Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 10ـی 8ـی 2014 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆران فابیۆس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد كە هەڵگری پەیامی پشتیوانیی سەرۆك و گەلی فەڕەنسا بوو بۆ هەرێمی كوردستان و سوپاسی پاڵپشتیی فەڕەنسای كرد بۆ گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە بە پشتبەستن بە خۆمان و هاوكاریی دۆستانمان لەوە دڵنیاین كە تیرۆریستان تێكدەشكێنین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەپێناو چەسپاندنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئازادییدا ئامادەیە قوربانی بدات. سەبارەت بە كاریگەریی ڕووداوەكانی ئەم دواییە لەسەر پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕێگە نادەین تیرۆر پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب تێك بدات. لەبارەی شەڕی تیرۆریشدا سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕوونكردەوە كە كوردستان لەشەڕدایە لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك و داوای لە وڵاتانی ئازاد كرد كە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان پشتیوانی كوردستان بن. سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی فەڕەنسا و ئەمەریكا و هەموو ئەو وڵاتانەی كرد كە یارمەتیی كوردستان دەدەن و هێمای بەوەدا كە كوردستان سەركەوتوو دەبێت چونكە پێشمەرگەی قارەمانی هەیە و دۆستی بە وەفا و مەزنیشی هەیە.

لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێی كراوە و ڕایگەیاند كە هەڵگری پەیامی پشتیوانیی حكوومەت و گەلی فەڕەنسایە بۆ هەرێمی كوردستان. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا كە شەڕی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستاندا شەڕی فەڕەنسایشە چونكە فەڕەنسا وڵاتی ئازادییەكانە و شەڕی دژی تیرۆر شەڕی پاراستنی ئازادییە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتی كردەوە كە فەڕەنسا لەتەك هەرێمی كوردستان دەوەستێت و هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە هانی وڵاتانی ئەوڕووپایی دەدات بۆ ئەوەی پردێكی ئاسمانی لەنێوان ئەوڕووپا و كوردستان دروست بكرێت بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

قسەكردن لەسەر دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێم و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و بارودۆخی ئاوارەكانی پارێزگای موسڵ و دەڤەری زوممار و شەنگال و چۆنییەتی یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو. پاش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لە پڕێسكۆنفڕانسێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن شی كردەوە. 

 

 

 

 

Read کد خبر: 708