نازم دەباغ: ئیبراهیم ڕەئیسی کۆمەڵێک گلەیی ئێرانی بە وەفدێکی کوردیدا بەسەرۆکایەتی هۆشیار زێباری ناردووە

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئاماژەبەوە دەکات ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران، چەند مانگێک لەمەوبەر لایەنە کوردیەکانی لە بەغدا بینیووە و چەند ڕاسپاردەیەکی پێداون، جەخت لەسەرئەوەش دەکاتەوە ئێران دژی دانانی دەستور نییە بۆ هەرێم، بەو مەرجەی پێچەوانەی دەستوری عێراق نەبێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران، ئاماژەبەوە دەکات ئیبراهیم ڕەئیسی کاتێک سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران بوو، لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی بینیووە و هەندێک ڕاسپاردە و ئامۆژگاری پێداون، وتی"ڕەئیسی ورد و درشتی کێشەکانی هەرێم و عێراق ئاگادارە، هەڵبژاردنی کارناکاتە سەر گۆڕینی سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق و هەرێم، چونکە پەیوەندی ئێران لەگەڵ کورد، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە."

سەبارەت بە ڕاسپاردەکانی ڕەئیسی بۆ لایەنە کوردیەکان کە چەند مانگێک لەمەوبەر لەبەغدا پێیداون، نازم دەباغ وتی"ڕاسپاردەکان پەیوەندیان بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەکانی ئێرانەوە هەبووە، هەروەها وەفدە کوردیەکەی بەسەرۆکایەتی هۆشیار زێباری لەگلەییەکانی ئێران ئاگادارکردووەتەوە، لەوەی کۆمەڵێک خەڵک لەدادگای ئێران داواکراون و هەڵدێن بۆ عێراق و هەرێم و جێگیردەبن، پێویستە هاوکاری هەبێت تا کەسانی تاوانبار نەتوانن هەرێم بکەنە پەناگەی خۆیان."

بەڕای نازم دەباغ، ئێران پلان و ستراتیژی خۆی هەیە، کە لەشورای باڵای ئەمنییەتی وڵاتەوە دەرەچێت،ئەو ئەنجومەنە پێکهاتەیەکی ئاسایشی و ئەمنی هەیە و نوێنەرایەتی هەموو دەزگاکانی تێدایە،ئەنجومەنەکە بەرنامەی دەرەکی و ئاسایشی دادەڕێژێت و حکومەت جێبەجێی دەکات، بۆیە گۆڕینی سەرۆک زۆر کاریگەری نابێت.

دەربارەی ڕای ئێران لەسەر هەوڵی لایەنە کوردیەکان بۆ دانانی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان، نوێنەری هەرێم وتی"ڕای تایبەتی ئێرانم لانییە، بەڵام تێگەیشتنی خۆم وایە، ئێران لەگەڵ ئەوەدایە، هەرێم وەکو بەشێک لەعێراق، دەستورەکەی پێچەوانەی بنەماکانی دەستوری عێراق نەبێت."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نازم دەباغ ئاماژەی بەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کرد، وتی"ڕای ئێران ئەوەیە، نابێت هیچ لایەک سنوری خاکی وڵاتی تر ببەزێنێ، ئەویتر پەیوەندی بەهەرێم خۆیەوە هەیە، تا چەند ڕێگە بەهاتنە ناوەوەی تورکیا دەدات، ئێران پێشیوایە نابێت لەناو وڵاتێکەوە پەلاماری وڵاتێکی تر بدرێت، ڕەنگە ئەم خاڵەش لەبەر خاتری خۆی بێت."

دەربارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق و هەرێم،

نازم دەباغ دەڵێت"ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا گەر سەربگرێ، دەبێتە هۆی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە، پێچەوانەکەشی ڕاستە، ئەوەی ئێستاش بەدی دەکرێت، نییەتی ڕێککەوتن زیاترە، ئێران جەخت دەکاتەوە هیچ لایەنێک لەجیاتی ئەو شەڕ نەکات."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران، سەبارەت بە ئەگەری ئامادەکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ڕابەری باڵای ئیسلامی ئێران و شوێنگرەوەی عەلی خامنەیی، ئاماژەی بەوەکرد کاندیدی ڕابەر تەنها ئەوە نییە کەسێکی ناسراو بێت، بەڵکو بنەمای خۆی هەیە و دەبێت پلەکەی ئایەتوڵا عوزما بێت و شارەزای دین بێت، بۆیە ناتوانرێت کەسێک بکرێتە بەرهەڵستکاری خامنەیی تا دوای ئەو ببێتە ڕابەر، ئەو پلەیەی نەبێت، وتی"مردن بەدەست خوایە، نازانین کەی ڕابەر کۆچ دەکات، بەڵام بەپێی دەستوری ئێران، ڕابەر پۆستێکی هەمیشەییە و مەرجەکەشی بوونی پلەی ئایەتوڵا عوزمایە."

https://www.dengiamerika.com/a/5935046.html?fbclid=IwAR2ZLaAzwsufkyZq6NVSkCBWLIn6ZtKPEVbKqYF_54ptqWGDvAzChKqMG_A

Read کد خبر: 2545

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی