ڕۆژی سێشەممە 12ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژان ئێڤ لۆدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ئاڵێن گیبڕات كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی بۆ كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی نیشاندا و ستاییشی ڕۆڵ و بوێریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكاندنی داعش و ئازادكردنی ناوچەكان و بە تایبەتی ئازادكردنی شنگال لە لایەن پێشمەرگەی بە قارەمانانە وەسف كرد كە كاریگەریی زۆری لەسەر ڕای گشتیی جیهانی و فەڕەنسا جێهێشتووە. وەزیری بەرگریی فەڕەنسا ئەوەیشی ڕاگەیاند تیرۆر دوژمنێكی هاوبەشی هەموومانە و ئەوانیشی لە ئەوروپا ئازار داوە و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە فەڕەنسا لە تەحەدیات و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان و قەیرانی ئابووری باش تێگەییشتووە جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و هاوكاریكردنی پێشمەرگە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیدا بەشدار دەبێ لە شەڕی ئازادكردنی موسڵ.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە هاوسۆز و پشتیوانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن، هەروەها سوپاسی تیمە سەربازییەكانی فەڕەنسای كرد كە لە مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژدا یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆر هێمای بەوەدا كە ڕووداوە تیرۆریستییەكانی پاریس و بروكسێل و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان بەڵگەی ڕوونن كە تیرۆر هەڕەشەیەكه بۆ هەموو وڵاتان و ڕووبەڕووبوونەوەیشی هەوڵێكی هەمە لایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە و ئەوەیشی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە لەسەر دەستی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێكشكێندرا. لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵیش سەرۆك بارزانی باسی ئەو تەحەدیات و مەترسیانەی كرد كە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر خەڵك هاتووەتە ئاراوە و تەئكیدی لەوە كردەوە كە لەپێناو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان و دڵنیایی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیی پارێزگای نەینەوا پێویستە ڕێككەوتن و پلانێكی سیاسیی ورد لەنێوان لایەن و پێكهاتەكاندا هەبێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی فەڕەنسا باسی لەو هاوكارییانە كرد كە وڵاتەكەی بەنیازە لە داهاتوودا پێشكەشی پێشمەرگەی بكات و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرۆكی فەڕەنسا لە بارودۆخی مەیدانی شەڕ و تەحەدیاتی هەرێمی كوردستان و بیروبۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی كۆی كێشەكان ئاگادار دەكاتەوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، لەگەڵ "توماس گلیوزو" سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران دیداریی کرد.

"توماس گلیوزو" Thomas Gliozzo سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٣٠/١١/٢٠١٥ سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و "عەلاء غوڵام" ئەندامی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا باس لە ڕەوشی عێراق و ناو‌چەکە بە گشتیی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرا و "توماس گلیوزو" سوپاسی گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا پێشمەرگەی کوردستانی کرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ گرووپی تیروریستی داعش.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دانیشتنەدا سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، پرسیاری ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق و حیزبە سیاسییەکانی کرد بە نیسبەت شەڕیی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکان و ھەروەھا باسیان لە بارودۆخی کورد و عیراق و سووریا کرد.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا "توماس گلیوزو" باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق کرد و سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان پرسیاریی لە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کرد.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانی پێتەختی ئێران بە شێوەیەکی گشتیی ڕەوشیی ئێستای ھەرێمی کوردستانی بۆ سکرتێری دووھەمی باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا لە تاران شیی کردەوە و ھەڵوێستی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پێشھاتەکان پێی ڕاگەیاند، بە تایبەت خۆڕاگریی ئێستای گەلی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەر گەورەترین مەترسی تروریستی جیھان کە ڕووبەڕووی کوردستان و گەلی کورد بۆتەوە.

ھەر لەم دانیشتنەدا نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سوپاسی ڕۆڵی دەوڵەتی فەڕەنسا و ھاوپەیمانان و دراوسێکانی کرد و گوتی کە ھیوادارم ئەو ھاوکارییە سەربازییەی کە ئێستاکە ھەیە لە ئایندەش بەردەوام بێت و ببێتە ھاوپیمانییەکی ئیستراتیجی لە ناوچەکەدا.

"توماس گلیوزو" وێڕای سوپاسی بۆ پێشوازیی لێکردنیان و داوای سەرکەوتنی کرد بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگەی کوردستان و ئومیدی خواست بەردەوام بن لە ھاوکاریی و دوستایەتی لەگەڵ گەلی کورد و ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

 

 

لە وەڵامی پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ گەل و سەرۆكی فەڕەنسا لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وەڵامی پەیامی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە ئەوەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

جەنابی سەرۆك

بەناوی گەلی فەڕەنسا و بەناوی شەخسی خۆمەوە، سوپاستان دەكەم بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیتان دوابەدوای ئەو پەلامارە خوێناویانەی كە فەڕەنسایان كردە ئامانج.

ئەو پشتیوانییەی كە بەڕێزتان لەم ساتەوەختە سەختەدا نیشانانتان داوە، بۆ ئێمە بەهایەكی گرنگی هەیە. ئەمڕۆ فەڕەنسا لە ماتەمینی دایە و پرسەی قوربانییەكانی دەگێڕێت. بەڵام هەرگیز ڕێگە نادات تێكبشكێندرێت، هەر لە ئێستاوە هەڵساوەتەوە و، بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ترسی نامرۆڤانەی تیرۆریزم، لەسەر خاكی خۆی و هەروەها لە هەموو شوێنەكانی جیهاندا.

لەبەرانبەر ئەو بەڵایەدا كە هەڕەشە لە هەموو لایەكمان دەكات، ئێمە پێویستیمان بە كاری زیاتری هاوبەش هەیە، بە یەكخستنی هەموو تواناكانمان بۆ خزمەتكردنی بەها و باوەڕە جیهانییە هاوبەشەكانمان. دڵنیام كە دەتوانین لەم ئەرك و ئامانجانەدا پشت بە بەشداریی ئێوە ببەستین.

تكام وایە جەنابی سەرۆك ئەو پەڕی ڕێز و حورمەتم قبوڵ بفەرموون.

لۆران فابیوس

وەزیری دەروەی فەڕەنسا

پاریس 23ـی نۆڤەمبەری 2015

بەڕێز فڕانسوا هۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕەنسا

ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی شەوی ١٣ـی١١ـی٢٠١٥ لە پاریس ڕوویان دا و ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێ کەوتەوە لە ناخەوە ئازاری داین. بەناوی خۆم و گەلی کوردستانەوە هاوخەمیی خۆمان بە بەڕێزتان و گەلی فەڕەنسا ڕادەگەیەنم.

تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموومانە و تیرۆریستان دژی هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتین و لە هەر شوێنێنێک ژیان و پێشکەوتن و ئارامی هەبێت تیرۆریستانی دڵڕەش پەلاماری دەدەن.

گەلی کوردستان کە ئێستا لە شەڕێکی سەختی دژی تیرۆردایە و قوربانیی دەستی تیرۆرە، لەم ڕۆژە ناخۆشەدا، لەگەڵتان هاوسۆزە و بەشداری خەمتان دەکات و پاڵپشتی گەل و حکومەتی فەڕەنسایە.

سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.



مسعود بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١٤/١١/٢٠١٥

مەنسوور جیھانی  ـ کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلم، "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکات.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، لە لایەن کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" Versatile films یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" Wildbunch کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و فرۆشی فیلم لە وڵاتی فەڕەنسا و فرۆشی جیھانی ئەم فیلمەی لە ئەستۆدایە، لە چەندین مانگی داھاتوودا لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا لە داھاتوودا لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی TRT تورکیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن نمایش دەکرێت.

دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، بڵاوکەرەوە جیھانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی ٢" ٢MK، "وایلدبانچ"، "وێرسیتالە فیلمز" و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیھانی دیکە داواکاری بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیھاندا بوون کە بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، دوای ھەڵسەنگاندنی کۆتایی کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلمی بۆ  بڵاوکردنەوەی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندی "بەتین قوبادی" دەستنیشانکرد.

 

"مەردان" تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە لە وڵاتی کەنەدا، لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە لە وڵاتی ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و لە بەشی "دەنگی نوێی" لە میانەی سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە وڵاتی سوید.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٩ شوبات / فەبرایەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای تورکیاوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لە ڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، "بەتین قوبادی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

"مەردان" فیلمێکی مرۆڤانە، قووڵ و ونگە کە لە دوا بەستێنیدا ژیانی پێشمەرگەکان بە باشی نیشانی بینەر دەدات و لەم فیلمەدا، پێشمەرگەیەکی کورد لە منداڵیدا چیرۆکێکی بۆ دێتە پێشێی، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە ناو شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت. 

 

 

 

"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ئێران له‌گه‌ڵ دکتۆر "محه‌مه‌د سه‌دیق ئه‌حمه‌د" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دیداری کرد.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەمە رێکەوتی (١/٩/٢٠١٥) سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محه‌مه‌د سه‌دیق ئه‌حمه‌د" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "ڕەمەزان فەخرەدین" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم و "عه‌لا غوڵام عه‌لی" کارمەندی نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازیی لێکرا.

"تۆماس گلۆزۆ" بە مەبەستی ناساندنی خۆی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و باسی لەوە کرد کە سەقامگیریی سیاسی لە کوردستان بۆیان گرنگە و گرنگترین شت بۆ فەڕەنسا ڕوبەڕووبوونەوەی داعشە.

ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا هەروەها پرسیاری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی بە لای فەڕەنساوە گرنگە کە کوردستان حکوومەت و سەرۆکێکی بەهێزی هەبێت.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕێز و سوپاسی تایبه‌تی هەبوو بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە ڕوبەڕووبوونەوەی تێرۆریستان و وتی فەڕەنسا وەکو دۆستی کورد بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی کوردستان و هیوادارین سەقامگیری ئەمنی و سیاسی کوردستان بەردەوام بێت .

جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی "تۆماس گلۆزۆ" بۆ نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی هەڵوێست و هاوکارییەکانی حکوومەت و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگە.

دکتۆر "جگەرخوێن" هەروەها هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاند بۆ ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا باس کرد و وتی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر کراوە بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراتیکە و هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو پارتە سیاسییەکان بگەنە ئەنجامێکی هاوبەش و ڕێکەوتنێکی هەمە لایەنە لەسەر پرسە گرنگ و چارەنووس سازەکان.

 

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە کۆنفڕانسی رێکخراوەی جیھانی "یۆنسکۆ" لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا.

لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی یۆنسکۆ UNESCO و ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston  لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ، "مایکل ھاوکینز" Michael Hawkins  سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"، ئەکتەری ناوداری عەڕەبی ـ فەڕەنسی "ھەیام عەباس" Hiam Abbass و ھەروەھا بە ئامادەبوونی ٨٠٠ کەس لە کەسایەتییە تایبەت و میوانە بیانییەکان، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە ھۆڵی بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا چووە سەر پەردەی سینما.

ئەم فیلمە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان"ی لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC  ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا"APSA  لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەدەستھێنابوو.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسی رێکخراوەی یۆنسکۆدا جێگری سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆ بەخێرھاتنی میوانانی کوردستانی کرد و پەیامی "ئیرینا بۆکۆڤا" Irina Bokova سەرۆکی گشتیی رێکخراوەی یۆنسکۆی خوێندەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا ھاتووە: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Ston لە یۆنسکۆ  UNESCOنمایش دەکرێت. لە دنیای ئێستادا فیلم، رۆڵێکی زۆر گرینگ و بەھێز لە رووی پەرەپێدانی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان، لێکتێگەیشتن، وتووێژ و ھەروەھا پێکھێنانی ئاشتی دەبینێت.

دواتر "مایکل ھاوکینز" سەرۆکی خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی ئوستوڕاڵیا بەخێرھاتنی دەرھێنەر و میوانانی ھەرێمی کوردستانی کرد و باسی لە گرینگی خەڵاتی یۆنسکۆی کرد و ھەروەھا باسی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد کە یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٧ بە فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" بۆ بەشی باشترین دەرھێنەر لە خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک" ھەڵبژێردرابوو. و ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١١ بۆ فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی سیناریۆ و ھەر بەم فیلمە سینەماییە لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی یۆنسکۆی وەرگرت.

لە درێژەی ئەم کۆنفرانسەدا "شەوکەت ئەمین کورکی" خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم بانگھێشتەی یۆنسکۆ و ھەروەھا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یۆنسکۆ و سوپاسی رێکخراوەی یۆنسکۆ و خەڵاتی "ئاسیا پەسیفیک"ی کرد و داوای لە "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، "عەباس غەزالی" ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستانی کرد کە بێنە سەر سەحنە.

"عەباس غەزالی" کە بە جلووبەرگی کوردیی لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی یۆنسکۆ ئامادەبوو وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کوردستانی کرد کە چۆن سەرەڕای شەڕەکان، بەردەوام ھەوڵدەدات کە کەلتووری خۆی بپارێزێت و بە تایبەت لە رێگای سینەماوە بەرەو پێشەوەی ببات.

ئەم ئەندامەی پەڕڵەمانی ھەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە شەری کورد دژی گرووپی داعش کرد کە لە جیاتی ھەموو جیھان، کورد دژی تیرۆریستان شەڕ دەکات و کەلتووری خۆی دەپارێزێت.

دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە بارەگای سەرەکی رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە شاری پاریسی پێتەختی وڵاتی فەڕەنسا "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر، "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر و ھەروەھا "عەباس غەزالی" لەگەڵ بینەران وتووێژیان کرد.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun  لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.asiapacificscreenacademy.com/2015/06/apsa-winning-film-screens-at-unesco-convention-in-paris-first-2015-jury-members-announced/

http://www.unesco.org/new/en/unesco/events/all-events/?tx_browser_pi1%5BshowUid%5D=31134&cHash=460238e7a3

http://fr.unesco.org/events/projection-memories-stone-shawkat-amin-korki

http://if.com.au/2015/06/11/article/Memories-on-Stone-screened-at-UNESCO/WXLSTKHMXB

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئادمیڕاڵ پیێڕ دی ڤیلیڕس سوپاسالاری فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ دی سێت كوێنتین فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای فەڕەنسا و ئاڵێن جوپڕێت كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای فەڕەنسا.

لە دیدارەكەدا سوپاسالاری فەڕەنسا ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی وڵاتەكەی و هێزی پێشمەرگەی بە باش وەسفكرد و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە شەڕی تیرۆریستان شەڕێكی هاوبەشی هەموومانە و سوپای فەڕەنساییش بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدان و هاوكاری و مەشقپێكردنی پێشمەرگە و وڵاتەكەی هەتا لەناو بردنی داعش پابەندی ئەو هاوبەشی و یارمەتیدانە دەبێت. هەروەها جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەو میتۆدەی تیرۆریستان بانگەشەی بۆ دەكەن بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆك و سوپای فەڕەنسای كرد و ئاماژەی بە هاتنی سەرۆك هۆڵاند بۆ كوردستان كرد و ئەو سەردانە كە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا ئەنجامدرا بە دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستانی لەقەڵەمدا ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بۆیان دەركەوت كە دۆستێكی مەزنی وەك فەڕەنسایان لە پشتە. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوە تیرۆریستییەكانی پاریس و كۆپێنهاگن و شوێنەكانی دی جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە و تیرۆریستان لە هەر شوێنێك دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت دەست لە وەحشیگەری ناپارێزن بۆیەشە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە ئەركی هەموو لایەكە. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی سەرەتاكانی سەرهەڵدانی داعش و چۆنییەتی گەشەكردن و پەلاماردانیان بۆ سەر كوردستان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگە پەلاماری تیرۆریستان تێكشكا و پێشمەرگە ئوستوورەی داعشی شكاند و 15000 كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كردووە. سەرۆك بارزانی هێمای بە كردەوە قێزەوەنەكانی تیرۆریستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان باس كرد كە تیرۆریستانی داعش پشت بە هزری تەكفیری و جیهادی و هزری شۆڤینی دەبەستن و ئەم جۆرە بیركردنەوەیە نامرۆڤانەیە هیچ ئاییندەیەكی نییە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و چۆنییەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای فەڕەنسا بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دانیشتنەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی