نوێنەرایەتی

   نوێنەرایەتی

سێ شەممە, 05 ئاب 2014

دکتۆر "جگەرخوێن" لەگەڵ سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە تاران دیداری کرد

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "دێنیس ئێنگل لیدەر" سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە ئێران دیداری کرد.

"دێنیس ئێنگل لیدەر" سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ لە ئێران، سەر لە بەیانى رۆژی سێشەمە 5-8-2014 سەردانى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محەمەد سەدیق ئەحمەد" (جگەرخوێن) جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران و "سۆران علی ئەمین" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان پێشوازى لێکرا. 

لەم دیدارەدا باسی بارودۆخى ئێستاکەى هەرێمى کوردستان و عێراق دواى هێرشى گرووپی داعش بۆ سەر ناوچەکانى شنگار و زوممار و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیانى ناوچەکە بۆ ناو هەرێمى کوردستان کرا. 

لەم دانیشتنەدا دکتۆر "جگەرخوێن" هەڵوێستى فەرمی هەرێمى کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراقی بە شێوەیەکى ورد بۆ سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەى ئەڵمانیای فیدراڵ شیی کردەوە و هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرد بۆ بەرگریکردن لە خاکى هەرێمى کوردستان و رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ تیرۆرستان.

لە بەشیًکی دیکەی ئەم دیدارەدا جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، باسی لە پێویستیی پشتیوانى نێودەوڵەتى کرد سەبارەت بە هاوکاریکردنى ئاوارەکان و جەختیشی کردەوە کە هەرێمى کوردستان بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتیەکانى پێویستیی بە یارمەتی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی زلهێز هەیە، بەتایبەتی کۆمارى ئەڵمانیاى فیدراڵ وەکوو بەتواناترین وڵاتى ئەورووپى دەتوانێت هاوبەش بێت لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکاندا.

 

هەروەها "دێنیس ئێنگل لیدەر" جەختى کردەوە لەسەر هاوکاریکردنى حکوومەتى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان لەم بارودۆخەی ئێستادا.

 

 

 

 

سێ شەممە, 05 ئاب 2014

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران هیچ پەیجێکی لە فەیسبووکدا نییە

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران، هیچ پەیجێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا نییە و ئەو لاپەڕەیەی کە لە ئەنتەرنێتدا بە ناوی ئەوەوە کراوەتەوە، ساختەکارییە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان و هەروەها خەڵکی ئاسایی بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لە ڕێگای ماڵپەڕی "نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران" بە ناونیشانیwww.krg-iran.comو هەروەها ماڵپەڕی فەرمی "نازم عومەر دەباغ" بە ناونیشانی www.nazimdabbagh.comئاگاداریی دوایین هەواڵ و زانیارییەکانی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە شاری تاران بن.

ماڵپەڕی "نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران" بە 4 زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەڕەبی و فارسی هەواڵ، ڕاپۆڕت، چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکان و چالاکییەکانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، تەواوی هەواڵەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها هەواڵە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە.

هەروەها لە ڕێگای ماڵپەڕی فەرمی "نازم عومەر دەباغ" بە زمانەکان کوردی، ئینگلیزی، عەڕەبی و فارسی هەواڵ، ڕاپۆڕت و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانی "نازم دەباغ" بڵاودەکرێتەوە.

 

 

بەشی ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران.

 

 

 

 

پێنج شەممە, 24 تەمموز 2014

"نازم دەباغ" لەگەڵ "ئۆمیت یاردیم" باڵیۆزى وڵاتی تورکیا لە تاران دیداری کرد

"نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "ئۆمیت یاردیم" باڵیۆزى وڵاتی تورکیا لە ئێران کۆبۆوە.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی ئێران، کاتژمێر 10 پیش نیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەمە (24/7/2014) لەسەر بانگهێشتی باڵیۆزى تورکیا لە ئێران، سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتی تورکیا لە تارانی پێتەختی ئێرانی کورد و لە لایەن "ئۆمیت یاردیم" باڵیۆزى وڵاتی تورکیا لە تاران بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا هەر دوو لایەن بە دوورودرێژی باسیان لە بارودۆخى ئێستاى عێراق، ناوچەکە بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرد و پەیوەندیی ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا خرایەوە بەر باس و ئاخاوتن.

 

هەر لەم دانیشتنەدا تیشک خرایە سەر پێشکەوتنە بەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزى وڵاتی تورکیا لە تاران، هیوای خواست کە ئەم جۆرە پەیوەندیی و سەردانانە لە نێوان دوو لایەندا بەردوام بێت و درێژەی پێبدرێت.

 

 

 

 

سێ شەممە, 15 تەمموز 2014

"نازم دەباغ" له چاوپێکەوتن لەگەڵ گۆڤاری لڤین: ئێران رای سلبیی نییە لەسەر چوونی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەکان

لڤین: "نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەم دیدارەیدا لەگەڵ "لڤین" باس لەوە دەکات کە ئێران گومانی هەیە داعش وڵاتێکی ئیقلیمیی لە پشتەوەیە و خۆشی لەو بڕوایەدایە هیچ جوڵانەوەیەک لەم کاتەی ئێستادا و لە ناوچەکەدا بە بێ هاوکاریی ناکرێت، کە هێزێکی ئاوا هەر بە ئاسانی تۆپ و جبەخانە بۆخۆی کۆبکاتەوە و بێ پەلاماری موسڵ بدا، بە پێی بیروبۆچوونەکان هێزێک، لایەنێک، دەوڵەتێک لە پشتی ئەم جوڵانەوەیەیە کە ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت.

 

ئەو کێشانەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ چییە؟

نازم دەباغ: جارێ وەکو خۆتان ئاگادارن کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنەوە تا وەکو ئێستا رۆڵی هەبووە لە هاوکاریکردنی هەتا هەندێ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، هەتا روخاندنی سەدام و هێنانە کایەی حکومەتێکی تازە لە عێراقدا، حکومەتێکی ئیتیحادی، دیارە عێراق لەرووی ئابوورییەوە، لەرووی ئەمنییەوە هەتا لەرووی کۆمەڵایەتی و ئاینییشەوە پایەگایەکی گرنگی هەیە، بۆیە من پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستی بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ بەردەوامبوون بە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ عێراق رۆڵی خۆی لەم بوارەدا دەبینێ بۆ ئامۆژگاریکردن، ئەو هاوکارییانەی حکومەتی عێراقی کە داوای لێبکا و هەموو لایەکیش ئاگادارن سەرۆک کۆمار "حەسەن رۆحانی" و بەرپرسانی دیکەش تا ئێستا لە گەمەکاندا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، هەم بۆ ئەوەی هاوکاریی عێراق بکەن، هەم بۆ ئەوەش کە هاوکاریدەکەن بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا، بە بڕوای ئەوان داعش هێزێکی تیرۆرستە لە ناوچەکە و مەترسیی بۆ سەر هەمووان هەیە بە ئێرانیشەوە.

 

لڤین: ئایا ئێران هیچ گومانێکی لەوەی کە داعش دەیکات و بوونی چەکدارانی داعش لە عێراق لایەنێکی ئیقلیمی هەیە کە هاوکاریی داعش بکات؟

نازم دەباغ: من ئەوەی کە دەیخوێنمەوە هەتا ئەمڕۆ ئایەتوڵا شاهروودی لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا ئاماژەی بەوە داوە کە دەوڵەتە ئیقلیمییەکان رۆڵیان هەیە لە هاوکاریکردنی داعش و ئەو جەماعەتە، بەڵام دەبێ خۆیان بەرپرسیارێتیی ئەو قسەیە قبوڵ بکەن، لەهەمان کاتدا بەڵگەشیان هەبێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە هیچ جوڵانەوەیەک لەم کاتەی ئێستادا و لە ناوچەکەدا بە بێ هاوکاری ناکرێت، کە هێزێکی ئاوا هەر بە ئاسانی تۆ پو جبەخانە بۆخۆی کۆبکاتەوە و بێ پەلاماری موسڵ بدا، بە پێی بیروبۆچوونەکان هێزێک، لایەنێک، دەوڵەتێک لەپشتی ئەمجوڵانەوەیەیە کە ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ.

 

لڤین: وەک لە وەڵامی پرسیارەکەدا وتت؛ ئێران پێیوایە دەستی وڵاتانی ئیقلیمیی لە پشتە، یان وەک تۆ وتت ئەم جوڵانەوانە بێ هاوکاری ناکرێن، ئایا کۆماری ئیسلامی گومانی هەیە سەبارەت بەوەی کە لایەنێکی کوردی هاوکار بێت یان بە جۆرێک لە جۆرەکان جۆرێ لە رێککەوتن هەبێ لەگەڵ داعشدا؟

نازم دەباغ: من پێموایە هیچ زانیارییەکی وا نییە کە پشتیوانیی پرسیارەکەی جەنابت بکا، کە بەلای ئێرانەوە هێزێک یان لایەنێکی کوردی دەستی هەبێ یان هاوکار بێ، بۆیە ئەوان بە شێوەیەکی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەیردەکەن کە لە پێکهاتەی حکومەتەکە سەرۆکی حکومەت پارتییە و جێگرەکەی یەکێتییە، سەرۆکی پەرلەمان گۆڕانە، هەموو لایەنەکانی تریش بەشدارن، بۆیە تا وەکو ئێستاکە بەلای منەوە زانیارییە، یان بەڵگەیەک کە بەرپرسێکی باڵا ئەو قسەیەی کردبێ لایەنێکی کوردی دەستی هەبووبێ لەو مەسەلەیەدا ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە، ئەوان تا ئێستاکە گومانێک یان رایەکی وایان بە ئێمە نەوتووە بەوەی کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانین، یان ئێمەیان ئەگادارکردبێتەوە کە شتێکی وا هەیە، کاری وا نەبووە.

 

لڤین: رایەک هەیە گوایە بەشێکی زۆر لە هۆکارەکان و هاتنی داعش پەیوەندیی هەیە بە سیاسەتی مالیکییەوە، ئێران ئێستا خۆی ئەمە دەزانێ؟ رای ئێستای لەسەر مالیکی چییە؟

نازم دەباغ: هەتا ئێستا نەهاتوونەتە سەر ئەوەی رایەکی دیاریکراو بدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو رووداوانەی لە عێراق روویانداوە دەرئەنجامن، ئەنجامەکەشی یەک سیاسەتی حکومەتی عێراق بۆ چارەسەری کێشەکانە، لەهەمان کاتیشدا ئەو ناوچەیەی کە ئەو رووداوانەی لێ روودا قاعیدەیەکی فراوانی بەعسی تێدا بووە، کە بووەتە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەوان، هەموو لایەک پێکەوە لەگەڵ رێزگرتنی بۆچوونی بەیتی شیعەن لە عێراقدا، کە کێ دیاریدەکا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەبەر ئەوە ئەو راو بۆچوونانە نابینین پشتگیریییەکێک بکەن و یەکێکی تر لەجێی دابنێن.

 

لڤین: سەبارەت بە سەردانی وەفدە کوردەکە بۆ ئێران، سەردانەکە بە مەبەستی چی بوو؟ ئایا کۆماری ئیسلامی چ پەیامێکی هەبوو؟ ئەو وەفدەی کە پێشووتر لە ئێران بوو، مەبەستم نێچیرڤان بارزانی و مەلا بەختیار و کاک فازل و ئەوانە کە لە ئێران بوون، ئەوەمان ناوێ کە لە راگەیاندنەکان بڵاوبووەوە کە سەردانێکی دۆستانە بوو و جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان هەر دوولا کرایەوە.

نازم دەباغ: ئێ باشە هەر ئەوەیە، خۆ زۆر جار ئەوەی لە راگەیاندنەکان بڵاودەبێتەوە زیاتر لەوە دەڕۆن کە هەیە نەک کەمتر، مەسەلەی راگەیاندن دەکەوێتە تەفسیر و تەحلیلەوە، ئەگەر نا هەر لە چوارچێوەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی شاندێکی هەرێمی کوردستانی کردووە لەو کەسانەی کە ناوت هێنان لە دانیشتنەکەدا زۆربەی کاتەکە باسی لێکدانەوەی وەزعی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بووە، بەدڵنیاییەوە ئێران لە بەرنامەیدا هەیە هاوکاریکردن بە راوێژکاری بێت، یان ئەو هاوکارییانەی کە عێراق داوایاندەکات کە دژایەتیی داعش و تیرۆر بکات، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ئێمە دژی تیرۆرین و ئێمە دژی ئەوەین کە ببین بە تەرەفێک، نابین بە تەرەفێک کە شەڕی تائیفی و رقی بەدواوە بێت، ئێمە ئامادەین پارێزگاری لە ناوچەکانی خۆمان بکەین و ریگا نەدەین داعش بێتە ئەو ناوچانەی کە سوپای عێراقی چۆڵیان کردووە، هێزەکانی پێشمەرگە چوون بیانپارێزن لەوەی داعش و تیرۆرستەکانبچنە ناویانەوە.

ئێمە لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی کاردەکەین، کاک نێچیرڤان خۆشی بۆ رۆژنامەی (شرق الئەوسەت) جەختی کردووەتەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆمانین بە شێوەیەکی یاسایی، بەڵام ئەو قۆناغەی ئێستا قۆناغێکی تازەیە، زیرەکی و وریایی و لێبوردەیی زیاتری دەوێ بۆ ئەوەی بتوانی ئەو وەزعەی ئێستا بگونجێنی لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵیی دەستوریی راستەقینەدا.

 

لڤین: ئەگەر حکومەتی هەرێم ئامادە نەبێ رووبەرووی داعش بێتەوە چی دەبێت؟ ئایا ئێران هاوکاریی کوردەکانی عێراق دەکات؟

نازم دەباغ: من پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی روونیان هەیە، هاوکارن بۆ چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە، لەهەمان کاتیشدا لایەنگری ئەوەن کە کورد پارێزگاری لە ناوچەکانی خۆی دەکات، پێکەوەش هەر دوولا دژی تیرۆر و ئیرهابن، جا ئەگەر داعش بیکات، ئەگەر بەعسییەکان بیکەن، ئەگەر قاعیدە بیکات، ئەگەر هەر لایەک بیکا، ناکرێ ئێستا پێشبینیی ئەوە بکەین کە پارتی یان حکومەتی هەرێم یان یەکێتی هاوکاریی ئێران نەکات چی دەکا؟ پێموایە هەموومان پێویستیمان بە یەکتر دەبێت.

ئەمڕۆ بارودۆخەکە وای لێهاتووە لەبری ئەو دروشمە گەورە و قەبانەی ئێمە هەمانە پێویستیمان بە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی هەیە، کوردستانی عێراق و هەرێمی کوردستان نابێ بیر لەوە بکاتەوە ناتەبایی هەبێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئێران، دیارە گەرمی و ساردی هەبووە لە پەیوەندییەکاندا، بەڵام هەرگیز پچڕان نەبووە، یان ئێران بیری لەوە کردبێتەوە رێگای کۆمەک و هاوکاری لە هەرێمی کوردستان ببڕێ، بە پێچەوانەوە من پێموایە دەکرێ ئەو مەرجانەی ئێستا لە ئارادان ئەو هاوپەیمانییە بەردەوامیدەدەن.

 

لڤین: بۆچوونی ئێران چییە لەسەر جێگیرکردنی پێشمەرگە لەسەر ناوچە سنورییەکان؟ بە تایبەت لە کەرکوکدا؟

نازم دەباغ: هەتا ئێستا بۆچوونیان باش بووە و رایەکی سلبییان نەداوە لەسەر ئەوەی بۆ پێشمەرگە چوونەتە ئەو ناوچانە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەن پێشمەرگە ناوچەکانی خۆی بپارێزێ لە دەستی داعش و تیرۆرستان، تا ئێستا هیچ جۆرە هەڵوێستێکی خراپیان نەبووە.

 

لڤین: ئایا وەفدە کوردییەکە بەڵێنیان بە ئێران داوە کە پێشمەرگە هاوشانی سوپای عێراق رووبەرووی داعش ببنەوە؟

نازم دەباغ: دیارە من پێشتر ئاماژەم بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دەپارێزێ لە شەڕیکدا کە تەرەف نەبووبێ تێیدا، لە شەڕیکدا کە لە پێناو پاراستنی ناوچەکانی خۆی بێت، لە داهاتووشدا سەیری هەڵوێستەکانی حکومەتی عێراقی دەکات، ئەگەر هەموو پێکەوە هاوبەشبن ئەوە بابەتێکی ترە، تا ئێستا شەڕەکان زیاتر بۆنی تایەفەگەرییان لێدێت، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نابێت ئەم شەڕە لە ژێر پەردەی تیرۆردا ببێتە شەڕی تائیفی.

 

لڤین: ئێران لەرێی سوپای قودسەوە هاوکاریی سوپای عێراقی کردووە دژی داعش. تا چەند ئەوە راستە؟

نازم دەباغ: ئەوە بەرپرسیارێتییە، تایبەت بەوە دوێنێ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتی شتی وانییە.

 

لڤین: ئایا ئێران ئامادەیە هاوکاریی سەربازیی عێراق بکات؟

نازم دەباغ: ئێران ئامادەی هاوکاریی عێراقە بە پێی ئەو داواکارییەی کە عێراق دەیکات.

 

لڤین: رۆڵی ئێران چییە لە چەکدارکردنی چەکدارە شیعەکان؟ بە تایبەت هەندێ چەکداری شیعەمان بینی لە شاری کەرکوکدا نمایشی سەربازییان دەکرد؟ هەروەها لە باشوری عێراقدا بە هەمان شێوە خەڵک چەکدار دەکرێ بە ناوی رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و داعش، ئایا ئێران ئاگادارە؟

نازم دەباغ: وەکو وتم ئێران هیچ راگەیاندنێکی نییە بە غەیری ئەوەی کە وتوویەتی ئێمە ئامادەی هاوکاریی عێراقین بۆ رووبەرووبوونەوەی ئیرهاب و قاعیدە و تیرۆر، ئەمن و ئاسایش بە پێی ئەو داخوازییانەی کەدەیکا، تا ئێستا عێراقیش نەهاتووەتە سەر ئەوەی بە رەسمی داوایکردبێ، چەکدارکردنی خەڵکیش چ شیعە بێ یان سوننە، چ کورد بێ، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدایە لە چوارچێوەی ئەو ئیمکانیاتانەیە کە ت ائێستا خۆی هەیەتی، عێراقیش تا ئێستا نزیکەی (٢٧) ملیار دۆلاری سەرفکردووە بۆئەوەی سوپای خۆی و هێزی خۆی بەهێز بکات، لە هەر شوێنێکیش خەڵک خۆی بچێ خۆی فیداییبکاو خۆی ناونوسبکا دژی داعش ئەوە دەرگایان کردووەتەوە، هەر کەس خۆی ناونوسبکا چەک وەردەگرێ، جا لە کەرکوک بێ، لە بەغداد بێ، لە سامەرا بێ، لە هەر شوێنێک بێ.

 

لڤین: ئایا ئێران پشتیوانیی کورد دەکات پۆستی سەرۆکی کۆمار وەربگرێتەوە؟

نازم دەباغ: من ئەوەی هەستم پێکردووە، بە شێوەیەکی گشتیی ئەوان پێیانوایە ئەو سیستەمەی کە لە عێراق هەیە تاکوو ئێستا سەرۆک کۆمار کە کوردە، سەرۆک پەرلەمان کە سوننەیە، سەرۆکی حکومەت کە شیعەیە، باشترین شێوەیە بۆ حکومڕانیی عێراق.

 

لڤین: سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی، ماوەیەک زۆر باسدەکرا کە ئێران زۆر هاوکاریی یەکێتی دەکات بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی چاکبکات، ئێستا ئەو هاوکاریی و نێواندگیرییە بەکوێ گەیشت؟

نازم دەباغ: یەکێتی پەیوەندییەکانی خۆی نەشاردوونەتەوە لەگەڵ ئێراندا، خۆیشی بە هاوپەیمان زانیوە، چۆن ئێستا لایەنەکانی تر هەریەکەو خۆی بە هاوپەیمانی وڵاتێک دەزانێ، یەکێتییش وەکو هاوپەیمانێک هاوپەیمانە لەگەڵ ئێران، کە ئەویش پێیخۆشە یەکێتی بەهێز بێت و کێشەی نەبێت و هاوکار بێ لەگەڵ هەموو ئەو

لایەنانەی لە عێراقدا کاردەکەن بۆ عێراقێکی تازە و بۆ چەسپاندنی ئەمن و ئاسایش.

 

لڤین: بۆچی هەست بە دۆخێک لە گرژی لە نێوان ئێران و پارتیدا هەیە؟

نازم دەباغ: من پێموایە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد هەتا حیزبی شیوعیی عێراقی کە لە مەرزەکاندا دۆستایەتیی هەبووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لەوانە لە هەموویان زیاتر خۆتان دەزانن پارتیدیموکراتی کوردستان لە کەیەوە هاوکاری و دۆستایەتیی هەبووە، لە دوایەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە دوایەوە حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان هەتا گۆڕانیش لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پەیوەندییەکان تەنیا تایبەت نین لەگەڵ یەکێتی، ئەوەی جەنابیشت باسیدەکەیت من بە پێچەوانەوە دەیبینم، کە دواجار کاک نێچیرڤان وەکو سەرۆکی حکومەتی کوردستان کە پارتییە و هەیئەتێکی پارتییشی لەگەڵ بووە، بەس بە تەنیا نەهاتووە.

 

گۆڤاری لڤین، دیدار: ژیار محەمەد، فۆتۆگرافەر: ناسر عەزیمی، ژمارە: 273، لاپەڕەکانی 13 ـ 10.

 

 

 

 

سێ شەممە, 15 تەمموز 2014

"نازم دەباغ" لەگەڵ "پال فولی" باڵیۆزى وڵاتی ئوستڕالیا لە تاران کۆبۆوە

"نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "پال فولی" باڵیۆزى وڵاتی ئوستڕالیا لە ئێران دیداری کرد.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی ئێران سەر لە بەیانى ئەمرۆ چوارشەمە (16/7/2014) لە نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران، پێشوازى لە "پال فولی" باڵیۆزى وڵاتی ئوستڕالیا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد.

 

لە دانیشتنەکەدا هەر دوو لایەن باسیان لە بارودۆخى ئێستاى عێراق و ناوچەکە کرد و "پال فولی" باڵیۆزى ئوستڕالیا لە تاران پێی وابوو کە هەرێمى کوردستان هەڵوێستێکى باشیان نواندووە لە بەرامبەر تیرۆریستان و داعش بە پارێزگارى کردنى و داکۆکی ناوچەکانى خۆیان و لە لایەن "نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستانەوە روونکردنەوەى پێویست لەسەر بارودۆخەکە خرایەڕوو.

 

 

 

 

دوو شەممە, 07 تەمموز 2014

"نازم دەباغ" لەگەڵ "هاجیمە اوئە دا" راوێژکارى سیاسی باڵیۆزخانەى ژاپۆن لە تاران دیداری کرد

"نازم دەباغ" نوێنەرى هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "هاجیمە اوئە دا" راوێژکارى سیاسی باڵیۆزخانەى وڵاتی ژاپۆن لە ئێران کۆبۆوە.

سەر لەبەیانى ئەمرۆ دووشەمە (7/7/2014) "هاجیمە اوئە دا" راوێژکارى سیاسی باڵیۆزخانەى ژاپۆن لە تاران سەردانى نووسینگەی نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی ئێران پێشوازیی لێکرا.

"هاجیمە اوئە دا" بە بۆنەى دەستبەکاربوونیان وەکوو راوێژکارى تازەى باڵیۆزخانەى وڵاتی ژاپۆن و خۆناساندن، سەردانى نوێنەرایەتیى هەرێمی کوردستانی کرد و باسی پەیوەندییەکانى دوو لایەنە و باروودۆخى ئێستا و ئایندەى عێراق کرا، و سوپاسی "مەسعوود بارزانى" سەرۆکى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى هەرێمى کوردستانی کرد کە لە ڕابردوودا جێگرى وەزیرى دەرەوەى ژاپۆن سەردانى هەرێمى کوردستانى کردبوو بۆ هاوکارى کردنى ئاوارەکانى سوریا لە هەرێمى کوردستان و دیسانەوە جەختکردنەوە لەسەر هاوکاریکردنى ئاوارە سوورییەکان.

لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تاران، روونیکردەوە کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان بێجگە لە ئاوارە سورییەکان، ژمارەیەکى زۆر ئاوارەى شارەکانى ناوەڕاستى عێراق ڕویان لە هەرێمى کوردستان کردووە.

"نازم دەباغ" بۆ ئایندەى عێراقیش جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەى کە حکوومەتى داهاتووى عێراق دەبێت حکوومەتی هەموو چین و توێژەکانى ئەم وڵاتە بێت.

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 39 لەکۆى 43 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی