دکتۆر "جگەرخوێن" لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی گرینگدا ڕایگەیاند تا دوایین هەناسە لەگەڵ تیرۆریستان شەڕ دەکەین و بە پێی ئەم فەرمانە ئێستاکە ستراتێژی چەکداریی هێزی پێشمەرگە لە داکۆکیکردن بەرەو هێرشبردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

دکتۆر "جگەرخوێن" (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی هەرێمی کوردستان و عێراق و باروودۆخی پێشمەرگەکانی کوردستان گوتی: لە ئێستادا باروودۆخی جەنگ نیشاندەدات کە پتەوی و بەهێزی ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا نیشتەجێیە بە پڕچەککردنی ئەوان بە چەکە قورسەکان، لە بەرزتربوونی ئاستی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرانبەر گرووپە تیرۆریستییەکانی داعێشدایە. ئیرادە و توانای هێزەکانی پێشمەرگە بۆ داکۆکیکردن لە مافی کوردستان و خەڵکی کورد، زۆر بەهێزە و ئەم هێزانە ئەزموونی زۆریان لە جەنگە کلاسیکەکان و بە تایبەت شەڕە پارتیزانییەکاندا هەیە، بەڵام پانتایی بەربڵاوی جوگرافی زیاتر لە 1050 کیلۆمەتری بەڕەکانی جەنگ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشبەرە ئینتحارییە تیرۆریستییەکان باروودۆخی تایبەتی پێویستە کە خۆشبەختانە پێشمەرگەکان لەم ماوە کورتەدا تا ڕادەیەکی زۆر ئەو تواناییەیان بەدەستهێناوە.       

گوتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە دەبێت ئەو هەواڵەتان پێبدەم کە لە ڕۆژانی ڕابروودا پێشمەرگەکان توانییان باشترین گورزی مومکین لە داعێش بدەن و ژمارەیەکی بەرچاویان لێبکوژن کە لە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەی ڕابردوودا جێگای سەرنجە. 

دکتۆر "جگەرخوێن" سەبارەت بە ڕۆحییە و جۆری خۆڕاگریی کوردەکان لە بەرانبەر هێرشەکانی داعێشدا گوتی: جەنابی سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی گرینگدا ڕایگەیاند کە تا دوایین هەناسە لەگەڵ تیرۆریستان شەڕ دەکەین و بە هێزەکانی پێشمەرگە فەرمانی داوە کە بە تەواوی توانایانەوە لە بەرانبەر هێرشەکانی تیرۆریستان و دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان بوەستن. ئێمە شایەدی ئەوەین کە هەموو هێزە کوردییەکان لە پارت و حیزبە سیاسییەکان چ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا یارمەتی خەڵکی دەدەن و هاتوون بە هانای لێقەومانەوە و لە بەرانبەر دوژمنێکی تیرۆریست بە ناوی داعێش یەکپارچەبوون. 

 گوتیشی: بە پێی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی و دوای بانگهێشت کردن لە هێزە خۆبەخشەکانی خەڵکی و هێزە جەنگییەکانی دیکە و سەقامگیری هێزە پشتیوانییەکان لە بەرەکانی چەند لایەی خۆڕاگر و بەهێزکردنیاندا، بە فەرمانی بەڕێزیان ئێستاکە ستراتێژی چەکداریی ئەم هێزانە لە داکۆکیکردن بەرەو هێرشبردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەمووان لە  چاوەڕوانی فەرمانی کۆتاییدان بۆ هێرش بردنی سەرتاسەری بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان. بەڵام بەڕێزیان ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ئەم هێرشە تەنیا لە لایەن پێشمەرگەکانە دەکرێت یا بە شێوەی هاوکات سوپای عێراقیش دەست بەم هەنگاوە هەماهەنگ و ڕێکووپێکە دەکات. 

جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران سەبارەت بە هێرشەکانی ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق بۆ سەر مۆڵگەکانی تیرۆریستان گوتی: بەختەوەرانە ئەم هێرشانە توانیوییەتی گورژی بەرچاو بەم تیرۆریستانە بگەیەنێت و ئێمە هیوادارین کە بەردەوام بێت و ڕەوتەکە بە شێوەیەک بێت کە چاوەڕوان دەکرێت و بە زووترین کات تەواوی ئەم شارانە و ناوچە بەربڵاوەکانی دیکە بە شێوەیەکی تەواو لە تیرۆریستانی داعێش خاوێن بکرێتەوە.  

دکتۆر "جگەرخوێن" سەبارەت بە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: هەرێمی کوردستان هەر چەندە لە لایەنی هێزەکانی خەڵکیی و چەکداریی و سیاسییەوە بەتوانایە بەڵام لە لایەنی ئابوورییەوە باروودۆخێکی دژواری تێپەڕ کردووە و ئێستاکەش زیاتر لە یەک میلیۆن پەنابەر و ئاوارەی جەنگی تیرۆریزم ڕوویتێکردووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتیی عێراق لەم کاتەی ئێستادا لە لایەنی گشتییەوە دەوڵەتێکی لاوازە، بێ شک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکی زۆر لە بەرانبەر تیرۆریزمی کوێر و نوێی بە ناوی داعێشدا ئێمە زۆر تەنیا ماوینەتەوە. شەڕی ئێمە شەڕ لەگەڵ پاراستن لە بایەخە بەرزە مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی و مرۆدۆستانەکانە. بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردە قێزەونە دژە مرۆڤایەتییە پێویستە کە هەموو هێزە پێشکەوتووە، ئاشتیخواز و دادپەروەرەکان یەکگرتوو بن و یارمەتیمان بدەن.

ئەوەیشی خستەڕوو: لەم باروودۆخە تایبەتەدا و قەیرانی تیرۆریزمی کوێری داعێش، هەموو هێزە خەباتکارە کوردییەکان بە شێوەی یەکپارچە و هەڤاڵان و هاوپەیمانانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان یارمەتیی بەرچاویان ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە کە وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێز "هووشیار زێباری" و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێز "فوئاد حوسێن" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاسی ئەم یارمەتیانەیان کرد و بە تایبەت یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن ئەم دوو بەرپرسە باڵایەی عێراق و کوردستانەوە رێزی لێنرا. هەڵبەت کۆمەڵەی خاچی سووری ئێرانیش یارمەتیی خواردەمەنیی و دەواو و دەرمانی بەرچاوی پێشکەش بە ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کردووە کە بەداخەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێراندا ڕەنگدانەوەی نەدایەوە و دەبێت جەخت بکەمەوە کە بەختەوەرانە پەیوەندیی نێوان دوو لایەن لە باشترین ئاستی خۆیدایە.  

دکتۆر "جگەرخوێن" هەروەها سەبارەت بە وتەکانی ئاغای "عەلی یۆنسی" یاریدەدەری تایبەتیی سەرۆککۆماری ئێران لە کارووباری نەتەوەکان و کەمینە ئایینیی و مەزهەبییەکاندا گوتی: زۆر خۆشحاڵم کە بەڕێزیان بە نوێنەرایەتیی لە دەوڵەتیی ئێران بەم شێوەیە لە بەرانبەر ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کوردەکاندا هاتووە و ئەو مەترسییەی کە لە پێشدایە بیروڕای دەربڕی و هەڵوێستی ئێرانی ڕاگەیاند و ئەم پشتیوانییە بۆتە مایەی دڵگەرمی و خۆشحاڵی ئێمە. 

جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران سەبارەت بە باروودۆخی ئاوارەکانی کورادی ئیزەدی لە چیاکانی شنگاڵ گوتی: بەشی یەگجار دڵتەزێنی ڕووداوە تاڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوەیە کە بە دەیان هەزار کەس لە هاونیشتمانیانی کوردی ئیزەدیمان لە باروودۆخێکی زۆر دژوار بۆ پاراستن لە گیانی خۆیان ڕوویان لە چیاکانی شنگاڵ کرد و بەداخەوە بووە هۆی کارەساتێکی مرۆڤانەیی کە ڕەنگدانەوەی جیهانی بەدواوە بوو، کردەوە بەربڵاوە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: دەرکردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵە خێراکانی هەندێک لە هەڤاڵان و هاوپەیمانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێمەی بەدواوە بوو.     

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: بەداخەوە زۆریەک لە منداڵان و بەساڵاچووان و ئافرەتان بە لەبەرچاوگرتنی گەرما پڕووکێنەری هاوین بە هۆی تینوێتی و برسێتییەوە گیاتی خۆیان بەختکرد. بەڵام تا ئێستا بەشێکیی زۆر لەم ئاوارانە بەرەو ناوچە هێمنەکان گواستراونەتەوە و لە ڕێگای ئاسمانەوە لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکا و سوپای عێراقەوە یارمەتیان ئاراستە کراوە و ئێستاکە ئەم جۆرە هاوکارییە ڕوو لە زیادبوونە، هەڵبەت دەبێت ئاماژە بەم خاڵە بکەم کە لە ڕۆژی یەکەمەوە نزیکەی هەزار پێشمەرگە بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ ئەم ئاوارانە لە چیاکانی شنگاڵ بۆ نەهێشتی هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر خەڵکی بێتاوان سەقامگیر کرابوون. 

 

 

 

 

 

 

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "دێنیس ئێنگل لیدەر" سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە ئێران دیداری کرد.

"دێنیس ئێنگل لیدەر" سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە ئێران، سەر لە بەیانى رۆژی سێشەمە 5-8-2014 سەردانى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محەمەد سەدیق ئەحمەد" (جگەرخوێن) جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران و "سۆران علی ئەمین" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان پێشوازى لێکرا. 

لەم دیدارەدا باسی بارودۆخى ئێستاکەى هەرێمى کوردستان و عێراق دواى هێرشى گرووپی داعش بۆ سەر ناوچەکانى شنگار و زوممار و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیانى ناوچەکە بۆ ناو هەرێمى کوردستان کرا. 

لەم دانیشتنەدا دکتۆر "جگەرخوێن" هەڵوێستى فەرمی هەرێمى کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراقی بە شێوەیەکى ورد بۆ سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ شیی کردەوە و هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرد بۆ بەرگریکردن لە خاکى هەرێمى کوردستان و رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ تیرۆرستان.

لە بەشیًکی دیکەی ئەم دیدارەدا جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، باسی لە پێویستیی پشتیوانى نێودەوڵەتى کرد سەبارەت بە هاوکاریکردنى ئاوارەکان و جەختیشی کردەوە کە هەرێمى کوردستان بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیەکانى پێویستیی بە یارمەتی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی زلهێز هەیە، بەتایبەتی کۆمارى ئەڵمانیاى فیدراڵ وەکوو بەتواناترین وڵاتى ئەورووپى دەتوانێت هاوبەش بێت لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکاندا.

 

هەروەها "دێنیس ئێنگل لیدەر" جەختى کردەوە لەسەر هاوکاریکردنى حکوومەتى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان لەم بارودۆخەی ئێستادا.

 

 

 

 

رووداو ـ هەولێر: "محەممەد سدیق" جێگری نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە وەڵامی بابەتێكی رۆژنامەی رەساڵەت كە لە ژمارەی پێشووتری ئەو رۆژنامەیەدا لە ژێر نێونیشانی "یاری بارزانی لە یاریگای سەهیۆنیستەكان" بڵاوكراوەتەوە  رایدەگەیەنێ:

 بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و خوێندنەوەی پرسەنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یادی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی لە تاران بەرز ڕاگیرا.

 

بە ئامادەبوونی دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، چەندین کەسایەتیی سیاسیی، فەرهەنگی و هونەری کوردستان و ئێران، لەوانە: گۆرانیبێژی ناوداری کورد شەهرام نازری، بنەماڵەی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی، مامۆستای زانکۆکانی تاران و شانۆکاری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی، مامۆستای زانکۆ و نوێنەری شاری سنە لە خولی شەشەمی پەڕڵەمانی ئێران دکتۆر جەلال جەلالیزادە، مامۆستای زانکۆی تاران دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان، ڕۆژنامەنووسی کورد و سەرۆکی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران بەهرام وەلەدبەیگی، هەندێک لە کارمەندانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، ئەندامانی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران و هۆگرانی گۆرانی و موزیکی کوردی، بە یارمەتی و هەوڵی ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری سیما گوستەری زاگڕۆس بە بەرپرسیارییەتی دوبلۆری بەئەزموونی کورد محەمەد فەرەیدوونی و بە پێشکەشکاری ئەکتەری کورد پەرویز حەبیبی، کاتژمێر 30/6 دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە 2ی حوزەیران / جوونی 2014 کۆڕی پرسە و یادی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی لە مزگەوتی ئەبوالفەزل لە شاری تاران بەرز ڕاگیرا.

 

لە سەرەتای ئەم بیرئانینەدا مامۆستای زانکۆی تاران دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان سەبارەت بە کەسایەتیی عەباس کەمەندی هاتە ئاخاوتن و گوتی: عەباس کەمەندی هونەرمەندێکی بێوێنەی کوردستان بوو و سەرمایەیەکی کەلتووری کۆمەڵگای ئێمەیە، بەهرەیەک لە ناخیدا هەبوو، ژیانی ئەم هونەرمەندە و ئەو بەرهەمانەی کە بۆمانی بەجێی هێشتووە هەمووی هێمای ئەوەیە کە بەهرەیەکی دەوڵەمەندی هەبوو و پێداگر و شێلگیر تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە درێژەپێدان بە هونەر نەوەستا. 

 

گوتیشی: لە سەردەمی منداڵیمدا بیرەوەریی زۆرم لەگەڵ عەباس کەمەندیدا هەیە، 4 ساڵ لەو بچووکتر بووم و لە گەڕەکێک دەژیاین و پێکەوە لە قوتابخانەیەک وانەمان دەخوێند، لەگەڵ کوڕە مامەکانم هەڤاڵ بوون و هەر ئەو کاتەش هەستم پێدەکرد کە هۆگری بە هۆنینەوەی شیعر هەیە و لەم بوارەدا بەهرەی تێدابوو. و هەر ئەو هەوڵانەش بووە هۆی ئەوەی کە ئێمە بۆ لەدەستدانی ئەم سەرمایەیەکەلتوورییە خەمبار بین. 

 

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، پرسەنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی خوێندەوە و لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: بە بیستنی هەواڵیی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کورد عەباسی کەمەندی دڵگران بووم. عەباسی کەمەندی لە بواری هونەری گۆرانی و ئاواز و وێنەکێشان و هۆنراوە و تێکستی شانۆیی ساڵانێکی زۆر خزمەتی مەزنی هونەر و کەلتووری کوردی کردووە و جێدەستی لەو بوارەدا دیار و جێگای بایەخە.

 

لە درێژەی ئەم پرسەنامەیەدا هاتووە: لە دەستدانی ئەم هونەرمەندە، زیانێکی گەورەیە بۆ هونەری کوردی، سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو عەباسی کەمەندی و هونەرمەندانی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. لە خوای گەورە داواکارم خوالێخۆشبوو بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت.  

 

لە بەشێکی دیکەی بیرئانینی عەباس کەمەندیدا پەیامی سەرۆکی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران ئەندازیار سەید عیزەتوڵڵا زەرغامی بە بۆنەی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی خوێندرایەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: کۆچی دوایی هونەرمەندیی ناوداری کورد بەڕێز عەباس کەمەندی کە تەمەنی بەنرخی خۆی بۆ فەرهەنگ و هونەر و بردنە سەرێی ئاستی کەلتووری پیرۆزی ئێرانی ـ ئیسلامی تەرخانکرد بە خانەوادەی بەڕێزی سەرەخۆی دەڵێیم و بۆ شادیی ڕۆحی ئەم هونەرمەندە لە دەرگانەی خودا دۆعا دەکەین. 

 

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا بێژەری کورد ئەسعەد خۆشگەوار ژیاننامەی عەباس کەمەندی خوێندەوە کە تیێدا ئاماژەی بە تەواوی قۆناغەکانی ژیانی هونەری ئەم هونەرمەندە کردبوو، پاشان شیعری شۆهرە کەمەندی کچی عەباس کەمەندی کە بۆ کۆچی دوایی باوکی نووسیوییەتی لە لایەن ئەم بێژەرەوە خوێندرایەوە.

 

لە بەشێکی دیکەم ئەم یادەدا گۆرانیبێژی کورد بێهرووز تەوەکولی شیعرێکی عەباس کەمەندی بە دەنگی بە سۆزی خوی بە شێوەی مەقام پێشکەش کرد و لە درێژەدا شانۆکاری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی سەبارەت بە کەسایەتیی عەباس کەمەندی گوتی: کەمەندی عەشقێکی گەورەی بە کوردستان بوو، پیاوێک بوو کە بۆخۆی خۆی دروست کرد و هەر شتێک فێربوو لە لای خۆیەوە فێربوو، کاتێک کە لە فەڕەنسا هاتمەوە ماوەیەکی زۆر هاتووچۆی دەکردم و لەسەر فەرهەنگی کوردستان، توێژینەوەیەکی بەربڵاوی کردبوو، هەمووی لە ناو نامیلکەیەکی گەورەدا کۆکردبۆوە و بە نیاز بوو کە بە شێوەیەکی ڕێکووپێک بڵاویبکاتەوە.

 

گوتیشی: زانیارییەکی زۆری لەسەر فەرهەنگ و دابوونەریتی کوردەواری هەبوو، بە باشی تەکنەلۆژیای نەدەناسی چونکە لە هیچ زانکۆیەک وانەی نەخوێندبوو، هەر شتێک فێربوو بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێربوو. لە زۆر بواردا کاری کردبوو، لە هیچ بوارێک وەکوو موزیک و گۆرانی سەرنەکەوت، و لەسەر موزیکی کوردیدا کاریگەری خۆی دانا. کارە هونەرییەکانی دیکەشی جێی بایەخە بەڵام کاریگەرییان بە ڕێژەی کاریگەری موزیک نییە. 


ئەم شانۆکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: عەباس باروودۆخێکی کۆمەڵایەتیی زۆر باشی نەبوو، ئەو کاتەی کە دەستی بە گۆرانی خوێندن و توێژنەوەکانی کرد، هەر کەسێکی دیکە لە جێیی ئەو بوایە شایە بەسەرهاتێکی دیکەی هەبوو، بەڵام بە بیرووباوەڕی من شتێک لە ناخیدا بوو، گەوهەرێک لە سروشتیدا بوو کە بووە هۆی ئەوەی کە عەباس گەورەترین پێشکەوتن بەدەستبێنێت. کە ئەوە جێگای سەربەرزییە.


ئەوەیشی خستەڕوو: من لە منداڵییەوە دەیناسم، ئەو باروودۆخە کۆمەڵایەتییەی کە لە منداڵییەوە بووی بەڕاستی دەیتوانی هەموو کەس ببەزێنێت. بەڵام کەسێک بوو کە بە غیرەتی خۆی و ئەو بەهرەیەی کە لە ناخیدا هەیبوو و ئەو زانیارییەی کە وردە وردە لە ڕێگای هونەر بە دەستی هێنا. توانی لە جێگایەکی زۆر نزمەوە بگاتە جێگایەکی بەرز. هیچ کەسێک وەکوو عەباس بەرەوپێشەوە نەچووە و من ئەمە بە شانازی دەزانم. هیچ کەسێک وەکوو عەباس، قۆناغەکانی سەرکەوتنی لەسەر پێی خۆی نەپێواوە و بۆ ئەو سەرکەوتنە خۆی نەدا پاڵ کەسێکەوە.

 

سادقی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: شایەد ئەوە نەزانن یەکەمجار کە دەستی بە کاری فەرهەنگی و هونەری کرد، رێنوێنێکی ئاسایی بوو، ئەو کاتەیی کە محەمەدڕەزا لوتفی موزیکزان و ژەنیاری ناوداری تاری ئێران لە سنە سوپای دانش بوو، ئێمە کۆمەڵێک بووین کە کاری هونەریمان دەکرد ئەویش لەگەڵ ئێمەدا بوو، بڕیارماندا بچێن بۆ هەورامان، عەباس لەگەڵماندا هات و رێنوێنمان بوو، سەرەتای کاری فەرهەنگ و هونەری عەباس، هەر ئەم کارە بوو، کە هیچ کەسێک ئەمە نازانێت. لەگەڵ کەسانێک بوو کە هونەرمەندی گەورە بوون و ڕوانگەیان هەبوو، وردە وردە کاریگەرییان لەسەری دانا، لەوانە: کامکاران و کەسانی دیکە.

 

دکتۆر قوتبەدین سادقی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: عەباس بە شێوەیەک پێشکەوتووە و دەستکەوتنی بەدەستهێناوە گەورەتر و بەرچاوتر لە هەموو هونەرمەندێک کە لە کوردستانە. کە هەر ئەوە جێگای شانازییە بۆ هەموومان. لە منداڵییەوە دەیناسم و تا ئەو کاتەی کە ماڵئاوایی لە ژیان کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باروودۆخە نالەبارەی کە هەیبوو و هیچ کەسێک دەستی نەگرت و سەرەڕای هەمووی ئەمانە عەباس لە وەستان و تێکۆشان نەکەوت. بە بیرووبڕوای من لە بواری هونەریدا دەیان ساڵە توانیوییەتی لەسەر پێی خۆیەوە شتێک دروست بکات کە ئەمڕۆکە جێگای سەربەرزی و شانازییە. و نموونەیەکی زۆر گەورە لەو کەسانەیە کە وردە وردە باروودۆخی کۆمەڵایەتییان بە غیرەت، پێداگری و بەهەرەمەندی خۆیان دەگۆڕن و شتێک بە فەرهەنگ و هونەری ئێمە زیاد دەکەن، ئەو کەسانە بەڕاستی سەرمایەی فەرهەنگی و هونەری کۆمەڵگای ئێمەن. 

 

لە بەشێکی دیکە ئەم یادەدا چەندین پەیام و پرسەنامە بە بۆنەی کۆچی دوایی عەباس کەمەندیی خوێندرایەوە، لەوانە: کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران، هونەرمەندانی ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری سیما گوستەری زاگڕۆس، هونەرمەندانی بەشی کوردی کەناڵی سەحەر، بێژەران و هونەرمەندانی ڕادیۆ کوردی تاران، هونەرمەندان و کارمەندانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی سنە و مەهاباد، کۆمەڵەی پارێزەرانی کوردی دانیشتووی تاران، کۆمەڵەی کوردانی هەورامانی دانشیتووی تاران، هەیئەتی زۆرانبازی پارێزگای کوردستان، هونەرمەندانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، کۆمەڵەی کرماشانییەکانی دانشیتووی تاران، ئەندازیار سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شاری سنە لە پەڕڵەمانی ئێران، گۆڤاری مەهاباد، کۆمەڵەی ئازەرییەکان و لوڕەکانی دانیشتووی تاران و چەندین ناوەند و ڕێکخراوەی دیکە.

 

لە کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمەدا مامۆستای زانکۆ و نوێنەری شاری سنە لە خولی شەشەمی پەڕڵەمانی ئێران دکتۆر جەلال جەلالیزادە گوتی: بەداخەوە قەدری هونەرمەندانی خۆمان لە کاتی ژیانیاندا نازانین و مردوو پەرەستین. دەبێت ئێمە وەفادار بین و ڕێز لە هونەرمەندانمان بگرین و هونەرەکەیان بپارێزین.

 

گوتیشی: زۆر سوپاسی جەنابی کاک مەسعوو بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ناردنی پەیامی پرسەنامەکەیان، بەڕێزیان بەردەوام لایەنگری فەرهەنگ و هونەر لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.

دکتۆر جەلالیزادە لە درێژەدا شیعرێکی بە زاراوەی هەوارمی لە وەسفی دەنگ و هونەر و کەسایەتیی عەباس کەمەندی خوێندەوە.

 

لە یاد و بیرئانینی عەباس کەمەندیدا چەندین کەسایەتیی دیکەی کورد و ئێرانی ئامادەبوون، لەوانە: نوێنەری شاری سنە لە خولەکانی چوارەم و پێنجەمی پەڕڵەمانی ئێران سەید مەعرووف سەمەدی، نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی حەوتەمی پەڕڵەمانی ئێران جەعفەر ئایین پەرسەت، ڕۆژنامەنووسی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری مەهاباد ئەحمەد بەحری، پارێزگاری پێشووی کوردستان عەلیڕەزا شەهبازی، توێژەی موزیکی ئێران حەمیدڕەزا عاتفی، توێژەری دابوونەریتی کوردەواری هاشم سەلیمی، توێژەی کاروباری نێودەوڵەتیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیامەک کاکەیی، سەرۆکی کەناڵی خەبەری ئێران ئەردەشیر زابولیزادە، عەتا قادری سەرۆکی پێشووی کەناڵی سەحەر، توێژەری کورد ئیحسان هووشمەند، مامۆستای زانکۆ دکتۆر هاشم هیدایەتی، توێژەری و زمانناسی کورد ئەیووب گازرانی، ژمارەیەک لە خانمانی چالاکی بواری کاروباری کۆمەڵایەتیی کوردستان، محەمەد هادیفەر بەرپرسی ئاژانسی کورد پڕێس، موزیکزانی لاوی کورد و ژەنیاری تار ئازاد میرزاپوور، ڕۆژنامەنووسی کورد ئیبراهیم عەبدوالڵەزادە، ئەکتەری کورد پەیام عەلەوی، شاعیری کورد شاهۆ ڕۆستەمی و چەندین کەسایەتیی دیکە.

 

 

 سێ شەممە, 03 حوزەیران 2014

 

 

 

 

 

 ئاژانسی تەسنیم: دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران، پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ ئێران مێژوویی هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت: کوردستانی عێراق بەشێک لە دەڤەری شارستانییەتی ئێران بووە و هەیە.

 

بە پێی ڕاپۆڕتی گرووپی نێودەوڵەتیی ئاژانسی تەسنیم، دکتۆر جگەرخوێن (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانیشتنێکی چاوپێکەوتنیدا لە ئاژانسی تەسنیم بۆ هەڵسەنگاندنیی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی عێراق لە پێگەی ئەم ئاژانسە ئامادەبوو و لەمبارەیەوە بیروڕاکانی خۆی خستەڕوو کە لە خوارەوە دەقی ئەم دیدارە دەبینن:

 

هەڵبژادنەکان هێمای دیموکراسیی

 

تەسنیم: ئایا هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانێت لە نێوان گرووپە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا لێکنزیکبوونەوە پێکبێنێت؟

هەڵبژاردن دەرفەتێکە کە خەڵکی وەکوو هێمایەکی دیموکراسی کەڵکی لێوەردەگرن و هەروەها لەو دەرفەتە بۆ هەڵسەنگاندنی شێوازی کارکردنی ئیدارەی کاروباری کۆمەڵگا لە لایەن دەوڵەتەکانەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت، زۆر باشە کە گرفت و ناکۆکییە سیاسییەکان و ڕوانگە جۆراوجۆرەکان لە نێوان گرووپە سیاسییەکاندا بوونی هەیە و لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە بە شێوەی ئاشتیانە شیدەکرێتەوە و چارەسەر دەکرێن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو گرفتە زۆرانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی عێراق بۆتەوە، باشترین شێوە ئەوەیە کە خەڵکی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و دەنگی خۆیان بدەن بەو کاندیدا و گرووپە سیاسیانەی کە دەستنیشانیان کردوون تا بەم شێوەیە بتوانن لە ڕێگای یەکگریی نەتەوەیی کە لە عێراقدا پێکدێت کاریگەرییان هەبێت.

وڵاتی عێراق تایبەتمەندیی خۆی هەیە. وڵاتی عێراق دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و جەنگی جیهانی یەکەم بە پێی باروودۆخێکی تایبەت دامەزرا، عێراق پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینی وێکنەچووی هەیە و بەم هۆیە ئەو دەوڵەتانەی کە هاتنە سەر کار لە سەرەتاوە تا ئێستا هیچ کامیان نەیانتوانیوە یەکێتییەکی نەتەوەیی گونجاو لە نێوان خەڵکیدا پێکبێنن، بە تایبەت لە دەیەکانی ڕابردوودا و دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی و سەقامگیری سیستەمەی کۆماری و پاشان بەعسی، ڕوانینینێکی تایبەتی ڕەگەزپەرەستانە زاڵ بووە و بیرووبۆچوونەکانی خەڵکی سەرکوت کردووە.

دەمەوێت بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژە بە سەرکوتکردنی بیرووبۆچوونە جیاوازەکانی کوردەکان و شیعەکان بکەم، هیچ کاتێک هەوڵنەدرا تاکوو بیرووبۆچوونە ڕاستەقینەکانی خەڵک لەبەرچاو بگیرێت تا خەڵکی بتوانن ڕوانگەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ ئیدارەکردنی وڵات بەکاربێینن تا بەم هۆیەوە یەکێیەتییەکی دروستکراو کە وێدەچوو ڕوویدابێت یەکێتییەکی ڕاستەقینە نەبوو بەڵکوو تەنیا گوشار و کردەوەی دەسەڵات بوو کە ئیزنی نەدەا ڕوانگە سیاسییە جیاوازەکان لە عێراقدا سەرهەڵبدات.

 

پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ شیعەکان ستراتێژیکە

 

تەسنیم: ئایا هەڵوێستی کوردەکان لە هاوپەیمانی لەگەڵ شیعەکان لەسەر جێی خۆی ماوەتەوە؟ و ئەم هاوپەیمانییە تەنانەت لەگەڵ کەسایەتیی نووری مالکیش بوونی هەیە؟

هاوپەیمانی ئێمە لەگەڵ کەسایەتییەکان نییە، ئێمە لەگەڵ خوشک و برا شیعەکانی خۆمان هاوپەیمانی پێکدێنین، کوردەکان لەگەڵ شیعەکان مێژووی خەبات و چەوساوەیی هاوبەشیان هەیە و یەکێتی ئەوان ستراتێژیکە، ئەم یەکێتییەی ئێمە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە پێشکەوتووەکانی عێراق بوونی هەیە و بە تایبەت لەگەڵ شیعەکانیشدا.

 

بەشداریی خەڵکی لە شارەکانی باشووریی عێراق زیاتر دەبێت

 

تەسنیم: پێشبێنی ئێوە بە نیسبەت بەشدرایی خەڵکی لە عێراقدا چۆنە و ئایا لەم بوارەدا هەڵسەنگاندنێکتان کردووە؟ 

وای دەبینم عێراق بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی جیاوازی خۆی بە سەر سێ پێکهاتەی ئایینی جیاواز و جۆری بەربڵاوییان، یانی برایانی شیعە، برایانی سوننە و کوردەکان، بەشداری لە شارەکانی باشوور زیاتر دەبێت و لە هەرێمی کوردستانیش هەر بە شێوەیە دەبێت، لەو ناوچانەی کە گرفتی ئەمنییەتی بوونی هەیە، وا چاوەڕوان دەکرێت بەشداری کەمتر بێت.  

 

نابێت سەبارەت بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بیرووڕا دەرببڕدرێت

 

تەسنیم: پێشبێنی ئێوە سەبارەت بە پێشوازیی خەڵکی لە لیستەکانی هەڵبژداردن چییە؟ لە چ لیستێک پێشوازیی زیاتر دەکرێت؟

لەمبارەیەوە نابێت بیرووڕا دەرببڕدرێت. خەڵکی لە هەرێمی کوردستان بەرشدارییەکی بەرچاویان هەبوو بەڵام ناتوانرێت ئاماژە بە لیستێکی تایبەت بکرێت.

 

بەدەستەوەبوونی یەک یا دوو پلەی سەرەکی مافی کوردەکانە

 

تەسنیم: ئێستاکە ئەم ناکۆکییانە لە نێوان کوردەکان و سوننەکانیشدا دەبینین، بۆ نموونە لە بارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ڕایدەگەیەنن کە ئەم پلەوپایە مافی ئێمەیە و لە لایەکی دیکەشەوە کوردەکان جەخت دەکەنەوە کە ئێمە لە مافی خۆمان چاوپۆشی ناکەیەن، بیرووڕای ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

عێراق لە دوو نەتەوەی کورد و عەڕەب پێکهاتووە، هەر وەکوو ئاگادارن پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی خەڵکی هەڵبژێردرا، لە حاڵێکدا کە ئێستا هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە، بڕیاریدا کە لەگەڵ برا عەڕەبەکانی خۆی لە عێراقێکی دیموکراتی نوێیدا، یەکێتی و پێکەوبوون هەڵبژێرێت. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی جەماوەری عێراق و نەتەوەیەک کە زیاترین زوڵم و زۆری دەرهەق کراوە، لەوبڕوایەدام کە بەدەستەوەبوونی یەک یا دوو پلەی سەرەکی وڵات مافی کوردەکانە و ئەوە داوایەکی زۆر نییە.

برایانی سوننە و حیزبە سیاسییە سوننەکان بوونیان هەیە کە پابەندیی پڕۆسەی سیاسیی عێراقن و ڕوانینی پێشکەوتووانەیان هەیە بەڵام بە گشتیی مەبەستم ئەوەیە کاتێک کە پێکهاتەی نەتەوەیەک زیاتر لە 80 ساڵ بە یەک دروشمی ڕەگەزپەرەستانەوە لە عێراقدا حکوومەت بکات دژوارە کە ئەم پێگەیە لەوان وەربگریی و بتوانی بەوان بسەلمێنی کە ئێوە دەبێت تەنیا بەشی خۆتان هەبێت.

 

سوننەکان دەبێت بە پێی بارستایی خۆیان داوای مافەکانیان بکەن

 

تەسنیم: بەبڕوای ئێوە بەشی ئەوان چییە؟

بەشی ئەوان بە پێی بارستایی و جمووریانە، هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد عێراق بە شێوەیەکی تایبەت دابەشکراوە، هەر وەکوو هەمووان لەو بڕوایەدان، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و یەکێتی لەگەڵ برا عەڕەبەکانی خۆی و مانەوە لە چوارچێوەی عێراقی نوێ و دیموکراتدا پەسند کردووە، وا دەزانم بچووکترین چاوەڕوانی ئەوەیە کە یەکێک لە پلەوپایە سەرەکییەکانی بەرپرسیارییەتی لە عێراقدا بە کوردەکان ببەخشرێت.

 

هاوپەیمانییەکان دوای هەڵبژاردنەکان پێکدێن

 

تەسنیم: داهاتووی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان چۆن دەبینن؟ هاوپەیمانیی نێوان گرووپە سیاسییەکان بە چ شێوەیەک دەبێت؟

هاوپەیمانییەکان دوای ڕوونبوونەوەی دەرئەنجانی هەڵبژاردنەکان پێکدێت، تاکوو لیست و گرووپە سیاسییەکان بتوانن بەرنامەکانی خۆیان هەڵسەنگێنن و شێوازی هاوپەیمانیی خۆیان لەگەڵ یەکتری بە جوانی شیبکەنەوە. ویستی ئێمە بۆ هاوپەیمانییەکان بە پێی ئەو مافانە دەبێت کە بەدەستیی دێنین، ئەگەر بیرووڕا و داخوازییەکانی ئێمە پەسەندیی ئەو هاوپەیمانە بێت کە ئێمە دانووستانی لەگەڵ دەکەین، پێویستیی و پێداگریی تایبەتمان لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان نابێت، خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین بەرنامەکانی خۆمان بەرەو پێشەوە بەرین، هەڵبەت ئەگەر بڕیار بەوەبێت کە پلە سەرەکییە ئیداریی و بەرپرسیارییەتییەکانی عێراق بە شێوەی عادیلانە دەبەشبکرێت، وەکوو چاوەڕوان دەکرێت یەکێک لەوان دەبێت بە کوردەکان بدرێت.

 

بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری گوڵبژێریکی بەهێزمان هەیە

 

تەسنیم: ئایا کوردەکان کەسێکی تایبەتییان بۆ پلەی سەرۆک کۆماری عێراقلەبەرچاوگرتووە؟ بۆ ئەم پلەوپایە چ بەرنامەیەکتان هەیە؟

حەتمەن کەسانی تایبەت دیاریکراون بەڵام نامەوێت کە ئاماژە بە ناوێکی تایبەت بکەم، زۆر کەس لە سەرۆک بارزانی بانگهێشتیان کردووە تاکوو پلەی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت. دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان و ئاشکرابوونی دەرئەنجامەکان و هەروەها وتووێژ و دانووستان سەبارەت بە روونکردنەوەی باروودۆخی سەرۆک کۆماری، وای نابینم کە گرفتێک لە هەڵبژاردنی کەسی دیاریکراودا هەبێت، ئێمە کەسانی بەهێزمان هەیە. کاتێک کە ئەم پۆستە هەر وەکوو جاران بۆ کوردەکان مسۆگربێت، بێگومان کاندیدی خۆشیان دەبێت.

 

چارەسەرکردنی گرفتە سیاسییەکان دەستەبەری گرفتە ئەمنییەکانە

 

تەسنیم: ئایا عێراق لە ئێستادا بەرەو بەدەستهێنانی پێگەیەکی سەرەکی لە ناوچەکەدا هەنگاو دەنێت؟

هیوادارین کە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک بێت و دەوڵەتێک بێتە سەر کار کە بتوانێت باروودۆخێک بۆ بەشداری ڕاستەقینەی هەموو لایەن و گرووپە سیاسییەکان بڕەخسێنێت، ئەگەر گرفتە سیاسییەکانی عێراق بەرەو چارەسەربوون بڕوات، چاوەڕوان دەکرێت گرفتە ئەمنییەتییەکان و کێشەکانی دیکە بەرەو کەمبوونەوە بڕوات و چارەسەر بکرێت. ئێمە لەوبڕوایەداین کە هەڵبژاردنەکان لەم ڕووەوە چارەنووسسازە. هیوادارین کە هەڵبژاردنەکانی ئێستا باروودۆخێکی نوێی بۆ عێراقی بەدیبێنێت و ئەم وڵاتە هێمنتر بێتەوە.     

 

 

پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ ئێران مێژووییە

 

تەسنیم: هەڕەشەکانی بەڕێز بارزانی دەربارەی جیابوونەوە لە عێراق تا چ ڕادەیەکە؟

لەوبڕوایەدام کە بەڕێز بارزانی هەڵوێستی خۆی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییە، کوردستانی عێراق بەشێک لە دەڤەری شارستانییەتی ئێران بووە و هەیە، زمانی ئێمە لەگەڵ زمانی فارسی بنچینەی هاوبەشی هەیە و ئێمە مێژوویەکی هاوبەشمان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، بەم هۆیەوە هیچ کاتێک کردەوەی سیاسیی ئێمە بە شێوەیەک نەبووە کە خەسارەیەک بە ئێران بگەیەنێت، هەموو کاتێک رێبەرانی ئێمە بە تایبەت سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییە زۆر باشەکانی خۆی لەگەڵ ئێران قسەی کردووە و وەسفی ئەم پەوەندییەی کردووە و بەرەو پێشوەوە بە گەشەداری زانیوە.       

 

تەسنیم: هەرێمی سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ڕێککەوتووە بەڵام لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتووە، بیرووڕای ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا و دەرهێنانی نەوت، دەبێت بڵێیم کە ئێمە بە تەواوی لە چوارچێوەی یاساکانی عێراقدا هەڵسووکەوتمان کردووە، پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێمە، کردەوە ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا بووە. هەرێمی کوردستان ئێستا ناسراوە و لە ناوچەیەکی هەستیار دایە، بە پێی ئەو هەستیارییانە کە هەیە و توندووتیژییەکانی سنووری، دەوڵەتی کوردستان بە باشی توانیوییەتی ئەم باروودۆخە ئاڵۆزە، هێور و سەقامگیر بکاتەوە. تەواوی کردەوەکانی ئێمە لە چوارچێوەی یاساکانی عێراقدا بووە و هیچ یەک لەوانە لە دەرەوەی ئەم یاسایانەدا نەبووە.

 

 

 

 

 

 

 

نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە چوارەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران بە بۆنەی جەژنی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی تاراندا بەشداریی کرد.

بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، بەرپرسی فەرهەنگی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراق لە تاران، هەندێک لە باڵیۆزان و بەرپرسانی زانستیی و فەرهەنگی باڵیۆزخانەی وڵاتانی جۆراوجۆر، لەوانە: ئیتاڵیا، فەڕەنسا، رووسیا، مالیزیا، ئەفغانستان و چەندین وڵاتی دیکە، مامۆستایانی زانکۆی تاران، هەندێک لە کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بەرپرسانی زانکۆی تاران، بەرپرسانی وەزارەتی زانست و توێژینەوەکانی ئێران، مامۆستایانی ئێرانی و بیانی، خوێندکارانی ئێرانی و بیانی و کارمەندان و کارناسانی زانکۆی تاران، چوارەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران بە بۆنەی جەژنی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی تاران، کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە 26ی ئایار / مایۆی 2014 لە تەلاری عەلامە ئەمینی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا لە خوێندکارانی سەرکەوتووی بیانی، لە بلیمەتەکانی زانستیی، لێژنەی زانستیی و خوێندکارانی زانکۆی تاران بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری ڕێزگیرا و بە پێشنیاری گرووپی زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانستیی مرۆڤانەی زانکۆی تاران، لە لایەن دکتۆر "محەمەد حوسێن ئومید" سەرپەرەشتی زانکۆی تاران، دکتۆرای فەخری پێشکەش بە "عەبدوالعەزیز سەعوود بایتین" نووسەر و شاعیری ناوداری کوێتی کرا بە بۆنەی ڕۆڵی بەرچاوی زانستیی و پەرەوەردەیی لە بواری بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی ئیسلامی و ئەدەبیانی عەڕەبیدا.

زانکۆی تاران یەکێکە لە زانکۆ پێشڕەو و گرینگەکان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلام کە زیاترین ڕێژەی قوتابی بیانی بە خۆی تەرخانکردووە. بە پێی وتەکانی سەرپەرەشتی زانکۆی تاران، بڕیاروایە لە 3 تا 5 ساڵی داهاتوودا، نزیکەی سەتا 20ی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بۆ قوتابیانی بیانی تایبەت بکرێت و گۆڕینەوەی خوێندکار لەگەڵ وڵاتانی دیکە، گەشەکردنی زانست و نزیکیی فەرهەنگەکانی بەدواوەبێت.  

چوارەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران هاوکات لەگەڵ هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو، لە تەنیشت بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵەدا، پێشانگایەک لە ولاتانی بیانی و دەستکەوتەکانی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران لە ڕۆژی دووشەمە 24 تا 26ی ئایار / مایۆی 2014 لە پەردیسی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.

 

 

 

 سێ شەممە, 27 ئایار 2014

 

 

 

 

 دکتۆر "جگەرخوێن" لە ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی کوردی فەیلی لە تاران گوتی: مێژووی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد نیشانیدا کە کوردە فەیلییەکان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا لە عێراق و بە تایبەت خەباتەکانی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر ڕژێمی دیکتاتۆڕ لە هەموو ئاستەکاندا لەوانە: رێبەرایەتیی خەباتە ڕزگاریخوازەکاندا بەشداری کاریگەریان کردووە و لە ڕێگای ئازادیی و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دادپەروەرانەیان هەزاران شەهیدیان پێشکەشی نیشتمانەکەیان کردووە.

دکتۆر "جگەرخوێن" (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران لە ڕێوڕەسمی یازدەیەمین ساڵیادی 22 هەزار شەهیدی کوردی فەیلی لە تاران گوتارێکی پێشکەش کرد کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بێتاوانی کوردی فەیلی و بەرز و زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەری ئەم سیمبولانەی خۆڕاگری، پایەداری و ئازادیی. کوردە فەیلییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد لە عێراق کە  شوێنی نیشتەجێبوونیان لە نیشتمانی دایکییان مەودای تێکەوتەوە، بەڵام ڕژێمی ڕەگەزپەرەستی بەعسی عێراق لە چوارچێوەی جەنایەتەکان و زوڵم و زۆرە بەربڵاوەکانی کە دەرهەق بە خەڵکی کورد لە عێراق ئەنجامیدەدا، لەوانە: وێران کردنی شار و گوندەکانی کوردستان، کارەساتی ئەنفال، بۆردوومانی شیمیایی و ... کوردە فەیلییەکانیشی خستە بەر هێرشی دڕندانەترین کردەوە نامرۆییەکانی خۆی.

ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1970 دەستی کرد بە کۆڕەوی زۆرەملی کوردە فەیلییەکان و بەم شێوەیە دەیان هەزار کەس لەوانی گرت و دەستی کرد بە داگیرکردنی ماڵ و سامانیان و ئەوانی بەرەو ئێران دەرکرد و تەنیا و تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە کوردن و بنچینەیان ئێرانییە و ڕەسەنایەتییان عێراقی نییە و بۆ ئاسایشی نەتەوەی عەڕەب و عێراق مەترسییان هەیە.

لە چوارچێوەی پڕۆسەی سەرکوتکردن و پاکتاوی ڕەگەزی ڕژێمی بەعس لە دژی کوردە فەیلییەکان، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە گەنجانی فەیلی گیران و پێی و شوێنیان نەما و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نییە و دیار نییە کە بە چ شێوەیەک لە ناو چوون. دەگوترێت کە زۆربەی ئەم گەنجانە لە تاقیگەکانی بەرهەمهێنانی چەکە کیمیاییەکان و بیۆلۆجیکی سەدام وەکوو نموونەی تاقیگە لە توێژینەوەکان کەڵکیان لێوەرگیراوە و پاشان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردراونەتەوە.

ڕژێمی سەرکوتکەری سەدام، هەموو توانایەکی خۆی خستەگڕ تاکوو شوناسی عێراقی و هەروەها کوردبوونی کوردە فەیلییەکان بسڕێتەوە، چونکە ئەوان هەم کوردبوون، هەم شیعەبوون و هەمیش بنچینەیان ئێرانی بوو، و هەمووی ئەمانە بە بڕوای کۆنەپەرەستانەی ئەوان، مەترسی جیدی دژی حیزبی بەعس بوون. مێژووی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد نیشانیدا کە کوردە فەیلییەکان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا لە عێراق و بە تایبەت خەباتەکانی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر ڕژێمی دیکتاتۆڕ لە هەموو ئاستەکاندا لەوانە: رێبەرایەتیی خەباتە ڕزگاریخوازەکاندا بەشداری کاریگەریان کردووە و لە ڕێگای ئازادیی و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دادپەروەرانەیان هەزاران شەهیدیان پێشکەشی نیشتمانەکەیان کردووە.

ئەو تاوانانەی کە دەرهەق کوردە فەیلییەکان ئەنجامدراوە هاودەقی زۆربەی یاساکان و ڕێککەوتەنامەکانی نێودەوڵەتیی و مافە نێودەوڵەتییەکانە کە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی و کوشتنی بە کۆمەڵدایە. چونکە لە هەمووی شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵیاندا، لەوانە: گرتن، شاردنەوەی بە زۆرەملی، کوشتنی بەربڵاو، کۆچڕەوی بە زۆرەملی و داگیرکردنی ماڵ و سامانیان وەکوو کەمینەیەکی نیژادی و ئایینی دیار، وێنەیەکی ئاشکرایە لە کوشتنی بە کۆمەڵ و جەنایەت دژی مرۆڤایەتیی.

ئێستا دوای دە ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی زاڵمی بەعسدا، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کردەوەی دژی مرۆڤایەتیی و دڕندانەی دەوڵەتی بەعسی لە بەرانبەر کوردە فەیلییەکاندا بە ڕەسمی بە ژینۆساید ناساندووە. بەڵام ئەوە بە تەنیایی بەس نییە، دەوڵەتی عێراق دەبێت بەرنامەی چڕوپڕی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی داسەپاو بەسەر ئەم بەشە زوڵملێکراوەی نەتەوەی کورددا، ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و یارمەتی بدات کە چارەنووسی ئەوانەی کە شاردراونەتەوە ڕوونبێتەوە و هەروەها بەڵگەی شووناس و ئیقامەی ئاوان لە وڵاتی عێراق بۆیان بگەڕێنێتەوە و زیاتر لە هەموو ئەمانە بە شێوەی ڕەسمی داوای لێبوردن لە کوردە فەیلییەکان بکات.

ئومێد دەکەین لە چوارچێوەی عێراقی نوێی فیدڕاڵ و دیموکراتدا، عێراقێک کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان مافی بەرانبەریان هەبێت، بە جێبەجێی کردنی تەواوی یاسای بنەڕەتی وەکوو پەیمانێکی نەتەوەیی، هەموو چین و توێژ و خەڵکانی عێراق، لە شیعە و سوننە، کورد و عەڕەب بە یارمەتی یەکتری کۆمەڵگایەک دروست بکەن دوور بێت لە هەر جۆرە زوڵم و زۆر و دەستدرێژی بە مافەکان مرۆڤ، کۆمەڵگایەک کە دوای تێپەڕبوون لە ساڵە مەینەتییەکانی جەنگ و خوێن ڕشتن و قوربانیدان و ... کۆمەڵگایەک بێت ئازاد، ئاوەدان و مودێڕن کە هەموو تێیدا هەست بە هێمنی و سەربەخۆیی بکەن. و هەروەها ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤە زوڵملێکراوەکان ساڕێژێک بێت بۆ برینە بێ کۆتاکانی نەتەوەیەکی ڕەنجەڕۆ بەڵام گەورە. نەتەوەیەک کە نیشانیدا هەموو ئەو زوڵم و زۆرانە لە ناو دەچێت بەڵام بۆخۆی هەروا خۆڕاگر و سەربڵند دەمێنێتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، یادی 22 هەزار شەهیدی کوردی فەیلی لە تاران بەرز ڕاگیرا.

بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، "محەمەد مەجید الشێخ" باڵیۆزی وڵاتی عێراق لە شاری تاران، "هیوا مەرگەیی" و دکتۆر "ڕەمەزان" ئەندامی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، چەندین کەسایەتیی سیاسی، کەلتووری و ئەدەبی عێراق و ئێران، چەندین ئەندامی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، هەندێک لە کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی فەیلی دانیشتووی تاران و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ڕێوڕەسمی یازدەیەمین ساڵیادی 22 هەزار شەهیدی کوردی فەیلی کاتژمێر 10ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 23ی ئایار / مایۆی 2014 لە مزگەوتی ئال ئاقا مەحموود لە شاری تاران بەرز ڕاگیرا.

لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمەدا "محەمەد مەجید الشێخ" باڵیۆزی وڵاتی عێراق لە شاری تاران وتارێکی کورتی پێشکەش کرد و پاشان دکتۆرە "بەتوول موشکین فام" مامۆستای گرووپی زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی زانکۆی الزهرای تاران وتارێکی سەبارەت بە ڕۆڵی کەسایەتیی کوردە فەیلییەکان پێشکەش کرد و لە درێژەدا "مووسا بیدەج" شاعیری ناوداری قوروەیی بە زاراوەی فەیلی شیعرێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی یادی 22 هەزار شەهیدی کوردی فەیلی، دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتادا گوتی: ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بێتاوانی کوردی فەیلی و بەرز و زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەری ئەم سیمبولانەی خۆڕاگری، پایەداری و ئازادیی. کوردە فەیلییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد لە عێراق کە  شوێنی نیشتەجێبوونیان لە نیشتمانی دایکییان مەودای تێکەوتەوە، بەڵام ڕژێمی ڕەگەزپەرەستی بەعسی عێراق لە چوارچێوەی جەنایەتەکان و زوڵم و زۆرە بەربڵاوەکانی کە دەرهەق بە خەڵکی کورد لە عێراق ئەنجامیدەدا، لەوانە: وێران کردنی شار و گوندەکانی کوردستان، کارەساتی ئەنفال، بۆردوومانی شیمیایی و ... کوردە فەیلییەکانیشی خستە بەر هێرشی دڕندانەترین کردەوە نامرۆییەکانی خۆی.

گوتیشی: ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1970 دەستی کرد بە کۆڕەوی زۆرەملی کوردە فەیلییەکان و بەم شێوەیە دەیان هەزار کەس لەوانی گرت و دەستی کرد بە داگیرکردنی ماڵ و سامانیان و ئەوانی بەرەو ئێران دەرکرد و تەنیا و تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە کوردن و بنچینەیان ئێرانییە و ڕەسەنایەتییان عێراقی نییە و بۆ ئاسایشی نەتەوەی عەڕەب و عێراق مەترسییان هەیە.

دکتۆر "جگەرخوێن" لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە چوارچێوەی پڕۆسەی سەرکوتکردن و پاکتاوی ڕەگەزی ڕژێمی بەعس لە دژی کوردە فەیلییەکان، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە گەنجانی فەیلی گیران و پێی و شوێنیان نەما و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نییە و دیار نییە کە بە چ شێوەیەک لە ناو چوون. دەگوترێت کە زۆربەی ئەم گەنجانە لە تاقیگەکانی بەرهەمهێنانی چەکە کیمیاییەکان و بیۆلۆجیکی سەدام وەکوو نموونەی تاقیگە لە توێژینەوەکان کەڵکیان لێوەرگیراوە و پاشان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا شاردراونەتەوە.  

جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران ئەویشی خستەڕوو: ڕژێمی سەرکوتکەری سەدام، هەموو توانایەکی خۆی خستەگڕ تاکوو شوناسی عێراقی و هەروەها کوردبوونی کوردە فەیلییەکان بسڕێتەوە، چونکە ئەوان هەم کوردبوون، هەم شیعەبوون و هەمیش بنچینەیان ئێرانی بوو، و هەمووی ئەمانە بە بڕوای کۆنەپەرەستانەی ئەوان، مەترسی جیدی دژی حیزبی بەعس بوون. مێژووی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد نیشانیدا کە کوردە فەیلییەکان، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا لە عێراق و بە تایبەت خەباتەکانی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر ڕژێمی دیکتاتۆڕ لە هەموو ئاستەکاندا لەوانە: رێبەرایەتیی خەباتە ڕزگاریخوازەکاندا بەشداری کاریگەریان کردووە و لە ڕێگای ئازادیی و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی دادپەروەرانەیان هەزاران شەهیدیان پێشکەشی نیشتمانەکەیان کردووە.

گوتیشی: ئەو تاوانانەی کە دەرهەق کوردە فەیلییەکان ئەنجامدراوە هاودەقی زۆربەی یاساکان و ڕێککەوتەنامەکانی نێودەوڵەتیی و مافە نێودەوڵەتییەکانە کە لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی و کوشتنی بە کۆمەڵدایە. چونکە لە هەمووی شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵیاندا، لەوانە: گرتن، شاردنەوەی بە زۆرەملی، کوشتنی بەربڵاو، کۆچڕەوی بە زۆرەملی و داگیرکردنی ماڵ و سامانیان وەکوو کەمینەیەکی نیژادی و ئایینی دیار، وێنەیەکی ئاشکرایە لە کوشتنی بە کۆمەڵ و جەنایەت دژی مرۆڤایەتیی.        

دکتۆر "جگەرخوێن" ئاشکراشیکرد: ئێستا دوای دە ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی زاڵمی بەعسدا، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کردەوەی دژی مرۆڤایەتیی و دڕندانەی دەوڵەتی بەعسی لە بەرانبەر کوردە فەیلییەکاندا بە ڕەسمی بە ژینۆساید ناساندووە. بەڵام ئەوە بە تەنیایی بەس نییە، دەوڵەتی عێراق دەبێت بەرنامەی چڕوپڕی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەیی داسەپاو بەسەر ئەم بەشە زوڵملێکراوەی نەتەوەی کورددا، ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و یارمەتی بدات کە چارەنووسی ئەوانەی کە شاردراونەتەوە ڕوونبێتەوە و هەروەها بەڵگەی شووناس و ئیقامەی ئاوان لە وڵاتی عێراق بۆیان بگەڕێنێتەوە و زیاتر لە هەموو ئەمانە بە شێوەی ڕەسمی داوای لێبوردن لە کوردە فەیلییەکان بکات.     

جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە کۆتاییدا گوتی: ئومێد  دەکەین لە چوارچێوەی عێراقی نوێی فیدڕاڵ و دیموکراتدا، عێراقێک کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان مافی بەرانبەریان هەبێت، بە جێبەجێی کردنی تەواوی یاسای بنەڕەتی وەکوو پەیمانێکی نەتەوەیی، هەموو چین و توێژ و خەڵکانی عێراق، لە شیعە و سوننە، کورد و عەڕەب بە یارمەتی یەکتری کۆمەڵگایەک دروست بکەن دوور بێت لە هەر جۆرە زوڵم و زۆر و دەستدرێژی بە مافەکان مرۆڤ، کۆمەڵگایەک کە دوای تێپەڕبوون لە ساڵە مەینەتییەکانی جەنگ و خوێن ڕشتن و قوربانیدان و ... کۆمەڵگایەک بێت ئازاد، ئاوەدان و مودێڕن کە هەموو تێیدا هەست بە هێمنی و سەربەخۆیی بکەن. و هەروەها ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤە زوڵملێکراوەکان ساڕێژێک بێت بۆ برینە بێ کۆتاکانی نەتەوەیەکی ڕەنجەڕۆ بەڵام گەورە. نەتەوەیەک کە نیشانیدا هەموو ئەو زوڵم و زۆرانە لە ناو دەچێت بەڵام بۆخۆی هەروا خۆڕاگر و سەربڵند دەمێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بیرئانینەدا شاعیری کورد "محەمەد حەیدەری" بە زاراوەی فەیلی شیعرێکی خوێندەوە و لە درێژەدا ئەندازیار "محەمەدڕەزا موروارید" پارێزگای کوردی ئیلام سەبارەت بە ڕەوشی ڕابردوو و ئێستای کوردانی فەیلی هاتە ئاخاوتن.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا "ماجد غەماز" نوێنەری ئەنجوومەنی ئەعلای ئیسلامی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا سەید "ئەحمەد مووسەوی" کوردی فەیلی دانیشتووی وڵاتی دانیمارک وتارێکی زانستی لە سەر کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی خوێندەوە.

ڕێوڕەسمی یازدەیەمین ساڵیادی 22 هەزار شەهیدی کوردی فەیلی بە هەوڵی کوردانی فەیلی دانیشتووی تاران، کوردانی فەیلی ناوچەی مەسعوودیە، کوردانی فەیلیعەلیشیروانەکانی شاری شووش، کوردانی فەیلی شاری قەرچەک و کوردانی فەیلی شارەکانی بیسیم و نەجەف ئاوا و بە پێشکەشکاری "عەدنان جەوادی" بەڕێوەچوو.

 

 

  • شەممە, 24 ئایار 2014

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی