سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كۆبۆیەوە

ئەمڕۆ شەممە 26ـی 10ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە پێكهاتبوون لە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەك نوێنەر و سەرۆكی كوتلە سیاسییە عەرەبییەكان و هەروەها نوێنەری گشت كوتلە كوردییەكانی پارلەمانی عێراق جگە لە فڕاكسیۆنی گۆڕان.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر وردەكارییەكانی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ گەییشتن بە تەوافوق لەبارەی سیستەمی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرەتا ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە پەیڤێكدا سپاسی خۆی و شاندی میوانی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لەو گفتوگۆ و دانیشتنانە ئاگادار كردەوە كە لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لەئارادایە و ئاماژەشی بەوەدا كە پێویستە مەسەلە جەوهەرییەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەڕێی تەوافوقەوە چارەسەر بكرێن و یاسای هەڵبژاردنیش بابەتێكە كە دەبێ تەوافوق و ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی لەسەر بێت و ناشكرێ بەهۆی بوونی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دوابخرێ كە بڕیارە لە 30ـی 4ـی 2014ـدا ساز بدرێت.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی لایەنەكانی لەسەر پرسێكی گرنگی وەك هەڵبژاردن بە پێویست زانی و هێماشی بەوە دا كە نابێ هەڵبژاردن دوابخرێ و پڕۆسەی دیموكراسی زیانی بەركەوێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەڕووی دابەشكردنی كورسی و بەشی پارێزگاكان زوڵمێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا و نادادپەرەوەرییەكی زۆری تێدا بوو. هەر پەیوەست بەم بابەتە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە لەپێناو ڕاستكردنەوەی ئەم هەڵەیە و دووبارەنەبوونەوەی ئەم زوڵمە دەبوایە هەندێ ئیجرائات كرابا و بۆ زانینی بەشەكورسیی حەقیقیی پارێزگاكان سەرژمێرییەكی گشتی ئەنجام درابا. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەم پرسیارەی ئاراستەی شاندی میوان كرد كە بەشەكورسیی پارێزگاكانی عێراق لەسەر چ بنەمایەك دانراوە و بۆ نابێ كۆلكەیەكی هەڵبژاردنی هاوبەش لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا هەبێت؟ هەروەها ڕاشیگەیاند پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن بگەنە چارەسەرێك، بەڵام ئەم چارەسەرە نابێ لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان یان پێكهاتەیەكی دیكە بێت.

پاشان ئامادەبووان ڕاوبۆچوونی خۆیان لەبارەی بابەتی كۆتا و كورسیی قەرەبوو و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی سیستەمی تاكبازنەیی و فرەبازنەیی و دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ گەییشتن بە تەوافوق لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران خستەڕوو.

 

Read کد خبر: 231

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی