ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بۆب كۆركێر سێناتۆری ویلایەتی تێنیسیی لە پارتی كۆماری و بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی ئەمەریكایی پێكهاتبوو.

لە دیدارەكەدا سێناتۆر بۆب كۆركێر سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆریستانی داعش گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و ڕایشیگەیاند كە گەلی ئەمەریكا پێزانینێكی زۆری بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هەروەها پەنادانی ئاوارەكان و ئەو پێكەوەژیان و میانڕۆییە هەیە كە لە كوردستاندا بەرقەرارە. سێناتۆر بۆب كۆركێر وێڕای ئاماژەدان بە سەرسامیی خۆی و ئەمەریكاییەكان بە ڕۆڵی سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسی ڕایگەیاند كە لە كەشی پڕ لە كێشە و قەیرانی ئێستادا سەرۆك بارزانی یەكێك لەو كەسایەتییە گرنگانەیە كە جیهان زۆر پێویستیەتی.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سێناتۆر بۆب كۆركێر و شاندی یاوەری كرد و هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستانن و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باش وەسف كرد. هەروەها دەستخۆشیشی لە پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە لەو شەڕە ئاڵۆزەدا كە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەكرێت تەنیا بۆ یەكجاریش خەڵكی مەدەنی نەكراونەتە ئامانج و ئۆپڕاسیۆنەكان بە سەركەوتوویی بەڕێوەدەچن. لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەركی شەڕی تیرۆر نابێ تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بێت بەڵكو پێویستە وڵاتانی دیكەیش بەشدار بن و لەڕووی فكری و ئابوورییەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و و ڕێگە لە هاتوچۆیان بگرن و پێویستە وڵاتان كار بۆ نەهێشتنی ئەو ناوەندانە بكەن كە تێیدا هزی تیرۆر و توندڕۆیی بڵاو دەكرێت و خەڵك فێری توندڕۆیی دەكەن.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و چۆنییەتی باشتركردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكە كرا.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و ئاییندەی سووریا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی