Print this page

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

ڕۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فڕانك باكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ و هەروەها كێشەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و چۆنیەتی سەرخستنی پلانی شكستدانی تیرۆریستان لە عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

بارودۆخی سیاسی توركیا و گرژی و پەرەسەندنەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی بڕیاری حكوومەتی توركیای بۆ بەشداریكردن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی تیرۆریستان بە هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر لە قەڵەمدا لە ڕووبەڕووبوونەویە تیرۆریستان بەڵام ئەو بەشداریكردنە نابێ بە بەهای لێدانی لایەنە كوردییەكان بێت لە توركیا و سووریا.هەروەها نیگەرانیی خۆی لە تێكچوونی بارودۆخەكە و پەرەسەندنە سەربازییەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە نیشان دا و جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان داڕێژەری سیاسەتی پەكەكە یان توركیا نییە بەڵكو پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتی و دانوساندن دەكات و شەڕ بە چارەسەرێكی خەراب دەزانێت و هانی لایەنەكانیش دەدات كە بگەڕێنەوە بنەماكانی پڕۆسەی ئاشتی. چونكە ئاشتی و خەباتی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی گەلی كورد و توركیا دەكات.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە باس لە پەیوەندییەكانی سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و ئاستی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی كۆمپانیا بریتانیاكان لە هەرێمی كوردستان كرا.

Read کد خبر: 1472