ئەمڕۆ شەممە 21ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەك ڕید سێناتۆری ویلایەتی ڕۆدئایڵەند لە پارتی دیموكراتی ئەمەریكا و ئەندامی كۆمیتەی بەرگریی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازی ئەمەریكایی.

لە دیدارەكەدا سێناتۆر جەك ڕید سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و هەروەها لە گوتەیەكدا پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتییكردنی شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها ئازایەتیی پێشمەرگە و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سوپاسی دەستكراوەیی و بەخشندەیی خەڵكی كوردستانیشی كرد كە لە بارودۆخێكی زۆر سەختدا سەدانهەزار ئاوارەیان لەباوەش كردووە و دەیانپارێزن. لە درێژەی قسەكانیدا سێناتۆر ڕید ئەوەیشی خستەڕوو كە پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەڕووی دابینكردنی چەك و پێداویستی زیاتر هاوكاری بكرێت و وڵاتەكەی كار بۆ ئەم بابەتە دەكات. هەروەها جەختیشی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستان كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی پشتیوانیی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد بۆ هەرێمی كوردستان و وێڕای ئاماژەدان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ هێمای بەوەدا كە كوردستان ئەوەی لەدەستی هاتووە لەشەڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی لێقەوماوان كردوویەتی و ئەوەی دووپاتكردەوە كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش تەنیا یەك ڕێگە هەیە ئەویش شەڕكردن و شكاندنیەتی و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم شەڕە بەتەنیا شەڕی كوردستان و هاوپەیمانان نییە بەڵكو پێویستە شەڕی هەموو لایەك بێت لەگەڵ تیرۆریستان و ئەوەی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤی دەوێ پێویستە لەم شەڕەدا بەشدار بێت. هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تەنیا ڕێگەچارەی سەربازی كافی نییە بەڵكو لەڕووی فكری و ئابوورییەوە دەبێ شەڕی تیرۆریستان بكرێت و و ڕێگە لە هاتوچۆیان بگرن و پێویستە وڵاتان كار بۆ نەهێشتنی ئەو ناوەندانە بكەن كە تێیدا هزی تیرۆر و توندڕۆیی بڵاو دەكرێت.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو ناوچانەدا كە لەژێر دەستی داعش ڕزگاركراون و ئەوەی باسكرد كە پێشمەرگە یارمەتیی ئەو خەڵكانەی داوە كە دەستیان لەگەڵ داعش نەبووە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە چارەنووسی ئەو كەسانەی یارمەتیی داعشیان داوە و لەگەڵ داعش ڕۆییشتوون بە چارەنووسی داعش بەستراوەتەوە و هەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت.

هەر لەم دیدارەدا ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان قسەی لەبارەیەوە كرا و ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵیش خرایە بەر باس.

پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و قۆناغی دوای داعش تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی