پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز د. عومەر ئەلكەندەری، یەكەم كونسڵی گشتیی دەوڵەتی كوێت لە هەرێمی كوردستان كرد و بە بۆنەی دەستبەكاربوونییەوە پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست.

لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كاردانەوەكانی ئەو شەڕە لەسەر هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، بەتایبەتیش داڵدەدانی نزیكەی ملیۆنێك هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر. لای خۆیەوە كونسڵی گشتیی كوێت پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ ئەو هاوكارییە مرۆییانە دەربڕی كە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە دەرفەتی كار و وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كوێتییەكان لە هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە كونسڵی كوێت خواستی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران و لایەنە پەیوەندارە فەرمییەكانی كوێتی بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجاكاندا لە كوردستان دووپات كردەوە و داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش بكات تاكو ببێتە هاندەرێك بۆ وەبەرهێنانی كوێتی لە هەرێمی كوردستان، كردنەوەی كونسڵخانەی گشتیی كوێتیشی لە هەرێمی كوردستان بە دەرفەتێكی گرنگ بۆ برەودان بەو پەیوەندییانە لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوان كوێت و هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئامادەیی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكی دەزگا و لایەنە پەیوەندارەكانی بۆ كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە كوێتییەكان پیشان دا تا لە هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا وەبەرهێنان بكەن بە تایبەتی لەو بوارانەدا كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی وەك بوارەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری و بوارەكانی دیكە، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندارەكان ڕادەستپێرێت.

 

 

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ژمارەیەك لە ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی كوێتی ئامادە بوون، كە تیایدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسێكی دەربارەی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و سەربازی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان تا ئەم ساتەش خوازیارە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كێشەكانی چارەسەر بكات و عێراقی بە ڕەهەندێكی جوگرافی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، بازرگانی و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان لە قەڵەم دا، بەڵام جەختی لەوەش كردەوە ئەگەر ئەم جۆرە مامەڵەیەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، بە ناچاری بیر لە ڕیگەچارەیەكی دیكە دەكەنەوە.

لای خۆیانەوە شاندی ڕۆژنامەوان و میدیاكارانی كوێتی خۆشاڵیی خۆیان بۆ پێشكەوتن و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزار و كەرتەكانی دیكە دەربڕی و هیوایان خواست كە لەو بوارانەدا هاوكارییەكی جددی لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوێتدا بێتە كایەوە و بۆ ئەمەش بوونی كونسڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان، بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی