دکتۆر "جگەرخوێن" جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "دێنیس ئێنگل لیدەر" سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە ئێران دیداری کرد.

"دێنیس ئێنگل لیدەر" سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە ئێران، سەر لە بەیانى رۆژی سێشەمە 5-8-2014 سەردانى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محەمەد سەدیق ئەحمەد" (جگەرخوێن) جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران و "سۆران علی ئەمین" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان پێشوازى لێکرا. 

لەم دیدارەدا باسی بارودۆخى ئێستاکەى هەرێمى کوردستان و عێراق دواى هێرشى گرووپی داعش بۆ سەر ناوچەکانى شنگار و زوممار و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیانى ناوچەکە بۆ ناو هەرێمى کوردستان کرا. 

لەم دانیشتنەدا دکتۆر "جگەرخوێن" هەڵوێستى فەرمی هەرێمى کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراقی بە شێوەیەکى ورد بۆ سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ شیی کردەوە و هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرد بۆ بەرگریکردن لە خاکى هەرێمى کوردستان و رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ تیرۆرستان.

لە بەشیًکی دیکەی ئەم دیدارەدا جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، باسی لە پێویستیی پشتیوانى نێودەوڵەتى کرد سەبارەت بە هاوکاریکردنى ئاوارەکان و جەختیشی کردەوە کە هەرێمى کوردستان بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیەکانى پێویستیی بە یارمەتی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی زلهێز هەیە، بەتایبەتی کۆمارى ئەڵمانیاى فیدراڵ وەکوو بەتواناترین وڵاتى ئەورووپى دەتوانێت هاوبەش بێت لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکاندا.

 

هەروەها "دێنیس ئێنگل لیدەر" جەختى کردەوە لەسەر هاوکاریکردنى حکوومەتى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان لەم بارودۆخەی ئێستادا.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران، هیچ پەیجێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا نییە و ئەو لاپەڕەیەی کە لە ئەنتەرنێتدا بە ناوی ئەوەوە کراوەتەوە، ساختەکارییە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان و هەروەها خەڵکی ئاسایی بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لە ڕێگای ماڵپەڕی "نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران" بە ناونیشانیwww.krg-iran.comو هەروەها ماڵپەڕی فەرمی "نازم عومەر دەباغ" بە ناونیشانی www.nazimdabbagh.comئاگاداریی دوایین هەواڵ و زانیارییەکانی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە شاری تاران بن.

ماڵپەڕی "نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران" بە 4 زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەڕەبی و فارسی هەواڵ، ڕاپۆڕت، چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکان و چالاکییەکانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، تەواوی هەواڵەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها هەواڵە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

هەروەها لە ڕێگای ماڵپەڕی فەرمی "نازم عومەر دەباغ" بە زمانەکان کوردی، ئینگلیزی، عەڕەبی و فارسی هەواڵ، ڕاپۆڕت و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانی "نازم دەباغ" بڵاودەکرێتەوە.

 

 

بەشی ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران.

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "پال فولی" باڵیۆزى وڵاتی ئوستڕالیا لە ئێران دیداری کرد.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی ئێران سەر لە بەیانى ئەمرۆ چوارشەمە (16/7/2014) لە نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران، پێشوازى لە "پال فولی" باڵیۆزى وڵاتی ئوستڕالیا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد.

 

لە دانیشتنەکەدا هەر دوو لایەن باسیان لە بارودۆخى ئێستاى عێراق و ناوچەکە کرد و "پال فولی" باڵیۆزى ئوستڕالیا لە تاران پێی وابوو کە هەرێمى کوردستان هەڵوێستێکى باشیان نواندووە لە بەرامبەر تیرۆریستان و داعش بە پارێزگارى کردنى و داکۆکی ناوچەکانى خۆیان و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستانەوە روونکردنەوەى پێویست لەسەر بارودۆخەکە خرایەڕوو.

 

 

 

 

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، یادی گۆرانیبێژی کورد "عەلائەدین باباشەهابی" لە تاران بەرز ڕاگیرا.

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران، کۆنگرەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی کارەساتی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە تاران بەڕێوەچوو.

"نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "توماس بروسگارد هوگست" قونسوڵى شانشینى نەرویج لە ئێران کۆبۆوە.

سەر لەبەیانى ئەمرۆ یەکشەمە (22/6/2014) "توماس بروسگارد هوگست" قونسوڵى شانشینى نەرویج لە تاران  سەردانى نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی ئێران پێشوازی لێکرا.

لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لە بارودۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى کرا و هەروەها دوو لایەن سەبارەت بە پێشهاتەکانى هەرێمى کوردستان دواى کۆنترۆڵکردنى چەند پارێزگایەکى سوننەنشین لە لایەن گروپی تیرۆریستى "داعش "ەوە هاتن ئاخاوتن و باسی ئایندەى عێراق دواى گرتنى شاری موسڵیشیان کرد. 

 

"توماس بروسگارد هوگست" ئامادەیی وڵاتەکەى نیشاندا بۆ بەشدارى کردنى کۆمپانیا نەرویجییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.  

 

 

 

 

 بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و خوێندنەوەی پرسەنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یادی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی لە تاران بەرز ڕاگیرا.

 

بە ئامادەبوونی دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، چەندین کەسایەتیی سیاسیی، فەرهەنگی و هونەری کوردستان و ئێران، لەوانە: گۆرانیبێژی ناوداری کورد شەهرام نازری، بنەماڵەی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی، مامۆستای زانکۆکانی تاران و شانۆکاری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی، مامۆستای زانکۆ و نوێنەری شاری سنە لە خولی شەشەمی پەڕڵەمانی ئێران دکتۆر جەلال جەلالیزادە، مامۆستای زانکۆی تاران دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان، ڕۆژنامەنووسی کورد و سەرۆکی ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران بەهرام وەلەدبەیگی، هەندێک لە کارمەندانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، ئەندامانی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران و هۆگرانی گۆرانی و موزیکی کوردی، بە یارمەتی و هەوڵی ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری سیما گوستەری زاگڕۆس بە بەرپرسیارییەتی دوبلۆری بەئەزموونی کورد محەمەد فەرەیدوونی و بە پێشکەشکاری ئەکتەری کورد پەرویز حەبیبی، کاتژمێر 30/6 دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە 2ی حوزەیران / جوونی 2014 کۆڕی پرسە و یادی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی لە مزگەوتی ئەبوالفەزل لە شاری تاران بەرز ڕاگیرا.

 

لە سەرەتای ئەم بیرئانینەدا مامۆستای زانکۆی تاران دکتۆر ئەسعەد ئەردەڵان سەبارەت بە کەسایەتیی عەباس کەمەندی هاتە ئاخاوتن و گوتی: عەباس کەمەندی هونەرمەندێکی بێوێنەی کوردستان بوو و سەرمایەیەکی کەلتووری کۆمەڵگای ئێمەیە، بەهرەیەک لە ناخیدا هەبوو، ژیانی ئەم هونەرمەندە و ئەو بەرهەمانەی کە بۆمانی بەجێی هێشتووە هەمووی هێمای ئەوەیە کە بەهرەیەکی دەوڵەمەندی هەبوو و پێداگر و شێلگیر تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە درێژەپێدان بە هونەر نەوەستا. 

 

گوتیشی: لە سەردەمی منداڵیمدا بیرەوەریی زۆرم لەگەڵ عەباس کەمەندیدا هەیە، 4 ساڵ لەو بچووکتر بووم و لە گەڕەکێک دەژیاین و پێکەوە لە قوتابخانەیەک وانەمان دەخوێند، لەگەڵ کوڕە مامەکانم هەڤاڵ بوون و هەر ئەو کاتەش هەستم پێدەکرد کە هۆگری بە هۆنینەوەی شیعر هەیە و لەم بوارەدا بەهرەی تێدابوو. و هەر ئەو هەوڵانەش بووە هۆی ئەوەی کە ئێمە بۆ لەدەستدانی ئەم سەرمایەیەکەلتوورییە خەمبار بین. 

 

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، پرسەنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی خوێندەوە و لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: بە بیستنی هەواڵیی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کورد عەباسی کەمەندی دڵگران بووم. عەباسی کەمەندی لە بواری هونەری گۆرانی و ئاواز و وێنەکێشان و هۆنراوە و تێکستی شانۆیی ساڵانێکی زۆر خزمەتی مەزنی هونەر و کەلتووری کوردی کردووە و جێدەستی لەو بوارەدا دیار و جێگای بایەخە.

 

لە درێژەی ئەم پرسەنامەیەدا هاتووە: لە دەستدانی ئەم هونەرمەندە، زیانێکی گەورەیە بۆ هونەری کوردی، سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو عەباسی کەمەندی و هونەرمەندانی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. لە خوای گەورە داواکارم خوالێخۆشبوو بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت.  

 

لە بەشێکی دیکەی بیرئانینی عەباس کەمەندیدا پەیامی سەرۆکی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران ئەندازیار سەید عیزەتوڵڵا زەرغامی بە بۆنەی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی کورد عەباس کەمەندی خوێندرایەوە، لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: کۆچی دوایی هونەرمەندیی ناوداری کورد بەڕێز عەباس کەمەندی کە تەمەنی بەنرخی خۆی بۆ فەرهەنگ و هونەر و بردنە سەرێی ئاستی کەلتووری پیرۆزی ئێرانی ـ ئیسلامی تەرخانکرد بە خانەوادەی بەڕێزی سەرەخۆی دەڵێیم و بۆ شادیی ڕۆحی ئەم هونەرمەندە لە دەرگانەی خودا دۆعا دەکەین. 

 

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا بێژەری کورد ئەسعەد خۆشگەوار ژیاننامەی عەباس کەمەندی خوێندەوە کە تیێدا ئاماژەی بە تەواوی قۆناغەکانی ژیانی هونەری ئەم هونەرمەندە کردبوو، پاشان شیعری شۆهرە کەمەندی کچی عەباس کەمەندی کە بۆ کۆچی دوایی باوکی نووسیوییەتی لە لایەن ئەم بێژەرەوە خوێندرایەوە.

 

لە بەشێکی دیکەم ئەم یادەدا گۆرانیبێژی کورد بێهرووز تەوەکولی شیعرێکی عەباس کەمەندی بە دەنگی بە سۆزی خوی بە شێوەی مەقام پێشکەش کرد و لە درێژەدا شانۆکاری کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی سەبارەت بە کەسایەتیی عەباس کەمەندی گوتی: کەمەندی عەشقێکی گەورەی بە کوردستان بوو، پیاوێک بوو کە بۆخۆی خۆی دروست کرد و هەر شتێک فێربوو لە لای خۆیەوە فێربوو، کاتێک کە لە فەڕەنسا هاتمەوە ماوەیەکی زۆر هاتووچۆی دەکردم و لەسەر فەرهەنگی کوردستان، توێژینەوەیەکی بەربڵاوی کردبوو، هەمووی لە ناو نامیلکەیەکی گەورەدا کۆکردبۆوە و بە نیاز بوو کە بە شێوەیەکی ڕێکووپێک بڵاویبکاتەوە.

 

گوتیشی: زانیارییەکی زۆری لەسەر فەرهەنگ و دابوونەریتی کوردەواری هەبوو، بە باشی تەکنەلۆژیای نەدەناسی چونکە لە هیچ زانکۆیەک وانەی نەخوێندبوو، هەر شتێک فێربوو بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی فێربوو. لە زۆر بواردا کاری کردبوو، لە هیچ بوارێک وەکوو موزیک و گۆرانی سەرنەکەوت، و لەسەر موزیکی کوردیدا کاریگەری خۆی دانا. کارە هونەرییەکانی دیکەشی جێی بایەخە بەڵام کاریگەرییان بە ڕێژەی کاریگەری موزیک نییە. 


ئەم شانۆکارە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: عەباس باروودۆخێکی کۆمەڵایەتیی زۆر باشی نەبوو، ئەو کاتەی کە دەستی بە گۆرانی خوێندن و توێژنەوەکانی کرد، هەر کەسێکی دیکە لە جێیی ئەو بوایە شایە بەسەرهاتێکی دیکەی هەبوو، بەڵام بە بیرووباوەڕی من شتێک لە ناخیدا بوو، گەوهەرێک لە سروشتیدا بوو کە بووە هۆی ئەوەی کە عەباس گەورەترین پێشکەوتن بەدەستبێنێت. کە ئەوە جێگای سەربەرزییە.


ئەوەیشی خستەڕوو: من لە منداڵییەوە دەیناسم، ئەو باروودۆخە کۆمەڵایەتییەی کە لە منداڵییەوە بووی بەڕاستی دەیتوانی هەموو کەس ببەزێنێت. بەڵام کەسێک بوو کە بە غیرەتی خۆی و ئەو بەهرەیەی کە لە ناخیدا هەیبوو و ئەو زانیارییەی کە وردە وردە لە ڕێگای هونەر بە دەستی هێنا. توانی لە جێگایەکی زۆر نزمەوە بگاتە جێگایەکی بەرز. هیچ کەسێک وەکوو عەباس بەرەوپێشەوە نەچووە و من ئەمە بە شانازی دەزانم. هیچ کەسێک وەکوو عەباس، قۆناغەکانی سەرکەوتنی لەسەر پێی خۆی نەپێواوە و بۆ ئەو سەرکەوتنە خۆی نەدا پاڵ کەسێکەوە.

 

سادقی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: شایەد ئەوە نەزانن یەکەمجار کە دەستی بە کاری فەرهەنگی و هونەری کرد، رێنوێنێکی ئاسایی بوو، ئەو کاتەیی کە محەمەدڕەزا لوتفی موزیکزان و ژەنیاری ناوداری تاری ئێران لە سنە سوپای دانش بوو، ئێمە کۆمەڵێک بووین کە کاری هونەریمان دەکرد ئەویش لەگەڵ ئێمەدا بوو، بڕیارماندا بچێن بۆ هەورامان، عەباس لەگەڵماندا هات و رێنوێنمان بوو، سەرەتای کاری فەرهەنگ و هونەری عەباس، هەر ئەم کارە بوو، کە هیچ کەسێک ئەمە نازانێت. لەگەڵ کەسانێک بوو کە هونەرمەندی گەورە بوون و ڕوانگەیان هەبوو، وردە وردە کاریگەرییان لەسەری دانا، لەوانە: کامکاران و کەسانی دیکە.

 

دکتۆر قوتبەدین سادقی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: عەباس بە شێوەیەک پێشکەوتووە و دەستکەوتنی بەدەستهێناوە گەورەتر و بەرچاوتر لە هەموو هونەرمەندێک کە لە کوردستانە. کە هەر ئەوە جێگای شانازییە بۆ هەموومان. لە منداڵییەوە دەیناسم و تا ئەو کاتەی کە ماڵئاوایی لە ژیان کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باروودۆخە نالەبارەی کە هەیبوو و هیچ کەسێک دەستی نەگرت و سەرەڕای هەمووی ئەمانە عەباس لە وەستان و تێکۆشان نەکەوت. بە بیرووبڕوای من لە بواری هونەریدا دەیان ساڵە توانیوییەتی لەسەر پێی خۆیەوە شتێک دروست بکات کە ئەمڕۆکە جێگای سەربەرزی و شانازییە. و نموونەیەکی زۆر گەورە لەو کەسانەیە کە وردە وردە باروودۆخی کۆمەڵایەتییان بە غیرەت، پێداگری و بەهەرەمەندی خۆیان دەگۆڕن و شتێک بە فەرهەنگ و هونەری ئێمە زیاد دەکەن، ئەو کەسانە بەڕاستی سەرمایەی فەرهەنگی و هونەری کۆمەڵگای ئێمەن. 

 

لە بەشێکی دیکە ئەم یادەدا چەندین پەیام و پرسەنامە بە بۆنەی کۆچی دوایی عەباس کەمەندیی خوێندرایەوە، لەوانە: کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان لە تاران، هونەرمەندانی ڕێکخراوەی فەرهەنگی و هونەری سیما گوستەری زاگڕۆس، هونەرمەندانی بەشی کوردی کەناڵی سەحەر، بێژەران و هونەرمەندانی ڕادیۆ کوردی تاران، هونەرمەندان و کارمەندانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی سنە و مەهاباد، کۆمەڵەی پارێزەرانی کوردی دانیشتووی تاران، کۆمەڵەی کوردانی هەورامانی دانشیتووی تاران، هەیئەتی زۆرانبازی پارێزگای کوردستان، هونەرمەندانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، کۆمەڵەی کرماشانییەکانی دانشیتووی تاران، ئەندازیار سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شاری سنە لە پەڕڵەمانی ئێران، گۆڤاری مەهاباد، کۆمەڵەی ئازەرییەکان و لوڕەکانی دانیشتووی تاران و چەندین ناوەند و ڕێکخراوەی دیکە.

 

لە کۆتایی ئەم ڕێوڕەسمەدا مامۆستای زانکۆ و نوێنەری شاری سنە لە خولی شەشەمی پەڕڵەمانی ئێران دکتۆر جەلال جەلالیزادە گوتی: بەداخەوە قەدری هونەرمەندانی خۆمان لە کاتی ژیانیاندا نازانین و مردوو پەرەستین. دەبێت ئێمە وەفادار بین و ڕێز لە هونەرمەندانمان بگرین و هونەرەکەیان بپارێزین.

 

گوتیشی: زۆر سوپاسی جەنابی کاک مەسعوو بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ناردنی پەیامی پرسەنامەکەیان، بەڕێزیان بەردەوام لایەنگری فەرهەنگ و هونەر لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بووە.

دکتۆر جەلالیزادە لە درێژەدا شیعرێکی بە زاراوەی هەوارمی لە وەسفی دەنگ و هونەر و کەسایەتیی عەباس کەمەندی خوێندەوە.

 

لە یاد و بیرئانینی عەباس کەمەندیدا چەندین کەسایەتیی دیکەی کورد و ئێرانی ئامادەبوون، لەوانە: نوێنەری شاری سنە لە خولەکانی چوارەم و پێنجەمی پەڕڵەمانی ئێران سەید مەعرووف سەمەدی، نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی حەوتەمی پەڕڵەمانی ئێران جەعفەر ئایین پەرسەت، ڕۆژنامەنووسی کورد و سەرنووسەری گۆڤاری مەهاباد ئەحمەد بەحری، پارێزگاری پێشووی کوردستان عەلیڕەزا شەهبازی، توێژەی موزیکی ئێران حەمیدڕەزا عاتفی، توێژەری دابوونەریتی کوردەواری هاشم سەلیمی، توێژەی کاروباری نێودەوڵەتیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیامەک کاکەیی، سەرۆکی کەناڵی خەبەری ئێران ئەردەشیر زابولیزادە، عەتا قادری سەرۆکی پێشووی کەناڵی سەحەر، توێژەری کورد ئیحسان هووشمەند، مامۆستای زانکۆ دکتۆر هاشم هیدایەتی، توێژەری و زمانناسی کورد ئەیووب گازرانی، ژمارەیەک لە خانمانی چالاکی بواری کاروباری کۆمەڵایەتیی کوردستان، محەمەد هادیفەر بەرپرسی ئاژانسی کورد پڕێس، موزیکزانی لاوی کورد و ژەنیاری تار ئازاد میرزاپوور، ڕۆژنامەنووسی کورد ئیبراهیم عەبدوالڵەزادە، ئەکتەری کورد پەیام عەلەوی، شاعیری کورد شاهۆ ڕۆستەمی و چەندین کەسایەتیی دیکە.

 

 

 سێ شەممە, 03 حوزەیران 2014

 

 

 

 

 

نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، لە چوارەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران بە بۆنەی جەژنی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی تاراندا بەشداریی کرد.

بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" (محەمەد سەدیق ئەحمەد) جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، بەرپرسی فەرهەنگی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراق لە تاران، هەندێک لە باڵیۆزان و بەرپرسانی زانستیی و فەرهەنگی باڵیۆزخانەی وڵاتانی جۆراوجۆر، لەوانە: ئیتاڵیا، فەڕەنسا، رووسیا، مالیزیا، ئەفغانستان و چەندین وڵاتی دیکە، مامۆستایانی زانکۆی تاران، هەندێک لە کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بەرپرسانی زانکۆی تاران، بەرپرسانی وەزارەتی زانست و توێژینەوەکانی ئێران، مامۆستایانی ئێرانی و بیانی، خوێندکارانی ئێرانی و بیانی و کارمەندان و کارناسانی زانکۆی تاران، چوارەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران بە بۆنەی جەژنی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی تاران، کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەمە 26ی ئایار / مایۆی 2014 لە تەلاری عەلامە ئەمینی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا لە خوێندکارانی سەرکەوتووی بیانی، لە بلیمەتەکانی زانستیی، لێژنەی زانستیی و خوێندکارانی زانکۆی تاران بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری ڕێزگیرا و بە پێشنیاری گرووپی زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانستیی مرۆڤانەی زانکۆی تاران، لە لایەن دکتۆر "محەمەد حوسێن ئومید" سەرپەرەشتی زانکۆی تاران، دکتۆرای فەخری پێشکەش بە "عەبدوالعەزیز سەعوود بایتین" نووسەر و شاعیری ناوداری کوێتی کرا بە بۆنەی ڕۆڵی بەرچاوی زانستیی و پەرەوەردەیی لە بواری بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی ئیسلامی و ئەدەبیانی عەڕەبیدا.

زانکۆی تاران یەکێکە لە زانکۆ پێشڕەو و گرینگەکان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلام کە زیاترین ڕێژەی قوتابی بیانی بە خۆی تەرخانکردووە. بە پێی وتەکانی سەرپەرەشتی زانکۆی تاران، بڕیاروایە لە 3 تا 5 ساڵی داهاتوودا، نزیکەی سەتا 20ی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بۆ قوتابیانی بیانی تایبەت بکرێت و گۆڕینەوەی خوێندکار لەگەڵ وڵاتانی دیکە، گەشەکردنی زانست و نزیکیی فەرهەنگەکانی بەدواوەبێت.  

چوارەمین فیستیڤاڵی ڕۆژی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران هاوکات لەگەڵ هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو، لە تەنیشت بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵەدا، پێشانگایەک لە ولاتانی بیانی و دەستکەوتەکانی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی تاران لە ڕۆژی دووشەمە 24 تا 26ی ئایار / مایۆی 2014 لە پەردیسی زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.

 

 

 

 سێ شەممە, 27 ئایار 2014

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی