ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە موهەنەد شەداد بەڕێوەبەری كاروباری كونسوڵگەریی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە بە مەبەستی گەیاندنی نامەی جەلالەتی پاشای ئۆردۆن بە سەرۆك بارزانی ساز درابوو، بەڕێوەبەری كاروباری كونسوڵەریی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر سڵاوی جەلالەتی شا عەبدوللای پاشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە پاشا و گەلی ئۆردۆن پێزانینێكی زۆریان بۆ كوردستان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە لە دژی تیرۆریستان و هاوخەمی و سەرەخۆشیی پاشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی و كەسوكار و خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەكان ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە بەرانبەر تیرۆر و ئامادەبوونی لە بەرەكانی شەڕ بۆ گەلی ئۆردۆن و ناوچەكە مانایەكی زۆری هەیە و هیوایشی خواست كۆتایی بە ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كوردستان بێت و ڕایشیگەیاند گەلی ئۆردۆن بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لە تەك گەلی كوردستان وەستاوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵ و هاوسۆزیی پادشا و گەلی ئۆردۆنی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ئۆردۆن جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی هەردوو لا كردەوە و هەروەها باسی لە هەڕەشە و كردەوە قێزەوەنەكانی تیرۆریستان كرد و شەهیدكردنی فڕۆكەوانی ئۆردۆنی بە نموونە هێنایەوە كە هەموو گەلی كوردستانیش بەم ڕووداوە خەمبار بوون.

سەرۆك بارزانی باسی تاوان و پەلامارەكانی تیرۆریستانی كرد بۆ سەر كوردستان و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستان شەڕیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاند بەڵام بە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە ئێستا دەستپێشخەری لەدەستی هێزی پێشمەرگەیە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی