"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ باڵیۆزی نوێی عێراقی فیدڕاڵ لە تاران دیداریان کرد.

 

بە بۆنەی دەسبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و ھەروەھا دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، کاتژمێر ٣٠/١٢ی ڕۆژی سێشەمە ١٤ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ لە تارانیان کرد و لە لایەن "راجح سابیر عەبوود ئەلمووسەوی" باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران و کۆنسوول و ھەروەھا کارمەندانی ئەم باڵیۆزخانەیەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و پاشان لەگەڵ یەکتری کۆبوونەوە.

لەم دیدارەدا باسی باروودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە کرا و جەختکراوە کە عێراق دەبێت عێراقی ھەموو لایەک بێت و ھەمووان دەبێت ھاوکار بن لە پێناوی پاراستنی مافە ڕەواکانی یەکتر و ھاوکاریکردنی یەکتری بۆ خزمەتی تەواو گەیاندن بەم وڵاتە و ھەروەھا لە پێناو پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوکاریی یەکتری بکەن.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانیی حکوومەتی ھەرێمی کورستان لە تاران سەبارەت بە ھاوکاریکردن بۆ چارەسەرکردنیی کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتیانی کورد لە ئێران لە ڕێگای ھاوکاریکردن لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقەوە ھاتنە ئاخاوتن کە باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران بە دڵێکی فراوانە پێشوازیی لەم وتانە کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا ھەر دوو لایەن تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ھاوکاریی یەکتربن و بە تایبەتیش نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران نیشانیدا کە ئامادەیی تەواوی ھاوکاریکردنی ھەیە، کە ئەم ھاوکاریی کردنەش لە ڕاپەڕاندیی کاروباریی ھاووڵاتیان و بە تایبەت ھاتنی کورد و عێراقییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بە تایبەت بۆ چارەسەکردنیی کێشە و گرفتەکانیی ئەو خوێندکارانەی کە بۆ خوێندن لە قۆناغەکانی مەستەر و دکتۆرا سەردانی ئێرانیان کردووە و کارئاسانی بکرێت بۆ ئەوەی کە بە زووترین کات بڕوانامەکانیان پەسەند بکرێت و پشتیوانیی ئەوتۆیان لێبکرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: بۆ پشتیوانیی و لایەنگریی لە تەواوی پڕۆژەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی ھەڤاڵانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت مەسەلەی گەشت و گوزاریی تەندروستی ئامادەیی تەوا,مان ھەیە.

کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران، بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "مەولەوی جەبار وەھاب" سەرۆکی رێکخراوەی گەشت و گوزاری ھەرێمی کوردستان و شاندی ھاوڕێی، "ئیبراھیم پوورفەرەج" سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی گەشت و گوزاری ئێران، "ئەکبەر غەمخار" ئەندامی لێژنەی بەرپرسیارییەتی سەندیکای پیشەگەڕی نووسینگە گەشتیارییەکانی پارێزگای تاران، "کازم خولدی نەسەب" بەڕێوەبەریی گشتیی نووسینگەی بڵاوکردنەوە و دۆزینەوەی بازاریی رێکخراوەی میراتی فەرھەنگی و گەشتیاریی ئێران و ھەروەھا ھەندێک لە کۆمپانیا گەشت و گوزارییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ھوتێل ئازادیی شاری تاران بەڕێوەچوو.

لەم دیدارەی گەشت و گوزاری کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: جێگای خۆشحاڵییە کە لە نێوان کۆمەڵەی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەم شێوەیە کۆبوونەوەیەک لەم ئاستەدا بەڕێوەدەچێت. میوانانی بەڕێز ھەر وەکوو ئاگادارن لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت بە شێوەیەکی باشتر بڵێین ئێران و ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی بوونی ھەیە. لە تەنیشت ئەم پەیوەندییەدا کە ئێمە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ یەکتریدا ھەمان بووە، سنوورێکی جوگرافیی ھاوبەشیشمان لەگەڵ یەکتریدا بووە، ھەروەھا ئێمە لە لایەنی رەگەزیی، فەرھەنگیی، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت لە لایەنی مێژوییشەوە خاڵی ھاوبەشمان لەگەڵ یەکتریدا زۆرە. 

ھەروەھا گوتیشی: لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ھەندێک لەوانە بکەین و بۆ نموونە دەتوانین زیاتر کەڵک لە مەسەلەی گەشت و گوزار وەربگرین، بەتایبەت لەم باروودۆخەی ئێستادا کە لە ھەرێمی کوردستان لەئارادایە دەتوانین بە یارمەتی و ھاوکاریی ھەڤاڵانی کورد و دۆستانی ھەرێمی کوردستان شانازیی بکەین کە دەتوانی بڵێین لە ھەرێمی کوردستان ئاسایش و ھێمنایەتییەکی باش بەرقەرارە. لە تەنیشت ئەم ئاسایشەدا کە لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەی ئێرانییەکان لە کەشووھەوای گەشتیاریی و ئەو بابەتانەی کە پێویستیمان پێیەتیی ھەلوومەرجێک بۆی رەخساوە. یەکێک لەم بابەتانە، بەشی سەرمایەگوزارییە کە لەڕاستیدا باروودۆخ و ھەلوومەرجێکی تایبەتی ھەیە کە دەتوانین بە پشت بەستن بە ھەوڵ و متمانە بە ھەڤاڵانێکی وەکوو ئێوە بەڕاستی گەشەی پێبدەین.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ھەر وەکوو برامان بەڕێز "مەولەوی جەبار وەھاب" ئاماژەی پێکرد، ھەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لەم پڕۆژەیە بکات. ئەوە نەتەنیا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە بەڵکوو بەرژەوەندیی ھەر دوو لایەنی لە خۆگرتووە و بەگشتیی لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتییدایە کە لە ژیانی ئەمرۆکەدا پێویستیی بە خۆشگوزەرانی و گەشت و گوزار بە باشی ھەستی پێدەکرێت و مەسەلەیەکی دیکە کە ئەمڕۆکە پێویستە گەشت و گوزاریی تەندروستی، چوونە سەیران و بابەتی لەم چەشنەیە.

راشیگەیاند: بابەتێکی دیکە کە لێرەدا پێویستە دیسانەوە ئاماژەی پێبکەم، لە ھەرێمی کوردستان ئێمە ھەلوومەرجێکمان بۆ رەخساندووە ئەویش مەسەلەی ڤیزایە کە بەتایبەت بۆ ئێرانییەکان ڤیزامان ھەڵگرتووە، لەوێی ھەر ئێرانییەک کە پێویست بێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەر لەو کاتەی کە چ بە شێوەی زەوی یا لە رێگای ئاسمانەوە بێتە ناو سنووری کوردستانەوە، بە شێوەی ئازادانە ئیزنی ھاتنە ژوورەوەی پێدەدرێت و دەتوانێت کە لە ھەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.

"نازم دەباغ" بە ئاماژە بە ئاستەنگەکانی ئێران بۆ دانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان گوتی: لێرەدا داوایەکم ھەیە و دیسانەوە دووپاتی دەکەمەوە و لە چەندین بەرنامەی دیکەشدا ئەم مەسەلەیەم خستۆتەگەڕ، لە برایانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم باروودۆخەی ئێستادا داوادەکەین کە بۆ گەشت و گوزار و ھەموارکردنیی سەردانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و بەتایبەت مەسەلەی ڤیزا کەشووھەوایەکی گونجاو بڕەخسێنن. ھەر وەکوو لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی یارمەتیی و ھاوکارییەکان و چالاککردنی ئەم مەسەلەیە، ڤیزامان بۆ شارۆمەندانی ئێرانی ھەڵگرتووە، لە ھەڤاڵانمان لە کۆماری ئێسلامی ئێرانیش داوادەکەین کە ئەم مەسەلەیە رچاوبگرن. نەتەنیا ئەم مەسەلەیە، بەڵکوو لە لایەنی نرخەوە ئەگەر بێتوو لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەشەوە بەراوردی بکەین، بەداخەوە بەھاکەشی زۆر لە سەرێیە.

گوتیشی: لەوە زیاتر نامەوێت کاتتان بگرم، چون ئەم کارە، کارێکی پسپۆڕانەیە و پێویستیی بە پسپۆڕان و شارەزایان بواری گەشتووگوزار ھەیە، تەنیا شتێک کە پەیوەستە بە بەندەوە ئەویش ئەوەیە کە وەکوو نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنم کە بۆ پشتیوانیی و لایەنگریی لە تەواوی پڕۆژەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی ھەڤاڵانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دانووستان لەم بوارەدا و بەتایبەت مەسەلەی گەشت و گوزاریی تەندروستی ئامادەیی تەوامان ھەیە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ھیوادارم کە ئەم کۆنفرانسە لە کارەکان و ھەروەھا بەرنامەکانی خۆیدا سەرکەوتووبێت و بە دەستکەوتیی نوێی بگات کە بەڕاستی شانازییان پێبکەین، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێوەبەرانی ئەم کۆبوونەوەیش دەکەم.

دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران.

 دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، پێکھاتوو لە: "ملاس محەمەد عەبدوالکەریم" وەزیری بازرگانی و دکتۆر "قەتیبە ئیبراھیم ئەالجەبووری" وەزیری ژینگەی عێراق، لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران و لە لایەن "محەمەدرەزا نیعمەتزادە" وەزیری پیشەسازیی، کانزاکان و ئابووریی ئێران بە رەسمی پێشوازیی لێکرا.

 

لەم پێشوازییەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، "ئینتسار ئەلداوودی" قایم مەقامی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، ھەندێک لە باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی لەوانە: مەغریب، فەلەستین، ئەلجەزایر، ئیماڕات، سوودان، عومان، کووەیت، نوێنەری باڵیۆزخانەی توونس لە تاران، ئەندامانی باڵێۆزخانەی عێراق لە تاران و ھەندێک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران تیایدا ئامادەبوونلەم بارەیەوە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: دیارە ھەر وەکوو ھەموو لایەک ئاگادارن کۆماری عێراقی فیدراڵ و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە ھەبووە و دیارە ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شۆڕش و تێکۆشان و خەبات دێژی رژێمی گۆڕبەگۆڕی پێشوو، کە ئێران ھەم لە رووخانی رژێمی بەعس و ھەم لە دروستکردنی عێراقی نوێی و ھەمیش لە شەڕی دژە تیرۆر رۆڵێکی گرینگی ھەبووە.

 

گوتیشی: بۆیە لەم کات و ساتانەدا ئەم جۆرە سەفەرانە بە پێویست دەزانرێت و ھەر لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەشدا سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە سەردانێکیدا گەیشتە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێران و باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران ئەوەیشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکراوە، لەوانە: سیاسیی، فەرھەنگی، بازرگانی و ئابووری و پێشموایە مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدەدات، بە تایبەتی دوای ئەو قۆناغەی کە ئێستا عێراق تێیکەوتووە و شەڕکردن لەگەڵ داعیش و بەرەنگاربوونە لەگەڵ ئەم گرووپە تیرۆریستییە کە ئەمڕۆکە دەیبینین داعیش لە زۆربەی شوێنەکانی عێراقدا روو لە شکانە و لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی ھەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدان. کە پێموایە سەرفەرەکەی جەنابی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" بۆ ئێران پێویستیی بەوە دەبێت کە لەو بارەیەشەوە قسەی لەسەر بکرێت.

ئاشکراشیکرد: دیارە لەو چوارچێوەیەدا ئەو سەفەری سەرۆک کۆماری عێراق کە ئەنجامدراوە پێموایە ئایندەیەکی باشی دەبێت لە بەردەوامبووم و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھاوکاریی ھەر دوولا و بە تایبەتی ئێرانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعیش.

"نازم دەباغ" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: لەم سەردانەدا سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک کۆماری ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی کۆبوونەوەی ھەڵسەنگاندیی بەرژەوەندییەکانی نیزام و ھەروەھا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

گوتیشی: ئەوە یەکەمین سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" وەکوو سەرۆک کۆماری عێراقە و بەڕێزیان یەکێک بووە لەو تێکۆشەرە دێرینانەی کە لە ھەموو بوارەکاندا لە چوارچێوەی سیاسیی و وەکوو سەرکردەیەکی کورد و سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە و لە قۆناغێکیشدا لە کاتی شۆڕشدا و تێکۆشاندا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردیستانیش لە ئێران بووە. دەتوانم بڵێم کە یەکێک لە دروستکەرەکانی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئَێران و یەکییەتی بووە. لە کاتی خۆشیدا بە نوێنەرایەتیی یەکێتی و جەنابی مام جەلال لەگەڵ خوالێخۆشبوو "ئیمام خومەینی" دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتاییدا سەبارەت بە رەنگدانەوەی بەربڵاوی سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە دەزگاکانی راگەیاندنیی ئێراندا گوتی: دیارە ئەوە سەلماندنیی ئەو لێکدانەوەیەی ئێمە بوو کە جەنابیان رۆڵێکی گرینگیان ھەبووە لە کاتی خۆی لە دروستکردنیی ئەو پەیوەندیانە و ئێستاش کە بەرێزیان سەرۆک کۆمارە دەتوانێت ھەمان رۆڵ کە جەنابی مام جەلال دیوییەتی ئەو ھەوڵ بدات بیبینێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیییەکان و پاراستنی یەکریزی نەتەوەکانی عێراق.

 

 

 

 

 

 

 

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمان و دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبۆەوە.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگھێشت کرابوو، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پێتەختی ئێران و لە لایەن دکتۆر "عەلی لاریجانی" سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران و ھەروەھا دکتۆر "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاھیان" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەڕەبی و ئەفریقا پێشوازیی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا مەسەلەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرانە بەرباس و ئاخاوتنەوە.

لەم دیدارانەدا کە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "ئومێد کەریمیان" نوێنەری شاری مەریوان لە پەڕڵەمانی ئێران، دکتۆر "حوسێن شێخولئیسلام" راوێژکاری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێران لە کارووباری نێودەوڵەتی و چەندین کەسایەتیی دیکە تیایدا ئامادەبوون، باسی باروودۆخی عێراق و ناوچەکە کرا و ھەروەھا داھاتووی ناوچەکە دوای شەڕی داعیش و ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتوونەتە پێشێی.

ھەر وەکوو لە رابردوودا سەرکردە سیاسییەکانی کورد لە کاتیی پێویستدا و لەسەر بانگھێشت، سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیان کردووە، سەردانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا بۆ وڵاتی ئێران گرینگیی تایبەت بە خۆی ھەیە و شارەزایی لە بواریی لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە لە ئایندەی کێشەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراقدا کە داعیش روو لە لاوازییە و بەڵام لە ھەمان کاتیشدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا کێشەکان روو لە گەرمییە. ھەر بۆ دانووستان لە باروودۆخی ئێستاکە و بیرکردنەوە لە داھاتوو و راوێژکردن لەگەڵ کەسانیی وەکوو دکتۆر "بەرھەم ساڵح" رۆڵ و کاریگەریی خۆی دەبێت.

دکتۆر "بەرھەم ساڵح" بە ھۆی کەمیی کات، تارانی پێتەختی ئێران بەجێھێشت و بە خێرایی گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدارەکانی دیکەی بۆ ئەنجامنەدرا.

 

 

 

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارەی عیراق وهەرێمی كوردستان وناوچەكە بەگشتی پێیدا تێپەڕی، ڕێڕەوی گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان نەوەستاوە.

لەدیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان،مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم ئاماژەی بەوەدا ئەم بارودۆخە بووە هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لەناوەڕاست وباشووری عیراقەوە دەهاتن بەپێچەوانەی گەشتیارانی دەرەوەی سنووری عیراق كە كەمبوونەكە بەو ڕێژەیە نەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو بارودۆخەی ساڵی پار هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕی وایكرد ئەو پلانەی داندرابوو بۆ گەشەپێدانی گەشتوگوزاری لە هەرێم دوا بخرێت وگۆڕانكاری زۆریشی تیادا بكرێت.

مەولەوی جەبار رایگەیاند، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەستپێشخەریکرد بۆ كۆكردنەوەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی توركیا و ئێران وكۆمپانیا نێوخۆییەكان وباشوور وناوەڕاستی عیراق بۆ باسكردنی واقیعی ئەم کەرتە لەهەرێم وچۆنیەتی هێنانی گەشتیار، بەسوود وەرگرتن لە بارودۆخی ئارام وسەقامگیری ئاسایش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.

"ئەمەش جگە لەبەشداربوونمان لە چەندین پیشانگای جیهانی لەبەرلین وئیستەنبۆڵ وئامەد وتاران كە بووە هۆی پەیوەندیكردنمان بە ژمارەیەکی زۆر لە كۆمپانیای تایبەتەمەند."

سەرۆكی دەستە ئەوەشی خستەڕوو كە لەمیانەی ئەو دیدارانەدا رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیاریەكان كراوە "نرخی كێبڕكێكاری وهەرزان پێشكەشی گەشتیاران بكرێت لەڕووی كرێی رێگا وئوتێل وتەنانەت هەبوونی داشكان لەكڕینی كەلوپەلی جیاجیا لەمۆلەكانیش بۆهاندانی هێنانی زیاترین ژمارەی گەشتیار".

هەروەها ئاشكرایكرد، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، شوێنێكی تایبەتی لە پیشانگای دوبەی گەشتیاری وەرگرتووە كە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوودا ئەنجامبدرێت وتیایدا هەرچی پەیوەندی بەگەشتوگوزاری كوردستانەوە هەیە لەوێ نمایش دەكرێت بەشێوەیەك كە بتواندرێت سەرنجی كۆمپانیاكانی جیهان رابكێشرێت بۆ هێنانی گەشتیار یانیش وەبەرهێنان لەم بوارەدا.

ئاشكراشیكرد، لەمانگی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوودا لەبۆدابێست دیدارێك لەنێوان كۆمپانیا گەشتیاریەكانی هەرێم وچەندین كۆمپانیای ئەورووپا بەڕێوەدەچێت وتیایدا باسی بارودۆخی كوردستان دەكرێت وهەموو پاكێجە گەشتیاریەكان نمایش دەكرێت وپێشكەشی ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت.

مەولەوی جەبار تیشكی خستە سەر پرۆژەیەك كە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم بەنیازە لەگەڵ چەندین كۆمپانیای دیار وبەرچاو جێبەجێی بكات. وتی ئەم پرۆژەیە کە بە "كوردستان هۆڵیدەی" دەناسرێت ولەسەر ئاستی باكوور وباشوور ورۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ دەكرێت.

وردەكاری ئەو پرۆژەیەش لەوەدایە، كە گەشتیار لەیەك كاتدا چەندین شار وشوێنی گەشتیاری هەرێمی كوردستان وشارەكانی دیكەی باكوور ورۆژهەڵاتی كوردستان بەسەر بكاتەوە وهەموو ئەو گەشتانەش لەیەك پاكێجدا بن وئاماژەی بەوەشدا ئەم پرۆژەیە كاری زۆری لەسەر كراوە وكۆمپانیاكان دیراسەیان كردووە وهیوای خواست لەنزیكترین كاتدا ببێتە واقیع وجێبەجێ بكرێت.

هەروەها گوتی، لەمانگی یۆلیۆ/تەمموزی داهاتوودا "گەشتێكمان بۆ شاری وان دەبێت ولەوێ هەموو ئەو پاكێجانەی باسمان كردوون ولەسەری رێككەوتووین رێكیان دەخەینەوە ولە 27ی سەپتەمبەر/ئەیلولی داهاتووش، كە رۆژی جیهانی گەشتوگوزارە، هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لەگەڵیان دانیشتووین داوەتی هەولێریان دەكەین ولەكۆنفڕانسێكی گەورەدا هەڵسەنگاندنی ئەو بەرنامانە دەكەین كە جێبەجێمان."

ئەوەشی خستەڕوو كە لەمانگی نۆڤەمبەر / تشرینی دووەمی داهاتوودا هەرێمی كوردستان بەشداری پیشانگای لەندەن دەكات، كە یەكێكە لەپیشانگا هەرە گرنگەكانی بواری گەشتیاری لەجیهاندا.

لەسەر ئاستی ناوخۆدا، وەك سەرۆكی دەستە نیشانیدا، كاری زۆر وپرۆژەی زۆر لەئارادایە لەبارەی بەرزكردنەوەی كواڵیتی. بۆ ئەم مەبەستەش دانیشتن وكۆبوونەوە لەگەڵ هوتێل وكۆمپانیا گەشتیاریەكان کراون.

هەروەها ئاشکرای کرد کە ناوەندێكی گەورەی راهێنانی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان ئەم ساڵ دەكرێتەوە وتیایدا هەوڵدەدرێت چەند پسپۆڕ ومامۆستای بیانی بێن ومەشق بە كارمەند وپسپۆڕانی ئەم بوارە بكات. بۆ ساڵی داهاتووش، راهێنان لەم ناوەندە دەبێتە مەرجێك بۆ كاركردن لەبواری گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوخۆدا.

 

 

 

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەرى حکومەتی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "هیسافومی شیمیزۆ" بەرپرسی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە تاران دیداری کرد.

 سەرلە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٩/٤/٢٠١٥ "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان لە نوسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمى کوردستان لە تاران پێشوازیکرد لە "هیسافومی شیمیزۆ" بەرپرسی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە لە وڵاتی ئێران.

 لە دانیشتنەکەدا باس لە دواترین بارودۆخی سیاسییهەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن وهەرێمی كوردستان قسەی لەبارەوه كرا.

 شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و باسی لەو هاووڵاتییە ژاپۆنییە کرد کە لە رێگای حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان گیرابوو و دواییش ئازاد کراوە. ستایشی رۆڵ و بەدواداچوون و بەرەنگاربونەوەیان کرد.

 و هەروەها داوایان کرد کە بە ئۆتۆمبیلی خۆیان لە رێگای حاجی ئۆمەرانەوە بە پلاکی دیپلۆماسی و لەسەر حسابی خۆیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان ئاگاداری کردن کە بە نامەیەکی فەرمی لە داخوازی و بەرنامەی خۆیان ئاگادارمان بکەنەوە.

 هەروەها لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا باس لەوە کرا کە حکومەتی ژاپۆن ناتوانێت راستەوخۆ یارمەتی سەربازی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام دەکریت لەڕوی کۆمەکی مرۆڤی و تەکنەلۆجیای شەر و مین هەڵگرتنەوە هاوکاری بکەن.

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمى کوردستان وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش پێویستی بە هەوڵ و هاوكاریی هەموو لایەك هەیە و هیوای خواست کە حکومەتی ژاپۆن زیاتر لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکە بێت و پشتیوانی و هاوکاری زیاتری هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت دوای ئاوارەبوونی زیاتر لە دوو میلیۆن کەس بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو جەنگانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە و بوونی قەیرانێکی ئابووری توند لە هەرێمی کوردستان.

 لەلای خۆشییەوە "هیسافومی شیمیزۆ" گوتی بۆ ئەم داواکارییە خوێندنەوەی جددی بۆ دەکەین و لەو پرسە بەرپرسان ئاگادار دەکەینەوە.

نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران بەشداریی لە ڕێوڕەسمی رۆژى جیهانى ئاشتیدا کرد کە لە لایەن مۆزەخانەى ئاشتى تاران بەرێوەچوو.

 

لەدواى بانگهێشتێکى فەرمى لە لایەن مۆزەخانەى ئاشتى تاران بەبۆنەى رۆژى جیهانى ئاشتى هەر یەک لە "سۆران عەلی ئەمین" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان و "سەلام عارف روشدى" ئەندامی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان بەشداریان لە ڕێوڕەسمی رۆژى جیهانى ئاشتیدا کرد کە لە لایەن مۆزەخانەى ئاشتى تاران و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی پایەبەرزیی ئێرانی لە هۆڵی مۆزەخانەى ئاشتى لە شاری تاران بەرێوەچوو.

 

لەم بەرنامەیەدا ژمارەیەک لە دیپلۆماتە بیانییەکان بەشداربوون لەگەڵ هەندێک بەرپرسی کۆمارى ئیسلامى ئێران لەوانە: دکتۆر "سەید محەمەد خاتەمى" سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران، "گری لۆییس" نوێنەریی نیشتەجێی و باڵیۆزی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران، "ئەحمەد موحیت تەباتەبایی" جێگری سەرۆکی کۆمیتەی نەتەوەیی مۆزەخانەکانی ئێران، "محەمەد بەهەشتی" سەرۆکی کۆمیتەی نەتەوەیی مۆزەخانەکانی ئێران و چەندین کەسایەتیی دیکەی بیانی و ئێرانی.

 

لە سەرەتای ڕێوڕەسمی رۆژى جیهانى ئاشتیدا پەیامی بریندارانی کیمیایی و هەروەها "ئێستێر کیش لارووش" بەرپرسی نووسینگەی ناوچەیی یۆنسکۆ لە تاران خوێندرایەوە، پاشان "محەمەد ڕەجایی موقەدەم" بریکاریی ناوەندیی زانیارییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران، پەیامى "بانکى مۆن" سکرتێرى گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندەوە.

 

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دکتۆر "سەید محەمەد خاتەمى" سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا "گری لۆییس" نوێنەریی نیشتەجێی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە لێدوانێدا ڕایگەیاند: دکتۆر "ئاشتی هەورامی" وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران چاوی بە "بیژەن زەنگەنە" وەزیری نەوتی ئێران و "ڕۆستەم قاسمی" سەرۆکی بنکەی هاوبەشی گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی نێوان ئێران و عێراق کەوت. 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە سەردانی دکتۆر "ئاشتی هەورامی" وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی بۆ وڵاتی ئێران گوتی: لەم قۆناغەی ئێستادا بە پێویستی زانرا کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک بنێرێت بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی کە دکتۆر "ئاشتی هەورامی" وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی دوێنێ سێشەمە 16ی ئەیلوول / سەپتەمبەری 2014 گەیشتنە تاران و چاویان بە ئەندازیار "بیژەن نامدار زەنگەنە" وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها "ڕۆستەم قاسمی" سەرۆکی بنکەی هاوبەشی گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی نێوان ئێران و عێراق کەوت. 

 

گوتیشی: لەم دیدارانەدا دوو لایەن بە دوورودرێژی باسیان لە هاوکاری نەوت و سووتەمەنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و لایەنی ئێرانی ئامادەیی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و گۆڕینەوەی بەرهەمە نەوتیی و گازییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە لە قۆناغی یەکەمدا بریتییە لە ناردنی گازی سروشتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان بە تایبەتی وێستگەکانی کارەبا و مەحەتە گەورەکان.

 

ئەویشی خستەڕوو: هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی کە دەتوانێت نەوت و گازۆڵیش بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات و ئەگەر پێویست بکات دەتوانێت لە دابینکردنی بەنزینیش لە ڕێگای هێنانی لە دەرەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

 

دەباغ سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: ئەم پەیوەندییە لە هەموو قۆناغەکاندا ئیستراتیژییە و هەروەها لە کاتی پێویستیشدا هەر دوو لایەن بە هانای یەکترییەوە هاتوون و بۆ ئەو قۆناغانە و ئەو هەنگاوانەی کە پێویست بووە پێکەوە هەماهەنگ بوون. لەم قۆناغەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان تێیدایە دیارە لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی چ لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعێش جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکی تایبەتدا سوپاسی دکتۆر "حەسەن ڕووحانی" سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد و هەروەها لە دیدار لەگەڵ دکتۆر "محەمەدجەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران جارێکی دیکە تەئکیدکراوە لەسەر ئەوەی کە دۆستایەتیی و پەیوەندییەکان لە نێوان دوو لایەندا گرینگن. 

 

گوتیشی: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە لە ئاستێکی باڵادا بووە و لە کاتی پێویستدا دەبینین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرە بەڕێزەکان سەردانی ئێران دەکەن و لە ئاستێکی باڵاوە، لەوانە: رێبەر، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەڕڵەمان و وەزیرەکانی ئێران پێشوازییان لێدەکرێت و چاویان بە یەکتری دەکەوێت، کە ئەوە بۆخۆی نیشانەیەکە کە ئەم هاوپەیمانیی و دۆستایەتییەی کە ئێران لەگەڵ کوردەکان هەیەتی هاوپەیمانییەکی تاکتیکی نییە بەڵکوو هاوپەیمانییەکی ستراتیژییە. 

 

نازم دەباغ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەریشکەوت کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعێش، ئێران یەکەم وڵات بوو لە نێوان دراوسێکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و تەنانەت لە دونیاشدا کە بە شێوەی کارا و بە جیددی و بە زووترین کات هاوکاری و یارمەتی گەیاندە هەرێمی کوردستان و لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعێشدا ڕۆڵی خۆی بینی.

 

گوتیشی: بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدایە هەمیشە ئێران بەردەوامی هەبووە لە هاوکاری و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بەڵام بە پێی پێویست و لەو قۆناغانەی کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێی بووە و داخوازییان کردبێت هیچ کاتێک لەگەڵ کورد ڕەزیلیان نەکردووە.

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەم چاوپێکەتنەدا سەبارەت بە دەستکەوتی دیداری دکتۆر "ئاشتی هەورامی" وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی لەگەڵ لایەنی ئێرانی گوتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا لایەنە تەکنیکییەکان دادەنیشن و ئەو پڕۆژە و پڕۆپۆزالە ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت و لە نێوان دوو لایەندا واژۆ بکرێت و لە ماوەیەکی کورتدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بەگشتیی پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی