Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەكات

ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێكی حكوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.

لەدوای بەخێرهێنانی لە لایەن سەرۆك بارزانی و پشوودانێكی كورت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەرێم، سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان بوون كە لەپاش پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەشتی نەینەوا پەنایان بۆ كوردستان هێناوە و لەم كەمپەدا نیشتەجێن.

دوای ئەم سەردانە لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و جێن یوڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی كرد و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد. سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لەتەك گەلی كوردستان وەستاوە و یارمەتی و هاوسۆزیی ئەمجارەی فەڕەنسا كاریگەریی زۆری لە بەهێزتربوونی ورەی گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە هەبووە و هاوكێشەی شەڕەكانی لە قازانجی گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕیوە. سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی فەڕەنسای بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەولەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی دەولی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند و لەبارەی شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشی سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان لەشەڕی ئەم ڕێكخراوە هەتا ڕیشەكێشكردن و لەناوبردنی بەردەوام دەبێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتییە سەربازیی و مرۆڤییەكانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان فراوانتر دەبێت و دەچێتە قۆناغێكی تازەتر و هاوپەیمانییەكی بەهێزی دەولییش بۆ ئەم مەبەستە پێكدێت. سەرۆكی فەڕەنسا باسی لە بەستنی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیی كرد كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك لە شاری پاریس بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەبەسترێت و ڕایشیگەیاند شاندی هەرێمی كوردستانیش لەم كۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت چونكە لە ئەرزی واقعدا كوردستان هیڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە و لەگەڵ ئەم ڕێكخراوە لە جەنگدایە.

سەرۆكی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە و كوردستانیشی بە نموونەیەك زۆر باش وەسف كرد لە پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەكان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێكەوەژیانە دەكات.

لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێكرا. شایانی باسە بەر لە كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان سەرۆك كۆماری فەڕەنسا بە مەبەستی گوێگرتن و زیاتر ئاگاداربوونی لە داواكاری و كێشەكانی ئاوارەكان لە كەنیسەی مار یوسفی عەنكاوە لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی ئاوارەكان كۆبۆیەوە.

 

 

 

 

Read کد خبر: 799