پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/3/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز لێڤۆن سارگسیان نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان و بەڕێز كارین گرێگۆریان باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان سڵاو و ڕێزی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و تیشكی خستە سەر پەیوەندیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كورد و ئەرمەن و خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو گەل كرد و ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز و پتەو لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەربڕی و بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان ئامادەن كۆمسیۆنێكی هاوبەشی دۆستایەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستاندا دروست بكەن بە شێوەیەك كار لەسەر ژمارەیەك بابەتی وەك ڕۆشنبیری و بازرگانی و ئابووری و بوارەكانی دیكە لە نێوان هەردوولادا بكات.

شاندی میوان هەروەها ئەوەیان بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كونسوڵخانەی ئەرمەنستان لە هەولێر دەكەنەوە و هەروەها هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستانیش لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەست بە گەشتەكانی دەكات و ئاماژەیان بەوەش دا كە كەرتی تایبەتی ئەرمەنستان ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكات و بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاری و ئاسانكاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی ئەرمەنستان دەربڕی و پێشوازی لە بڕیارەكەیان لە بارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر و دەستپێكردنی گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستان بۆ هەرێم كرد و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دروستكردنی كۆمسیۆنی هاوبەشی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو هاوكاری و كارئاسانییەك پێشكەش بەو كارسازان و سەرمایەدارانەی ئەرمەنستان دەكرێت كە دەخوازن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ ئەم مەبەستەش ئەو كۆمسیۆنەی كە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دروست دەكرێت، دەتوانێت ئەو بابەتانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك گفتوگۆ بكات و ئەو بوارانە دیاری بكات كە هەردوولا دەتوانن كاری لەسەر بكەن و حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیە بەپێی یاساكانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێم، هاوكارییان بكات.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەسەر بایەخی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و زانستییەكانی نێوان هەرێم و ئەرمەنستاندا كردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی شاند و دابینكردنی كبۆرسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی ئەرمینیا، كە ئەمەش دەچێتە چورچێوەی دروستكرنی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا.

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2015/2/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كارین گرێگۆریان باڵیۆزى كۆمارى ئه‌رمه‌نستان له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئه‌رمه‌نستان تاوتوێ كران و تیشك خرایه‌ سه‌ر نزیكیى كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى نێوان خه‌ڵكى كوردستان و ئه‌رمه‌نستان و داكۆكى له‌سه‌ر خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بوارى جیادا كرایه‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌رمه‌نستان له‌ عیراق ڕایگه‌یاند: مانگى حوزه‌یرانى داهاتوو كونسلخانه‌یه‌كى گشتیى ئه‌رمه‌نستان له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ر له‌وه‌ش له‌ كۆتاییى ئه‌م مانگه‌وه‌، هه‌فتانه‌ دوو جار گه‌شتى ئاسمانیى ڕاسته‌وخۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و یه‌ریڤانى پایته‌ختدا، ئه‌نجام ده‌ده‌ن. 

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى كۆمارى ئه‌رمه‌نستان ده‌ربڕى و هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌جێگه‌یاندنى ئه‌م بڕیارانه‌ نیشان دا. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازى له‌ خواستى سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌رانى ئه‌رمه‌نستان بۆ كاركردن و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كات.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی