پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2015/4/28 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو زەینەب بانگورا نێردراوی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری رێگریكردن لە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ناوچە كێشە دارەكان كرد.

لە دیدارێكدا خاتوو بانگورا جیا لە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیران، هەروەها باسی لە سەردانەكانی بۆ كەمپی ئاوارەكان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی پەنابەران بووە بە تایبەتی ئەو ئافرەتە ئێزدییانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەست درێژی بوونەتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لێكۆڵینەوەی پێویستی كردووە و پشتگیری خۆشی بۆ هاوكاریكردنی دازەمەزراوە فەرمی و نا فەرمییەكانی هەرێم دەربڕی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بە تایبەتی بەهاناوەچوونی ئەو ئافرەتانە و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگە و هاوكاریكردنیان لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا خاتوو زەینەب بانگورا دەستخۆشی و دڵخۆشی خۆی بۆ هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی پەیوەندیداری حكوومی و رێكخراوەكان دەربڕی كە بە هەموو شێوەیەك بەهانای ئەو قوربانیانەوە چوون و باسی لەوەش كرد لە زۆر شوێنی وڵاتانی جیهان ئەو حاڵەتانە ڕوویانداوە، بەڵام لە بەر چەندین هۆكاری كۆمەڵایەتی و ئایینی، هەوڵیانداوە ڕووداوەكان پەردەپۆش بكەن. 

لای خۆیەوە بەڕیز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی نێردراوی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری رێگریی كردن لە توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كرد و داوای كرد رێكخراو و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام بن لە پشتگیریی و هاوكارییكردنی حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی زیاتر بەهاناوەچوونی قوربانیانی دەستی تیرۆر و چارەسەركردن و ساڕێژكردنی برینەكانیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر هاوكارییەك دەربڕی و ئاماژەی بە زیاتر چالاك كردنی كاری ئەو یەكە تایبەتییانەی ناو وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاكان و ناو كەمپەكان كرد كە بە مەبەستی هاوكاریكردنی قوربانیانی توندوتیژی دژی ئافرەتان دامەزراون بۆئەوەی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی دیكە كەمێك لە نەهامەتییەكانی ئەو قوربانیانە كەم بكەنەوە و كێشەكانیان لە هەموو ڕووێكەوە چارەسەر بكەن.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی