مەنسوور جیهانی ـبە نمایشی فیلمەکانی کۆبانێ و شنگال و بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێت.

ھەموو ساڵێک سینەماکارانی کورد بە بەرھەمەکانی خۆیان لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بەشداریی دەکەن و خەڵاتە گرینگ و سەرەکییەکانی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستدێنن، ئەمساڵ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە سەرۆکایەتی سینەماکاریی ناوداریی ئێرانی "ڕەزا میرکەریمی" بە ناونیشانی "فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر" بە نمایشی چەند فیلم سەبارەت بە بەرخۆدانی کۆبانێ و شنگال و بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چوار سووی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە ئامادەبوونی دەرھێنەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا میرکەریمی" سەرۆکی فیستیڤاڵ، ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێران "عەلیڕەزا شوجاع نووری" بەرپرسی بەشی "کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلمەکان"، ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا کیانیان" بەرپرسی کۆشکی فیستیڤاڵ، "ئەمیر ئیسفەندیاری" بەرپرسی بەشی "نێودەوڵەتی و بازاڕی فیلم" و ڕەخنەگر و نووسەری ناوداری سینەمای ئێران "کەیوان کەسیریان" بەرپرسی بەشی "ڕیکلام و بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنیی گشتیی" و پێشکاریی کۆڕەکە لە ھۆڵی ژمارە یەکی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چوار سووی تاران بەڕێوەچوو و تیایدا ئاماژە بە بەرێوەبردنی ئەم فیستیڤاڵە جیھانییەی سینەمای ئێران کرا.

 

لە سەرەتای ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا "ڕەزا میرکەریمی" و "ڕەزا کیانیان" پەردەیان لەسەر پووستەری سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لادا کە بە وێنەیەکی ئەکتەری پێشەنگی سینەمای ئێران "عیزەتوڵڵا ئینتیزامی" لە فیلمی سینەمایی "گاو" واتە "مانگا" لە دەرھێنانی سینەماکاری بەئەزموونی "داریووش مێھرجوویی" نەخشاوە و لە درێژەدا سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵە بە ئاماژە بە گرینگی فیلمی "مانگا" لە مێژووی سینەمای ئێراندا گوتی: ئەوە نەریتێکە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا کە پووستەری فیستیڤاڵەکان بە وێنەیەکی فیلمێک یاخود ئەکتەرێکی کاریگەر لە سینەما بڕازێندرێتەوە. ئێمە لەم خولەی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا بۆ ئامادەکردنی پووستەر کەڵکمان لە وێنەیەکی فیلمی "مانگا" وەرگرت و ئەم کارە بە جۆرێک ڕێزلێنانێکە لەم ئەکتەرە گەورەیەی سینەما کە بە ڕۆڵ بینین لەم فیلمەدا یەکەمین خەڵاتی ئەکتەرێکی ئێرانی لە ئاستی جیھاندا لە فیستیڤاڵی نیودەوڵەتی فیلمی "شیکاگۆ" لە وڵاتی ئەمەریکای بە دەستھێناوە.

گوتیشی: "مانگا" یەکەمین فیلمی ئێرانییە کە لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێزیی لێگیرا و زۆربەی ڕەخنەگرانی سینەما لەوبڕوایەدابوون کە ئەم فیلمە بە جۆرێک شان لە شانی فیلمەکانی "ساتیا جیت" و "کۆرۆساوا" دەدات.

لە درێژەدا ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا کیانیان" گوتی: ئەمڕۆ زۆرمان پێی خۆشبوو کە "عیزەتوڵڵا ئینتیزامی" لەم ڕێوڕەسمەدا ئامادەبێت بەڵام ئەو بەڕێزە نەخۆشییەکی سەختی ھەیە و من لێرەوە لە تەواوی ئێوە داوادەکەم ئاواتی زووچاکبوونەوەی بۆ بکەن کە تەندروستی بەرەو باشتربوون بڕوات و دیسانەوە بتوانێت لە فیلمە سینەماییەکاندا بەشداریی بکات و ئێمە لە بوونی ئەو لە سینەما و تەلەڤیزیۆن چێژ وەربگرین.

سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی: لە لایەن فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە پێشوازیی لە فیستیڤاڵەکە کراوە و پێویستی نەدەکرد کە لەمبارەیەوە دانووستانی ئەوتۆ ئەنجامبدەین، ئەوەندە داواکاریمان ھەبوو کە دەبوو فیلمەکان دەستنیشان بکەین.

گوتیشی: لە ساڵانی ڕابردوو خەڵاتی "مستەفا عیقاد"مان ھەبوو کە بە بەرھەمە ئایینی و دینییەکان دەبەخشرا و ئێمە ئەمساڵ لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر خەڵاتی "محەمەد ئەمین" (ێ) بە بەرھەمە مەزھەبی و ئەخلافییەکان پێشکەش دەکەین. لەڕاستیدا ئەم خەڵاتە پێزانینێکە بۆ ڕەوشت و ئایینی محەمەدی.

"ڕەزا میرکەریمی" سەبارەت بە بەشەکانی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: لە بەشی سینەمای "سەعادەت"دا ٣ فیلمی ئێرانی لە تەنیشت ١٢ فیلمی بیانیدا دەچنە سەر پەردەی سینەماکان و بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تەندیسی زێڕین و سیمینی ئەم فیستیڤاڵە ڕکابەریی دەکەن کە بە باشترین دەرھێنان، باشترین ئەکتەریی ئافرەت، باشترین ئەکتەریی پیاو، باشترین دەستکەوتی ھونەری و ھەروەھا باشترین سیناریۆ دەبەخشرێت.

ئەوەیشی خستەڕوو: لە ھەر سانسێکدا کورتە فیلمێکی ئێرانی لەوانە: ئەنیمەیشێن و دیکۆمێنتاریی نمایش دەکرێت و لە بەشی "ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی"دا کۆمەڵێک فیلم نمایش دەکرێت کە بە شێوەی ڕکابەریی نییە بەڵام ھەندێک خەڵاتی لاوەکی لەم بەشەدا دەبەخشرێت.

لە درێژەدا "ئەمیر ئیسفەندیاری" بەرپرسی بەشی "نێودەوڵەتی و بازاڕی فیلم" سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: بۆ ئەم فیستیڤاڵە کۆمەڵێک میوانی بیانی و ڕوخساریی ناودار و بەرچاویی سینەمامان بانگھێشت کردووە و لە نێوان میوانەکاندا ٤ بەرھەمھێنەریی ناودار ئامادە دەبن کە ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانە لە بواریی بەرھەمھێناندا پێشکەش بکەن، ھەروەھا مامۆستایەکی سیناریۆنووسی و سینەماکارێکی خاوەن ئەزموون و ناوداریش بەشداریی لەم فیستیڤاڵەکەدا دەکەن.

گوتیشی: دوو مامۆستا لە ئوردۆکانی دۆزینەوەی بەھرەمەنداندا لە فیستیڤاڵ بەشداریی دەکەن کە ڤۆرکشۆپەکانیان بە ئامادەبوونی "مازیار میری و "روحوڵڵا حوسەینی" بەڕێوەدەچێت و بەگشتیی ١٧٠ تا ٢٠٠ میوان لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا ئامادەدەبن. ھەروەھا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی دنیاوە چەندین پەیامنێر و ڕەخنەگریی ناوداریی سینەمای بانگھێشت کراون.

ئەوەیشتی خستەڕوو: لە بەشی نێودەوڵەتیدا ٥ دادوەری بیانی و ٢ دادوەری ئێران، لە بەشی باشترین فیلم لە کیشوەری ئاسیا ٤ دادوەری بیانی و ١ دادوەری ئێران و ھەروەھا لە بەشی نێوان ئایینەکاندا ٢ دادوەری بیانی و ١ دادوەری ئێرانی فیلمەکان ھەڵدەسەنگێنن.

سەرۆکی بەشی بازاڕی فیلمی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر سەبارەت بەم بازاڕە فیلمە گوتی: نۆزدەیەمین خولی بازاڕی فیلمی فەجر لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵەدا بەڕێوەدەچێت. ئەم بازاڕە لە درێژایی ساڵانی بەڕێوەچوونیدا مەبەستی ئەوە بووە کە ببێتە بازاڕێکی گرینگی ناوچەیی و ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئامادەبووان تیایدا زیاتر دەبێت و ئەو کەسانەی کە خوازیاریی ژووریی تایبەتن ڕوو لە زیادبوونە و لەچاو ساڵانی ڕابردوو بەربڵاوتر دەبێت. ئەمساڵ ٤٠ تا ٥٠ ژوورمان بۆ بڵاوکرەوەکانی فیلم تەرخانکردووە و تەرکیزمان خستۆتە سەر ئەو بابەتە کە کڕیارانی بیانی فیلم ئامادەبن و زیاتر لە ھەر شتێک یارمەتی فرۆشی فیلمەکانی سینەمای ئێران بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا میرکەریمی گوتی: لە دانووستان لەگەڵ میوانەکانی فیستیڤاڵدا بەوپەڕیی بڕوابەخۆبوون، ئێرانمان بە وڵاتێکی ھێمن و سەقامگیر پێناساندوون، ئێمە دەمانەوێت ببینە پردێکی پەیوەندیی لە نێوان سینەمای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای شەرق لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جیھان، چونکە بەپێی ڕووداوەکان و ئەو باروودۆخەی کە لە ئێستادا ڕوویداوە، ھەندێک لە فیستیڤاڵەکان لە ھەندێک ناوچەی جیھان لە باروودۆخی ئەمنییەتیدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە دەمانەوێت ببینە ھۆی ڕووداویی خۆش و خانەخێوێکیی باش بین و دەرفەتێک بڕەخسێنین تاکوو خەڵکانی بیانی بۆ بینینی بەرھەمە سینەماییەکانی ئێران سەردانی ئەم وڵاتە بکەن.

گوتیشی: فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر تەنیا بۆ ھۆگران بە ھونەریی سینەما نییە،سینەما بۆ ھەمووانە و شوێنێکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی خێرای پەیام سەبارەت بە ھەموو شتێک و کاتێک کە دەمانەوێت کەڵکەڵە و باروودۆخی ژیان لە شوێنێکی دیکەی دنیا ببینین دەبێت فیلمەکانی فیستیڤاڵ ببینین. بەڵام فیستیڤاڵ لە ھەڵبژاردنی بەرھەمەکاندا تەنیا بە ناوەرۆک و چەمک گرینگیی نەداوە و یەکێک لە مەبەستەکانی ئێمە ئەوە بووە کە سنوورێک بۆ خۆمان دیاریی بکەین و ھەندێک لە فیلمەکان بۆ یەکەمین جار نمایش بکەین.

سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر ئاشکراشیکرد: لە فیستیڤاڵی ئەمساڵدا و بە پێی ئەو ھەماھەنگیانەی کە کردوومانە لانی کەم سێ فیلم لەسەر بابەتەکانی کۆبانێ و شنگال نمایش دەکەین.

لە درێژەدا "ئەمیر ئیسفەندیاری" بەرپرسی بەشی "نێودەوڵەتی" سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر سەبارەت بە ھەڵبژاردنی فیلمە بیانییەکان گوتی: فیلمەکان لەگەڵ تایبەتمەندیی و بایخەکانی وڵاتی ئێمە گونجاوە و ھەروەھا فیلم گەلی تازەن، ساڵی بەرھەمھێنانی فیلمەکانمان ساڵی ٢٠١٥ دیاریی کرد و ئەو فیلمانەی کە بە زمانی ژاپۆنی و ڕووسی بەرھەمھاتوون بێگومان بە ژێرنووسی ئینگلیزی نمایش دەکرێن ھەروەھا لە کاتی نمایشکردندا ژێرنووسی فارسیشیان لەگەڵدایە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا "کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلمەکان"ی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: فیستیڤاڵ تەنیا شوێنی نمایش و بینینی بەرھەمەکان نییە، بەڵکوو شوێنێکە بۆ ئاڵووگۆڕیی بیرووڕا و ئاشنابوون لەگەڵ ئەندێشە و بیرووبۆچوونی جیاواز.

ھەروەھا ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "ڕەزا کیانیان" و بەرپرسی کۆشکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر گوتی: لەو بڕوایەدام کە سینەمای ئێران ئاڵتێرناتیڤی سینەمای ئەمەریکایە، دەبێت فیستیڤاڵێکی بەھێزیی شەرقی نێودەوڵەتی پێکبێنین. تا ئێستا چەندین فیستیڤاڵی شەرقیمان ھەبووە بەڵام ھێزیی ئەوتۆیان نەبووە ھەر بەم پێیە ھیوادارم ئەم فیستیڤاڵە ببێت بە جەمسەریی فیستیڤاڵەکانی شەرق، دەبێت ھەمووان پێکەوە ھەوڵبدەین کە بە ئابڕووی سینەمای ئێران زیاد بکرێت.

 

سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی "جیلوەگاە شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی "جامی جیھان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان و ھەروەھا بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا" لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چوار سووی شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

 

 

 

 

مەنسوور جیهانی ـ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" لە وڵاتی ئیسپانیا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە سلێمانی بەدەستهێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی کە لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی 8 کانوونی یەکەم / دیسەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" Txicatalunya لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا.

ئەم خولەی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" بە تەرکیز لەسەر "شووناس و زاکیرە لە کورتە فیلمدا" و بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری بەرشەلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە سەبارەت بە کورتە فیلمی کوردی "ماڵ و کلیل" لەو بڕوایەدابوون کە ئەم فیلمە زۆر بە سادەیی و بە شێوەیەکی شاعیرانە توانی سەد ساڵی ڕابردووی کورد و هەموو ئەو تراژیدیانەی کە بەسەریاندا هاتووە بە باشی نیشانی ئێمە بدات.

ئەم کورتە فیلمە 15 خولەکییە هەروەها بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" ڕۆژی 10 کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری 2014 لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانینی بینەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە بەدەستبێنێت.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 48 فیلم لە 13 وڵاتی جیهان، لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و بە هاوکاریی ماڵی سینەما و چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە لە ڕۆژانی 4 تا 10ی کانوونی یەکەم / دیسەمبەری 2014 لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە کە ڕەمزی داپڵۆسنی سەردەمی بەعسییەکان بوو، لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی 21 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" O Curt لە شاری ناپۆلی لە ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 19 تا 22ی تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

 

 

 

مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعێش کرد.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرهەمی ساڵی 2014ی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، کە لە بەشەکانی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆ لە نووسینی هاوبەشی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەممەد ئەکتاش" لە هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندیدکرابوو، توانی خەڵاتی تایبەتی یۆنسکۆ بۆ هاوبەشی بەرچاو و هەروەها پاراستنی جۆری کەلتوورەکان بەدەستبێنێت.

"شەوکەت ئەمین کورکی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە وتەیەکی کورتدا گوتی: ئەم خەڵاتە بە خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە گرووپی تیرۆریستی داعێش پێشکەش دەکەم کە جارێکی دیکە لە بەرانبەر کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەدا دوای جینایاتەکانی سەدام بەسەر ئەم نەتەوەیەدا، توانیویانە هەروا بەردەوام لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون.

گوتیشی: هەروەها ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکەم بە هاوڕێی دێرینم خوالێخۆشبوو "تەها کەریمی" دەرهێنەر فیلمی دیکۆمێنتی "هەزار و یەک سێو" کە لە بەرهەمەکانیدا کۆمەڵکوژی کوردەکانی عێراق بە ناونیشانی ئەنفال بە دەستی ڕژێمی بەعسی لە ڕێگای وێنە و دیمەنی سینەماوە بە شارەزاییەوە نیشانی بینەردەدا.

هەر لە ڕێوڕەسمی کۆتایی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک"ـدا خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی بە فیلمی دیکۆمێنتی بڵندیی "هەزار و یەک سێو" لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "تەها کەریمی" بەخشرا، کە "هاوڕێی کەریمی" برای ئەم سینەماکارە کوردە خەڵاتەکەی لە دەستی ئەندامانی لێژنەی دادوەران وەرگرت. 

ڕێوڕەسمی کۆتایی هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" شەوی پێنجشەمە 11 کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری 2014 لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو و تیایدا هونەرمەندانی سەرکەوتووی 10 بەشی جۆراوجۆری خەڵاتی ئۆسکاری ئاسیایی لە نێوان 36 فیلم لە 21 وڵاتی ناوچەی ئاسیا پەسیفیک دەستنیشانکران.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی نێودەوڵەتیی هەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" کە بریتی بوون لە: "ئەسغەر فەرهادی" Asghar Farhadi ـ هەڵگری خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتە گرینگە سینەماییەکانی جیهان لە وڵاتی ئێران، خاتوو "هیام عەبباس" Hiam Abbass ـ ئەکتەر لە وڵاتی فەلەستین، "لۆ ییۆ" Lu Yue ـ بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە وڵاتی چین، "راجیت کاپوور" Rajit Kapur ـ ئەکتەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی هیندستان، "ئانتۆنی چێن" Anthony Chen ـ دەرهێنەر لە وڵاتی سەنگاپوور و "ماکیج ستۆ" Maciej Stuhr ـ بە نوێنەرایەتیی لە یەکێتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" و ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا، سەرکەوتووانی بەشە جۆراوجۆرەکانیان دیاریکرد، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ئافرەت و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران.

سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کە لە لایەن "شەوکەت ئەمین" و "مەممەد ئەکتاش" نووسراوە، پێش لە قۆناغی وێنەگرتن، خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" لە ساڵی 2011 بەدەستهێنابوو.

فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" لە ڕۆژانی 7 و 12ی کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری لە سینەمای "کۆشکی باڕاکس" لە میانەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بریسبانی "ئاسیا پەسیفیک" BAPFF نمایشکرا. ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 80 فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 29 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەر تا 14 کانوونی یەکەمەم / دیسەمبەری 2014 لە شاری بریسبان Brisbane لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا بەڕێوەچوو.

مەنسوور جیهانی ـ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرهێنانی "شوان عەتووف" خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی 14مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" لە وڵاتی ئیتاڵیای بەدەستهێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا کاتژمێر 30/7ی ئێوارێی ڕۆژی 21 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێونەتەوەیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" O Curt لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.

ئەم کورتە فیلمە 15 خولەکییە کە لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاودەکرێتەوە لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" لەگەڵ 17 کورتە فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئێران، تورکیا، ئیتاڵیا، ڕووسیا، سووریا، ئەمەریکا و هۆنگ کۆنگ ڕکابەری کرد و شەشەمین خەڵاتی خۆی بەدەستهێنا و لە 30 فیستیڤاڵی دیکەی جیهانیشدا بۆ وەرگرتنی خەڵات لە پێشبڕکێی سەرەکییەکاندایە.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێونەتەوەیی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" بریتی بوون سینەماکارە ناودار و بەئەزموونی وڵاتی ئیتاڵیا، لەوانە: "دانییەل جیپری" ـ بەڕێوەبەرەی وێنەگرتن و سەرۆکی لێژنەی دادوەران، "جۆزێپێ بۆرۆنێ" ـ ڕەخنەگری فیلم و مێژوونووسی سینەما، "مۆرۆزیۆ برۆچی" ـ سیناریۆنووس و "کلۆدیۆ دی بیاجیۆ" ـ ئەکتەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر.  

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" بە نمایشی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی ناپۆلی"، بەشی "پێشبڕکێی ئەنیمەیشن"، بەشی "پێشبڕکێی لێجێرۆ" و بەشی "پێشبڕکێی خوێندکاری" و هەروەها بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی" لە ڕۆژانی 19 تا 22ی تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" Fiati Corti لە شاری ڤینیس لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا.

 

 

 

مەنسوور جیهانی ـ "شەوکەت ئەمین کورکی" بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" خەڵاتی باشترین دەرهێنانی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" لە وڵاتی مەکەدوونیا بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە نووسینی هاوبەشی "مەممەد ئەکتاش" و "شەوکەت ئەمین کورکی"، بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی "مەمەد ئەکتاش" کاتژمێر 7ی ئێوارێی ڕۆژیی 21 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" Cinedayes لە سینەما فرووسینا لە وڵاتی مەکەدوونیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرهێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا کە بە نوێنەرایەتیی ئەم سینەماکارە کوردە، "مەمەد ئەکتاش" خەڵاتەکەی لە دەستی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە وەرگرت.

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی  ئیتالیا، ڕووسیا، نەمسا، تورکیا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ئۆکڕانیا، جورجیا، ڕومانیا و ئیسپانیا لە ڕکابەریدابوو و وەکوو بەرهەمێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لەم فیستیڤاڵەدا بەشدار بوو.

بەشی پێشبرکێی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە تەنها بو فیلمەکانی وڵاتانی ئەورووپا یان بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ ئەورووپا تەرخانکراوە کە هەموو ساڵێک لە وڵاتی مەکەدوونیا بەرێوەدەچێت.

ئەندامانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی فیلمی سینەدایز کە بریتی بوون لە: "کریستیان دۆلاۆفێر" ـ مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری سینەما لە وڵاتی نەمسا، "لیدیا مێلۆ" ـ سینەماکار لە وڵاتی بڕازیل و "ئیدواردۆ وینسپێر" ـ سینەماکار لە وڵاتی ئیتاڵیا دوای بینین و هەڵسەنگاندیی فیلمەکانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ، خەڵاتی باشترین فیلمیان بە فیلمی "تیر" لە دەرهێنانی "ئالبێرتو فاسولو" لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین دەرهێنانیان بە "شەوکەت ئەمین کورکی" بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە هەرێمی کوردستان و هەروەها خەڵاتی باشترین سیناریۆیان بە سیناریۆی فیلمی "مێژووی کوێر" لە جۆرجیا بەخشی.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سینەدایز لە چەندین بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی" و بەشی "پێشبڕکێی وڵاتانی" باڵکان، بەشی "دەرەوەی پێشبڕکێی"، بەشی "گاڵا"، بەشی "لاوەکی"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "فیلمە دیکۆمێنتارییە وەرزشییەکان"، بەشی "گوند"، بەشی "وێنەگرانی بڕازیلی"، بەشی "سینەمای لیسبۆن"، بەشی "بەڕێوەبردنی کارگەی هونەری سینەما" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی 13 تا 22 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری ئیسکۆپییە لە مەکەدوونا بەرێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی 17 تەشرینی دووەم /نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە وڵاتی هیندستان نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 10 تا 17 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری کەڵکەتە لە وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

 

 

 

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە وڵاتی هیندستان نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرهەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە کوردە کاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆی ڕۆژی 27 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی "سینەمای جیهان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەما.

ئەم فیستیڤاڵە کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم دێتەئەژمار لە ڕۆژانی 20 تا 30 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری گۆوا کە یەکێکە لە شارە گەشتیارییەکانی وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.

لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "گۆوا"دا دوایین بەرهەمی سینەماکارانی ناوداری جیهان، لەوانە: "ژان لۆک گۆدار"، "برایانی داڕدەن"، "نووری بیلگە جەیلان" و چەندین سینەماکاری دیکە نمایشکران.

دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، ئەم فیلمە لە لایەن عێڕاقەوە بۆ کاندیدبوون لە هەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی 2015 دەستنیشانکرا و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بڵاوکەرەوە جیهانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی 2" 2MK، "وایلدبانچ" Wildbunch، "وێرسیتالە فیلمز" Versatile films و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیهانی دیکە داواکاری بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیهاندا بوون.

تا ئێستا وڵاتانی جۆراوجۆر داواکای نمایشی ئەم فیلمە لە سینەماکانی خۆیان بوون و هەروەها فیستیڤاڵەکانی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی دنیادا خوازیاری بەشداری فیلمی سینەمایی "مەردان" لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی خۆیان بوون.

"مەردان" لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داهاتووی سینەمای جیهان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا.

مەنسوور جیهانی ـ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرهێنانی "شوان عەتووف" خەڵاتی تایبەتى لێژنەى دادوەرانى فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" لە وڵاتی ئیتاڵیای بەدەستهێنا.

 

کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" Home & Key لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵى نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" Fiati Corti لە شاری ڤینیس لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی لێکرا بە شێوەیەک کە بۆ ماوەى دوو خولەک چەپڵە باران کرا و بووە جێگەى سەرسامى ئامادەبووان و لە لایەن لێژنەى دادوەرانى ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتى پێبەخشرا.

 

بە ئامادە بوونى پارێزگارى شاری ڤینیس ئێوارەى ڕۆژی 7 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 خەڵاتەکانى فیستیڤاڵى نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" دابەشکرا و تێیدا کورتە فیلمى "ماڵ و کلیل" لە دەرهێنانى سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" خەڵاتى تایبەتى لێژنەى دادوەرانى بەدەستهێنا.

"شوان عەتووف" پاش وەرگرتنى خەڵاتەکە لەسەر ستێج ئەو وێنەیەى سەر سینگى پیشانى ئامادەبووان داو گووتى: ئەمە یەکێکە لە گەریلا و پێشمەرگە ئازاکانى کۆبانى، کە ئێستا بۆ ئازادى هەموو دنیا دەجەنگن و داواى کرد چەپڵە بۆ پێشمەرگە و گەریلا لێبدەن، ئامادەبووانیش بە گەرمى چەپڵە بارانیان کرد.

 ئەم سینەماکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا سوپاس گەل و حکوومەتى ئیتاڵیاى کرد  کە هاوکارى کورد دەکەن.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵى نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی"، سوپاسنامەى خاتوو "ڕێزان حەمە ساڵح قادر" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیتاڵیای بۆ فیستیڤاڵەکە و هونەرمەند "شوان عەتووف" خوێندرایەوە کە وەک هونەرمەند بەشدارە لە ناساندنى ئازارى گەلەکەى، ئەم هەڵوێستانە بووە جێگەى سۆزى زۆرى ئامادەبووان.

 

پاشان سەرۆکى لیژنەى داوەرانی ئەم فیستیڤاڵە "پارتیلۆ ئاتۆلۆدى" باسى هۆى بەخشینى خەڵاتەکەى کرد بە کورتە فیلمى "ماڵ و کلیل" کە زمانێکى سینەمایى بەرزى هەیە و بەتایبەتى لە ڕووى سینەماتۆگرافییەوە بەرز نرخاندى.

 

"ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاریکا ناتیوا" Arica Nativa لە وڵاتی چیلی نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

 

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 9 تا 19ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە وڵاتی چیلی بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە بەشی پێشبڕکێی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە وڵاتی هیندستان نمایشکرا.

 

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە نووسینی هاوبەشی "مەممەد ئەکتاش" و "شەوکەت ئەمین کورکی" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 30/7ی ئێوارێی ڕۆژیی دووشەمە 17 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە هۆڵی پۆرباسریی لە وڵاتی هیندستان لەگەڵ کۆمەڵێک فیلمی دیکە چووە سەر پەردەی سینەما.

 

سەرۆکایەتیی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سینەماکارانی ئافرەتی ئەم فیستیڤاڵە لە ئەستۆی ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران خاتوو "نیکی کەریمی"دا بوو، و هەر لەم فیستیڤاڵەدا بە بۆنەی تەمەنێک چالاکی هونەری و خزمەت بە هونەری سینەما ڕیزی تایبەتی لێگیرا و لە بەشێکدا کۆمەڵێک لە فیلمەکانی وەکوو ئەکتەر و دەرهێنەر نمایشکران.

 

ئەم فیستیڤاڵە چەندین بەشی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سینەماکارانی ئافرەت"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا"، بەشی "چاوخشاندنێک بە ڕابردوودا"، بەشی "سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر سینەمادا"، بەشی "مامۆستای گەورەی سینەما جیهان ستەنلی کۆبریک" Stanley Kubrick، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای وڵاتانی عەڕەبی"، بەشی "ئاسۆی نوێی ـ چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی خاتوو نیکی کەریمی"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "هەڵبژاردەی سینەمای هیندستان"، بەشی "تایبەت بە منداڵان"، بەشی "پانۆڕامای بەنگاڵ"، بەشی "ڕێزلێنانی تایبەت" و هەروەها بەشی "سینەمای کلاسیکی فەڕەنسا".

 

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە بە بەشداری بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: ئیسپانیا، سویسڕا، ئیتاڵیا، یۆنان، هیندستان، ئەفغانستان، کۆماری چیک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕۆژانی 10 تا 17 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری کەڵکەتەی وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.

 

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک "ئەیووب ڕەمەزان"، لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی مرواریی ڕەش بۆ باشترین فیلمی جیهانی عەڕەبی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی