نوێنەرایەتی

   نوێنەرایەتی

پێنج شەممە, 23 تەمموز 2015

وتاری "نازم دەباغ" لە ڕۆژنامەی ئێران/ تۆڵەی کوردەکان لە چاوەڕوانی داعشدایە

"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی ئێران نووسیوییەتی: کوردەکان بە تایبەت ژنان و پیاوانی پێشمەرگە تەنھا ھێزێک بوون کە دوای ھێرشی داعش بۆ عێراق و سوریا لە بەرامبەر ئەم گروپە تیرۆریستییەدا بە ھەموو ھێز و توانایانەوە وەستان و کاریگەرترین رۆڵیان بینی.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە تاران ڕۆژنامەی ئێرانی ڕۆژی پێنجشەمە سەبارەت ەب ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کاروانی لاوانی کورد لە ناوچەی سوروچ وتارێکی نووسیوە کە دەقە تەواوەکەی لە خوارەوە دەخوێننەوە:

ناوچەی سوروچ لە سنووری نێوان تورکیا و سوریادا، رۆژی دووشەممە تەقینەوەیەکی بەھێزی بەخۆیەوە بینی. ئەحمەد داوود ئٶغلو، سەرۆک وەزیری تورکیا گروپی تیرۆریستی داعشی بە بەرپرسی ئەم خۆکووژییە ناساند و وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییە، بەڵێنی‌دا تا ھەموو دەست و پێوەندیەکانی ئەم کردەوە بە سزای خۆیان بگەن، وە بەدواداچوونی بۆ دەکات. سەرەڕای ئەمە کوردەکانی تورکیا، سوریا و عێراق کە بە سەرھەڵدانی داعش چەندین زامی گەورە لەوانە رووداوەکانی کۆبانێ‌یان، بەسەردا ھاتووە، چاوەڕوانی بەڵێنەکانی داوود ئۆغلو نابن و پێشمەرگەکانی کورد لە پێناو سەندنەوەی مافی خوێن‌ی رژاوی گەنجەکانیان کە ھیچ ئامانجێکیان نەبوو جگە لە ھاوکاریکردن و یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ئاوارەی خۆیان، ھەڵدەستنەوە. بە سەیرکردنی رووداوەکانی عێراق و سوریا، بۆمان دەردەکەوێت کوردەکان بە تایبەت ژنان و پیاوانی پێشمەرگە تەنھا ھێزێک بوون کە دوای ھێرشی داعش بۆ عێراق و سوریا لە بەرامبەر ئەم گروپە تیرۆریستییەدا بە ھەموو ھێز و توانایانەوە وەستان و کاریگەرترین رۆڵیان بینی. جگە لەمە، سەرکەوتنی حزبی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیادا ھێزێکی دیکەی بەخشییە کوردەکان و ئێستاکە دوژمنانی کورد بھتایبەت لە عێراق، تورکیا و سوریا ھەوڵی شکاندنی ئەم ھێزە دەدەن بەڵام ھەرچی کات تێدەپەڕێت و کردەوەی تیرۆریستی دژی کوردەکان پەرە دەستێنێت دژکردەوەی پێشمرگەش زیاد دەکات و باشتر دەبێت.

خاڵێکی دیکە کە دەبێت سەرنجی بدەین ئەوەیە کە داعش لە دەرەوەی زەوییەوە بەھێز ناکرێت، بە دڵنیاییەوە سنوورێک ھەیە کە لە رێگایەوە یارمەتی و کەرستەی جۆراوجۆر لەوانە چەک و تەقەمەنی و یارمەتی مرۆیی و ... دەگاتە دەستی و تەنھا سنوورێک کە بۆ ئەمە بوونی ھەیە سنوورەکانی تورکیایە. ھێرشی تیرۆریستی رۆژی دووشەممە بۆ کاروانی لاوانی کورد لە سنووری تورکیا جارێکی دیکە ئەمەی بە جیھان و بەرپرسانی ئەنقەرە نیشاندا کە داعش مەترسی نییە بۆ سەر یەک یان دوو گروپ، بەڵکوو مەترسییەکی نێودەوڵەتییە. بۆیە دەبێت تورکیا ئەگەر ئێستاش ئامادە نییە لە سیاسەتی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوین پاشەکشە بکات لە داھاتوودا دەبێت ئەم ئاڵوگۆڕە بکات. جگە لە تورکیا دەبێت ھەموو وڵاتانی ناوچەکە ھوشیار بن کە یەکگرتوویی نێودەوڵەتیی دژی داعش تەنھا ئەگەری رووبەرووبوونەوەیە دژی ئەم گروپە. وڵاتانی ئەوروپایی ئەزموونی پێگەیاندنی گروپە توندڕەوەکانییان ھەیە و بە باشی ئاکامەکەی دەناسن. کاتێک کە ئەم گروپانە لە ئەوروپا گەشەیان کرد و وڵاتانی ئەوروپایی بە بیانووی دیموکراسییەوە پێشیان پێ‌نەگرتن، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەوروپایی بە تەواویی ھەست بە مەترسی ئەم گروپانە دەکەن و بۆ دوورخستنەوەیان لە ئەوروپا یەکیان گرتووەو لەم پێناوەشدا ئەم گروپە مەترسیدارانە بەرەوە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین بە تایبەت عێراق، سوریا، ئەفغانستان و ... رەوانە دەکەن. بۆیە ئەگەر لە بارودۆخ و ھۆکارەکانی دروست‌بوونی داعش ورد نەبینەوە و ریشەکانی نەناسین و ئەم بارودۆخ و ھۆکارەکانە لەناو نەچن، ھیوایەک بۆ

لەناوچوونی ئەم گرووپە نامێنێت و کردەوەکانیان درێژەی دەبێت.

 

 

ڕۆژنامەی ئێران، گۆشەی "جیھان نەما"، پێنجشەمە ١ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی ھەتاوی، ساڵی بیست و یەکەم، ژمارە ٥٩٨٣، لاپەڕەی ٢٠.

چوار شەممە, 22 تەمموز 2015

"نازم دەباغ" له‌گه‌ڵ جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران دیداریی کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له تاران له‌گه‌ڵ جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران کۆبۆوه‌.

 "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان له ئێران داوی بانگهێشتێک لە لایەن جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی پزیشکی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران،سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌مه‌ (٢٢/٧/٢٠١٥) سەردانی ئه‌م زانکۆیه‌ی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەڕێزان "دکتۆر بیژەن نەقیبزادە" جێگری بەڕێوەبەری کاروباری نێودەوڵەتی و  "دکتۆر ئەحمەد قەرەباغیان" بەڕێوەبەریی کاروبار و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و دکتۆر "کەمال وەیسی" نوێنەری کاروباری نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی هەرێمی کوردستان بەشداریی کرد.

لە دانیشتنەکەدا باس لە هاوکاریی زانکۆیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرا و هەروەها سه‌بار‌‌ه‌ت به‌ چۆنییەتی وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان له‌ لایه‌ن زانکۆکانی ئێران و گۆڕینەوەی زانیارییە پزیشکییەکان هاتنه‌ ئاخاوتن.

لەم کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هەروەها بەرپرسانی زانکۆی شه‌هید به‌هه‌شتی تاران باسیان لەوە کرد کە بە زووترین کات پرۆژەیەکی هاوکاریی پێشنیارکراو لە لایەن زانکۆکەیانەوە ئامادە دەکەن و پێشکەشی وەزاره‌تی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی دەکەن.  

چوار شەممە, 15 تەمموز 2015

نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران دیداریان کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ باڵیۆزی نوێی عێراقی فیدڕاڵ لە تاران دیداریان کرد.

 

بە بۆنەی دەسبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و ھەروەھا دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، کاتژمێر ٣٠/١٢ی ڕۆژی سێشەمە ١٤ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ لە تارانیان کرد و لە لایەن "راجح سابیر عەبوود ئەلمووسەوی" باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران و کۆنسوول و ھەروەھا کارمەندانی ئەم باڵیۆزخانەیەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و پاشان لەگەڵ یەکتری کۆبوونەوە.

لەم دیدارەدا باسی باروودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە کرا و جەختکراوە کە عێراق دەبێت عێراقی ھەموو لایەک بێت و ھەمووان دەبێت ھاوکار بن لە پێناوی پاراستنی مافە ڕەواکانی یەکتر و ھاوکاریکردنی یەکتری بۆ خزمەتی تەواو گەیاندن بەم وڵاتە و ھەروەھا لە پێناو پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوکاریی یەکتری بکەن.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانیی حکوومەتی ھەرێمی کورستان لە تاران سەبارەت بە ھاوکاریکردن بۆ چارەسەرکردنیی کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتیانی کورد لە ئێران لە ڕێگای ھاوکاریکردن لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقەوە ھاتنە ئاخاوتن کە باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران بە دڵێکی فراوانە پێشوازیی لەم وتانە کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا ھەر دوو لایەن تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ھاوکاریی یەکتربن و بە تایبەتیش نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران نیشانیدا کە ئامادەیی تەواوی ھاوکاریکردنی ھەیە، کە ئەم ھاوکاریی کردنەش لە ڕاپەڕاندیی کاروباریی ھاووڵاتیان و بە تایبەت ھاتنی کورد و عێراقییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بە تایبەت بۆ چارەسەکردنیی کێشە و گرفتەکانیی ئەو خوێندکارانەی کە بۆ خوێندن لە قۆناغەکانی مەستەر و دکتۆرا سەردانی ئێرانیان کردووە و کارئاسانی بکرێت بۆ ئەوەی کە بە زووترین کات بڕوانامەکانیان پەسەند بکرێت و پشتیوانیی ئەوتۆیان لێبکرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دوو شەممە, 15 حوزەیران 2015

بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژنێڤ بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران، کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو.

 

لە ماوەى رۆژانى 13 و 14 حوزه‌یرانی 2015، بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى بەڕێز "قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوونى بەڕێز "فەلاح مستەفا" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم؛ کۆبوونەوەى فراوانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە ئەنجام درا، بە مەبەستى دانانى میکانیزمى کار و هەماهەنگى و بەرنامەى کارى داهاتووى نوێنەرایەتیەکان و هەروەها باسکردنى رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتیەکان لە دەرەوە بۆ خزمەتى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان.

 

سەرەتاى کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانى پاکى سەرجەم شەهیدانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان و قوربانیانى پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژى داعش دەستى پێ کرد. پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى جێگرى سەرۆک وەزیرانى بۆ ئامادەبوونیان لە کۆبوونەوەکە کرد و وەک بایەخى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کاروبارەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە وەسفى کرد.

 

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى نوێنەرانى حکومەتى لە دەرەوە کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەى کە لە ماوەى رابردوو ئەنجامیان داوە، هاوکات سوپاسى کردن بۆ ئەو رۆڵەى کە گێڕاویانە لە بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکانى هەرێم لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى. پاشان تیشکى خستەسەر گرنگى کۆبوونەوەکە و ئەو پرس و بابەتانەى کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێن و بیروڕا دەربارەیان ئاڵوگۆر دەکرێت و گووتى ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستى لە نزیکە ئاگاداربوون و داڕشتنى میکانیزمى گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى نوێنەڕایەتیەکان و هەروەها هەماهەنگى نێوان فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە.

 

"فەلاح مستەفا" بەناوى بەشداربووانى کۆبوونەوەکە زۆر سوپاسى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە نەمسا کرد بۆ میواندارى کردنى کۆبوونەوەکە و هەموو ئەو کاروبارانەى کە لەڕووى پڕۆتۆکۆڵى بۆ سەرخستنى کۆبوونەوەکە ئەنجامیان دا.

 

بەڕێز "قوباد تاڵەبانى" جێگرى سەرۆک وەزیران بە ناوى خۆى و بەناوى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سوپاسى بەشدارى و ئامادەبوونى کرد. دواتر تیشکى خستە سەر رۆڵ و بایەخى پێگەى نوێنەرایەتیەکان لە دەرەوە و ئەوەى کە لێیان چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامى بدەن. گووتیشى کە ئەمڕۆ ئێمە دەنگمان لە دەرەوە دەبیسترێ بوونمان لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە و رۆژانە لەگەڵ ووڵاتان پەیوەندیمان هەیە. هەربۆیە بایەخى نوێنەرایەتیەکان وەک دامەزراوەکانى ترى حکومەتە.

 

دواتر تیشک خرایەسەر دوایین پەرەسندنەکانى بوارى دارایی و سەربازى و مرۆیی. بەڕێز جێگرى سەرۆک وەزیران باسى لەو قەیرانانە و گەورەیی قەبارەى ئەو قەیرانانە کرد کە لەماوەى ساڵى 2014 رووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەوە کە تائیستاش بەردەوامیان هەیە، هاوکات پلانى حکومەتى بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە بۆ بەشداربووانى کۆبوونەوەکە خستەڕوو و باسى لە گرنگى رۆڵى نوێنەرایەتیەکان لە گەیاندنى پەیام و سیاسەتى حکومەتى هەرێم لە بوارە جیاجیاکاندا بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد.

 

پاشان رێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارى هەناردەکردنى نەوت و یاساى بودجەى ساڵى 2015 وەک تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە زانیارى پێویستى لەبارەوەخرایەڕوو. هاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕواى بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنى هاوبەش هەیە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا. جێگرى سەرۆک وەزیران ئەوەشى خستەڕوو کە هەرێمى کوردستان پابەندى رێکەوتنەکە و پاساى بودجەیە و دەبێ بەغداش پابەندبێت.

 

لەبارەى شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش، جێگرى سەرۆک وەزیران بە ناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى هەموو ئەو ووڵاتانەى کرد کە لەم شەڕەدا لەڕووى سەربازى هاوکارى هەرێمى کوردستان بوون لە پێدانى چەک و تەقەمەنى و مەشق و راهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگە، سوپاسى قارەمانێتى و بەرگرى هێزەکانى پێشمەرگەى لەو شەڕەدا کرد و گووتى دەبێ هەوڵەکان چڕتر بکەیەنەوە بۆ بەدەنگەوە چوونى قوربانیەکان و چارەسەر کردنى پێشمەرگە بریندارەکان. هەروەها داواى کرد کە بەهۆى فراوانى و گرانى شەڕەکە حکومەتى هەرێم پێویستى بە پشتیوانى و هاوکارى زیاترى سەربازى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە بۆ تەواو تێکشکاندنى تیرۆرستان.

 

لەبارەى پرسى مرۆیی و لێشاوى بەردەوامى پەناهەندە و ئاوارەکانى ناوخۆ بۆ هەرێمى کوردستان کە ژمارەیانر گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن کەس، جەخت لەسەر چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنى هاوکارى لێقەماوان کرایەوە. هاوکات تیشک خرایەسەر کاریگەرى ئەو ژمارە زۆرەى پەناهەندە و ئاوارەکان لەسەر هەرێم بەتایبەتى لەڕووى ژێرخانى ئابورى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکان. هەربۆیە پشتیوانى بۆ پلانى ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕدرا بۆ کۆکردنەوەى یارمەتى و هاوکارى مرۆیی بۆ پەناهەندە و ئاوارەکان، ئەوەش بۆ مەبەستى کەمکردنەوەى کێشە و گرفتەکانیان.

 

دواتر هەریەک لە بەڕێزان نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتى خۆیان دەربارەى کار وچالاکیەکانیان پێشکەش کرد. هاوکات باسیان لە کاریگەرى قەیرانى دارایی لە هەرێم لەسەر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتى کرد؛ هەروەها تیشکیان خستەسەر ئەو ئاستەنگانەى کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتى کار کردنیاندا لەڕووى بوونى زانیارى پێویست و بەدەنگەوە هاتن و هەماهەنگى دامەزراوەکانى ترى حکومەتى هەرێم بۆ خواست و داواکاریەکانیان لە کات و پرسە جیاوازەکاندا. لەم رووەشەوە کۆبوونەوە بڕیارى دا کە هەوڵى تەواو بدرێت بۆ کەمکردنەوەى ئاستەنگەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کاروبارى نوێنەرایەتیەکان.

 

لە چەند دانیشتنێکدا کۆبوونەوەکە گفتوگۆى کرد دەربارەى تەوەرەکانى سیاسى و کار و هەماهەنگى و کارگێڕى و دارایی و پڕۆتۆکۆڵ و راگەیاندن و یاسایی پەیوەست بە کاروبارەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکردن و  دانانى پلانى کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتیەکان بۆ داهاتوو، کۆبوونەوەکە بە چەند بڕیار و راسپاردەکەیەک لە ئێوارەى رۆژى یەک شەممە رێکەوتى 14ی حوزه‌یران کۆتایی بەکارەکانى هێنا و هەموو لایەک جەختیان لە کارکردن و پابەندبوون بە خزمەت کردنى بەرژەوەندیەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە.

 

جێگەى باسە لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان 14 نوێنەرایەتى لە دەرەوە هەیە لە هەر یەک لە وڵاتانى ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئێران، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا، رووسیا، پۆڵۆنیا، ئوستڕالیا، سوید، بەلجیکا، و سویسرا.

 

 

یەک شەممە, 24 ئایار 2015

بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی: بۆ پشتیوانیی و لایەنگریی لە تەواوی پڕۆژەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی ھەڤاڵانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت مەسەلەی گەشت و گوزاریی تەندروستی ئامادەیی تەوا,مان ھەیە.

کۆنفرانسی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان و ئێران، بە ئامادەبوونی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، "مەولەوی جەبار وەھاب" سەرۆکی رێکخراوەی گەشت و گوزاری ھەرێمی کوردستان و شاندی ھاوڕێی، "ئیبراھیم پوورفەرەج" سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی گەشت و گوزاری ئێران، "ئەکبەر غەمخار" ئەندامی لێژنەی بەرپرسیارییەتی سەندیکای پیشەگەڕی نووسینگە گەشتیارییەکانی پارێزگای تاران، "کازم خولدی نەسەب" بەڕێوەبەریی گشتیی نووسینگەی بڵاوکردنەوە و دۆزینەوەی بازاریی رێکخراوەی میراتی فەرھەنگی و گەشتیاریی ئێران و ھەروەھا ھەندێک لە کۆمپانیا گەشت و گوزارییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ھوتێل ئازادیی شاری تاران بەڕێوەچوو.

لەم دیدارەی گەشت و گوزاری کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران وتارێکی پێشکەش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: جێگای خۆشحاڵییە کە لە نێوان کۆمەڵەی گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەم شێوەیە کۆبوونەوەیەک لەم ئاستەدا بەڕێوەدەچێت. میوانانی بەڕێز ھەر وەکوو ئاگادارن لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت بە شێوەیەکی باشتر بڵێین ئێران و ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی بوونی ھەیە. لە تەنیشت ئەم پەیوەندییەدا کە ئێمە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ یەکتریدا ھەمان بووە، سنوورێکی جوگرافیی ھاوبەشیشمان لەگەڵ یەکتریدا بووە، ھەروەھا ئێمە لە لایەنی رەگەزیی، فەرھەنگیی، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت لە لایەنی مێژوییشەوە خاڵی ھاوبەشمان لەگەڵ یەکتریدا زۆرە. 

ھەروەھا گوتیشی: لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ھەندێک لەوانە بکەین و بۆ نموونە دەتوانین زیاتر کەڵک لە مەسەلەی گەشت و گوزار وەربگرین، بەتایبەت لەم باروودۆخەی ئێستادا کە لە ھەرێمی کوردستان لەئارادایە دەتوانین بە یارمەتی و ھاوکاریی ھەڤاڵانی کورد و دۆستانی ھەرێمی کوردستان شانازیی بکەین کە دەتوانی بڵێین لە ھەرێمی کوردستان ئاسایش و ھێمنایەتییەکی باش بەرقەرارە. لە تەنیشت ئەم ئاسایشەدا کە لە ھەرێمی کوردستان بەرقەرارە بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەی ئێرانییەکان لە کەشووھەوای گەشتیاریی و ئەو بابەتانەی کە پێویستیمان پێیەتیی ھەلوومەرجێک بۆی رەخساوە. یەکێک لەم بابەتانە، بەشی سەرمایەگوزارییە کە لەڕاستیدا باروودۆخ و ھەلوومەرجێکی تایبەتی ھەیە کە دەتوانین بە پشت بەستن بە ھەوڵ و متمانە بە ھەڤاڵانێکی وەکوو ئێوە بەڕاستی گەشەی پێبدەین.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ھەر وەکوو برامان بەڕێز "مەولەوی جەبار وەھاب" ئاماژەی پێکرد، ھەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لەم پڕۆژەیە بکات. ئەوە نەتەنیا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە بەڵکوو بەرژەوەندیی ھەر دوو لایەنی لە خۆگرتووە و بەگشتیی لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتییدایە کە لە ژیانی ئەمرۆکەدا پێویستیی بە خۆشگوزەرانی و گەشت و گوزار بە باشی ھەستی پێدەکرێت و مەسەلەیەکی دیکە کە ئەمڕۆکە پێویستە گەشت و گوزاریی تەندروستی، چوونە سەیران و بابەتی لەم چەشنەیە.

راشیگەیاند: بابەتێکی دیکە کە لێرەدا پێویستە دیسانەوە ئاماژەی پێبکەم، لە ھەرێمی کوردستان ئێمە ھەلوومەرجێکمان بۆ رەخساندووە ئەویش مەسەلەی ڤیزایە کە بەتایبەت بۆ ئێرانییەکان ڤیزامان ھەڵگرتووە، لەوێی ھەر ئێرانییەک کە پێویست بێت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەر لەو کاتەی کە چ بە شێوەی زەوی یا لە رێگای ئاسمانەوە بێتە ناو سنووری کوردستانەوە، بە شێوەی ئازادانە ئیزنی ھاتنە ژوورەوەی پێدەدرێت و دەتوانێت کە لە ھەرێمی کوردستان بمێنێتەوە.

"نازم دەباغ" بە ئاماژە بە ئاستەنگەکانی ئێران بۆ دانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان گوتی: لێرەدا داوایەکم ھەیە و دیسانەوە دووپاتی دەکەمەوە و لە چەندین بەرنامەی دیکەشدا ئەم مەسەلەیەم خستۆتەگەڕ، لە برایانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم باروودۆخەی ئێستادا داوادەکەین کە بۆ گەشت و گوزار و ھەموارکردنیی سەردانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و بەتایبەت مەسەلەی ڤیزا کەشووھەوایەکی گونجاو بڕەخسێنن. ھەر وەکوو لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی یارمەتیی و ھاوکارییەکان و چالاککردنی ئەم مەسەلەیە، ڤیزامان بۆ شارۆمەندانی ئێرانی ھەڵگرتووە، لە ھەڤاڵانمان لە کۆماری ئێسلامی ئێرانیش داوادەکەین کە ئەم مەسەلەیە رچاوبگرن. نەتەنیا ئەم مەسەلەیە، بەڵکوو لە لایەنی نرخەوە ئەگەر بێتوو لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەشەوە بەراوردی بکەین، بەداخەوە بەھاکەشی زۆر لە سەرێیە.

گوتیشی: لەوە زیاتر نامەوێت کاتتان بگرم، چون ئەم کارە، کارێکی پسپۆڕانەیە و پێویستیی بە پسپۆڕان و شارەزایان بواری گەشتووگوزار ھەیە، تەنیا شتێک کە پەیوەستە بە بەندەوە ئەویش ئەوەیە کە وەکوو نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایدەگەیەنم کە بۆ پشتیوانیی و لایەنگریی لە تەواوی پڕۆژەکانی وەگەڕخستنی سەرمایەی ھەڤاڵانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دانووستان لەم بوارەدا و بەتایبەت مەسەلەی گەشت و گوزاریی تەندروستی ئامادەیی تەوامان ھەیە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ھیوادارم کە ئەم کۆنفرانسە لە کارەکان و ھەروەھا بەرنامەکانی خۆیدا سەرکەوتووبێت و بە دەستکەوتیی نوێی بگات کە بەڕاستی شانازییان پێبکەین، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بەڕێوەبەرانی ئەم کۆبوونەوەیش دەکەم.

دوو شەممە, 11 ئایار 2015

وتووێژی "نازم دەباغ" سەبارەت بە "فەریناز خوسرەوانی" و خەڵکی مەھاباد بەدرۆخرایەوە

وتووێژی "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ ئاژانسی "ئیرنا"ی ئێرانی سەبارەت بە "فەریناز خوسرەوانی" و خەڵکی مەھاباد بەدرۆخرایەوە.

ماوەیەکە لە چەن ماڵپەڕ و دەزگای راگەیاندنەوە چەندین ھەواڵ و بابەت بە مەبەستی شکاندنی پیرۆزییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییەکەی لە تاران بڵاودەبنەوە کە دوورن لە راستییەوە و ھەموو یاسا و رێسا ئەخلاقییەکانیان تێپەڕاندووە بۆ گەیشتن بە مەرامی گڵاوی خۆیان.

لە دوایین ھەوڵی لەم چەشنەشدا ھەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانیدا سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی مەھاباد قسەیان کردووە، وێڕای ئەوە کە بە سێرچێکی ساکار دەتوانین ببینین کە وەھا ھەواڵ و بابەتێک لە ماڵپەڕی ئیرنادا بوونی نییە، رایدەگەیەنین جەنابیان بە  ھیچ چەشنێک لەم بوارەدا قسەیان نەکردووە و بە ھیچ شێوەیەک دژایەتی و بێ‌رێزی بە خەڵکی سەربەرزیی مەھاباد و شوێنەکانی دیکە ناکەن و رێز و حورمەتی خۆشیان بۆ جەماوەری مەھاباد دووپات دەکەنەوە.

لەڕاستیدا ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە درۆ و دەنگۆیانە سازدەکەن، بێڕێزیی بە بنەماڵەی "فەریناز خوسرەوانی" و بەگشتیی خەڵکی مەھاباد دەکەن.

 

نووسینگەی رۆژنامەوانيی نوێنەرایەتيی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران.

پەڕەى 36 لەکۆى 43 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی