات لە دژی تیرۆریستانی داعش، دەمانەوێ پەیوەندییەكانمان لە زۆر بواردا بچێتە پێشه‌وه، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و كولتووریەوە، چونكە دەكرێ كاری زۆر لەسەر هەردوو بوار بكرێت، كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولای تیادایە، ڕاستە ئێستا ئەو هاوكارییە هەیە و لە زۆر بواریشدا بەدی دەكرێت، هەروەها تیمی تایبەتمان لە بواری شوێنەواردا هەیە و بە ڕەچاوكردنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی لە ڕووی سەربازییەوە بە دەست هاتوون، ئەگەری هاوكاری لە زۆر بواردا زیاتر دەكات.
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئاشكرای كرد، هه‌موو ئه‌و فڕۆكە ئیتالیانهى یارمه‌تى و هاوكارى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌هێنن، پێشتر له به‌غدا ده‌نیشنه‌وه ئینجا دێنه هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عیراقه و گوتى: ئێمه له‌م داوایه تێده‌گه‌ین. ڕوونیشى كرده‌وه لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا، تێبینیی ئەوەی كرد ئەوان بەرنامەی خۆیان هەیە و بە بەیاخەوە دەڕواننە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەولێر ئیمزایان كردووە و هیوای خواست جێبەجێی بكەن.
لای خۆیەوە به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بارودۆخی دەشتی نەینەوا و ڕزگاركردنییه‌وه، ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ئۆپه‌راسیۆنى سەربازیش بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی مه‌سیحییه‌كان بۆ شوێنەكانی خۆیان، ڕاگرتن و پاراستنی ناوچەكە كارێكی گرنگترە و گوتی: بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مووسڵ، ئەم كارە زەحمەت دەبێت، نیگەرانیی ئێمە لە بارەی پاراستنیانە دوای گەڕانەوەیان. ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ مووسڵ كارێكی سەختە، بەڵام هاوكاریكردن بۆ گەڕانەوەی ئەم خەڵكە بۆ زێدی خۆیان لە پێشینەی كارەكانی ئێمەیە و ناشتوانین كاتەكەی دیاری بكەین.
به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەوەی خستە ڕوو كه وڵاتەكەی چەكی بە هەرێمی كوردستان داوە و پێكهاتبوو لەمووشەكی RBG و دژه‌تانك، ئەمە جگە لە هەبوونی مەشقكار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لەسەر بەكارهێنانی و ئاماژەی بەوەش دا فڕۆكەكانی ئیتالیا لە بنكەی سەرەكیی خۆیانەوە لە كوێت كاری خۆیان ئەنجام دەده‌ن و جۆری فڕۆكەكانیش TORNADO و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانن كه ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئیتالیاى له‌سه‌ره.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشكى خسته سه‌ر بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو و ڕوونى كرده‌وه كوردستان بە كاتێكی سەختدا تێپەڕی، لە هەمان كاتیش‌دا گەشبینیی خۆی بە حكوومەتی تازەی به‌ڕێز عه‌بادی نیشان دا و دووپاتی كردەوە ئێستا قۆناغێكی دیكەی پەیوەندییەكان دەست پێدەكات، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه عه‌بادی سەردانی كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستا كاتی سەردانەكە دیار نیە و گوتی : لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی كاركردنمان لەگەڵ حكوومەتی تازەی عیراقدا هەیه بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
هه‌روه‌ها گوتى ئێمە مانگی ڕابردوو سەردانی بەغدامان كرد و گەیشتینە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی پرسی نەوت و داهاته‌وه بۆ هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی نەوتى ڕۆژانه لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەگەڵ هاوكاریكردنی بەغدا بۆ هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نه‌وتى ڕۆژانه لە نەوتی كەركووك. هیوادارین بگەینە جێبەجێكردنی ئه‌م ڕێككەوتنە لە سەرەتای مانگی یەكی ساڵی تازە، بە هەبوونی كەشوهەوایەكی تازە و هیوادارین سوودی لێ وەربگرین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، هەروەها پێویستە بەغداش 17%ی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق بنێرێت كە تا ئێستا ئێمە 11%مان وەرگرتووە، ئەم ڕێككەوتنەش بۆ ماوەی یەك ساڵە و هیوادارم لەم كاتەدا بگەینە ڕێككەوتنی تەواو و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوكاریەك.
دوایین شت له وه‌ڵامى پرسیارێكدا به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا گوتى: پێزانینمان بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه هه‌یه كه له جیاتى هه‌موو جیهان له‌سه‌ر زه‌وى به هاوكاریى هێزى ئاسمانیى هاوپه‌یمانان شه‌ڕى داعش ده‌كات، ئه‌مه ته‌نیا هه‌ستى من نییه، هه‌ستى ڕاى گشتیى ئیتالیاش هه‌ر ئه‌مه‌یه. به‌شداریى پێشمه‌رگه له شه‌ڕه‌كانى كۆبانێشدا به‌رز ده‌نرخێنین و هاوكارییه‌كى باشه بۆ ئه‌و شهرڤانانهى له وێ ده‌جه‌نگن.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 22ی دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، پێشوازی له خاتوو ’’فێدێریكا مۆگێرینی’’ به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئهوررۆپا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
دواتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا خاتوو مۆگێرینی، ده‌ستخۆشی و پیرۆزباییی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له ناوچه‌ی شه‌نگال له گه‌لی كوردستان و پێشمه‌رگه كرد و ڕایگه‌یاند كه به‌م بۆنه‌یه‌وه، ئه‌مڕۆ له به‌غداش پیرۆزباییی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له حكوومه‌تی عیراق و به‌ڕێزان سهركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردووه. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه له ناوچه‌ی شه‌نگال، بۆ مۆرالی پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت بۆ مۆرالی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش شتێكی گرنگ و زۆر باشه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و جه‌نگی دژی داعش خرایه به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه داعش بۆ سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی مه‌ترسییه و ده‌بێ به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌ره‌نگاری ببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كجاری له‌ناو بچێت. له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه شه‌ڕی داعش ته‌نیا به شێوازی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتوو نابێت، به‌ڵكوو ده‌بێت شه‌ڕی بیری داعش بكرێت و له ڕووی هزری و په‌روه‌رده‌ییشه‌وه به‌ره‌نگاری ببینه‌وه.
هه‌روه‌ها گرنگیی ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و پشتگیریی مرۆیی و سه‌ربازیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریی كارا و كاریگه‌ری هێزه ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ پشتگیری له پێشمه‌رگه به به‌رزی هه‌ڵسه‌نگێندرا و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی سوپاس و پێ‌زانین بۆ ئه‌و هاوكاری و پشتگیرییه، داكۆكی له‌وه كرده‌وه كه پێشمه‌رگه پێویستی به هاوكاریی زیاتر و چه‌كی قورس و ڕاهێنان هه‌یه. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بوو، تیشكی خسته سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕ و پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه. لای خۆیه خاتوو مۆگێرینی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هه‌وڵه‌كانیان بۆ هاوكاری و پشتگیریی پێشمه‌رگه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت.
ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران و پێداویستییه‌كانیان، به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتری ئاواره‌كان كرده‌وه و داوای كرد یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هه‌وڵی زیاتر بدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م وڵاتانی ئه‌ورووپا و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ئاوڕی جددیتر له كه‌یسی ئاواره‌كان بده‌نه و هاوكاریی زیاتریان پێشكه‌ش بكه‌ن، وه‌ك چۆن حكوومه‌تی عیراقیش ده‌بێ زیاتر به‌هانایانه‌وه بێت.
له كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوایین ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ، ڕه‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی و كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر، تاوتوێ كران.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 21ى دیسه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى پێشوازى له به‌ڕێز سیناتۆر "پات ڕۆبه‌رتس"، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا كرد.
له دیدارێكدا به‌ڕێز سیناتۆر ڕۆبه‌رتس خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى كوردستان ده‌ربڕى، به تایبه‌تى كه سه‌ردانه‌كه‌ى هاوكاته له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وى و سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه و خۆى بووه‌ته شاهیدى سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه له ناوچه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى. هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد كه كورد له مێژوودا هه‌میشه چه‌وسێنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام توانیویانه خۆیان ڕزگار بكه‌ن و وه‌ك جه‌نگاوه‌رى به‌رگریكار له مافه‌كانیان ناسروان. سوپاس و پێزانینى خۆیشى بۆ قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه ده‌ربڕى و هیواى خواست پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه تا ده‌گه‌نه ئه‌نجامى كۆتایى، به‌رده‌وام بن.
به‌ڕێز سیناتۆرى میوان ڕوونى كرده‌وه تیرۆرستانى داعش كه به تیرۆركارى و دڕه‌نده‌یى و تۆقاندن، مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى دروست كردووه، به ته‌نیا دوژمنێكى سه‌رسه‌ختى عیراق و سووریا نین، به‌ڵكوو دوژمنى ته‌واوى مرۆڤایه‌تین و ده‌بێ به یه‌كجارى بنه‌بڕ بكرێن و نه‌مێنن. هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستان و دووپاتى كرده‌وه كه پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى باشتر ببن و هاوكاریى زیاتر پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆر ببێته‌وه و سه‌ربكه‌وێت.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى بۆچوون و تێبینییه‌كانى كرد و تیشكى خسته سه‌ر دوایین پێشهات و پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه، به تایبه‌تى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م ڕۆژانه‌ى پێشمه‌رگه له ناوچه‌ى شه‌نگال و داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه ڕاسته پێشمه‌رگه سه‌ركه‌وتنى باشى به ده‌ست هێناوه، به‌ڵام بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى، پێویستى به هاوكارى و چه‌كى قورس و و مه‌شق و ڕاهێنان هه‌یه. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌مه‌ریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانى كرد كه هێرشه ئاسمانییه‌كانیان بۆ سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه، هاوكار بوون.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها باسى له ڕه‌وش و بارودۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران كرد، به تایبه‌تیش ئاواره ئێزدى و مه‌سیحییه‌كان كه ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه و حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه بۆ ئه‌وه‌ى به‌هانایانه‌وه بچن و هاوكارییان بكه‌ن و ئارامى و سه‌قامگیرییان بۆ دابین بكه‌ن. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه تا له ئاواره‌ییدان، ئه‌وه‌ى له توانادا بێت هاوكارییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێگومان ئه‌وان پێویستییان به هاوكاریى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه.
له دیدارێكدا به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى هۆله‌ندا كه جارى یه‌كه‌مه سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، خۆشحاڵى به سه‌ردانى كوردستان و سه‌رسامیى خۆى به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و ده‌ستخۆشى له حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستان كرد كه له سه‌ره‌تاى ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991 و دواى ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عسه‌وه له 2003، هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وتنى زۆر گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه بینیوه و له هه‌موو بواره‌كاندا پێشكه‌وتووه.
له دیداره‌كه‌دا دوایین پێشڕه‌وى و سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه له شه‌نگال و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى باسیان لێوه كرا و به‌ڕێز وه‌زیرى هۆڵه‌ندى پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتنه‌كانى له به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كرد و خۆشحاڵیى خۆى به پێشڕه‌وییه‌كانى پێشمه‌رگه نیشان دا. هه‌روه‌ها پشتگیریى مرۆیى و سه‌ربازیى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و ئاماژه‌ى به چالاكییه سه‌ربازییه‌كانى هۆڵه‌ندا له شه‌ڕى دژى تیرۆردا كرد و تیشكى خسته سه‌ر به‌شداریكردنى هێزه ئاسمانییه‌كانى هۆڵه‌ندا له‌و هێرشانه‌دا كه هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش ئه‌نجامیان ده‌دات. هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر ڕه‌وشى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان.
په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هۆڵه‌ندا به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو كه تیایدا هه‌ردوولا خواستى خۆیان بۆ بره‌ودان به‌و په‌یوه‌ندییانه و به تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه بۆ هه‌ردولا گرنكن، دووپات كرده‌وه، وه‌ك بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و كشتوكاڵ و هاوكارى له كه‌رتى وزه‌دا. هه‌روه‌ها باس له كار و چالاكییه‌كانى كۆمپانیا هۆڵه‌ندییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى به‌ره‌وپێشبردن و كاركردنى زیاتریان كرا.
دوایین ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرال و هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له بنیاتنانه‌وه‌ى عیراقى دواى 2003 و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، پرسى كورد و پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى له توركیا، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و سووریا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و كاریگه‌رییه‌كانى شه‌ڕى داعش له ناوچه‌كه، چه‌ند بابه‌ت و ته‌ورێكى دیكه‌ى دیدارى هه‌ردوولا بوون. دواى ئه‌وه‌ش له كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا تیشكیان خسته سه‌ر ناوه‌ڕۆكى دیداره‌كه و وه‌ڵامى رۆژنامه‌نووسانیان دایه‌وه.
له سه‌ره‌تاى كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان، هۆڵەندای بە وڵاتێكی گرنگ بۆ كوردستان له قه‌ڵه‌م دا، بەتایبەتی لەو كاتە سەختانەی سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ده‌ى ڕابردوو كه هەرێمی كوردستان پیایدا تێپه‌ڕی و لە كاتی ئێستاشدا وەك ئەندامێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش و یارمەتیدانی پێشمەرگەی كوردستان.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی به‌ڕێز كۆندەرس نیشان دا و ئاماژەی بەوەدا كه ئەمە یەكەمجارە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و گوتی:
بە خێر بێن، ڕۆژتان باش،
خۆشحاڵین ئەمڕۆ بەیانی پێشوازیمان لە جەنابی وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كرد، كە جەنابیان یەكەمجارە سه‌ردانى كوردستان ده‌كه‌ن و ئێمە ئەم هاتنەی بەڕێزیان بۆ هەرێمی كوردستان بە پشتگیریی گەلی كوردستان و عیراق بە شێوەیەكی گشتی دەبینین. هۆڵەندا یەكێك بووە لەو وڵاتانەی لە سەرەتای ساڵی 1991ـەوە بەشداری لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان كردووە و بەشێك بووە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەوكات بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و ئێستاش جارێكی دیكە بەشێكە لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەی لە دژی تیرۆریستان هەیە، بۆ پشتگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان.
ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا لەسەر كۆمەڵێك تەوەر قسە و باسمان كردووە كە یەكێكیان، چۆنیەتیی مەشقپێكردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە بوو. پرسى دووەمیش: چۆنیەتیی پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆیی و هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان بوو، هەروەها چۆنیەتیی بەشداریكردنی هۆڵەندا لە پێشخستن و یارمەتدانی كوردستان لە ڕووی ئابووریەوە.
بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكەمان زۆر باش بووە، بە ناوی حكوومەتی كوردستان بەخێرهاتنی جەنابی دەكەین، و ئەویش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە سه‌ردانى كوردستانی كردووە، هاوكاتە لەگەڵ ئەو سەركەوتنانەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بەدەستیان هێناوە.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وێڕای خۆشحاڵی بە سەردانی كوردستان و پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە، دووپاتی كردەوە كه وڵاتەكەی هەمیشە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە بواری وزە و كشتوكاڵدا و تیشكی خستە سەر بەرنامەی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو دیدارانەی بە نیازە ئەنجامی بدات و گوتی: زۆر سوپاس، جەنابی سەرۆك وەزیران، سوپاسی ئەو پێشوازیەتان لێ دەكەم كە لە من و شاندی هۆڵەندیتان كرد. زۆر خۆشحاڵم بەوەی كە یەكەمجارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەم، بە ڕەچاوكردنی پردی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا، خۆشحاڵین ببینین ئەم پەیوەندییە پێش دەكەوێت و لە دوو قۆناغی جیادا بەیەكەوە بووین، لە نەوەدەكان و ئێستاش.
ئێمە كۆبوونەوەیەكی باشمان لەگەڵ سەرۆك وەزیران و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو، تیایدا باسمان لە تیرۆری داعش كرد، خۆشحاڵیش بووم بەوەی كۆمەڵگەی ئێوە ئامادەییی خۆی بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر نیشان داوە و دەستخۆشی لە گەل و حكوومەتی ئێوە دەكەین، بۆ ئەو پێشوازییە لەو پەنابەر و ئاوارانەی ناوەوە و دەرەوەی عیراق، بە تایبەتى سووریا.
لێرەدا دەمەوێ پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران بكەم بە بۆنەی ئەو سەركەوتنەی لە دژی داعش بەدەستی هێنا لەو ماوەیەی دواییدا. هێزەكانی ئێوە هێزی باش و ئازا و پیشەگەرن و ئەو سەركەوتنانە زۆر مەزن بوون، بە تایبەتى لە شوێنێكی وەك شه‌نگال كە خەڵكێكی زۆری تیادا كوژرا، خەڵكێكیش تووشی ئازار و ئەشكەنجە بوون.
ئێمە لە هۆڵەندا پشتگیرییەكی تەواوی گەلی عیراق دەكەین و لەو چوارچێوەیەشدا لە گەلی كوردستان. لە ڕێگەی فڕۆكەی F16 ـه‌وه كە بەشدارییان لە چالاكییە سەربازییەكان كردووە بۆ شەڕی دژی تیرۆر و لەناوبردنی داعش. لە بەرنامەشماندایە كار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی هێزە سەربازییەكان بكەین لە عیراق و كار بۆ ناردنی 100 ڕاهێنەر و شارەزا لەم بواره‌دا دەكەین. ڕاستە ئێوە هێزی ئازا و شەڕكەرتان هەیە، بەڵام زۆر جار بە هۆی نەبوونی ئامێری تایبەت بۆ پشكنین، بە تایبەتی بۆ پشكنینی مین و بۆمبی چێندراو، تووشی زیان دەبن.
ئێمە لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران كردمان، خۆشحاڵین بەوەی باسی زۆر شتمان كرد كە بۆ هەردوولا گرنگن و مایەی خۆشحاڵیمانە هەردوولا پابەندیی خۆمان بەو پرسانە دووپات كرده‌وه كە باسمان لێ كردن و هیوادارین بتوانین پەیوەندییەكانمان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، بە تایبەتیش لە بواری ئابووریدا. ئێمە چالاكیی بازرگانیی باشمان لێرە هەیە و هیوادارین باشتر و زیاتریش ببن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی پرسی وزەمان كرد و باوەڕی تەواوم هەیە كە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ هۆڵەندا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە خۆی، خۆی بەڕێوە دەبات، بتوانین پەیوەندییەكانمان چاكتر و چالاكتریش بكەین. هاوبەشیمان بۆ شەڕی دژی داعش دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەكانمان زیاتر و درێژتر و بەردەوامتریش بن.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش سەردانی كامپێك دەكەم كە ڕێكخراوی MAG كاری لەسەر دەكات بۆ هۆشیاركردنەوە و ئاگاداربوون لە زەرەر و زیانەكانی مین. هەروەها سەردانی كامپی بەحركەش دەكەم، لەو سەردانانەشدا ئێمە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتیان كە لە مەترسییەكانی مین و بۆمبی چێندراو ئاگادار بن و زۆر بە پەرۆشەوەم جارێكی دیكە بگەڕێمەوە كوردستان، لە بارودۆخێكدا كە ترس و نیگەرانیی داعشی تیادا نەمابێت.
من لە یەكەمین سەردانمدا بۆ هەولێر دیدێكی باش و ئه‌رێنیم لەبارەیەوە وەرگرت و بە بەراوردكردن لەگەڵ بارودۆخی نالەباری ئەوسای ناوچەكە لەساڵی 1991 و دوای ڕووخانی ڕژێم لەساڵی 2003، پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان سەرنجیان ڕاكێشام و هیوادارم جارێكی دیكە بێمە ئێرە و پێشكەوتنی زیاتریش ببینم.
به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بەشداریی وڵاتەكەیهوه لە شەڕی دژی داعش، ڕوونى كرده‌وه كه فڕۆكەی F16 ی تایبەت بە سوپاسی هۆڵەندا، چالاكانە بەشداریی شەڕی دژی داعشیان كردووە و پاڵپشتیی پێشكەوتنەكانی پێشمەرگەی كردووە، ئەمە جگە لە دابینكردنی جلوبەرگ و كەرەستەی پێویست بۆ پێشمەرگە، كه ئەمەش ورەی زیاتر بە پێشمەرگە دەدات. هاوكات باسی لە بەرنامەی ڕاهێنان و مەشقی تایبەتی لە ڕێگەی وڵاتەكەیانەوە بۆ پێشمەرگە كرد و دووپاتی كردەوە ئەوان دەیانەوێ هەوڵەكانیان لەمبارەیەوە پیشەگەرانە بێت.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانیش لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی وادەی مەشقپێكردنی پێشمەرگە له لایەن هۆڵەنداوە كە بۆ ماوه‌ى ساڵێكە و ده‌كرێت نوێ بكرێته‌وه یان نا؟، گوتی: بەشداریكردنی هۆڵەندا یارمەتیدەرێكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا. كارەكە دەستپێكێكی باشە بۆ یەك ساڵ بەپێی بڕیاری پەرلەمانی هۆڵەندا و حكوومەتیش پێیەوە پابەندە و ئەگەر دوای ئەوە پێویست بوو، ده‌كرێ داوای زیاتر مانەوەیان بكەین بۆ یارمەتیدانی زیاتری پێشمەرگە.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ڕوونی كردەوە، وڵاتەكەی یەكێكە لە وڵاتە كۆمەكبەخشە گەورەكانی جیهان لە ڕووی پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆییه‌وه بۆ ئاوارەكانی ناوخۆ كە لە ئاكامی تیرۆری داعش، یانیش بە هۆكاری دیكەوه لە ناوچەكە، ئاوارە بوون. ئاشكراشی كرد كه لە میانی ساڵی 2014 دا وڵاتەكەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری خه‌رج كردووە و لە ساڵی داهاتووشدا ئه‌م بڕه هاوكارییه زیاتر دەبێت. هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد كە بۆ عیراق نزیكەی 17 ملیۆن یارمەتیی مرۆیی هەبووە، ئەمە جگە لە هاتنی دوو كاروانی دیكەی یارمەتیی مرۆیی.
هەروەها گوتی : ئێمە بە ڕوونی بە پەرلەمانمان ڕاگەیاند، ئەو پارەیەی تەرخان كراوە، مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەمە جگە لە هێزی سەربازیی تایبەت لە بەغدا و جگە لە چالاكییە ئاسمانیەكانیش بۆ پاڵپشتیی هێزەكانی پێشمەرگە.
هاوكات وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ستایشی پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە كاتێكی سەختدا هاتوونەتە دی و خۆشحاڵیی خۆیشی بە گەیشتنی هەولێر و بەغداى بە ڕێككەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان نیشان دا و بە ڕێگایەكی نوێی لە قەڵەم دا بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكیی ئابووری و بازرگانی و دووپاتیشی كردەوە هۆڵەندا لەم بوارەدا دەتوانێت زۆر شت پێشكەش بكات.
لە بارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەش لەدەڤەری شه‌نگال، به‌ڕێز سەرۆك وه‌زیران دەستخۆشی لە پێشمەرگە كرد و سوپاسی كردن كە لەم پرۆسەیەدا بەشدار بوون و گوتی: ئێمە سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین، دەستیان، چاویان ماچ دەكەین و دەشزانین كارێكی زۆر سه‌ختیان كرد، بەڵام زۆر بە سەركەوتوویی، وەك دەشزانن ئەم پرۆسەیە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە و لە هەموو شوێنەكانیش جەنابیان بە وردی چاودێری كردە و ئۆپەراسیۆنەكانی پێشمەرگه‌ى كردووە، بەڵام شه‌نگال بۆ ئێمە وەكوو كورد پرسێكی یەكجار زۆر گرنگە و تەنانەت بۆ جەنابی سەرۆكیش گرنگ بوو خۆی لەو مەسەلەیەدا بەشدار بێت.
سوپاس بۆ خوا ناوچەیەكی یەكجار زۆر لە دەستی ئەوان ڕزگار بوو، هه‌رچه‌نده تا ئێستا ناوشارى شه‌نگال بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكراوە، بەڵام پێشڤەچوون هەیە و بە هیوای ئەوەین پەنا بەخوا لە زووترین كاتدا گوێمان لە هەواڵی خۆش ببێت و ئەمەش زیاتر بۆ فەرماندە سەربازیەكانی ئەوێ بەجێ دەهێڵم تا ئەوان قسەی لەسەر بكەن. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە ماوەى ڕابردوودا ئەم سەركەوتنە یەكێك بووە لەو سەركەوتنە گەورانەی پێشمەرگە بە دەستی هێناوە و ئەمڕۆ هەم جەنابی وەزیر و جەنابی سەرۆك كۆمارى عیراق و سەرۆك وەزیران عه‌بادی، پیرۆزباییى ئه‌م سەركەوتنەیان كرد و ئەم سەركەوتنەش نەك تەنها بۆ كوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو عیراقیش یەكجار زۆر گرنگ بووە.
لە بارەی ئایندەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستانیشه‌وه، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: گرنگترین شت ئەوە بوو ئەو ناوچانە لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك كرانەوە، ئەمە لە بەرژەوەندیی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەموو لایەكدایە. بۆ ئێمە جارێ ئەمە گرنگ بوو، لەبارەی گەڕانەوەشیانهوه بۆ هەرێمی كوردستان، ئه‌وا دەستووری عیراق ئەم پرسەی دیاری كردووە و نەخشەڕێگای بۆ جێبەجێكردنی داناوە و ئێمەش پابەندی ئەم ماددە دەستووریە دەبین. پاككردنەوەی ئەم ناوچانە لە تیرۆریستانی داعش بێگومان لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عیراق و هەموو پێكهاتەكانی عیراقدا دەبێت.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 19ی دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له كۆشكی كۆماریی نوێی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا ’’ئاك سارای’’، له لایه‌ن به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیاوه پێشوازی لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بارودۆخ و ڕه‌وشی ئێستای عیراق و ناوچه‌كه به گشتی و پێشهاته‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆر و پێشڕه‌وییه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردووی پێشمه‌رگه له ده‌وروبه‌ری شه‌نگال و ناوچه‌ی زوممار تاوتوێ كرا و به‌ڕێز ئه‌ردۆغان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌ویی به‌رده‌وامی بۆ پێشمه‌رگه خواست.
دوایین ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو. له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز ئه‌دۆغان پیشتگیریی خۆی بۆ ڕێككه‌وتنه‌كه دووپات كرده‌وه و ده‌ستخۆشی له هه‌ردوولا كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست ڕێككه‌وتنه‌كه ببێته سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا.
به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌شیان خسته به‌ر باس و داكۆكییان له فراوانكردن و بره‌ودانی زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه، به تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه بۆ هه‌ردوولا جێگه‌ی بایه‌خن.