دکتۆر جگەرخوێن: هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی عێراق لە ئێران بە باشی بەڕێوەچوو

  • شەممە, 03 ئایار 2014

دکتۆر جگەرخوێن لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: بە شێوەیەکی گشتیی سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وڵاتی ئێران بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچوو.

 

دکتۆر جگەرخوێن جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وڵاتی ئێران گوتی: هەر وەکوو ئاگادارن سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتیش بەڕێوەچوو و یەکێک لەو وڵاتانە ئێران بوو، کە ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی عێراقی دانیشتووی وڵاتی ئێرانن. هەروەها بەشێکی بەرچاوی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانیش لە وڵاتی ئێران نیشتەجێی بوون کە لە ساڵانی ڕابردوودا و دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانی کورد گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستاش بەشێکیان لە وڵاتی ئێران ماونەتەوە.

گوتیشی: ئێمە هەوڵمانداوە ئەو خەڵکەی کە لە ئێران ماونەتەوە ئاگادارییان بکەینەوە کە بێین دەنگ بدەن و دەنگەکانیان نەسووتێت و بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتی خۆیاندا.

 

جێگری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە بەشداری کوردەکان لە سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وڵاتی ئێران گوتی: زۆربەی هاوڵاتیانی کوردستانیمان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام  تاڕادەیەک برایانی کوردی فەیلی لە ئێران ماونەتەوە و وەکوو ساڵانی ڕابردوو بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو، لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2005 وەکوو لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە کۆی 70 هەزار دەنگ ئێمە 25 هەزار دەنگمان هەبوو. لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2010 وەکوو لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە 50 هەزار دەنگ 13 هەزار دەنگمان هەبوو.


 

گوتیشی: لەو بڕوایەدام ئەمساڵ ڕێژەی دەنگدانی هاوڵاتیانی کوردستانیمان لە وڵاتی ئێران وەکوو خولەکانی ڕابردووی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەبێت، چونکە زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان. بەڵام ئێمە هەوڵماندا ئەو هاوڵاتیانەی کە لە ئێران نیشتەجێن ئاگادار بکەینەوە تاکوو لە هەر شوێنێک بن بێن و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تاکوو لە دابینکردنی حکوومەتێکی سەرکەوتوودا لە هەرێمی کورستان بەشداری بکەن.


دکتۆر جگەرخوێن سەبارەت بە شوێنەکانی دەنگدان لە ئێراندا گوتی: لە وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا 18 بنکەی دەنگدان دیاریکرابوو، لەوانە: لە تاران لە سێ شوێن، لە شاری مەشهەد لە دوو شوێن و هەروەها لە شارەکانی قوم، شیراز، ئیسفەهان، سنە، کرماشان، ئیلام، ئیسلام ئاباد، دێهلۆڕان، یەزد، نەغەدە، ورمێ، ئەهواز و شووش.

 

جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران سەبارەت بە کاریگەری بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا گوتی: هەڵبژاردن هێمای دیموکراسییە و خەڵکانی عێراقی بە دەنگەکانی خۆیان لەبارەی سیستەمی سیاسییەوە حوکم دەدەن و نوێنەرانی خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی کە حکوومەت دروست بکەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. عێراقی ئێستا تووشی کێشەی زۆری سیاسی، ئەمنی و ئابووریی بۆتەوە و پێویستە کە خەڵکی لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی کە هەوڵبدرێت لە ڕێگای دەنگی ئەوان حکوومەتێک پێکبێت کە وڵامدەرەوەی خەڵکی بێت. بە یاسا پابەندبێت و هەوڵ بدرێت کە کێشە سیاسییەکان کەم بکرێتەوە.


ئەوەیشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەشدا هیوادارین کە ئەو حکوومەتەی کە لە بەغداد دادەمەزرێت بە پێچەوانەی حکوومەتەکانی دیکە حکوومەتێک بێت کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی دەنگی گەڵ بێت و هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق لە خۆیدا بگرێت و هەوڵبدات کە کێشەکانی نێو عێراق کەم بکاتەوە. 


جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وڵاتی ئێران گوتی: بە شێوەیەکی گشتیی سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وڵاتی ئێران بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچوو، لەم وڵاتە نزیکەی 60 سندووقی دەنگدانمان هەبوو و ئێمە بۆ هەر سندووقێک چاودێری خۆمان دانابوو و هەوڵیشماندا کە یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی کە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی گشتیی لە ئاستێکی باشدا بەڕێوەبچێت.  


دکتۆر جگەرخوێن لە کۆتایی ئەم لێدوانەدا گوتی: زۆر سوپاس بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق و بەتایبەت کوردستانیانی دەرەوەی وڵات کە لە سێیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشدارییان کرد چونکە هەر دەنگێک سەنگی خۆی هەیە بۆ ئەوەی کە هاوکار بێت ئێمە بتوانین بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەنگی خۆمان بۆ داهاتووی سیاسی وڵاتمان دەرببڕین.    

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 491

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی